کوردستانی

جەبار یاوەر: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە عیراق بە پێویست دەزانین

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەبار یاوەر: بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا لە عیراق بە پێویست دەزانین
مەودا میدیا-

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هەرچەندە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەگرنگ و پێویست دەزانن، بەڵام لە بنەڕەتدا ماوەیەکی زۆرە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عیراق کەمکراونەتەوە و زیاتر رۆڵیان بووەتە راهێنان و راوێژکاری بە سوپای عیراق و پێشمەرگە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکامان بە پێویست زانیوە لە رووی پاڵپشتی توانستی و لۆجستی و راوێژکارییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەموو تیرۆرستان".

باسی لەوەشکردووە "بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات تەنها هێزە شەڕکەرەکان دەکشێنەوە کە خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەیەکی زۆرە هێزە شەڕکەرەکانی وڵاتی ئەمەریکا ژمارەیەکی کەمیان لە ناو خاکی عیراقدا ماون کە بەشداریان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە مەیدانی جەنگدا سنوردار بووە و ئەوە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عیراقی فیدراڵ بوون کە لە مەیدانی جەنگدا بەشداری فراوانیان کردووە لە لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش".

لەبارەی ئەرکی داهاتووی هاوپەیمانانیش ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "ئێستا بە هاوکاری و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان بەهێزتر بوون و زیاتر ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانن و هێزەکانی ئەمەریکا وەکو ئەرکی راوێژکاری و پاڵپشتی لە عیراق دەمێننەوە کە ئەمە لەم کاتەدا زۆر بەهادارتر و پر ئەنجامتر دەبێت و یارمەتی و پاڵپشتی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقیەکان دەبێت بۆ بەرەوپێشچونی ئەم هێزانە".

ر. ئ. 
Qaiwan
Qaiwan