راپۆرت

راپۆرتێکی بنکۆڵکاری لەبارەی خەرجییەکانی هاوڵاتییان لە نەخۆشخانەکانی هەرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


راپۆرتێکی بنکۆڵکاری لەبارەی خەرجییەکانی هاوڵاتییان لە نەخۆشخانەکانی هەرێم
مەودا میدیا-

لە هەرێمی كوردستاندا (128) نەخۆشخانەی حكومی هەیە (48 هەزار) كەس یەك نەخۆشخانەی بەردەكەوێت و (10 هەزار) كەس (11) پزیشكیان بەردەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بە چارەسەر‌ و كرینی دەرمان‌ و نەشتەرگەریی لە دەرەوەی نەخۆشخانە حكومییەكان زیاتر لە ( 3 ملیار) دۆلارە، ئەو پارەیەی خەڵكی لە ساڵێكدا  بەهۆی سەردانیكردنی عیادە پزیشكییەكان خەرجیدەكەن (437 ملیار) دینارە.
 
دەقی راپۆرتەكەی رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی
تەوەرەكان:-
 
یەكەم / كەرتی تەندروستیی گشتی:-
پێناسەیەكی كورتی نەخشەی تەندروستیی گشتیی لە هەرێمی كوردستان:-
1-    بەپێی دواین ئامار لە هەرێمی كوردستاندا (128) نەخۆشخانەی حكومی هەن، روبەری دابەشبوونی جوگرافی نەخۆشخانە حكومیەكان بەمجۆرە و بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون:-
 
بەم پێیە
بێت لە هەرێمی كوردستاندا نزیكی هەر (48,000) كەسێك یەك نەخۆشخانەی بەر دەكەوێت.

2-  لە هەرێمی كوردستاندا (915) مەڵبەند‌ و بنكەی تەندروستی هەیە و روبەری جوگرافیەكەیان بەمجۆرە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبوون:-


 
بەم پێیە لە هەرێمی كوردستاندا هەر بنكەیەك یان مەڵبەندێكی تەندروستی بۆ (6,744) كەسە، (ئەمە بەشێوەیەكی گشتی‌و تێكەڵاو دابەش كراوە، دامەزراندنی مەڵبەندی تەندروستی‌و بنكەی تەندروستی بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی‌و ستانداردی عێراقی دەبێت بەپێی رێژەی دانیشتوانی ناوچەكان بێت‌و لەبەشەكانی دیكەی ئەم راپۆرتەدا شوێنی مەڵبەند ‌و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی رێژەی دانیشتوان شی كراوەتەوە.

3- لە هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی گشتی هەر (10,000) كەسێك (11) پزیشكیان بەر دەكەوێت‌و بەپێی پارێزگاكانیش  هەر (10,000) كەسێك بەمجۆرە ژمارەی پزشكیان بەردەكەوێت:- 

 


4- لە هەرێمی كوردستان هەر (10,000) كەسێك چوار پزشیكی پسپۆریان بەردەكەوێت‌ و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكی پسپۆر بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:-
5-  لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك سێ پزیشكی دانی بەر دەكەوێت ‌و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكانی ددان بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 

 


6- لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك (17) پەرستاری بەردەكەوێت، دابەشبوونی جوگرافی پەرستار بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:-
 
7-  لە هەرێمی كوردستاندا هەر (10,000) كەسێك دوو پزیشكی دەرمانسازی بەردەكەوێت‌ و دابەشبوونی جوگرافی پزیشكانی دەرمانساز بەپێی پارێزگاكان بەمجۆرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:


8- لە هەرێمی كوردستاندا هەر(10,000) كەسێك (14) كارمەندی تەندروستی بەردەكەوێت‌و دابەشبوونی جوگرافی كارمەندانی تەندروستی بە پێی پارێزگاكان بەمجۆەرەیە بۆ هەر (10,000) كەسێك:- 

9- روپێویەكی مەیدانی مەڵبەند‌و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان.

تیمەكانمان لە میانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا لە سنوری هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان توانییان زانیاری لەسەر (405) بنكەی تەندروستی‌ومەڵبەندی تەندروستی سەرەكی كۆبكەنەوە كە وەك سامپڵی كەرتی گشتی تەندروستی وەرگیراون، مەڵبەندی تەندروستی سەرەكی كە لە بنكەی تەندروستی فراوانترە یەكێكە لەناوەندە هەرە گرنگەگانی كەرتی گشتی كە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكات، لەسنوری پارێزگای دهۆك زانیاری لەسەر (61) بنكەی تەندروستی‌ومەڵبەندی تەندروستی وەرگیراوە، هەولێر (102) سلێمانی (233) و هەڵەبجە نۆ بنكەو مەڵبەندی سەرەكی تەندروستی.

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی‌و ستانداردی تەندروستی عێراقی دەبێت بۆ هەر (10) هەزار كەس  دو تا سێ مەڵبەندی تەندروستی سەرەكی هەبن، هەروەها بۆ یەك هەزار تا دوو هەزار كەس لە ناوچەیەكی نیشتەجێبووندا یەك بنكەی تەندروستی هەبێت، بەڵام سەرجەم ئەو مەڵبەندە تەندروستیانەی تیمەكانی ئاران كاریان لەسەركردوون هەریەكەو بۆ زیاتر لە(10) هەزار كەسە، هەروەها بنكە تەندروستیەكان بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆر كەمترن لەو ستاندەرەدەی هەیە، ئەمەش وایكردوە بنكە تەندروستیەكان هیچ سودێكی ئەو تۆ نەیەگەینن‌و مەڵبەندە تەندروستیەكانیش بكەونە ژێر لێشاوی خەڵكەوە.
بنكە تەندروستیەكان لەلایەن كارمەندانی تەندروستیەوە بەرێوە دەبرێن، بەڵام مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیەكان پزیشكیان تیا دادەنیشێت، بەپێی بەدواداچونەكانی تیمەكانی ئاران، سەرجەم ئەو مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیانەی لەدهۆك كاریان لەسەر كراوە پزیشكیان تیا دادەنیشێت، هەر یەك لە سلێمانی‌و هەولێر‌و هەڵەبجە 70-80% یان پزیشكیان لێ یە، ستافی تەندروستی كارمەندان لە مەڵبەندە تەندروستیە سەرەكیەكان لەنێوان 7 تا17 كەسن هەروەها لە بنكەكان لەنیوان دوو تا پێنج كەسن، ستافی مەڵبەند‌و بنكەكانی هەولێر زیاتر راهینراوترن بە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، پزیشكی ددان زۆرترین ژمارەی هەیە لەنێو پسپۆریە پزیشكیەكان ئەوانەی لەمەڵبەندە پزیشكیەكان دەوام دەكەن.

پزیشكان كە لەكەرتی گشتیدا كار دەكەن، 100% ئەوانەی پلەی پزیشكی راوێژكاریان هەیە دوو كار دەكەن كارێك لە كەرتی گشتی‌و كارێك لە كەرتی تایبەت، بەپێی مەرجەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەبێت پزیشكی راوێژكار (35) كاتژمێر لە یەك هەفتەدا كار بكات، بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی ئاران لە میانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا ئەوە دەركەوت بەدەگمەن پزیشكێك نابینی پابەندی ئەو رێنماییە بێت، بەشی هەرە زۆری پزیشكانی راوێژكار ڕۆژانە كەمتر لە چوار كاتژمێر كار دەكەن لەكەرتی گشتیدا كە هەفتانە دەكاتە كەمتر لە (20) كاتژمێر، ژمارەیەك لە پزیشكانی راوێژكار رۆژانە لەكاتژمێر‌و نێوێك تا دوو كاتژمێر كار دەكەن كە ئەمەش دەكاتە هەفتانە نزیكەی (10) كاتژمێر یان كەمتر، ئەمەش لەكاتێكدا هەمان پزیشك لە كلینەكە تایبەتەكەی خۆی تا درەنگانی شەو كار دەكات، بەشێكی زۆر لەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانە حكومیەكان لە قاوشەكان دەخەوێندرێن گرفتی سەرەكیان ئەوەیە پزیشكەكانیان لە رۆژانی پێنجشەممە جێیان دەهێڵن تا یەكشەممە، هەندێكیان نەخۆشی هەستیارن‌و بارودۆخیان تایبەت‌و مەترسیدارە، ئەمانە بە پزیشكی ئیشكگر دەسپێردرێن، پزیشكە ئیشكگرەكان پسپۆرییان لەگەڵ بەشی هەرە زۆری نەخۆشەكان جیاوازەو ناتوانن هیچی ئەوتۆیان بۆ بكەن، لەمیانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا یاوەری چەندین نەخۆش دوێندران كە باسیان لەوە دەكرد پزیشكی نەخۆشەكانیان ئامادەنین جوابی تەلەفۆنیش بدەنەوەو دەبێت چاوەڕێ بكەن تا رۆژی یەكشەممە پزیشكی پسپۆر دێتەوە بۆ دەوام، بەڵام ئەم بارودۆخە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان تەواو پێچەوانەیە، نەخۆش دەتوانێ زوو زوو لەگەڵ پزیشكەكەیدا پەیوەندی بگرێت‌و لە كاتی هەر پرسیارێكدا ستافی نەخۆشخانە ئەهلییەكان پەیوەندی بە پزیشكی نەخۆشكەوە دەكەن‌ورێنمایی لێ وەردەگرن، واتا هەمان پزیشك كە وەڵامی یاوەرانی نەخۆشی خەوتوو لە نەخۆشخانە حكومیەكان ناداتەوە ئامادەیە لە شەوێكدا چەندین جار لە رێگەی تەلەفۆنەوە رێنمایی بدات بە نەخۆشەكەی كە لەنەخۆشخانەی ئەهلی ماوەتەوەونەشتەرگەریی یان چارەسەری بۆ كردوە، یاوەرانی نەخۆش ئەوانەی لە قاوشی نەخۆشخانە حكومیەكان ماونەتەوە بە ئاسانی هەست بەوە دەكەن كە ئەمە بەشێكی سەرەكی یە لە پرۆسەی ئاراستەكردنی نەخۆش بۆ كەرتی تایبەت.


دووەم / سیمی پرایڤت  - نیمچە تایبەت:
 

لە ساڵی 2014 وە لە سەرجەم نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت، وەزارەتی تەندروستی بە ئامانجی ئەوەی خەڵك ناچار نەبێت پەنا بۆ كەرتی تایبەت‌ونەخۆشخانەی ئەهلی ببات ئەم سیستەمەی داهێناوە، واتا نەشتەرگەریی بە نیوە نرخ لە نەخۆشخانە حكومیەكان بە ئامێری حكومەت‌و كارمەندی حكومەت‌و لەناو بینای حكومەتدا دەكرێت، بەپێی رێنماییەكان دەبێت سەرجەم نەشتەرگەرییەكانی سیمی پرایڤت لە دوای كاتژمێر دووی پاش نیوەرۆوە بكرێن، وە دەبێت لە كاتی بەیانیاندا پزیشكەكان ئەو پشكەی كە بۆیان دیاری كراوەو پێویستە بە بێ بەرامبەر وەك خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشكەش بەهاووڵاتیانی بكەن تەواو كردبێت دوای ئەوە نەخۆش ئاراستەی سیمی پرایڤت بكەن، بەپێی زانیاریەكان هەر پزیشكێك لەسەریەتی بەپێی توانای نەخۆشخانەكە رۆژانە بێ بەرامبەر پێنج نەشتەرگەریی بكات، كە ئەویش یەك نەشتەرگەری گەورە‌و دوو نەشتەگەری ناوەند‌و دوو نەشتگەری بچوك، دەكرێت دوو نەشتگەری گەورەو یەك بچوك یان یەك ناوەند بكات، دوای ئەوە ئەگەر داواكاریی نەشتەرگەریی زیاتر بوو ئەوا دەكرێت نەخۆشەكان ئاراستەی سیستەمی سیمی پرایڤتبكرێن بە نیوەی نرخی بازار نەشتەگەریان لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆ بكرێت.


ئایا رێنماییەكانی سیستەمی سیمی – پرایڤت وەك خۆی جێبەجێ دەكرێن؟
بەپێی رێنماییەكان دەبێت نەخۆشخانە حكومیەكان 100% ئەو توانایەی بۆ بەیانیان هەیانە بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری حكومی بێ بەرامبەر خستبێتە گەڕ، ئەو كات نەخۆش ئاراستەی سیمی پرایڤت بكەن، وە نابێت پێش كاتژمێر دووی دوا نیوەرۆ هیچ نەشتەرگەرییەكی سیمی پرایڤت لەنەخۆشخانە حكومییەكان بكرێت،بەڵام ئەم رێنماییە بە تەواوی لەلایەن نەخۆشخانە حكومییەكانەوە پێشێل كراوەو كار گەیشتوەتە ئەوەی بە دەگمەن نەشتەرگەرییەكی بێ بەرامبەر لەنەخۆشخانە حكومییەكان دەكرێت، مەگەر نەخۆشەكە برابێتە بەشی فریاكەوتن‌و بێهۆش بێت‌وبارودۆخی لە مەترسیەكی تەواودا بێت، بەشێكی زۆرلەو نەخۆشخانەی لە سیمی پرایڤت نەشتگەرییان بۆ دەكرێت لەپێش كاتژمێر 12ی نیوەرۆ بۆیان دەكرێت، نەشتەرگەریی هەیە لە كاتژمێر 10  بۆ 11ی پێش نیوەرۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش پێشێل كردنی زەقی بریارەكەیەو پێچەوانەی یاسایە، گرفتێكی دیكەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر لە نەخۆشخانە حكومیەكان دوری نۆرەی بەركەوتنە، بەشێوەیەكی گشتی نۆرەی نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر لە سێ مانگی بۆ سێ ساڵە،نەخۆش هەیە بۆ نەشتەرگەرییەك بێ بەرامبەر پێی وتراوە سێ سالًی دیكە وەرەوە، نەخۆش هەبوە لە 2020 سەرەی 2023 یان بۆ نوسیوە، بەڵام بە سیمی پرایڤت هەمان رۆژ یان بەهیچ جۆرێك لەیەك هەفتە تێپەڕ ناكات، لەكاتی ئامادەكردنی ئەم   راپۆرتەدا  تیمەكانی ئاران زانیاری ئەوەیان دەست كەوتوە كە پزیشكی وا هەبوە وتویەتی من لەكاتژمێر 9 تا 2ی پاش نیوەرۆ تەنیا فریای ئەنجامدانی سێ نەشتەگەریی بێ بەرامبەر دەكەوم چونكە نەشتەرگەریی دەبێت بە وردی ‌و لەسەرخۆ ئەنجام بدرێت،  بەڵام هەمان پزیشك لەكاتژمێر2ی پاش نیوەرۆ تا 7ی شەو شەش نەشتگەری لەسیستەمی سیمی پرایڤت یان لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان ئەنجام دەدات، كە ماوەكە هەمان ماوەیە بەڵام نەشتەرگەرییەكان دوو هێندەن، شارەزایانی كەرتی تەندروستی حكومی پێیان وایە ئەم سیاسەتەی حكومەتی هەرێم گرتویەتیە بەر بەناوی سیمی پرایڤت– نیمچە تایبەت راهێنانی خەڵكە لەگەڵ ئەوەی كەرتی گشتی تەندروستی نەمێنێت‌و بەرەو كەرتی تایبەت خەڵك ئاراستە بكرێت، ئەمەش لەژێر كاریگەریی حیزبەكانی دەسەڵاتدا، چونكە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی بواری دەرمان‌و تەندروستی‌و نەخۆشخانە ئەهلیەكان هی حیزبەكان یان بەرپرسە باڵاكانی حیزبەكانن،ئاراستە كردنەكەش ئاراستەكردنە بەرەو بازاری رەش نەك بیمەی تەندروستی‌و پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە. 

سیمی پرایڤت جگە لەنەشتەرگەریی كاروباری دیكەی پزیشكی گرتۆتەوە، بۆنمونە تیشكی MRI و CT-Scan بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان دەبێت بە نرخی (25,000)دینار بۆ هاووڵاتیان بگیرێت ئەو كاتەی پزیشك داوای دەكات، بەڵام بەو نرخە نۆرەی ئەنجامدانی ئەو تیشكە بەم جۆرەیە لە هەندێك لەو نەخۆشخانانەی لۆدیان كەم لەسەرە مانگێكی پێدەچێت، ئەوانەی لۆدیان مام ناوەندە سێ مانگ‌و ئەوانەشی لۆدیان زۆر لەسەرە لەشەش مانگ كەمتر نیە، گوێش بەوە نادرێت كە نەخۆش باری تەندروستی خراپە، بەڵام بە هەمان ئامێر‌و لەناو هەمان بینادا ئەگەر بێت‌و نەخۆش ئامادە بێت بە سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەت كە نرخی هەر تیشكێك (70,000) هەزار دینارە بیگرێت ئەوا هەمان رۆژ ئەو جۆرە تیشكەی بۆ دەگیرێت كە لەناو خەڵكدا بە ئەشیعەی تەنوری ناو دەبرێت.

ژمارەی ئەو تیشكانەی لەنەخۆشخانە حكومیەكان لەبواری MRI و Ct Scan لە 2021دا لە پارێزگای سلێمانی گیراون (20,000) تیشك تێپەڕ دەكات، لە پارێزگای دهۆكیش لەساڵی 2020 ژمارەی ئەو تیشكانەی لە هەردوو بوارەكەدا گیراون بریتی یە لە (26,335) تیشك كە(19,979) تیشكی Ct Scan و (6,356) تیشیكی MRIین، بەپیًی ئەو زانیاریانەی دەست تیمەكانی رێكخراوی ئاران كەوتوون 61% تیشكە گیراوەكان لە هەردوو بوارەكەدا لە هەردوو پارێزگا لە ئێواران‌و بە نیمچە تایبەت گیراون كە نرخی هەر تیشكێك لەو دو بوارەدا (70,000) دینارە. 

بەتایبەت كردنی كەرتی حكومی ‌و ناچار كردنی خەڵك كە لە نەخۆشخانە حكومیەكان بە پارە نەشتەرگەریی ئەنجام بدەن، هەروەها ناچاركردنی خەڵك كە بەپارەیەكی زۆر لە كەرتی تایبەت‌و نەخۆشخانەی ئەهلی خزمەتگوزاری تەندروستی وەربگرن، هیچ بارگرانیەكی لەسەر شانی حكومەت سوك نەكردوە، حكومەت هەمان بودجەو موچەی ساڵانی رابردوو بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان دەكات، بەم جۆرە:-

تەنیا بۆ مووچەی وەزارەتی تەندروستی  حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئەم بڕە پارەیە دابین بكات:-
•    مانگانە برٍی (50,520,000,000) پەنجا ملیار‌و پێنجسەد‌و بیست ملیۆن دینار.
•    ساڵانە (606,240,000,00) شەش سەد‌و شەش ملیار‌و دوسەد‌وچل ملیۆن دینار.
كۆی ئەو پارەیەی لە ساڵی 2011 وە تەنیا بۆ موچەی وەزارەتی تەندروستی تەرخان كراوە بریتی یە (6,062,400,000,000) شەش تریلۆن‌وشەست و د‌و ملیار‌و چوار سەد ملیۆن دینارە، كە یەكسانە بە(4,096,216,000) چوار ملیار‌و نەوەد‌و شەش ملیۆن‌ودوسەد‌وشازدە هەزار دۆلار، هەرچەندە بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەوە لەساڵی 2014 وە داتاكان وەك پێویست بەردەست نین بەڵام كۆی ئەو پارەیەی لە (10) ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ موچەو پێداویستیەكانی دیكەی وەزارەتی تەندروستی تەرخانی كردوە حەوت ملیار دۆلار تێپەر دەكات،   بەڵام بێ بەرهەمەو بێ پلان بەكار هێنراوە، كۆتاییەكەی هەرەسی كەرتی گشتی بوەو خەڵكی لەگیرفانی خۆیان نەخۆشەكانیان چارەسەر دەكەن، كۆمپانیای حیزبی‌و كەسانی دەسترۆیشتووی حیزب‌و خاوەن بەرژەوەندی هەرەسیان بە كەرتی گشتی تەندروستی هێناوەو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەكاریان هێناوە، كە سەرەرای ئەوەی هاووڵاتیانی كوردستان لە (10) ساڵی رابردوودا داهاتی ووڵاتەكەیان سەروی حەوت ملیار دۆلاری بۆ كەرتی تەندروستی خەرج كراوە، بەڵام هیچ هاووڵاتیەك حالًی حازر ناتوانێت بە ئاسانی نەشتەرگەریەكی بێ بەرامبەری لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆ ئەنجام بدرێت، ئەگەر بێت‌و زۆر زەروریش بێت، وەزارەتی تەندروستی نەشتەرگەرییەكانی سیمی پرایڤت كە بە پارە كراون دەكات بە چالاكی خۆی.

دامودەزگاكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان مانگانەو ساڵانە ئاماری ئەنجامدانی نەشتەرگەریی‌و خزمەتگوزاری تەندروستی لە وێبسایتەكانیان‌و دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكەنەوە، كە گوایە وەك خزمەتگوزاری تەندروستی بێ بەرامبەر پێشكەش بە هاووڵاتیان كراوە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو نەشتەرگەریانەو ئەو خزمەتگوزاریانە بە پارە لەناو نەخۆشخانە حكومیەكاندا كراون، بەڵام حكومەت وەك چالاكی خۆی‌و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری بێ بەرامبەر نمایشیان دەكات.

    سلێمانی:-
لە سنوری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بە هەموو ناوچەكانی پارێزگاكەوە بەپێی ئەو ئامارەی راگەیەنراوە لە ساڵی 2021دا ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریەكان بەمجۆرەن:-
•    ژمارەی ئەنجامدانی كۆی نەشتەرگەریی 13,357 نەشتەرگەریی.
•    نەشتەرگەریی تایبەت‌و سەروگەورەو گەورەو ناوەند 2,645 نەشتەرگەریی.
•    نەشتەرگەریی دڵ وەك قەستەرەودانانی باڵۆن‌وفەتح سەدر 6,720 نەشتەرگەریی.
ئەوەكانی دیكە یان نەشتەرگەریی بچوكن یان پۆڵێن نەكراون كە چی جۆرێكن. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی تیمەكانی رێكخراوی ئاران، 67% رێژەی ئەو نەشتەرگەریانەی لە نەخۆشخانە حكومیەكانی سلێمانی ئەنجامدراون بە پارە واتا بەنیمچە تایبەت كراون. 


    دهۆك:-
پارێزگای دهۆك تائێستا ئاماری ساڵی 2021ی رانەگەیاندوە، بۆیە ئەم راپۆرتە كاری لەسەر ئاماری 2020 كردوە، ژمارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە پارێزگای دهۆك لە ساڵی 2020دا بەم جۆرەیە:- 
•    كۆی نەشتەرگەریی لە 2020دا  34,430 نەشتەرگەریی.
•    نەشتەرگەریی قەستەرە  1,330
•    نەشتەرگەریی دانانی گورچیلە 43

تەندروستی دهۆك تەنیا ئەو دوو جۆرە نەشتەرگەریەی پۆڵێن كردوە‌و ئەوەكانی دیكەی دیاری نەكردوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی ئاران رێژەی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكانی دهۆكدا 65% تێپەڕ دەكات.


- هەولێر:- 
ماڵپەری تەندروستی هەولێر هیچ ئامارێكی كارەكانی بڵاو نەكردۆتەوە، بەشی هەرە زۆری پۆستەكانی ماڵپەڕەكە ئاگادارییە بۆ كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی بواری تەندروستی.


- هەڵەبجە:- 
پارێزگای هەڵەبجە تەنیا پارێزگایە كە تەندروستیەكەی ئاماری نەشتەرگەری بێ بەرامبەر‌ونیمچە تایبەتی ئێوارانی جیا كردۆتەوە، ئەگەر نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە بە نمونە وەربگرین ئەوا بۆ مان دەردەكەوێت كە نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت واتا بە پارە لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا چۆن شان لەشانی نەشتەرگەریی بێبەرامبەر دەدات، بەپێی ئەو ئامارەی خودی تەندروستی هەڵەبجە بڵاوی كردۆتەوە، لە ساڵی 2021 لەو نەخۆشخانەیە (950) نەشتەرگەریی جۆراو جۆر ئەنجامدراون، كە (650) نەشتەرگەریی لەوانە بەنیمچە تایبەت كراون‌و تەنیا (300) نەشتەرگەریی بەبێ بەرامبەر ئەنجام دراون، لەكاتێكدا كۆی ئەو نەشتەرگەریانە لەناو هەمان هۆڵی نەشتەرگەری‌و هەمان نەخۆشخانەو هەمان ئامێر ئەنجامدراون، بەڵام ئەوانەی توانویانە پارە بدەن ئەوا چانسی ئەوەیان هەبوە زوتر و زیاتر نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجام بدرێت.
نرخی نەشتەرگەریی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكان بەمجۆرەیە:-
•    نەشتەرگەری بچوك 100,000 تا 150,000 دینار
•    نەشتەرگەریی ناوەند  300,000 تا 500,000 دینار
•    نەشتەرگەریی گەورە لەسەروی یەك ملیۆن دینار
•    نەشتەرگەریی تایبەت بەپێی جۆری نەشتەرگەریەكە دەگۆرێت بەزۆری لەسەروی سێ ملیۆن دینارەوەیە.
نرخی بەشێك لەنەشتەرگەریەكان لەسیستەمی نیمچە تایبەتی حكومی لەنرخی بازار زیاترە، بۆ نمونە جۆرێك لە نەشتەرگەریی برٍبرەی پشت لە نیمچە تایبەتی حكومی بە (1,500,000) دینار ئەنجام دەدرێت، لەنەخۆشخانەی ئەهلیش هەمان نرخە، جۆرێكی تر لە نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشت لەنیمچە تایبەتی حكومی بە(3,000,000) دینار ئەنجام دەدرێ بەڵام لەنەخۆشخانە ئەهلیەكان لەخوار ئەو نرخەوەیە. بەشێوەی گشتی لە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان رێژەی ئەو نەشتەرگەریە نیمچە تایبەتانەی لەنەخۆشخانە حكومیەكان دەكرێن  دەگاتە 70% هەروەها  100% ئەو نەشتەرگەریانەی لە نەخۆشخانەكانی بوژانەوەی دڵ لەبوارەكانی قەستەرەو دانانی باڵۆن‌و شەبەكەو كردنەوەی سینگ (فەتح سەدر) ئەنجام دەدرێن بەپارەن‌و لەو بوارەدا نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر نەماوە.


ئەو پارەیەی لە هاوولاتیان وەردەگیرێت لە سیستەمی نیمچە تایبەت كە لەناو تەندروستیدا بە سیمی پاریڤد ناسراوە، 20% بۆ كارمەندانی تەندروستیە ئەوانەی بەشداریی لە نەشتەرگەریەكەدا دەكەن 40% بۆ پزیشكی ئەنجامدەری نەشتەرگەرییە، 40% بۆ وەزارەتی تەندروستیە، ئەمەش ئەوە دوپات دەكاتەوە ئەو كارمەند‌و پزیشكانەی موچەی حكومەت لەبەرامبەر خزمەتكردنی خەڵك وەردەگرن لە هەمان كات‌و هەمان شوێن‌و بە هەمان ئامێر‌و پێداویستی بە پارە رێگەیان پێدراوە كاری نیمچە تایبەت ئەنجام بدەن، كە ئەمەش پێچەوانەی ناوەرۆكی یاسای كارگێڕی عێراقە كە لە وەسفی فەرمانبەری دەوڵەتداو لەریزی ئەو كارانەی كە نابێت فەرمانبەر لەسنوری فەرمانگەكەی خۆیدا بیكات ئەوەیە  نابێت بە ئەنجامدانی هەندێك كاری بازرگانی هەڵبسێت كە پەیوەندی بە فەرمانگەكەی خۆیەوە هەبێت، جگە لەمەش داهێنانی نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە حكومیەكانی هەرێمی كوردستان پێشێلكردنی زەقی دەستوری عێراقە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمەوە، دەستووری هەمیشەیی عیراق لە ماددەی 31دا ئاماژەی بەوە كردوە هەموو هاووڵاتیەك مافی چاودێریی تەندروستی هەیەو دەبێت دەوڵەت گرنگی بە تەندروستی گشتی بدات، بەپێی هەمان ماددەی دەستور دەبێت دەوڵەت پارێزگاریی تەندروستی دابین بكات‌و هۆكارەكانی چاودێری تەندروستی‌و چارەسەر بە دامەزرادنی جۆرەهای نەخۆشخانەو دامەزراوەی تەندروستی دابین بكات، بەڵام وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە سیستەمی نیمچە تایبەت پێچەوانەی ماددەی 31ی دەستور هەڵسوكەوت دەكات.

كێ سودمەندی داهێنانی سیستەمی سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەتە؟
وەزارەتی تەندروستی تەنیا 40% داهاتی ئەو نەشتەرگەریانەی بەر دەكەوێت، 60% دەروات بۆپزیشك‌و كارمەندانی تەندروستی بەشدار لە نەشتەرگەریەكاندا، ئەمەش دەری دەخات حكومەت وەك پێویست لێی سودمەند نابێت،  لەمیانی هەمو ئەو رێشوێنانەی بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە گیرانە بەر لێكۆڵینەوە لە هۆكاری ئەوە كراوە كە وەزارەتی تەندروستی ئەم سیستەمە پەیرە و دەكات بێ ئەوەی وەك پێویست لێیی سودمەند بێت‌و بارگرانیشی خستۆتە سەر هاووڵاتی، ئایا دەبێت هۆكارەكەی چی بێت؟ ئەنجامەكان ئەوەن كە حیزبە دەست رۆشتوەكان‌و كەسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب كاریگەریی تەواویان لەسەر وەزارەتی تەندروستی هەیەو هەر ئەو جۆرە كەس‌ولایەنانە بەپلان كار بۆ نەهێشتنی كەرتی گشتی تەندروستی دەكەن‌و لەبەرژەوەندی كۆمپانیاو نەخۆشخانە ئەهلی‌و كۆمەڵگا پزیشكیەكانیان كەرتی گشتی بەرەو هەرەس یان هاوشێوەكردنی بە كەرتی تایبەت دەبەن، داهێنانی سیمی پرایڤت – نیمچە تایبەت بەشی هەرە سەرەكی ئەو پیلانەیەو نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەكان‌و ناچاركردنی خەڵك بە كرینی دەرمان لەبازار تەواوكەری بەشەكانی دیكەی پیلانەكەیە.

سێیەم / كلینكە پزیشكیە ئێوارانەكان:-
بەهۆی نائومێدبوونی لە كەرتی گشتی‌و دەستنكەوتنی خزمەتگوزاری پێویست لەو كەرتەدا خەڵك ناچارن رو لەبازار‌و لەونێوەندەشدا رو لە كلینكە پزیشكیە ئێوارەكان(عیادەكان) بكەن، كۆی ژمارەی كلینە پزیشكییە ئێوارەنەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (3037) كلینكە، بەپێی بەدوادا چوونەكانی تیمەكانمان لەماوەی (10) مانگی رابردوودا ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانی كلینەكەكانی ئێواران دەكەن لەنێوان نۆ نەخۆش بۆ (62) نەخۆشن بۆ هەر كلینكێك،  بەشی هەرە زۆری كلینەكەكان ژمارەی نەخۆشەكانیان لەنێوان (15 بۆ 30) نەخۆشدایە، بۆیە ئەم راپۆرتە (15) نەخۆشی وەك ژمارەی تێكرا بۆ كلینیكە ئێوارانەكان داناوە، بەم پێ یە رۆژانە (45.555) كەس وەك نەخۆش سەردانی كلینكە ئێوارانەكان دەكەن.

نرخی بینینی نەخۆش لەلایەن كلینكە ئێوارەنەكانەوە، بەپێی بە دواداچونەكانمان بەشی هەر زۆریان (15,000) دینارە، بەشێك لە كلینكەكان (20,000) دینار ‌و هەندێكیش بەتایبەت ئەوانەی لەناو نەخۆشخانە ئەهلیەكان كار دەكەن‌وبەسەربەخۆ نەخۆش دەبینن (35,000) دینارە، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە كلینەكان كە لە كۆمەڵگا پزیشكیەكاندان(3000) دینار وەردەگرن‌و كلینكی واش هەیە  (5000) دینار تا (10,000) دینار وەردەگرێت ، بەڵام بەشی هەر زۆر لەنێوان (15,000 بۆ 20,000) دینارە، ئەم راپۆرتە نرخی (15,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا وەرگرتوە، بەم پێی یە ئەو پارەیەی رۆژانەو هەفتانەو مانگانەو ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت بە كرێی بینینی نەخۆش لەلایەن پزیشكەكانەوە لە كلینكە ئێوارانەكان بەم جۆرەیە:- 
• رۆژانە (683,325,000)  شەش سەد‌و هەشتاو سێ ملیۆن‌و سێ سەد‌و بیست‌و پێنج هەزار دینار.
• پێنج رۆژی هەفتەیەك (3,416,625,000) سێ ملیار‌وچوار سەدوشازدە ملیۆن‌وشەش سەد‌وبیستوپێنج هەزار دینار.
• بیست رۆژی مانگێك (13,666,500,000)  سیازدە ملیار‌و شەش سەد‌و شست‌وشەش ملیۆن‌و بینجسەد هەزار دینار.
• لە ساڵێكدا (163,998,000,000) سەد‌و شەست‌و سێ ملیار‌و نۆسەد‌و نەوەدو هەشت ملیۆن دینار.

هەر بەپێی بەدواداچوونی تیمەكانمان هەر نەخۆشێك كە سەردانی پزیشكی ئێواران دەكات جگە لە پارەی بینینی پزیشك برٍی ئەو پارەیەی بۆ پشكنین‌وكرینی دەرمان دەیدات لەنێوان (15,000 دینار بۆ 75,000) دیناردایە بەشی هەرە زۆری نەخۆش ئەو پارەیەی دەیدات لەنێوان (20,000 بۆ 40,000) دیناردایە، ئەمە جگە لە حاڵەتە تایبەتەكان كە تێچونێكی بەرزی هەیە، هەروەها جگە لە نەخۆشانی كۆرۆنا كە حاڵەتیان تایبەتەو تێچوونی كۆرسێك دەرمانیان لەنێوان (100,000 بۆ 300,000) دیناردایە، ئەم راپۆرتە نرخی (25,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا بۆ تیچوونی هەر نەخۆشێك بەدەر لە كرێی بینینی نەخۆش داناوە، كە ئەمە وەرگرتنی لانی كەمی تێچوونە، بەم پێ یە  ئەو پارەیەی لەهەرێمی كوردستاندا خەڵك دەیدات بە پێداویستیەكانیان كاتێك سەردانی عیادە پزیشكیەكان دەكەن جگە لە كرێی بینینی پزیشك  رۆژانەو هەفتانەو مانگانەو ساڵانە بەمجۆرەیە:- 

•  رۆژانە (1,138,875,000)  یەك ملیار‌و سەدوسیو هەشت ملیۆن‌و هەشت سەد‌و حەفتاو پێنج هەزار دینار .
•  پێینج رۆژی هەفتەیەك (5,694,375,000)  پێنج ملیار‌و شەش سەد‌ونەوەد‌و چوار ملیۆن‌و سێ سەد‌و حەفتاوپێنج هەزاردینار.
•  بیست رۆژی مانگێك (22,777,500,000) بیست و دوو ملیار‌و هەشتسەد‌و حەفتاو حەوت ملیۆن‌و پێنجسەد هەزار دینار.
•  ساڵێك (273,330,000,000) دووسەدو حەفتاو سێ ملیار‌و سێ سەد‌وسی ملیۆن دینارە. 
كۆی ئەو پارەیەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا  بەهۆی سەردانیی كردنی عیادە پزیشكییەكان دەیدەن بە كرێی بینینی نەخۆش‌وتێچووی نەخۆشەكانیان بریتی یە لە (437,328,000,000) چوارسەد‌و سی‌وحەوت ملیار‌و سێ سەد‌و بیست هەشت ملیۆن دینار.  

چوارەم/ نەخۆشخانە ئەهلیەكان:-
لە دوای كلینكە ئێوارەكان نەخۆشخانە ئەهلیەكان وێستگەی دوەمی نەخۆشن لە هەرێمی كوردستاندا، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە لێشاو روو لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەكەن بۆ چارەسەر كردن، ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان تا تەواوبوونی ئەم راپۆرتە (79) نەخۆشخانەیە، ئەم ژمارەیە لە گۆراندایە بەهۆی ئەوەی بەردەوام ساڵانە نەخۆشخانەی نوێ دەكرێتەوەو هەندێك نەخۆشخانەش دادەخرێن، بەهۆی لاوازی كەرتی گشتی‌و پێشكەش نەكردنی خزمەتگوزاری پێویست بە هاووڵاتیان, نەخۆشخانە حكومیەكان جمەیان دێ لە خەڵك، بەشی زۆری ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەكەن زیاتر بۆ نەشتەرگەرییە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە حكومیەكان بەبێ بەرامبەر بە ئاسانی بۆ هاووڵاتی ناكرێت‌و دەبێت بە نیمچە تایبەت بیكەن،  نرخی نیمچە تایبەتیش نزیكە لە نرخی نەخۆشخانە ئەهلیەكانەوە، بۆیە هاووڵاتی وای پێ باشە بچێتە نەخۆشخانەی ئەهلی چونكە ئەو پارە هەردەدات، پێی باشترە بیدات بە نەخۆشخانەی ئەهلی بۆ ئەوەی رێزی زیاتریان لێ بگیرێت‌و خزمەتی زیاتر بكرێن، تێكڕای ژمارەی ئەنجامدانی نەشتگەری بۆ هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لە هەرێم پێنج نەشتەرگەرییە، نەخۆشخانەی وا هەیە رۆژانە (10) نەشتگەر ئەنجام ئەدات، كەمترین ژمارەی ئەنجامدانی نەشتگەرگەریی لە رۆژێكدا بۆ نەخۆشخانە ئەهلیەكان چوار نەشتەر گەرییە، ئەم راپۆرتە پێنج نەشتەرگەریی وەك ژمارەی تێكرا وەرگرتوە، نرخی نەشتەرگەری گەورە لە(450,000) دینارەوە دەست پێدەكات تا شەش ملیۆن دیناری دەروات، نەشتەرگەری تایبەت‌و هەستیار هەیە نرخەكەی لەسەروی (30,000) دۆلارەوەیە، ئەم راپۆرتە تەنیا ئەو نەشتەرگەریانەی وەرگرتوە كە ئەكرێت لە نەخۆشخانە حكومیەكان ئەنجامبدرێن، بەڵام لەبەر باش نەبوونی كەرتی گشتی هاووڵاتی ناچارە لە كەرتی تایبەت ئەنجامیان بدات.

رۆژانە لەسەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستان (395) نەشتەرگەری جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێن،  ئەم راپۆرتە نرخی تێكڕای بۆ هەر نەشتەرگەریەك بە (500,000) هەزار دینار داناوە، كە ئەمە كەمترینە، ئەو پارەیە لەهەرێمی كوردستان دەدرێت بەكرێی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەمجۆرەیە:-

•  رۆژانە (197,500.00) سەدو نەوەد‌و حەوت ملیۆن‌و پێنجسەد هەزار دینار.
•  شەش رۆژی هەفتە (1,185,000,000)  یەك ملیار‌و سەد‌و هەشتاو پێنج ملیۆن دینار.
•  (24) رۆژی مانگێك (4,740,000,000) چوار ملیار‌و حەوت سەد‌و چل ملیۆن دینار. 
•  ساڵانە:- (56,880,000,000) پەنجاو شەش ملیار‌و هەشت سەد‌و هەشتا ملیۆن دینار.

ئەو پارەیەی ساڵانە لەلایەن خەڵًكی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت بە كرێی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە هەرێمی كوردستان لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان، بەدۆلار‌و بە نرخی ئەمرۆی بازار دەكاتە (38,432,000) دۆلار.

    مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان:-
بەپێی بەدوادا چوونی تیمەكانی ئاران هەر نەخۆشخانەیەكی ئەهلی بەشێوەیەكی بەردەوام رۆژانە یەك تا (10) نەخۆشی تێدا دەمێنێتەوە، نەخۆشخانە هەیە ژمارەی ئەوانەی تێیادا دەمێننەوە دەگاتە (12) نەخۆش، بەڵام زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلیەكان بەشێوەیەكی بەردەوام شەش نەخۆشیان تیادا دەمێنێتەوە،  ئەم راپۆرتە شەش نەخۆشی وەرگرتوە لە رۆژێكدا، كەئەم ژمارەیە لە زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا هەیە، جگە لەچاودێری چڕ بە زۆری نەخۆشخانەكان لە رۆژانی شەممە تا پێنجشەممە دەهێڵدرێنەوە، واتا لەو شەش رۆژەدا زۆرترین ژمارەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەهێڵدرێنەوە، بۆیە ئەم راپۆرتە شەش رۆژی هەفتەی وەرگرتوە،  نرخی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بە زۆریی لە (50) هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا (100) هەزار دینار، هەندێك نەخۆشخانە نرخەكەیان دەگاتە زیاتر لە (250) هەزار دینار بۆ یەك شەو مانەوە،  نەخۆشخانە هەیە لەهەرێمی كوردستان نرخی یەك شەو مانەوە تیایدا بۆ نەخۆشێك لەبەشی ئاسایی (700,000) دینارەو لەبەشی چاودێری چڕ یەك ملیۆن دینارە، ئەم راپۆرتە (75,000) دیناری وەك نرخی تێكڕا  بۆ كرێی مانەوەی شەوێك لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دیاری كردوە، بەم پێَی یە رۆژانە (474) نەخۆش لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەهێڵدرێنەوە كە كۆی نرخەكەی بەم جۆەیە:- 

• رۆژانە (35,550,000) سی‌وپێنج ملیۆن‌و پێنجسەد‌وپەنجا هەزار دینار
• هەفتانە (213,300,000)  دوسەد‌و سیازدە ملیۆن‌و سێ سەد هەزاردینار
• مانگانە (853,200,000) هەشت سەد‌وپەنجاو سێ ملیۆن‌و دوسەد هەزاردینار.
• ساڵانە دەكاتە (10,238,400,000) دە ملیا‌ودوسەد‌وسی‌وهەشت ملیۆن‌و چوارسەدهەزار دینار.
كۆی ئەو پارەیەی كە لەلایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە ساڵانە دەدرێت بە كرێی مانەوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بە دۆلار‌و بە نرخی ئەمرۆی بازار بریتی یە لە (6,917,000) شەش ملیۆن‌و نۆسەد‌و حەڤدە هەزاردۆلار. 

- مانەوە لەبەشی چاودێرییی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان:-
بەشیًوەیەكی بەردەوام‌و بە تێكڕا رۆژانە دوو نەخۆش لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان دەمێننەوە كە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (51) نەخۆشخانە بەشی چاودێریی چڕیان هەیە، كەمترین نرخ بۆ مانەوە لەبەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان (500,000) هەزار دینارە وە زۆرترین نرخ یەك ملیۆن دینارە، ئەم راپۆرتە كەمترین نرخی وەرگرتوە كە رۆژانەو مانگانەو ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەپێناو مانەوەی نەخۆشەكانیان دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلیەكان ئەویش برٍِی (500,000) هەزار دینار  بۆ (24) كاتژمێر مانەوە، بەپێی ئەو ئامارەی دەستی تیمەكانی ئاران كەوتوە رۆژانە بەلای كەمەوە دوو نەخۆش لەبەشی چاودێری چڕی ئەو نەخۆشخانە ئەهلیانە دەمێننەوە كە ئەو بەشەیان هەیە، ئەمەش  دەكاتە (102) نەخۆش، لەهەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە دەدرێت بە نەخۆشخانە ئەهلیەكان بۆ مانەوە لەبەشی چاودێری چر بەمجۆرەیە:-

• رۆژانە  (51,000,000) پەنجاویەك ملیۆن دینار.
• حەوت رۆژی هەفتەیەك (357,000,000) سێ سەد‌و پەنجاو حەوت ملیۆن دینار.
• سی رۆژی مانگێك (1,530,000,000) ملیار‌و پێنجسەد‌و سی ملیۆن دینار. 
• ساڵێك (18,360,000,000) هەژدە ملیار‌و پێنجسەد‌و بیست ملیۆن دینار

بەشێوەیەكی گشتی نەخۆشخانە ئەهلیەكان زۆربەیان بیناكانیان وەك تەلاری بازرگانی دروستكراون، كەمترین مەرجی نەخۆشخانەیان تێدا هەیە، بەشێكیان نزیكی شوێنی نیشتەجێبوونن‌و لەناو گەڕكەكاندان، ئەوەش وای كردوە ببنە هۆی بێزاركردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، بەتایبەت لە روی راگرتنی ئۆتۆمبێلەوە كە زۆربەیان پاركی تایبەت بە راگرتنی ئۆتۆمبێلیان نیە، پسپۆرانی بواری تەندروستی باسی حاڵەتێكی زۆر مەترسیدار دەكەن لە نەخۆشخانە ئەهلیەكاندا ئەویش سیستەمی ئاوەرۆی ئەو نەخۆشخانانەیە، ئاوەرۆی بینای نەخۆشخانە ئەهلیەكان هەر وەك بینای ئاسایی دروست كراون‌و تێكەڵ بە ئاوەرۆی گشتی شار دەبێت، ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەو پاشەرۆیانەی لە نەخۆشخانەكاندا بە ئاو پاك دەكرێًنەوەو دەرژێنە ناو ئاوەرۆوە دەبێت چاڵی تایبەتیان بۆ هەڵبكەندرێت‌و بە تانكەر دەربدرێن‌و لە شوێنی گونجاودا بە شێوەی زانستی لەناو ببرێن، بەڵام سەرجەم نەخۆشخانە ئەهلیەكان‌و بگرە نەخۆشخانە حكومیەكانیش ئەو مەرجەیان تیا نیە، پسپۆرانی تەندروستی لەمیانی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا باسیان لەمەترسی ئاوەرۆی نەخۆشخانەكان كرد كاتێك تێكەڵ بە ئاوەرۆی گشتی شار دەبێت، ئاوەرۆی گشتی شار زۆرجار دوبارە بەكار دەهێندرێتەوە، لە هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆری شارەكان ئاوەرۆكەیان بۆ بواری كشتوكاڵ‌و سەوزە بەكار دەهێندرێتەوە، بۆیە تێكەڵبوونی ئاوەرۆی نەخۆشخانە بە ئاوەرۆی گشتی زۆر مەترسیدارەو چەندەها زیانی تەندروستی بۆ مرۆڤ دە بێت، بەتایبەت وا لەلەشی مرۆڤ دەكات لەكاتی نەخۆش كەوتن‌ووەرگرتنی چارەسەردا دەرمان لەسەر لەشی چالاك نەبێت، ئەم گرفتەش لە هەرێمی كوردستاندا زۆر بەدی دەكرێت، كە بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی ساغبونەوەی برٍێكی یەكجار زۆر دەرمان هەژمار دەكرێت

