ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

مێژوو لەناو رۆماندا

یەکێک لەو رۆمانانەی کە ماوەیەکی زۆر تیایدا ژیام (شەیتانیەکانی کچە چەتوونەکە) (شیطنات الطفلة الخبیثة)ی ماریۆ بارگاس یۆسا-ی پیرۆ-ئەمریکای لاتینی، نازانم ناونیشانەکەم باش وەرگێڕاوە یان نا؟ بەڵام مەبەستمە لەسەر خاڵێکی گرنگ بوەستم ئەویش گێڕانەوەی مێژووە لە رێگەی نووسینی رۆمانێکەوە سەبارەت بە کچێکی چەتوون، پاڵەوانەکەی وەرگێڕێکی سادەیە و وەکو شێت ئاشقی کچێک دەبێت و رووداوەکانی لە نێوان پیرۆ، پاریس، لەندەن و ژاپۆن بەڕێوەدەچن. یۆسا بە تەکنیکێکی تۆکمە ئیشی لەسەر مێژووی پیرۆ کردووە کە وڵاتی خۆیەتی و چێژی خوێندنەوەی کتێبێکی لەو جۆرە تەنها لە وردەکاریی حاڵەتی خۆشەویستییەکەدا نییە، بەڵکو لەو هاتن و رۆشتنەدایە بەنێو مێژووی پیرۆدا کە بە پلەی نایاب کردوێتی.

 مەحمود ئەمین ئەلعالم دەڵێ: «رۆمان مێژوویەکی خەیاڵییە لەناو مێژوویەکی بابەتیدا.» رۆماننووسی لێهاتووش لە توانایدایە هێڵی ئەو دوو مێژووە لەناو رۆمانەکەیدا دەستنیشان بکات و بە هاوتەریبی ئێرە و ئەوێی پێ بکات، لێرەدا بەر دوو جۆر لە مێژوو دەکەوین: ئەو مێژووەی خەیاڵ دروستی دەکات و لە رێی کارەکتەرەکانییەوە دەیکاتە واقیع، ئەو مێژووەش کە واقیعێک بووە و دەیگێڕیتەوە و مەبەستێتی لەسەری بوەستێ و لە رێی کارەکتەرەکانییەوە بەرجەستەی بکاتەوە. مێژوونووس رووداو دەنووسێتەوە، وەکو رەقیبێک، کە رەنگە لە رووداوەکاندا ژیابێت یان لەسەریان خوێندوویەتییەوە و دواتر تۆماری دەکاتەوە.

 بەڵام رۆماننووس کە مێژوو دەگێڕێتەوە ئیش لەسەر بیردانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات و دەمانباتەوە ناو کەشوهەواکە و ژیان دەکات بە بەری رووداوەکاندا و بەشداریمان پێدەکات لەو رووداوانەدا کە تیایدا نەژیاوین یان بەشێوەیەکی دیکە لەسەریان زانیاریمان هەبووە، مێژوونووس رووداوەکان بەبێ رۆح دەگێڕێتەوە و هەندێجار شیکاری دەکات، بەڵام رۆماننووس کە دەست بۆ مێژوو دەبات مەبەستێتی لەو جێگەیانەدا بوەستێ و قسە بکات کە قسەی تیادا نەکراوە، یان ئەو وردەکارییانە بگێڕێتەوە رەنگە بۆ مێژوونووس گرنگ نەبن، یان ئەو جێگایانە لە مێژوودا رووناک دەکاتەوە بەهەر هۆیەک بووبێت پەردەپۆش کراوە یان لەبیرکراوە، چونکە کتێبە مێژووییەکان تەنها رووداوەکان دەگێڕنەوە، بەڵام رۆمانەکان بەشێوەیەکی دینامیکی بەرجەستەکراو رووداوەکان دەهێننەوە بەردەم خوێنەر بە رەهەندە کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و دەروونییەکانیانەوە، ئەگەرچی مەسەلەی راستگۆیی قسەیەکی تر هەڵدەگرێ، چونکە هەندێک وای بۆ دەچن مێژوونووس راستگۆتر بێت لە گێرانەوەدا و رۆماننووس کە رووبەرێکی فراوان دەداتە خەیاڵ رەنگە لە جێگەیەکدا راستگۆیی پێشێل بکات، لەو بارەیەوە واسینی ئەلئەعرەجی رۆماننووسی جەزائیری دەڵێ: «خەیاڵ لای رۆماننووس پیرۆزە و راستی بواری پێشێلکردنە، پێچەوانەکەشی بۆ مێژوونووس راستە.»

 ئەگەرچی من لەگەڵ ئەو وتەیەدا نیم، چونکە شێوازی گێڕانەوەکە و فراوانیی رووبەری خەیاڵ هەندێجار وادەکات رۆماننووس باوەڕپێکراو نەبێت، هەروەک مەرجیش نیە هەموو مێژوونووسەکان سەد لە سەد راستگۆیانە رووداوەکانیان تۆمارکردبێت و زۆرجاریش مشتومڕ لەو بارەیەوە روویداوە. رووداوەکانی مێژوو چیرۆکی ئامادەن بۆ رۆماننووسەکان، کە بە ئاسانی دەتوانن رۆمانیان لێ دروستبکەن، بەڵام پێچەوانەکەی بۆ مێژوو راست نییە، چونکە مێژوونووس باسی رووداوەکان دەکات لەناو کۆمەڵگەیەکدا هەیە و کاریگەریان لەسەر ژیانی کۆمەڵگە هەبووە. بەڵام رۆماننووس کۆمەڵگەکە بینا دەکات و کارەکتەرەکان دروستدەکاتەوە وەسفیان دەکات و مێژوو تێکهەڵکێش دەکات، دواجار ئەگەر هەروەک چۆن رۆمانە عەرەبییەکان کە باسی مێژووی تیا هاتووە هەتا ئێستا پرسی فەڵەستین و دژایەتیکردنی ئیسرائیل و مێژووی خۆیان تێنەپەڕاندووە، بە هەمان شێوەش وای بۆ دەچم رۆمانی کوردی هێندە ئیشی لەسەر زاکیرەی خەباتی رزگاریخوازی کورد و خەباتی ناو شار و ئەنفال کردووە، زۆر وردەکاری پشتەوەی رووداکان هەن لە رۆماندا دەستی بۆ نەبراوە کە لەو دوو پرسە بایەخی کەمتر نییە، بەتایبەت مێژووی کۆمەڵایەتیمان و هەندێ پرسی قسەلێنەکراو کە زەمینەیەکی گرنگ بووە بۆ دروستبوونی ئەو کەشوهەوا سیاسییەی کوردستان لە رابردوودا کە تا ئێستا درێژەی هەیە.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan