چاوپێكەوتن

ژیان رەفیق حیلمی؛ خاتوونێکی شیرین، ئەزموونێکی تاڵ

مەودا میدیا - سلێمانی |


ژیان رەفیق حیلمی؛ خاتوونێکی شیرین، ئەزموونێکی تاڵ

 
چاوپێکەوتنی ئەم جارەم، لەگەڵ خاتوو ژیان رەفیق حیلمییە. خاتوو ژیان لە ساڵی 1941 لەناو خانەوادەیەکی رۆشنبیر، سیاسی و کوردپەروەر چاوی کردووەتەوە و گەورە بووە. جگە لە باوکی کە لای هەمووان ئاشکرایە: رۆشنبیر، مێژوونووس، نووسەر، شاعیر، سیاسی، کوردپەروەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی هیوا و سەرۆکی ئەو پارتە و خاوەنی سەرمایەیەکە لە نووسین، کاریگەریی خوشکەکانی: د.پاکیزە، خاتوو ناهیدە و خاتوو نەجات، هەروەها براکانی: شەوقی و فەوزی لەسەر بووە، کە هەمووشیان لەسەر رێچکەی باوکیان رۆیشتوون: نووسەر، شاعیر، ئەدیب، رۆشنبیر و هونەرمەندن. جگە لەمانە، خۆشی ژنێکی رۆشنبیر، شاعیر، نووسەر و هونەرمەندە، خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز، کۆمەڵایەتی و خێرخوازە. بیرتیژە، ورد و درشتی ئەو ژیانە ئەستەم و پڕ ئەندێشەیەی تێیدا ژیاوە، بیریەتی و بە چێژێکی ئەدەبییانە دەیانگێڕێتەوە. دانیشتن لەگەڵیدا بێزاربوونی نییە، هەموو چرکەساتێک کۆمەڵێک زانیاریی تازە دەبەخشێت.
 
خاتوو ژیان، سەرەتا دەپرسم بۆچی دۆست و کەسە نزیکەکانت بە دیلە بانگت دەکەن؟
ئێستا ناوم (ژیان)ە، سەرەتا ناوم (ژین) بووە، دواتر لەبەر هەندێک هۆ بووم بە ژیان، بەڵام لە ماڵەوە و لەناو دۆستان بە دیلە بانگم دەکەن، ئەمیش لەبەر  ئەوەی کاتێک فەوزی برام منداڵ بووە، نەیزانیوە بڵێت ژیان، وتوویەتی "دیلە"، ئیتر ئەو ناوەم بەسەردا بڕاوە.
 
زۆربەى ئەو کەسانەی لە خانەوادەیەکی سیاسی و چالاک بوون بەردەوام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنکی دیکە راگوێزراون و بەو هۆیەشەوە خوێندنیان هەر جارە لە ناوچەیەک و خوێندنگەیەکی جیاواز بووە، قۆناغەکانی خوێندنی تۆ چۆن بوو؟
سەرەتاییم لە شاری سلێمانی دەست پێ کردووە. تەنها چوار مانگ مامەوە، بەڕێوەبەرەکەمان ناوی زینەتی قازی بوو. بەهۆی کارەکەیەوە، باوکم دوورخرایەوە بۆ شاری بەعقوبە، لەوێ کرا بە بەڕێوەبەری پەروەردە کە ئەوسا (مدیر معارف)یان پێ دەوت. لەوێ چوومەوە بەر خوێندن لە قوتابخانەی زەهرا، بەڕێوەبەرەکەمان ناوی دۆلە بوو، فەلە (کریستیان) بوو. 
بەهۆی بۆچوون و بیروباوەڕی باوکمەوە، نەیاندەهێشت لە یەک شوێن جێگیر بێت. دیسان ئاستی لێپرسراوێتیان دابەزاند و گواستیانەوە بۆ شاری بەغدا و کردیان بە جێگری بەڕێوەبەر لە ئامادەییەک لە شاری بەغدا. لە بەغدا چوومەوە بەر خوێندن، بەڕێوەبەرەکەمان ناوی بەهیجە قەتتان بوو. لەوێ دوو هاوڕێی کوردم هەبوو (سروە و ئاورینگ)، کە خوشک بوون و کچی ساڵح قەفتان بوون. 
دیسانەوە جارێکی تر باوکم راژەی گواسترایەوە بۆ شاری عیمارە، واتە پۆلی شەشی سەرەتاییم لە سێ شاری جیاواز (بەعقوبە، بەغدا، عیمارە) تەواو کرد.
باوکم نەیدەویست بچێت بۆ شاری عیمارە، بەڵام ئەوسا سەعید قەزاز بەڕێوەبەری بەندەرەکانی عیراق بوو لە شاری بەسرا، هانی باوکمی دا کە قبوڵی بکات و مەدحی خەڵکی شاری عیمارەی بۆ کرد، ئەویش دایکمی رازی کرد. لەوێ چوومە خوێندنگەی فەیحا و دواتریش بۆ ناوەندیی موستەنسریە، بەڕێوەبەرەکەمان ناوی وەدیعە جەعفەر شبیبی بوو، برازای محەمەد رەزای شبیبی بوو کە وەزیر بوو. 
لەو خوێندنگەیە تووشی سەرئێشەیەکی قورس (شەقیقە) بووم، تەنانەت بۆ چارەسەر چووم بۆ لەندەنیش، بەڵام سوودی نەبوو، لەتاوا چووم بۆ خانەی مامۆستایان، هەرچەندە خۆشم و باوکیشم ئارەزوومان بوو زانکۆ تەواو بکەم، بۆیە کاتێک لە پۆلی سێی خانەی مامۆستایان بووم، ئەوسا رێگەیان دەدا لەو قۆناغەدا تاقیکردنەوەی دواناوەندیی دەرەکیی بکرێت، بۆیە بڕیارم دا ئەو تاقیکردنەوەیە بکەم و ئارەزووی خۆم بەدی بهێنم.
 
ئەنجامی تاقیکردنەوەکە چۆن بوو؟
ئەو ساڵە تەنها دوو کچ لە خولی یەکەم دەرچوون، یەکێکیان من بووم.
 
ئەی ژانەسەرەکەت؟
باوکم لە کەسە نزیکەکانی شێخ مەحمودی نەمر بوو، جارێکیان سەردانی کردین، باوکم بە شێخی وت: "ئەم کچەم ژانەسەرێکی خراپی هەیە، دوعایەکی بەسەردا بخوێنە." ئیتر شێخ مەحمود دەستی خستە سەر سەرم و دوعای خوێند، دوای ئەوە باشتر بووم. رەنگە بەهۆی خۆشەویستیم بۆ شێخ مەحمود، کاریگەریی دەروونیی هەبووبێت.
 
دوای دەرچوونت چووی بۆ زانکۆ، یان لە خانەی مامۆستایان مایتەوە؟
نەخێر، جگە لەوەی لە تاقیکردنەوە دەرچووم، لە خانەی مامۆستایانیش دەرچووم و بووم بە مامۆستا و لە کۆلێجی پەروەردە بەشی زمانی ئینگلیزی وەرگیرام، بەڵام د.پاکیزەی خوشکم لە زانکۆ بەغدا لە کۆلێجی ئاداب، بەشی زمانی کوردیی کردبووەوە، هانیدام لەو بەشە بخوێنم، ئیتر چووم بۆ کۆلێجی ئاداب، بەشی زمانی کوردی، لە هەمان کاتدا مامۆستاییم دەکرد و بەشی کوردییشم تەواو کرد.
 
پەیوەندیت لەگەڵ باوکت چۆن بوو؟
لاى باوکم زۆر خۆشەویست بووم، بەهۆی ئەوەی دوای خوشک و برایەکم هاتبووم کە هەردووکیان کۆچی دواییان کردبوو، لەوانی تریش بچووکتر بووم. لە تەمەنی منداڵیدا زۆربەی کات لەسەر باوەشی دایدەنام. 
ئەو کاتەی باوکم بوو بە کونسوڵی رۆشنبیری لە تورکیا، دایکم و باوکم بەتەنیا چوون، کاتێک نامەم بۆ دەنووسین، دایکم دەگریا. جارێکیان لە وەڵامدا باوکم بۆی نووسیبووم "هەی عەیار، دایکت بەگریان دەهێنی."
باوکم زۆر عاتفی بوو، لەگەڵ هەموو نەدار و لێقەوماوێک ئازاری دەکێشا، تەنانەت لەگەڵ ئاژەڵیش. دەمەوێت رووداوێکت بۆ بگێڕمەوە:
لەو کاتەی کە تاقیکردنەوەی دەرەکیی دواناوەندییم دا، باوکم چووبوو بۆ پەروەردە بۆ ئەوەی ئەنجامەکەم وەربگرێتەوە، چاوەڕێی نەکردبوو بڵاوبێتەوە. ئەوسا سمۆرەیەکمان هەبوو (لە دەرەوە و لەناو ماڵیشدا لەگەڵمان بوو)، کە گەڕابووەوە ماڵەوە، دنیا زۆر گەرم بوو، دیاربوو گەرمیی لە سمۆرەکەی دابوو، لە گەرما بێهۆش بووبوو، بەپەلە هێنایە ژوورەوە و ئاوی بەسەردا دەکرد و دەیخستە بەر فێنکی، بەڵام دیاربوو زۆر کاریگەریی کردبووە سەری، سمۆرەکە مرد. باوکم لە خەمی سمۆرەکە بیرچووبووەوە پێم بڵێت دەرچووی. ئێوارە وتی: "لە داخی ئەو سمۆرەیە بیرمچوو پێت بڵێم و پیرۆزباییت لێ بکەم کە دەرچوویت." 
جارێکی تر ئاسکێکمان هەبوو، بەرەو رووم هات ویستی قۆچێکم لێ بدات، زۆر لێی دەترسام، دڵی نەهات سەریبڕێت، بەخشیی.
جارێکیشیان زللەیەکی لێ دام، دیاربوو زۆر پەشیمان بووبووەوە، تا بەیانی هەر دەستی بەسەردا دەهێنام بۆ ئەوەی بیرم بچێتەوە.
لەگەڵ ئەو هەموو بەسۆزییە، تووڕەش بوو. 
 
لە کۆبوونەوەکانی باوکت دەربارەی سیاسەت و کۆڕی رۆشنبیری بەشداریت دەکرد؟
نەخێر، چونکە تەمەنم نەگەیشتبووە 20 ساڵ کە باوکم کۆچی دوایی کرد، بەڵام کاریگەریی زۆری بەسەرمانەوە هەبوو.
 
لەدوای دەرچوونت چ کارێکت دەکرد؟
یەکەم دامەزراندنم لە خوێندنگەی (الرجاء) بوو، لە گەڕەکی شێخ عومەر بوو، بە بڕوانامەی خانەی مامۆستایانی سەرەتایی بوو. دوای تەنیا (15) رۆژ خۆم گواستەوە بۆ خوێندنگەیەکی ئێواران بەناوی (فەتح-ی ئێواران)، بۆ ئەوەی خوێندنی کۆلێجەکەم تەواو بکەم. 
لەوێ ئافتاو جەلال حەوێزم لەگەڵدا بوو، کە دوایی بوو بە هاوسەری ئیبراهیم باڵدار. لەو خوێندنگەیە بەڕێوەبەرەکەمان تورکمان بوو، لەوێ زمانی ئینگلیزیم دەوتەوە، داوای لێ کردم زانست بڵێمەوە، منیش پێم وت "ناتوانم" وتی: "یطبچ مرض" جنێوێکە بە زمانی عەرەبی، منیش پێم وتەوە. باش بوو کارگوزارێکی کریستیان لەوێ بوو، ئاگادار بوو. داوای لیژنەی لێکۆڵینەوەیان کرد، ئەوسا ناهیدەی خوشکم (موفەتیش)ی پەروەردە بوو، کەسێکی بێلایەنی بۆ سەرۆکی لیژنەکە هەڵبژارد، ئەو کارگوزارە لە بەرژەوەندیی من قسەکەی بە راستی گێڕایەوە. وتیان تازە لەم خوێندنگەیە خۆت بگوێزەرەوە. پلەیان بەرزکردمەوە بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەر، دواتر لە زانکۆ دەرچووم و بۆ ماوەیەکیش بووم بە بەڕێوەبەر. 
بەهۆی هەندێک کێشەی خێزانییەوە، گواستمەوە بۆ گەڕەکی شەعب و لەوێ لە خوێندنگەیەک بوومەوە بە مامۆستا، بەڕێوەبەرەکەمان پیاوێکی بەعسی بوو. جارێکیان لە خوێندکارێکیان دا، من قبووڵی ئەو جۆرە رەفتارانەم نەدەکرد، دەستم بە سەری منداڵەکەدا دەهێنا و هێورم دەکردەوە، ئیتر لە کۆبوونەوەی مامۆستایاندا بەڕێوەبەرەکە کەوتە توانجدان و منیش لە کۆبوونەوەکە رۆیشتمە دەرەوە، نامەیەکی بۆ نووسیم تا روونی بکەمەوە بۆ رۆیشتوومەتە دەرەوە. لە وەڵامدا وتم: "من ئەو جۆرە رەفتارەم قبووڵ نییە." نامەکەی دڕاند، ئیتر گەڕامەوە ماڵەوە، ماڵی باوکم، فەرەیدونی برام وتی: "خۆت خانەنشین بکە، وەرە بۆ لەندەن." هەرچەندە زۆرم مابوو، بەڵام خۆم خانەنشین کرد.
ئەوکات نەجاتی خوشکم تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووبوو، لەگەڵی رۆیشتم بۆ تورکیا، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە رێگەیان پێ نەدا هەرچەندە ڤیزەشم بۆ وەرگرتبوو، ئیتر لەبەر نەجات گەڕامەوە.
 
لە سەرجەم بوارەکانی نووسین، شیعر، هونەر و وێنەکێشان کارى بەپێز و جوانت زۆرە، چۆن ئەو بەهرەیەت هەڵدەسەنگێنیت؟
دەربارەی شیعرەکانم؛ من کەسێکی هەستیارم، تا رادەیەک ناتوانم ئەو شتانەی کە رووبەڕووم دەبنەوە و هەستیان پێ دەکەم، نەیانخەمە سەر کاغەز و بەو هۆیەوە خۆم لەو هەستانە بەتاڵ نەکەمەوە. هەستم بەرانبەر خوشک و براکانم، کە تا رادەیەک ژیانی خۆم لە پێناو ئەواندا کردە قوربانیی، هەندێک جار هەست دەکەم تا رادەیەک خۆمم فەرامۆش کردووە. گلەیی لە خۆم دەکەم، بەڵام جارێکی تر دەگەڕێمەوە و هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، هەر بۆیە بڕیارم داوە ئەو هەستە شاراوانەی لە رۆحی هەر ژنێکدا هەیە؛ لە هەستی جوان و مرۆڤدۆستانە، کە کۆمەڵگە خەفەی کردوون، لە نووسینەکانمدا دایانبڕێژم. ویستوومە هیچ نەبێت چەکێکی ئاسایی کە ئەویش قەڵەمە، بەکار بهێنم. 
هەر لە منداڵییەوە خولیای نووسین و شیعر لەبەرکردن بووم، لە کۆڕە شیعرییەکاندا ئامادە دەبووم. جەواهیریی شاعیری گەورەی عیراق، زۆر هاوڕێی باوکم بوو، هاتوچۆمان هەبوو، بەیەکەوە دادەنیشتین و دەکەوتینە خوێندنەوەی شیعرەکان، هەروەها زۆر گوێم لە شیعرەکانی شاعیرە عیراقییەکانی وەک (عەبدولڕەزاق عەبدولواحید و عەبدولوەهاب ئەلبەیاتی) دەگرت، یان شاعیرە عەرەبەکانی وەک (مەحمود دەروێش، نزار قەبانی و مەمدوح عدوان...)، هەروەها زۆرێک لە ژنە شاعیرەکان، وەک (لەمیعە عەباس عیمارە) کە هەم مامۆستام بوو، هەمیش زۆر هاوڕێی ناهیدەی خوشکم بوو، هەروەها هەریەکە لە (د.عاتکە ئەلخەزرەجی، ئەمیرە نورەدین، نازک ئەلمەلائیکە...). بەهۆی ئەو کۆڕ و گوێگرتانەوە، زمانی عەرەبیم زۆر پەرەی سەند. جارێکیان نزار قەبانی لە ماڵمان بوو، هەندێک لە شیعرەکانی خۆیم بۆ خوێندەوە، پێی وتم: "تۆ (خیر راویة للشعر)." واتە خوێندنەوەی شیعرت زۆر بەرزە، هیوای دواڕۆژێکی پرشنگدارت بۆ دەخوازم.
جگە لە نووسین، خولیای وێنەکێشانیش بووم، لە دەفتەری بیرەوەرییەکانمدا لەمیعە عەباس عیمارە بۆی نووسیبووم: "تۆ جگە لە شیعرەکانت، توانای هونەریت زۆر بەرزە، هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم." زۆربەی جار لە پێشانگەکاندا بە تابلۆ بەشداریم دەکرد. 
 
لە دیوانی (العسل المر)دا باسی شاعیری سوریی مەمدوح عدوانت کردووە، سەرگوزشتەی پەیوەندی و یەکترناسینتان چۆن بوو؟
جارێکیان لە فێستیڤاڵێکی شیعرخوێندنەوەدا ئامادە بووم، زۆر سەرسام بووم بە شیعرێکی، کە دوای جەواهیری، پلەی دووەمی ئەو فێستیڤاڵەی بەدەست هێنا، ئیتر لەگەڵ لەمیعە عەباس عیمارە و مەی خوشکەزام چووین بۆ لای. دوای ئەوە نامەگۆڕینەوە لە نێوانمان دەستی پێ کرد و هەر کاتێک دەهاتە عیراق، چاومان بەیەک دەکەوت. چەندین ساڵ ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای رێز، برایەتی، هاوڕێیەتی، گۆڕینەوەی شیعر و بۆچوون بەردەوام بوو، تاکوو مردنی، کە لە 23ی تشرینی دووەمی 2004 کۆچی دوایی کرد. هەر لەو کاتەدا ئێمە لە پرسەی نەجاتی خوشکمدا بووین کە ئەو هەواڵەم بیست. لەو کتێبەمدا بەشێک لەو شیعرانەی کە بۆی دەناردم، بڵاوم کردوونەتەوە.
 
سەبارەت بە شیعرە کوردییەکانت چی، هیچیت لێ چاپ کردوون؟
نەخێر، تا ئێستا هیچم لێ چاپ نەکردوون، بەڵام چاوەڕێم بەمزووانە چاپ بکرێن.
 
کاتی خۆی لە رادیۆی دەنگی کورد لە وێستگەی کۆماری عیراق لە بەغدا بەرنامەت هەبوو، دەربارەی چی بوو و چەندی خایاند؟
بەرنامەکەم بەناوی (گۆڤاری رۆشنبیری) بوو، نزیکەی چوار ساڵی خایاند. هەفتانە بوو، رۆژانی چوارشەممان پەخش دەکرا، هەموو بەرنامەکانی رۆشنبیری و شیعر بوون.
 
ماوەیەکی زۆر لە بەغدا ژیاون، هیچ بەسەرهاتێکی خۆشی ئەو سەردەمەت لەبیرە؟
بەڵێ، بەسەرهات زۆر بوو، بۆ نموونە؛ کاتێک لە بەغدا بووین، باوکم بۆنەی نەورۆزی لە ماڵی خۆمان دەکردەوە، خزم و دۆستانی بانگهێشت دەکرد، هەروەها هونەرمەندان (عەلی مەردان، نەسرین شیروان و حەسەن جەزراوی)شی دەهێنا.
 
هاوسەرگیریت کردووە؟
نەخێر، هەرچەندە خەڵکی باش دەهاتن بۆ داوام، بەڵام قسمەت نەبوو، هەروەها زۆربەی کاتەکانم لە خزمەتی کەسوکاردا بووم. 20 ساڵ خزمەتی ناهیدەی خوشکم کرد.
 
ئەو ماوە زۆرەی کە چاودێریی ناهیدە خاتوونی خوشکت دەکرد، لە نووسینەکانیدا یارمەتیت دەدا؟
لەو کاتانەی ناهیدە لەناو جێگەدا بوو، لەلایەوە دادەنیشتم و وردە وردە بیرەوەرییەکانی بۆ باس دەکردم، منیش بۆم دەنووسییەوە، دوای ئەوە خۆم لە کتێبێکدا بەناوی (ئەمە منم، ئەوەش ئێوە) بەچاپم گەیاند، هەروەها وتارەکانیشی کە یەکێک لە ئاواتەکانی بوو، لە هەمان کتێبێکدا بڵاوم کردوونەتەوە. ئێستاش خەریکی نووسینەکانی دیکەیم و دەیکەم بە کتێبێکی تر.
 
کەلوپەل و نووسینەکانی باوکتان ماوە؟ ئەگەر ماون چۆن پاراستووتانن؟
بەڵێ، زۆربەی زۆریمان پاراستووە. بەشێکیمان لە بنکەی ژین داناوە، تەنانەت جلوبەرگەکانیشی ماون، یەک پارچە کاغەزیم لابووبێت هەڵمگرتووە و نەمهێشتووە بفەوتێت. ئەو قەنەفەیەی لەسەری دادەنیشت، پاراستوومە. چەترەکەشیم هەڵگرتووە کە بە لایەنی کەمەوە تەمەنی 62 ساڵە. 
با شتێکت بۆ باس بکەم: شێخ لەتیف لە پارتی هیوا لە پلە باڵاکان بوو، لەگەڵ باوکمدا زۆر هاوڕێ بوون، داوای لە باوکم کرد خۆی کاندید بکات بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی. باوکم داواکەی پەسەند کرد، خۆی وەک نوێنەری میللەت کاندید کرد. هەرچەندە سەعید قەزاز داوای لێ کردبوو لەسەر دەوڵەت خۆی کاندید بکات و بە تەزکیە سەردەکەوێت، بەڵام باوکم قبووڵی نەبوو. ئیتر لەژێر فشاری دەوڵەتدا وازی لە خۆکاندیدکردن هێنا. بۆ ئەو بانگەشەیە (100) دیناری لە سەید برایمی حەفید قەرز کرد، دواتر مانگانە پێنج دیناری دەدایەوە، هەموو ئەو پسووڵانەی کە پارەکەی پێ داوەتەوە، دوادانەیم هەڵگرتوون.
 
ئەوەندەى من بزانم لە باوک و دایکیشتەوە پەیوەندیی خێزانیتان لەگەڵ پیرەمێردی شاعیر هەیە، ئەو پەیوەندیی چۆن بوو و لە چ ئاستێکدا بوو؟
بەڵێ، خەزالە خانی هاوسەری پیرەمێرد، پووری دایکمە، خوشکی باپیرمە. هەروەها پیرەمێرد خۆشی خاڵۆزای باپیرمە (باوکی باوکم).
زۆربەى کات بەیەکەوە بووین، وەک خێزان تێکەڵ بووین. کاتێک شەڕی رەشید عالی گەیلانی لە بەغدا بەرپا بوو، فایەق وشیار هاتووە بۆ ماڵی ئێمە وتوویەتی: "هەستن دەتانبەم بۆ ماڵی حەمدی بەگ لە شاری بەعقوبە، لەوێ بن." ئیتر رۆیشتوون، کاتێک باوکم دێتەوە ماڵ چۆڵە، دەچێت دەیانباتەوە بۆ سلێمانی و دەچنە ماڵی پیرەمێرد و سێ مانگ لەوێ دەبن. 
پیرەمێرد لەگەڵ ناهیدە خوشکم پەیوەندی زۆر باش بووە، جارێکیان کاتێک ناهیدە لە ئەمەریکا دەبێت، نامەیەک بۆ پیرەمێرد دەنێرێت، ئەویش لە رۆژنامەدا بڵاوی دەکاتەوە. 
ئەوەی خۆش بوو، هەرچەند پیرەمێرد دەهاتە ماڵی ئێمە، بە سینییەک کەبابەوە دەهات.
 
 
باسی دایکتم بۆ بکە، کەسایەتیی چۆن بوو؟
دایکم ناوی جەمیلە مستەفا فەندییە. هاوکار و پشتیوانی باوکم بوو لە زۆر رووەوە، ئەم شار ئەو شار و دەربەدەریی زۆری بینیوە، ژنێکی لەخۆبردوو بوو. دایکم زۆری خۆشدەویستم، دەیوت "هەموو بەلایەک، تۆ بەلایەک." لە کاتی نەخۆشکەوتنیدا بەردەوام بەدیاریەوە بووم، پەیوەندیمان زۆر باش بوو، زۆربەی جار دەیوت "ئەوەندەی من لێت رازیم، خواش ئەوەندەت لێ رازی بێت."
دەمەوێت هەر لەگەڵ باسی دایکم، باسی پوورێکیشم (خوشکی باوکم) بکەم، کە ناوی عیسمەت بوو، پێمان دەوت "بجی". زۆر پاڵەوان بوو، لە رووی رۆحییەوە زۆر بەهێز بوو، هەموومانی بەخێو کردووە، ورد و درشتی کێشەکانمان دەبردە بەردەمی و چارەسەری بۆ دەکردین. لەگەڵ ئێمەدا دەژیا، هەر لە منداڵییەوە باوک و دایکی نەمابوو، بۆیە کاتێک باوکم ژنی هێنا، ئەویش هاتە لای ئێمە و نزیکە تەمەنی دایکم بوو، وەک دوو خوشک بەیەکەوە دەژیان.
 
دایکت کەی کۆچی دوایی کرد؟
لە 22ی ئەیلولی 1974 کۆچی دوایی کرد.
 
چەند خوشک و بران؟
دایکم منداڵی زۆر بووە، بەڵام ئەمانەی بۆ گەورە بوون: (فەرەیدون، شەوقی، فەوزی)، کچەکانیش (پاکیزە، ناهیدە، نەجات، من).
 
دەتوانیت لەسەر هەر یەکێکیان کورتەباسێکم بۆ بکەیت؟
- پاکیزە؛ لە ساڵی 1924 لە ئەشکەوتی قازی سەر بە ناحیەی سورداش لەدایک بووە. لە کاتی شۆڕشی شێخ مەحموددا بووە، ئەو کاتە باوکم و دایکم لە دژی داگیرکەر روویان لە شاخ کردووە. 
خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە. دوای ئەوە چووەتە ئەمەریکا لە زانکۆی کلارک ماستەری بەدەست هێناوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک گەڕاوەتەوە بۆ عیراق. دوای ئەوە لە زانکۆی لەندەن زەمالە وەردەگرێت و دەچێتە ئەو زانکۆیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزایەکی قورس دەگوێزرێتەوە بۆ قاهیرە، لەوێ دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ عیراق، لە عیراق لە کۆلێجی ئاداب بەشی کوردی دادمەزرێنێت. زمانی (فارسی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی)ی بە باشی دەزانی، بۆ مەبەستی دکتۆراکەشی، زمانی عیبری و ئاشووری خوێندووە، هەروەها شارەزایی لە زمانی فەرەنسی و ئەڵمانیشدا هەبوو. لە دەستەی دامەزرێنەری کۆڕی زانیاریی کوردی بووە. لە ساڵی 2003 کۆچی دوایی کرد.
- ناهیدە؛ لەدایکبووی ساڵی (1928)ە، بەهۆی ئەوەی لە منداڵییەوە لە بەردەستی باوکمدا گەورە بووبوو، زۆر خولیای خوێندنەوە بوو دەربارەی زانست و زانیاریی جیاواز. ناهیدە یەکێکە لە ژنە دەگمەنەکانی کورد، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو بۆ بەمەبەستی خوێندن چووەتە ئەمەریکا، پێش ئەوەش لە ساڵی 1947 دوو ساڵ بۆ زمانی ئینگلیزی لە بەیروت خوێندویەتی.
چەندین زمانی گرنگی بەتەواوی دەزانی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بوو لە زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە لە سوید بەدەستی هێنابوو. خاوەنی چەندین کتێبە لە بوارەکانی: سیاسەت، مێژوو و گژوگیا. لێکۆڵەرەوەیەکی زۆر بەتوانا بوو، سەدان وتار و شیعری جوانی نەتەوەیی و بڵاوکراوەی هەیە لە گۆڤار و رۆژنامە کوردی و عەرەبییەکان، دۆستی نووسەر و شاعیرە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوو، زۆر جار کۆڕی رۆشنبیری و شیعریی دەگێڕا. لە 19ی حوزەیرانی 2019، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
- نەجات؛ لە موسڵ لەدایک بووە، زۆر بە زەحمەت لەژێر دەستی چەند مامانێک لەدایک دەبێت، بۆیە باوکم ناویناوە نەجات. زانکۆی بەغدا (کلیة البنات)، بەشی وەرزشی تەواو کردووە، بەڵام لە وەزارەتی (اعمار الشمال) دادەمەزرێت. لەگەڵ شێرکۆ عومەر عەبدوڵڵای برازای (عەلی عەبدوڵڵا) هاوسەرگیری کردووە.  
 
خاتوو نەجات وەک ئێوە دەستی نووسین و هونەری هەبوو؟
بەڵێ، ئەوسا لە گۆڤاری هەنگ دەینووسی، چونکە ئەوکات لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی هەولێر کاری دەکرد، کتێبێکیشی هەیە بەناوی (اقاصیص یەسنە) کە چیرۆکی منداڵانە بە زمانی عەرەبی. سێ منداڵی هەبوو (یاداشت، یار، یەسنە)، بەداخەوە (یاداشت) زۆر بە گەنجی کۆچی دوایی کرد. خۆشی لە 1ی تەمووزی 2002 بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆی دوایی کرد.
- شەوقی؛ لە ساڵی 1932 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. پەیوەندیی لەگەڵ ناهیدەی خوشکم زۆر بەهێز بوو، بەهۆی ئەوەی لەدوای ئەو لەدایک بووە. کاتێک لە موسڵ بوون، هەموو رۆژێک بەیەکەوە چوونەتە باخچەی ساوایان، چەندین جار لەسەر شەوقی شەڕی کردووە، نەیهێشتووە کەس ئازاری بدات. زانکۆی بەغدا بەشی بازرگانی تەواو کردووە. ئەو کاتەی لە زانکۆ بوو، هاوسەرگیری کرد. لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کاری دەکرد، دواتر بووە کونسوڵی بازرگانی لە هەنگاریا. لەو کاتەدا کاک سیروانی قادر ئاغا کە بەڕێوەبەری پرۆژەی باڵەخانەی کۆماری دەبێت، دوای لێ دەکات بێتەوە و ببێتە یاریدەدەری لەو پرۆژەیەدا، مووچەکەی زۆر بووە، ئیتر لەو پرۆژەیەدا کاری دەکرد و ئاگاداری نهێنییەکانی ناو باڵەخانە و چۆنیەتی دروستکردنی بوو. زۆربەی چوارشەممان دەزگا هەواڵگرییەکان سەردانیان کردوون و پرسیاریان زۆر لێ کردووە، یان بانگیان کردووە بۆ دەزگای ئەمن. دوای تەواوبوونی باڵەخانەکە، لە رۆژی پێنجشەممە بۆنەیەک دروست دەکەن و شەوقیش دەچێت، کچەکەی لە ماڵی کاک روشدی عەزیز جێ دەهێڵێت و پێی دەڵێت "دێمەوە بەدواتدا." دەبێت بە 11ی شەو هەر ناچێت بەدوایدا. ماڵی کاک روشدی کچەکەی دەبەنەوە بۆ ماڵەوە، دایکیشی لەوێ نابێت، چونکە دەستی شکابوو و لە ماڵی باوکی بوو، کە کچەکەی دەچێتەوە کەس لە ماڵ نییە و باوکی هەر ناگەڕێتەوە، تەلەفۆن بۆ ناهیدە دەکات، ئەویش یەکسەر دەچێتە کۆشک، لەوێ وتبوویان بەدڵخۆشییەوە رۆیشتووەتەوە. سەردانی بنکەی پۆلیسی کەڕادە دەکات، لەوێ دەڵێن بڕۆ سەیری ئەو ئۆتۆمبێلانە بکە، کە دەچێت، ئۆتۆمبێلەکەی دەبینێت وردوخاش بووە، دواتر نووسراوێکی دەدەنێ و پێی دەڵێن (دوای شیکاری تەرمەکەی بدەنەوە)، بە پارچە پارچەیی دەیدەنەوە، گورچیلەکانیشیان دەرهێنابوو. دواتر بۆمان دەرکەوت بەهەمان شێوەی چەندین تاوانی تر، لەسەر رێگە بۆی وەستاون و بە لۆری لێیانداوە، ئەم رووداوە لە 24ی کانوونی یەکەمی 1981 بوو.
- فەوزی؛ ساڵی 1939 لە دایک بووە. لەو کاتەدا بووە کە باوکم بە سەرۆکی حزبی هیوا هەڵدەبژێردرێت، بۆیە ناوی دەنێت (فەوزی). لە بەغدا ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی تەواو کردووە. لەو کاتەی لەسەر (عەبەی عەزیز) دەگیرێت لە شاری بەغدا، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، بە واسیتەی زۆر دوای سێ مانگ لە زیندانی فەزلی لە بەغدا ئازاد دەکرێت. دایکم هەوڵی بۆ دەدات و دەینێرێتە لەندەن. لە لەندەن ئەندازیاریی دیکۆر دەخوێنێت و هەر لەو بوارەشدا کاری کردووە.
ئێستا لە سلێمانییە. بەداخەوە، تەندروستیی باش نییە و کەسیش لێی ناپرسێتەوە (نەک هەر ئەو، بەڵکوو لە کەسمانیان نەپرسیوەتەوە)، تەنانەت خانەنشینییەکەشیان بڕیووە، چونکە پێویستی بە بەڵگەنامە هەیە و کەسیش نییە ئەو کارانەی بۆ بکات.
ئەویش نووسینی زۆرە، زۆربەی لەسەر هونەرە و یەکێکە لەوانەی دیکۆری (پێشانگەی گشتیی نێودەوڵەتیی بەغدا)ی کردووە.
- فەرەیدون؛ ساڵی 1943 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، دوای من لەدایک بووە. هەروەک ناهیدەی خوشکم، لە ئامادەیی یەکەمی عیراق بوو، لەسەر بودجەی دەزگای کۆڵبەنکیان ناردیان بۆ بەریتانیا بخوێنێت، لەوێ بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لە ئەندازیاریی ناوەکی و ئەقڵی ئەلکترۆنیدا بەدەست هێناوە.
دوای 1996 دەبێتە جێگری وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتى هەرێم/ ئیدارەی سلێمانی، ئەوەندە نەماوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ لەندەن. بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، دوای چارەسەری زۆر و بەکەمتر لە دوو مانگ کۆچی دوایی کرد.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن