راپۆرت

"بەم نزیکانە 200 ملیارەکە لە بەغداوە دەگات"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"بەم نزیکانە 200 ملیارەکە لە بەغداوە دەگات"
مەودا میدیا-

نەناردنی 200 ملیارەکە لەلایەن بەغداوە، گرفتی بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، سەرچاوەیەکی تایبەتیش دەڵێت "هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆی چڕدان لەسەر 200 ملیار دینارەکە و پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا 200 ملیارەکە بگاتە هەرێم".

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند، بەگوێرەی ئەوەی حکومەتی ناوەند تائێستا یاسای بودجەی ساڵی 2022ی دەرنەکردووە، پشت بەیاسای بودجەی 2021 دەبەستێت تا دەرکردنی یاسای بودجەی 2022، بەوپێیەشبێت، دەبێت حکومەتی ناوەند پابەندبێت بە ناردنی 200 ملیارەکەی هەرێم وەک سولفە لەبری بەشە بوجە.

سەرچاوەکەی مەودا میدیا دڵنیایشیدا، هەتائێستا بە فەرمی بەغدا سەبارەت بە راگرتنی ئەو بڕە پارەیە هیچی بە هەرێمی کوردستان نەوتووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی مەودا میدیا ئێستا نزیکەی 200 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ کۆکراوەتەوە، لە پارەی نەوتی فرۆشراویش نزیکەی 315 ملیار دینار ماوەتەوە، و بەوپێیەش لەئێستادا زیاتر لە 500 ملیار دینار بۆ دابەشکردنی مووچە لەبەردەستدایە، بەم نزیکانە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشت بە داهاتی ناوخۆ، پارەی نەوتی فرۆشراو، هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و 200 ملیار دینارەکەی بەغدا دەبەستێت، بەڵام لە دوو مانگی رابردوودا بەغدا ئەو بڕە پارەیەی نەناردووە، تائێستاش بە روونی دیارنییە بۆ کەی دەینێرێت.

پێشتریش فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سکاڵایەک لە دژی ناردنی 200 ملیار دینارەکە تۆمارکراوە و ئەو سکاڵایە ناردنی پارەکەی راگرتووە".

زیاتر لە 10 رۆژ تێپەڕیوە بەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا و مووچەخۆران وەک نارەزاییەک لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دەوامیان راگەیاند.

هەرچەندە دوێنێ شەممە ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و داهات و خەرجییەکان کۆبووەوە، بەڵام تائێستا دیارنییە بۆ ئەم مانگە حکومەت بە چ میکانیزمێک مووچە دابەشدەکات.

لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین، 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن، حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان