کوردستانی

حکومەت بڕیاری گەڕاندنەوەی چوار هەزار دۆنم زەویدا بۆ ئەم جوتیارانە

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەت بڕیاری گەڕاندنەوەی چوار هەزار دۆنم زەویدا بۆ ئەم جوتیارانە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بە بڕیاری حکومەتی عیراق بڕیاری گەڕاندنەوەی چوار هەزار دۆنمی جوتیارانی گوندی عەبدوڵڵا غانم درا لە قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکوک کە لەلایەن جوتیارانی عەرەبەوە داگیرکرابوون.

بەپێی نووسراوێکی دادگای پێداچوونەوەی عیراق کە دوێنێ چوارشەممە 5ی کانونی دووەمی 2022 دەرچووە، بەپێی بڕیارەکە بێت لە کۆی 17 هەزار دۆنم بڕیاردراوە بە گەڕاندنەوەی چوار هەزار دۆنمی جوتیارانی گوندی عەبدوڵڵا غانم لە قەزای داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکوک کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

شكار مەردان، پارێزەری جوتیارانی کوردی گوندی عەبدوڵڵا غانمی قەزای داقوق بە مەودا میدیای راگەیاند "گەڕانەوەی ئەو چوار هەزار دۆنمە هی دوو کەیسە کە لە دادگای پێداچوونەوە لە بەرژەوەندیی کورد بڕیاری لەسەر دراوە، هەروەهاا کەیسێکی دیکەش ماوە ئەویش لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە داهاتوودا کار لەسەر سەرجەم ئەو زەوییانەی کوردەکانی ئەو ناوچانە دەکەین کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە داگیرکراون".

س،ر.
Qaiwan
Qaiwan