راپۆرت

مەترسییەكان گەورەتربوون... شەش پارت دژی ئەردۆغان بوونە هاوپەیمان و كوردی تیادا نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەترسییەكان گەورەتربوون... شەش پارت دژی ئەردۆغان بوونە هاوپەیمان و كوردی تیادا نییە
مەودا میدیا-

هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا، یەكێكە لە گەرمترین و باس لەسەر كراوترین بابەتە سیاسییەكان لە یەك دوو ساڵی رابردوو تاكو ئێستا، پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە تاك و كۆ هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە پێشبخەن، بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان- هەدەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان و لەولایشەوە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیا- مەهەپە، هەڵبژاردنی پێشوەختە رەتدەكەنەوە، زۆرینەی ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە لە مانگی یۆنیۆی ساڵی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامدەدرێت كەوا كاتی یاسایی خۆیەتی.

ململانێكان لەسەر چین؟
سێ خاڵی جێ ناكۆك لەنێوان هاوپەیمانێتیی گەلی پێكهاتوو لە "ئەكەپە و مەهەپە" و هاوپەیمانێتیی میللەتی نێوان جەهەپە و كۆمەڵێك پارتی هاوپەیمانیدا هەن بەم شێوەیە:
یەكەم: ئەكەپە و مەهەپە لەگەڵ سیستمی سەرۆكایەتین، پێیانوایە هۆكاری یەكڕیزی و سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییە و بۆ ئێستای توركیا سیستمی سەرۆكایەتیی باشە.
دووەم: مەسەلەی ئازادییەكان و سەركوتكارییەكان كە پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە ئەكەپە و مەهەپە و حكومەتەكەیان سەكوتكارن و هەوڵی ئیسلامیزەكردنی سیستمی سیاسیی توركیا دەدەن.
سێیەم: زۆرێك لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان لەبواری ئابووری، دەستتێوەردانی دەرەكی و ناردنی هێز بۆ وڵاتانی دیكە، لەلایەن پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆنەوە رەتدەكرێتەوە.
زیاتر لەوانەش لە چەندین بواری سیاسەتی رۆژانە و كارگێڕی و مەسەلەی تەسككردنەوەی ئازادییەكانی راگەیاندن، جیاوازی زۆر هەیە لەنێوانیان و ئەوەش وایكردووە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی دوورخستنەوەی ئەردۆغان بدەنەوە.

گڕبەردانە ئەردۆغان
هەفتەی رابردوو لە ئەنقەرە، سەرۆكی شەش پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا كۆبوونەوە بە مەبەستی فراوانكردنی هاوپەیمانێتیی میللەت كە پێشتر لەنێوان جەهەپە و ئی پارتیدا بوو، ئەگەر پرۆژەكە بگاتە ئەنجام، ئەوا دەبێتە گەورەترین هاوپەیمانێتی لە توركیا و لەم حزبانە پێكدێت "پارتی گەلی كۆماری، ئی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئاییندە، پارتی دیموكرات و پارتی پێشكەوتن و دیموكراسی".
ئەو شەش پارتییە لە كاریگەرترین پارتەكانی توركیان، پێكەوە كاركردنیان دەتوانێت نەخشەی داهاتووی سیاسیی توركیا بگۆڕێت، ئەوەش بۆ ئەردۆغان دەبێتە كۆتایی ژیانی سیاسی.

راپرسییەكان چی دەڵێن؟
رۆژی پێنجشەممە 17ی شوباتی 2022، كۆمپانیای ئۆك دەرئەنجامی راپرسییەكی لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوكردووەتەوە، راپرسییەكە نەك هیچ دڵخۆشكەرییەكی بۆ ئەردۆغان تێدا نییە، بگرە مژدەی دۆڕانیشی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەدات.

لەبارەی راپرسییەكەوە: لەنێوان رۆژانی 8- 13ی شوباتی 2022، راپرسییەكە لەسەر ئاستی 41 پارێزگای باكووری كوردستان و توركیا لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە و تیایدا 5 هەزار و 130 كەس بەشدارییان كردووە.
ئەنجامی راپرسییەكە دەریخستووە: جەهەپە و ئی پارتی پێكەوە رێژەی 39.2%ی دەنگەكانیان بەدەستدەهێنن، هەروەها ئەگەر هاوپەیمانێتییەكە پێكبێت لەو شەش پارتەی لەپێشەوە باسكران، ئەوا رێژەی دەنگەكانیان بۆ 48% بەرزدەبێتەوە.
سەبارەت بە هاوپەیمانێتیی جمهور "ئەكەپە و مەهەپە"، راپرسییەكە ئاماژەی بەوەكردووە رێژەی 39.4%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن، بەو شێوەیەش سەركەوتن و دەنگەكانیان لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە.

كوردەكان فەرامۆشكراون...
هاوپەیمانێتیی جمهور و هاوپەیمانێتیی میللەت هەریەكەیان ویستی ئەوەیان هەیە لە كورد نزیك ببنەوە، بەڵام ئامادەنین زۆرینەی داواكارییەكانی پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە جێبەجێبكەن بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە كرانەوەی زیاتر و جێگیركردنی مافەكانی كورد لە دەستوور و ئازادكردنی چوارچێوەداری عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هەیە.
ئایا نەبوونی كورد لە هیچ یەكێك لەو دوو هاوپەیمانێتییەدا مانای ئەوەیە هەدەپە خاوەن سەنگی سیاسی و یەكلاییكەرەوەی خۆی نییە؟
نەخێر هەرگیز ئەوە بەو مانایە نایەت هەدەپە هێزی كاریگەر نییە، بەڵكو لە هەر یەك لەو هاوپەیمانێتییەدا دژبەری هەدەپە هەیە یان چاوەڕوانی ئەوەن كەمترین مەرجی هەدەپە قبووڵ بكەن، یان روونتریش ئەگەر هەریەكەیان دڵنیابن بێ هەدەپە سەركەوتن بەدەستدەهێنن، ئەوا باشترە بۆیان مەرجەكانی هەدەپە قبووڵ نەكەن و خۆیان نەخەنە ژێرباری رێككەوتن لەگەڵی.

100 ساڵەی توركیا و نزیكبوونەوە لە ئاگرەكە
ساڵی دادێ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامدەدرێ و مۆمی سەد ساڵەی تەمەنی كۆمارەكەش دادەگیرسێنرێ، پرسیارەكە ئەوەیە، ئاگرە شەش گڕییەكەی هاوپەیمانێتیی میللەت لێدەگەڕێ رەجەب تەیب ئەردۆغان ببێتەوە یەكەم سەرۆك كۆماری سەدەی دووەمی تەمەنی كۆمارەكە و مۆمی سەد ساڵەی تەمەنی توركیاش دابگیرسێنێ‌؟

زۆرینەی ئاماژە و پێدراوەكان روو لەوەن، ئەگەر گۆڕانكاری و پێشهاتی خێرا روونەدەن، هەڵبژاردنی ساڵی 2023 كۆتا وێستگەی سیاسیی ئەكەپە و ئەردۆغانن، گۆڕانكاریی دوای ئەوەش كۆتاییهێنانە بە سیستمی سەرۆكایەتی و گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی، ئیتر یەك لەدوای یەك خەونەكانی سەرۆك ئەردۆغان هاڕە دەكەن.    

ك.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان