کوردستانی

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی هۆشداری دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی هۆشداری دەدات
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی رایدەگەیەنێت بەدەست کەمی کارمەندەوە دەناڵێنن، ئاماژە بەوەشدەکات چەندین جار داوایان کردووە دامەزراندن بکرێتەوە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی رایگەیاند "پێش دەستپێکردنی نۆژەنکردنەوە و کردنەوەی بەشی تازە تەنها سێ نهۆمی نەخۆشخانەکە نەخۆشی تێدا دەخەوێنرا، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی نەخۆشخانەکە لە ئێستادا بەخۆشحاڵییەوە شەش بەش واتە دوو ئەوەندەی جاران بەشەکانی نەخۆشی تێدا دەخەوێندرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێکی تریشمان دەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەت منداڵانی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەداخەوە لەگەڵ زیادبوونی توانای وەرگرتنی نەخۆش بۆ دوو ئەوەندە کارمەندمان نەک زیادی نەکردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهۆی خانەنشین کردن و بەشێکیشیان بەهۆی گواستنەوەیان زۆر کەمی کردووە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان وتی "ماوەیەکە کارمەندەکانمان زۆر هیلاکن و ماندوون بەهۆی لۆدێکی زۆری نەخۆش، بە هیچ شێوەیەک لەتوانایاندا نەماوە، لەکام نەخۆشخانەی دونیادا هەیە یەک کارمەند فریای چارەسەری پانزە بۆ بیست نەخۆش بکەوێت، لە کاتێکدا بەشێک لە کارمەندەکانمان تەمەنیان زۆرە و وەک پێویست توانای جارانیان نییە".

ئەوەشی خستەڕوو "كە چەندین جار داوایان کردووە دامەزراندن بکرێتەوە بۆ نەخۆشخانەكەیان، بەڵام نەیان کردووە و وتیشی: لە ئێستادا لۆدێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکەمانە، هیوادارم هەرچی زووترە کارمەندو پەرستارمان بۆ دابمەزرێنن بۆ ئەوەی خزمەتی شایستە پێشکەش بە منداڵانی کوردستان بکەین".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan