راپۆرت

یەکێتی: ھیچ بەندێکی یاسایی نییە بۆ دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی پۆستی سەرۆک کۆمار

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتی: ھیچ بەندێکی یاسایی نییە بۆ دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتنی پۆستی سەرۆک کۆمار
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت هیچ بەندێکی یاسایی نییە بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، ئاماژە بەوەشدەکات یەکێتی لە دادگای فیدڕاڵی هیچ تانەیەکی لە بڕیاری کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەداوە، هەروەها كارگێڕى مه‌ڵبه‌ندى نه‌ینه‌واى یه‌كێتییش باسی لەوەکرد هەر شڵەژانێک لە عیراق کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "هیچ بەندێکی یاسایی نییە بۆ کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، بۆ ئەم مەبەستەش تانە دراوە لە دادگای فیدڕاڵی عیراق و دەبێت دادگا بڕیاری کۆتایی بدات".

ئەوەشی خستەڕوو "یەکێتی لە دادگای فیدڕاڵی هیچ تانەیەکی لە بڕیاری کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق نەداوە، هەروەها کاتی تانە لێدانیش کۆتایی هاتووە".

هەروەها غه‌یاس سورچى، كارگێڕى مه‌ڵبه‌ندى نه‌ینه‌واى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بڕیارێکی سیاسیی بووە، چونکە گومانیان دەکرد کە دادگا هۆشیار زێباری لادەبات بۆی شوێنگرەوەکەی بۆ دیاری بکەن، لەبەرئەوە ئەو بڕیارە دژی بنەماکانی دەستوورە".

ئەوەشی خستەڕوو "یەکێتی لەگەڵ سیستمی زۆرینەدایە، بەڵام لەئێستادا رەوشی ئەمنی عیراق لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی دایە کە زۆرینەی حزبەکانی عیراق چەکداریان هەیە لەناو حەشدی شەعبی دا، بۆیە دوورخستنەوەی ئەم هێزانە بارودۆخی عیراق زیاتر تێکدەدەن، هەروەها هەر شڵەژانێک لە عیراق کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت".

لەبارەی کۆبوونەوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ لایەنەکانی عیراقدا غەیاس سورچی وتی "کۆبوونەوەکان بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی کاندیدی یەکێتییە بۆ سەرۆک کۆمار کە دکتۆر بەرهەم ساڵحە، هەروەها بەشێکی زۆری ئەندامانی لایەنە جیاوازەکانی پەرلەمان دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار".

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کردەوە، دوێنێش دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق بڕیاریدا هۆشیار زێباری ناتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، پارتیش رێبەر ئەحمەدی وەک جێگرەوەی هۆشیار زێباری بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار دیاریکرد.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان