ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

رۆژی جیهانیی دەستوخەت

«جارێکیان لە ماڵی نەنکم بووم، چاوم بە دەفتەری یادەوەرییەکانی کەوت، کە بە منداڵی تیایدا نووسیوێتی، کردمەوە، لە لاپەڕەیەکیدا گوڵی سیسەوەبووی پێوە نرابوو، بە دەستوخەتێکی منداڵانە نووسیبووی «ئەمڕۆ باوکم مرد، من زۆر دڵتەنگم». لە راستیدا هەستم بە راستگۆیی نووسینەکە کرد، دڵتەنگییەکەیم لە دەستوخەتەکەی و گوڵە سیسەوەبووەکاندا بینی». ئەم گێڕانەوەیەی نووسەری چیرۆکی منداڵانی ئەمریکی لاورا ئێمی شیڵتزم بە رێکەوت لە ئینتەرنێت خوێندەوە. قسەی کتێبفرۆشێکم بیرکەوتەوە بەمدواییە کە دەیگوت: «ئێستا بەبەراورد لەگەڵ رابردوودا کەمترین قەڵەم، کەمترین دەفتەر دەفرۆشرێ، ئەسڵەن دەفتەری نامەنووسین هەر ناکڕدرێ، دەفتەری تۆمارکردنی ژمارەی تەلەفۆن و تەنانەت دەفتەری بیرەوەرییەکان..هتد ئیتر زۆر بە کەمی دروست دەکرێن».
بەڵێ، کە بە دەست نەماننووسی، پەیوەندیمان لەگەڵ وەرەقە لاواز دەبێت و وردە وردە دەپچڕێت. چیدی هیچ قەڵەمێک و رەنگی بەرگی هیچ دەفتەرێک سەرنجمان راناکێشێت. بۆنی کتێبەکان لە جێی خۆیان دەمرن و ئەو هەستە دەپووکێتەوە کە بۆنی کتێبێکمان دەکرد پێش خوێندنەوەی.

ئەمڕۆ کە 23ی کانونی دووە، رۆژی لەدایکبوونی جۆن هانکۆکی گەورە بازرگان و نیشتمانپەروەری دیاری سەردەمی شۆڕشی ئەمریکی لە پێناوی سەربەخۆیی و دواتر سەرۆکی کۆنگرس و هاوکات رۆژی جیهانیی دەستوخەتە. هانکۆک یەکەم کەس بووە کە گەورەترین ئیمزای لەسەر راگەیەندراوی سەربەخۆیی لە 4 تەموزی 1776 کردووە. ئیمزاکەی وا گەورە کردوە بۆ ئەوەی جۆرجی سێهەم، پادشای ئینگلتەرا بەبێ چاویلکە بتوانێ بیبینێت. دواتر سەندیکای کارگەکانی دروستکردنی کەلوپەلی نووسین ساڵی 1983 پشنیازی رۆژی لە دایکبوونی جۆن هانکۆکیان کردووە ببێتە رۆژی جیهانیی هاندانی نووسین بە دەست.
«دەڵێن باوباپیرانمان سەردەمی خۆیان بە دەست شتیان نووسیوە!» رەنگە نەوەکانی داهاتوو ئاوا باسی چیرۆکی نووسین بە دەست بکەن. بۆ منداڵەکانیانی بگێڕنەوە، کەوا باپیرانیان بۆ نووسین شتێکیان بەکارهێناوە پێی گوتراوە (قەڵەم).

ئەم هونەری نووسینەی کە بەرەو ونبوون دەچێت، لەگەڵیدا هەستە قووڵ راستگۆکان لەبار دەچن کە لە سەری پەنجەکانمانەوە بەسەر وەرەقە سپیەکاندا خوڕەیان دەکرد، نەوەکانی داهاتوو ئەو هەستە سیحراویەیان پێناگات کە لە کردنەوەی نامەیەکی بەدەست نووسراودا هەیە. تەنانەت زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکانی بواری کەسایەتیی ئادەمیزادەکان، شیکاریان لەسەر جۆری دەستوخەتەکان کردوە و لە رێگەیەوە توانیویانە خەسڵەتەکانی کەسەکان دیاری بکەن و دەلالەتەکانی دەستوخەتەکان بەپێی گەورەیی و بچووکیی نووسین و جوانی و ناشیرینی..هتد شیکەنەوە.

بەڵام ئێستا کە هەموو پیتەکان و قەبارەیان کە لەسەر ئامێرە زیرەکەکان دەنووسرێن لەیەک دەچن و سارد و بێگیان و هیچ شتێک لەیەکیان جیاناکاتەوە، چیدی کەس ئەو پەرۆشی و تاسەیە هەست پێناکات لە چاوەڕوانیی نامەیەکی بەدەست نووسراودا هەیە. لە نێو وشە و دێڕەکاندا ناگەڕێت بۆ ورتە ورت و پێکەنین و هەستەکانی ژێر وشە و دەستەواژەکان. جا کێشە گەورەکەش ئێستا لەوەدایە ئەوەی جاران خۆمان دەمانکرد لە وردبینیی رێنووس و لایەنی زمانەوانی و رێزمانی نووسینەکانمان، هەموویمان داوەتە دەست ئامێرەکان، بەڵام مەخابن لەو نێوەندەدا هەستەکان بەبێ ئەوەی بیانبینین یەک لە دوای یەک دەمرن.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan