لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ماتیو تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و رۆبەرت پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان، پێشھاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، عێراقی دوای ھەڵبژاردن کرا، جەختکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆک و زمانی گفتوگۆ کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە راوێژ و ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە رووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ریشەکێشکردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.
سەبارەت بە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و حکومەتی داھاتووی عیراق لە دیدارەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە کە لەئاست ھەستیاری ھەلومەرجەکە و خواست و پێویستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عیراق بێت و ھاوسەنگی سیاسی تێدا بپارێزرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئەوەی نوێنەرانی كوردستان بەیەك تیم بچنە بەغدا و دیدگای روونی یەکێتی ئاشکراکرد کە پەرۆشی رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و وتی "دەمانەوێت وەک نوێنەرانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغدا و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت"، ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا راشکاوانە بیروبۆچوونیان لەبارەوە خرایە روو. س،ر