پێنجەم / نۆرینەگەكان:-
لەنەخشەی بازاری تەندروستی‌وكەرتی تایبەتی تەندروستی هەرێمی كوردستاندا نۆرینگەكانیش شوێنێكی فراوانیان هەیە، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان پشت بە نۆرینگەكان دەبەستن بۆ چارەسەركردن، ئەوەش لەبەر ئەوەی نرخیان هەرزانترەو بەدەنگەوە هاتنیان خێراترەو نزیكیشن لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكەوە، نۆرینگەكان دابەشی ناو گەڕەك‌و شوێنە جیاوازەكانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بوون.
    بەپێی داتاكانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان لەسەرانسەری هەرێمی كوردستاندا (4230) نۆریگە هەن كە كارمەندی تەندروستی بە هەردوو جۆرەكەی پەیمانگاو زانكۆ بەرێوەی دەبەن، بەپێی بەدواداچوونی تیمەكانمان رۆژانە هەر نۆرینگەیەك ژمارەی ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن لەنێوان هەشت بۆ (15)كەسن، كە زۆرینەی نۆرینگەكان ژمارەی سەردانیكەرانیان رۆژانە (10 – 15) كەسە، ئەم راپۆرتە تێكڕا (10) كەسی وەك ژمارەی گشتی سەردانی كردن بۆ هەر نۆرینگەیەك وەرگرتوە، هەروەها برٍی ئەو پارەیەی رۆژانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەنۆرینگەكان دەدرێت بەكرێی وەرگرتنی دەرمان یان هەر پێداویستییەكی دیكە لە یەك هەزار دینار تا (15,000) دینارە، لە هەندێ  حاڵەتدا دەگاتە (20,000) دینار، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان  كە سەردانی نۆرینەگەكان دەكەن برٍی چوار تا (10,000) دینار دەدەن، ئەم راپۆرتە نرخی حەوت هەزار دیناری وەك نرخی تێكڕا وەرگرتوە كە زۆرینەی هاووڵاتیان بەو برٍە پارەیە خزمەتگوزارییان بەدەست هێناوە، زۆرینەی هەرە زۆری نۆرینگەكان لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ دوا نیوەروان كراوەن، هەندێكیان رۆژانی شەممە بەیانیانیش كراوەن، هەندێًكیان رۆژانی هەینیش كراوەن، ئەم راپۆرتە لە هەفتەیەكدا شەش رۆژ واتا شەمە تا پێنجشەمەی وەرگرتوە، هەروەها لە مانگێكدا (24) رۆژ، كە رۆژانە (42,300) كەس سەردانی نۆرینگەكان دەكەن.
    لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا ئەو پارەیەی لەلایەن خەڵكەوە دەدرێت بە نۆرینگەكان بەم جۆرەیە:-
•    رۆژانە (296,100,000)  دوسەد‌ونەوەد‌وشەش ملیۆن‌و سەد هەزاردینار.
•    هەفتانە (1,776,600,000)  یەك ملیار‌وحەوت سەد‌و حەفتاو شەش ملیۆن‌و شەش سەد هەزار دینار.
•    مانگانە (7,106,400,000)  حەوت دوملیار‌و سەد‌و شەش ملیۆن‌و چوار سەد هەزار دینار.
•    ساڵانە (85,276,800,000) هەشتاو پێنج  ملیار‌و دوو سەد‌و حەفتاو شەش ملیۆن‌و هەشت سەد هەزار دینار.

شەشەم / بازرگانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان:-
بازرگانەكانی دەرمان‌و دەرمانسازان‌و خەڵكی ئاساییش لە هەرێمی كوردستان وا وەسفی ئەم بازرگانیە دەكەن كەلە دوای نەوتەوە بە پلەی دوەم دێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئەو كۆمپانیایانەی لەهەرێمی كوردستاندا كاری هاوردەكردنی دەرمان دەكەن خواستی ئەوەیان نیە قەبارەی راستەقینەی نرخی دەرمانی هاوردە كراو ئاشكرا بكەن، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك كەلە سەرەكی ترینیان ئەوەیە كۆمپانیاكانی هاوردەی دەرمان لەلایەن بەرپرسە هەر باڵاكانی حیزب‌و دست رۆیشتوی ناو حكومەتەوە خاوەندارێتی دەكرێن‌و هەموو دەسەڵاتێكی خۆیان بەكار دەهێنن بۆ شاردنەوەو ئاشكرا نەكردنی ئەو قەبارەیە بۆ رای گشتی، بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەو بارەیەوە ماندوبونێكی زۆر‌و كاری بنكۆڵیی هەناسە درێژی دەوێت، لە میانی ئامادە كردنی ئەم راپۆرتەدا رێكخراوی ئاران گەیشت بەو زانیاریەی كە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەو بوارەوە هاوردە دەكرێت بە ئامانجی فرۆشتنی بە خەڵك مانگانە (100,000,000) سەد ملیۆن دۆلار تێ پەڕ دەكات، ئەمەش لەسالًێكدا دەكاتە (1,200,000,000) یەك ملیار‌و دوسەد ملیۆن دۆلار، كەئەمەش قەبارەی 25% كۆی دەرمانی هاوردەكراوی هەموو عێراقە، كە ساڵانە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لەعێراقدا دەگاتە (5,000,000,000) پێنج ملیار دۆلار، 100% ئەو دەرمانەی كۆمپانیاكان هاوردەی دەكەن لەبازار‌و بەخەڵك دەفرۆشرێتەوە، چونكە ئەم قەبارەیەی لەسەرەوە باس كرا تەنیا ئەو دەرمانەیە بۆ ساغ كردنەوە لە بازار هاوردە دەكرێت‌و ئەو دەرمانە ناگرێتەوە كە حكومەت بۆ خۆی هاوردەی دەكات یان دەیكڕێت، ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەن بەشی هەرە زۆریان لە بازار دەرمان دەكڕن، نەخۆشەكان لە نەخۆشخانە حكومیەكان بڕێكی زۆری ئەو دەرمانانەیان دەست ناكەوێت كە بۆیان نوسراوە بۆیە رو لەبازار دەكەن، ئەم دیاردەیە لەلای ئەوانەی نەخۆشی كۆرۆنایان لە سەنتەرەكانی كۆرۆنا هەیە بەگشتی دەبینرێت‌و دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا زۆر كەمەو دەبێت خاوەنی نەخۆش لەبازار بۆی بكرێت. بەم پێ یە بە رونی ئەوەمان بۆ دەركەوێت كە هاوكات خەڵكی هەرێمی كوردستان ساڵانە یەك ملیار‌و دوسەد ملیۆن دۆلاریش دەدەن بە كرینی دەرمان لەبازار، ئەم برە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لەسەرەوە باس كرا كە هەر نەخۆشێكی سەردانی كەر بۆ كلینیكە ئێوارەكان بری (25,000) دینار دەدات بە كرینی دەرمان‌و پێداویستی، ئەوە تەنیا ئەو كەسانە بوون كەسەردانی كلینكە پزیشكیەكان دەكەن، ئەمەی لێرەدا باس دەكرێت بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن ئەو هاووڵاتیانەوە دەكڕدرێت كە سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكان دەكەن‌و چارەسەریان بۆ دەنوسرێت‌و ناچارن لە بازار بیكرن، لەساڵی 2020دا سەرە رای ئەوەی رێشوێنی كۆرونا گیرابۆوە بەر‌و هێشتا حاڵەتی داخستنی شوێنە گشتیەكان هەر مابوون، بەڵام لەهەردوو پارێزگای سلێمانی‌و دهۆك‌و لەو ساڵەدا زیاتر لە چوار ملیۆن كەس سەردانی نەخۆشخانە حكومیەكانیان كردوە، بەشی هەرە زۆری ئەوانە ناچاربوون لەبازار دەرمان بكرن كە لەلایەن پزیشكەوە لە نەخۆشخانە حكومیەكان بۆیان نوسراوە.
هاوردەكردنی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان بێ گرفت نیە، پسپۆرانی بوارەكە باس لەوە دەكەن بەم دواییە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێنێكی گرتۆتە بەر بەتایبەت دوای دانانی كوالیتی كۆنترۆڵی دەرمان‌و یەك خستنی كۆمپانیاكان تا رادەیەك كوالیتی ئەو دەرمانەی هاوردە دەكرێت باش بوە، بەڵام هێشتا هەر گرفت ماوە، ئەویش ئەوەیە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی هاوردەكردنی دەرمان هی كەسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب‌و حكومەتن‌و حاڵەتی وا هەیە كەسانێك بەپرسیارێتی گەورەیان هەیە لە خاڵەكانی داخڵكردنی دەرمان، لەهەمان كاتدا خاوەندارێتی كۆمپانیای گەورەی هاوردەكرنی دەرمانیش دەكەن، ئەمەش گومانی خستۆتە سەر پرۆسەكەوبەكارهێنانی ئەو پێگانە بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئەگەرێكی بەهێزە.

حەوتەم / دروستكردنی دەرمان لەهەرێمی كوردستان:-
لەهەرێمی كوردستاندا سێ كارگەی دروستكردنی دەرمان هەن، كە دوان لەوانە لەپارێزگای سلێمانی‌و یەك كارگەش لە پارێزگای هەولێرە، دوان لەكارگەكانی دەرمان لەلایەن هەردوو حیزبی دەسترۆیشتوی هەرێمەوە خاوەندارێتی دەكرێت لەگەڵ بوونی پشكی چەند سەرمایەدارێك تیایاندا، كۆمپانیایەكیش لەلایەن كەرتی تایبەتەوە خاوەندارێتی دەكرێت، كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبەرهەمی كارگەكانی دەرمانی هەرێم رازیەو وەزارەتەكە خۆی كڕیاری دەرمانەكانیانە، بەپێی بەدواداچونەكانی ئاران ئەو كارگانە بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی هندستان‌و چین‌و هەندێك جاریش لە وڵاتانی ئەوروپاوە ماددەی بنەرەتی دەرمان دەهێنن‌و لێرە دەیكەن بەدەرمان، بەدواداچونەكانی ئاران لەم راپۆرتەدا ئەوەی نیشاندا ئەو كۆمپانیایانە تا رادەیەكی باش پابەندی مەرجەكانی گواستنەوەی ماددەی بنەرەتی دەرمانن لە كاتی هاوردەكردنداو گرنگی بەو بوارە دەدەن، ئەم كارگانە جگە لەبازارەكانی هەرێم‌و عێراق دەرمان بە وڵاتی ئوردن‌و ئیمارات‌و دەوترێ بە چەند وڵاتێكی ئەوروپیش دەفرۆشن، بەشێك لەدەرمانسازان‌و شارەزایانی بوارەكە بۆچونیان وایە كە ئەو كارگانە جیاوازی لە كوالیتی ئەو دەرمانانەدا دەكەن كە لەناو هەرێم‌و دەرەوەی هەرێم بەتایبەت دەرەوەی عێراق دەیفرۆشن، ئەم راپۆرتە بەدواداچوونی بۆ ئەو بوارەش كرد، جیاوازیەكە زیاتر لە كارتون‌و مەرجی ئەو وڵاتانە دەركەوت كەبۆ لەكارتون نانی دەرمان هەیانە نەك خودی چالاكیی دەرمانەكە. 
لە وڵاتانی دیكە كارگەكانی دەرمان بۆ تێست كردنی بەرهەمەكانیان جگە لە تێستی تاقیگەیی تێستی مرۆیشی بۆ دەكرێت، واتا كەسانی خۆبەخش لەلایەن تاقیگەكانەوە ئامادەكراون تا دەرمانیان لەسەر تاقی بكرێتەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان‌و كارگەكانی دەرمان كەسانی خۆبەخشیان نیە، بۆیە ناچاربوون سەرەتا لە تاقیگەكانی وڵاتی هندستان ئەو تاقیكردنەوەیە بكەن‌و دواتریش لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی عێراق تاقیكردنەوەكە گواسترایەوە بۆ وڵاتی ئوردن، بەڵام پسپۆرانی بوارەكە وای دەبینن بۆ بابەتێكی هەستیاری وەك دەرمان باشترە لەناو خۆی وڵات ئەو تاقیكردنەوەیە ئەنجام بدرێت، چونكە ئەگەر چوە وڵاتێكی تر ئەوا ئەگەری ساختەكردن یان شێواندنی ئەنجامەكان ئەگەرێكی بەهێزە.

ململانێ یەكی توندی دور لە پیشەیی لەنێوان ئەم كارگانەشدا هەیە، ئەوانیش هەوڵی شكاندنی یەكتر دەدەن‌و پروپاگەندەی جۆراوجۆر بۆ یەكتر دەكەن بێ ئەوەی خۆیان لەپروپاگەندەكەدا بەشدار ببن، بەڵكو لەپشت پەردەوە قودوە دەرمان بە لۆگۆی یەكتر نیشان دەدەن كە بەبێ مەرج دروستكراوە‌و مێر‌و یان شتی دیكەی تێدایە، ئەوان ئامانجیان لەم كارە شكاندنی یەكترە، بەڵام ئەم كارە زیاتر خەڵك دەخاتە بەر دودڵی‌ورارایی‌و ئەوانەی لەو جۆرە دەرمانانەیان وەر گرتوە توشی دڵەراوكێ‌و حاڵەتی دەرونی خراپ دەبن. 


هەشتەم / هێڵی زانیاریەگشتیەكانی ئەم راپۆرتە:-
• ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەر‌و كرینی دەرمان‌و نەشتەرگەریی لە دەرەوەی دامەزاروە تەندروستیە حكومیەكان زیاترە لە سێ ملیار دۆلار، كە بۆ نزیكەی (3000) پزیشك‌و(79) نەخۆشخانەی ئەهلی‌و نزیكەی (4300) نۆرینگەو چەند كۆمپانیایەكی هاوردەی دەرمان‌و سێ كارگەی دروست كردنی دەرمان دەروات. 
• لە دە ساڵی رابردوودا خەڵكی هەرێمی كوردستان نزیكەی سی ملیار دۆلاریان لەچارەسەر كردنی نەخۆش لە كەرتی تایبەت‌و بازاردا خەرجكردوە.
• داهاتی ساڵانەی بەرپرسانی دەسترۆیشتوی ناو حیزب‌و حكومەت ساڵانە زیاترە لە یەك ملیار‌و پێنجسەد ملیۆن دۆلار. 
• لە دە ساڵی رابردوودا حكومەت زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە كەرتی گشتی تەندروستیدا خەرجكردوە.
•  كەرتی گشتی تەندروستی گەیشتۆتە ئاستێك هیچ هاووڵاتیەك بە ئاسانی‌و لەماوەیەكی كەمدا خزمەتگوزاری وەك نەشتەرگەری‌و هاوشێوەكانی بۆ ئەنجام نادرێت. 

- سەرچاوەكانی ئامادە كردنی ئەم راپۆرتە:-
1- گەڕان‌و سەردانە مەیدانیەكانی تیمەكانی رێكخراوی ئاران.
2- سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان
3- سەندیكای پزیشكانی كوردستان
4- دەزگای ئاماری هەرێمی كوردستان
5- راپۆرتی رێكخراوی نێودەوڵەتی راند لەبارەی بارودۆخی كەرتی تەندروستی گشتی لە هەرێمی كوردستان. 
6- پسپۆرانی تایبەتمەندی سەرجەم بوارەكانی ناو راپۆرتەكە كە وایان بەباش زانیوە لەبەر بارودۆخی تایبەتی خۆیان ناویان نەهێندرێت.
7- ئاماری هەرسێ بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە. 
سەرجەم داتاكانی ناو ئەم راپۆرتە لەماوەی نیسانی 2021 تا 15ی كانوونی دوەمی 2022 كۆ كراونەتەوە. 
رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كلتوری مەدەنی بە پشتیوانی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموكراسی

نۆیەم / خاوەندارێتی ئەم راپۆرتە:-
• دەزگاكانی راگەیاندن‌ و رێكخراوە ناحكومییە ناوخۆیی‌ و نێودەوڵەتییەكان‌و سەندیكاكان‌ و دامەزراوە حكومیەكان‌و توێژەران‌و قوتابیانی زانكۆ‌و پەیمانگاكان یان قوناغەكانی دیكەی خوێندن مافی بڵاو كردنەوەو بەكار هێنانی كۆی راپۆرتەكە یان بەشێك لە زانیاریەكانی راپۆرتەكەیان هەیە بەو مەرجەی ناوی رێكخراوی ئاران وەك خاوەنی راپۆرتەكە بهێنن. 


- بەرێوەبەری پرۆژە، هەژار وەهاب عوسمان
- بەرپرسی پەیوەندی‌ و هەماهەنگی، ئاسۆ محەمەد مستەفا
- بەرپرسی دارایی، نیزام نازم عەبدل

تیمی ئامادەكار لە پارێزگای سلێمانی 
- هاوژین یاسین محەمەد، سەرۆكی تیم
- بەختیار رەحیم محەمەد، ئەندامی تیم
- سیڤان عومەر ، ئەندامی تیم

 تیمی ئامادەكار لە پارێزگای هەولێر
- ئاری سابیر حەویز، سەرۆكی تیم
- گلێنە قوباد  حەمەد ئەمین، ئەندامی تیم 
- پەشێو عومەر حەوێز، ئەندامی تیم.

تیمی ئامادەكار لە پارێزگای هەڵەبجە
- رێبواری هەورامی، سەرۆكی تیم 
- حوسنا مەحمود جەعفەر، ئەندامی تیم 
- رەیان شەوكەوت محەمەد، ئەندامی تیم 
- دیزاینی راپۆرت، شوان رەحیم   
-دیزاینی بەرگ، د. ئەكرەم فەرەیدون  

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان