ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

کاتێ دەبینە کۆدی ژمارە

«ئەگەر لە کەرەنتیندای، لەژێر هیچ بەهانەیەکدا نەکەی قژی خۆت ببڕی.» کە ئەم دێڕەم لە تویتەری هاوڕێیەکانم خوێندەوە پێکەنیم، بە خۆم وت: « دوو ساڵی رەبەقمان لەگەڵ کۆرۆنا بەڕێکرد، بەڵام دەزانن پەیوەندی قژبڕین بە کەرەنتینەوە چییە؟ زۆرترین زیانی کۆرۆنا کە بەر مرۆڤایەتی کەوت، لە رووی دەروونییەوە بوو. ئەوانەشی جەستەیان وەڵامی چارەسەری نەدایەوە هۆکەی بە پلەی یەکەم روخانی باری دەروونی بوو. هاوڕێکەم مەبەستێتی بڵێ پارێزگاری لەباری دەروونیت بکە و مەڕوخێ. ئێستاشی لەگەڵ بێت کە ڤاکسینی سێهەم هاتووە و چوارەم بەڕێگەوەیە و گوایا حەبێکی نوێ دروستکراوە لە توانایدایە زەفەر بە ڤایرۆسەکە ببات کە دەچێتە جەستەمانەوە و خەڵکانێکی زۆریش لە دونیادا لە حاڵەتێکی نیگەرانیی سەختدان و توانای بڕیاردانیان نییە. بەبەرچاویانەوە چەندها کەس هەر بە لێدانی ڤاکسینەکە گیانیان لەدەستدا، رەنگە بوێری ئەوەش نەکەن حەبەکش وەرگرن. جگە لەوەی نەخشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە سەرتاسەری جیهاندا گۆڕی. خەڵکی ملکەچی کۆمەڵێک رێنمایی خۆپارێزی کرد کە دواتر دەبێتە بەشێک لە کەلتووری ژیانکردن و پەروەردەکردن و بەڕێوەبردن. خەڵکی وا لێکرد بە کۆدێکی ئەلەکترۆنی سەر مۆبایل نەبێت لە قاوەخانەیەکدا قاوەیەک بە دوو یۆرۆ نەتوانن بخۆنەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کۆدەت پێنەبێت بۆت نییە ئاودەسخانە گشتیەکانیش بەکاربهێنیت.

ئاخر چۆن پارێزگاری لە باری دەروونیمان بکەین، کۆرۆنا بووە کەلێندەرێک، زەمەنی لە ناوەڕاستدا لەتکرد، دیوارێکی خستە نێوان دوو نەوەوە، نەوەی پێش کۆرۆنا و نەوەی پاش کۆرۆنا. هەن باوەڕیان وایە دوای کۆرۆنا ژیان وەکو خۆی لێدێتەوە، نموونەی سەردەمی کۆلێرا و تاعون و سیل..تاد. جا ئەمانە کە وادەڵێن پێش تاعون و کۆلێرا نەژیاون، مەگەر لە کتێبدا خوێندبێتیانەوە، تا بڕیار بدەن ژیان نەگۆڕا. بەڵام ڤایرۆسەکانی تر لە هەناوی سروشتەوە لە سەردەمێکدا دروستبوون کە هێندەی ئێستا دونیا پێشکەوتوو نەبوو و هێشتا شتێک نەبوو بەناوی تەکنەلۆژیاوە لە توانایدا دەبێت لە دروستکردنی ڤایرۆسە بکوژەکاندا رکابەری سروشتیش بکات و بە بەکتریایەکی هێندە بچووک کە بە چاو نابینرێ هێرش بکەیتە سەر وڵاتێک لە جیاتی ئەوەی ناچاربیت بچیتە گۆڕەپانی جەنگەوە و هیچ چەکێکی قورس بەکاربهێنی. ئەو هێزانەی گەرەکیان بوو هێزێکی دیاریکراو شکسپێبهێنن، بە ڤایرۆسێک کە بە کەفی سابوونی رەقی و ئەوەی پێی دەگوترا سابوونی پشیلە و تەنانەت جێلێکی دەستپاکردنەوە گیان لەدەستدەدات زۆر بە ئاسانی شکتیان پێهێنا و بەهۆیەوە خزانە ناو وردترین وردەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری وڵاتە رکابەرەکانیانەوە.

نازانم ژیان دوای کۆرۆنا چۆن دەبێت، بەڵام دەزانم وەکو پێش 2020 نابێت، تەنانەت یادەوەرییەکانیش ئیتر ئەلەکترۆنی تام و بۆنیان نابێت و توانامان نابێت دەستیان لێدەین، شتێک نامێنێت بە ناوی ئەلبوومی وێنەکانەوە، پیشەیەک نابێت بەناوی پۆستبەرەوە، کۆرۆنا هێندەی تر تەکنەلۆژیای خزانە ناو ژیانمانەوە، بەجۆرێک مێژووش دەبێتە مێژوویەکی ئەلەکترۆنی لە فەزایەکدا هەڵدەگیرێت. جگەلەوەی خوێندن، ئیشکردن و بەڕێوەبردنی ئابووری وڵاتان هەر بەرێگەی تەکنەلۆژیا دەبن، بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانرێ کۆنترۆڵی جیهان بکرێ و ئادەمیزاد ببێتە کۆدێکی ژمارەیی، تەکنەلۆژیا نەبێت توانای دەربڕینی هەستەکانیشی نابێت.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan