راپۆرت

توركیا لەگەڵ ئیسرائیل.. لە یەكەم دانپێدانانەوە بۆ نوێترین بادانەوەی ئەردۆغان

مەودا میدیا - سلێمانی |


توركیا لەگەڵ ئیسرائیل.. لە یەكەم دانپێدانانەوە بۆ نوێترین بادانەوەی ئەردۆغان
مەودا میدیا- بەشی سیاسەت و شیكاری

پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 14ی ئایاری ساڵی 1948ەوە تائێستا، بە وێستگەی باش و خراپدا رۆیشتووە، بەڵام لە ساڵانی فەرمانڕەوایی پارتی داد و گەشەپێدان- ئەكەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاەوە لەسەر ئاستی گوتاری سیاسی و پەیوەندیی دیپلۆماسی زۆرینەی كات ئاڵۆز و پڕ كێشە بووە، بەڵام هیچ كات نەگەیشتووەتە مەترسیی كۆتاییهاتنی پەیوەندییە نهێنییەكانی نێوانیان، لەگەڵ ئەوەی توركیا زیادەڕۆیی زۆری بەرانبەر ئیسرائیل كردووە، هەندێك لە شارەزایانی سیاسەتیش ئەوەی ئەردۆغان دەیكات بە چاوبەست لە رایگشتی ناویدەبەن بۆ چنینەوەی بەرژەوەندییە حزبییەكانی.

توركیا كەی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا؟
دەوڵەتی ئیسرائیل لەنێو كێشمەكێشێكی ئاڵۆزدا دروستبوو، هەموو لایەكانی بە وڵاتانی عەرەبی تەنرابوون، بچوكترین دۆست بۆ ئیسرائیل گەورە و كەمترین پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەكەی جوو بە زۆر دادەنرا و نرخەكەی زۆر زۆر بوو.
رۆژی 14ی ئایاری 1948 جووەكان دەوڵەتێكیان بۆ خۆیان دامەزراند، كەمتر لە ساڵێك و لە رۆژی 14ی ئازاری 1949، كۆماری توركیا بەڕەسمی دەوڵەتی ئیسرائیلی ناساند، ئەمە كاردانەوەی زۆری عەرەبی و ئیسلامیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام نەبووە هۆی گۆڕانكاری لە هەڵوێستی توركیا بەرانبەر ئەو بڕیارەی و هەنگاوی كرداری بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل گرتەبەر.


توركیا گەیشتە تەلئەبیب

ئیسرائیل و توركیا كاری جدییان بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوانیان كرد، رۆژی 7ی كانونی دووەمی ساڵی 1950، كۆماری توركیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە یەكەم نێردەی دیپلۆماسی خۆی دیاریكرد و لە شاری تەلئەبیب دەستی بەكارەكانی كرد.
ئەو هەنگاوەی توركیا خەڵاتێكی دیپلۆماسی بوو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و بەو هۆیەیەیشەوە رۆژ لەدوای رۆژ پەیوەندییەكانیان فراوانتر و قووڵتر دەكردەوە.

هاوكارییە ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەكان

توركیا و ئیسرائیل لە ساڵی 1949ەوە تائێستا لە هاوكاریی فراوان و پەیوەندیی سیاسی، سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییدا بوون، ئەوەش بە قازانجی هەروولایان بووە، بەڵام لەڕووی بەدەستهێنانی ئامانج و كەرەستەی سەربازییەوە پەیوەندییەكان لە سوودی توركیا و لەڕووی ئابوورییشەوە بۆ ئیسرائیل سەرچاوەیەكی داهاتی باشبووە.
رێككەوتنەكانی توركیا و ئیسرائیل بنەمایەكی هەواڵگرییانەشی هەبووە، بۆ نموونە لە ساڵی 1951 هەردوو وڵات لەسەر گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری لە دژی دووژمنەكانی یەكتر رێككەوتوون بەتایبەت بزووتنەوە ناسیۆنالیست و چەپ و ماركسییەكان.
لەگەڵ ئەوەشدا لە چاككردنەوەی فڕۆكە و كەرەستە سەربازییەكاندا، ئیسرائیل یارمەتیی زۆری توركیا داوە، لەهەمانكاتدا چەندین جۆر چەكی پێشكەوتووی بە توركیا فرۆشتووە بەتایبەت لەسەروەختی داگیركرنی باكووری قوبرسی توركی لە ساڵی 1973 و رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی یۆنان كە تاكو ئێستایش نزیك بە 100 هەزار سەربازی توركی لە نیوەدوورگەی قوبرس ماونەتەوە.

ئەردۆغان پەیوەندییەكەی فراوانتركرد
ساڵی 2002 پارتی داد و گەشەپێدان لە توركیا دەسەڵاتی گرتەدەست، پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕێ دەكرا حكومەتی داد و گەشەپێدان پەوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل كەمبكاتەوە، بەڵام لە سەرەتاوە پەیوەندییەكانی بەرەو فراوانتربرد.
لەنێوان ساڵانی 2002 بۆ 2005 توركیا چەندین گرێبەستی سەربازیی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆكرد بۆ نموونە:
• گرێبەستی چاككردنەوەی 170 زرێپۆرسی لە جۆری (ئێم 6) بە بڕی 668 ملیۆن دۆلار.
• كڕینی 50 فڕۆكەی شەڕكەر لە ئیسرائیل.
• پێشخستنی جۆرێتی 30 فڕۆكەی توركی لە جۆری (ئێف 4) بە گوژمەی نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار.
• كڕینی پێداویستییە سەربازییەكان لە ئیسرائیل بە هەموو جۆرەكانییەوە.
• ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش و چەندین جۆری دیكەی هاوكاریی نهێنیش كە رەنگە ساڵانی زۆری بووێت بۆ ئەوەی ئاشكرابن.

ساڵی 2020 چی روویدا؟
شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و دەوڵەتی ئیسرائیل چڕبووەوە، هەروەها بەتووندی گەمارۆی كەرتی غەزە درابوو، بەشێوەیەك بارودۆخی مرۆیی و تەندروستیی فەلەستینییەكان لەوپەڕی خراپیدا بوو.
ژمارەیەك هاوڵاتیی توركیا، بە كەشتیی ئاشتیی مەڕمەڕە ویستیان گەمارۆی سەر كەرتی غەزە بشكێنن و هاوكاریی بگەیەننە دانیشتوانی كەرتەكە، بەڵام لەلایەن هێزە ئاوییەكانی ئیسرائیلەوە هێرشكرایە سەر كەشتییەكە و لەئەنجامدا 10 هاوڵاتی تورك بوونە قوربانی و ئەوەش كاردانەوەی تووندی بەدواداهات. كاتێك ساڵی 2018 ئاڵۆزییەكان لە فەلەستین زیاتربوون و چەندین فەلەستینی لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە كوژران، هەردوو وڵات باڵیۆزەكانیان لای یەكتر كشانەوە و بەو هۆیەیشەوە پەیوەندییەكانیان چووە دۆخێكی ئاڵۆزەوە.

توركیا و ئیسرائیل، بۆ ئاشتدەبنەوە؟
چەندین هۆكار لە پشت خاوكردنەوەی گرژییەكان و نزیكبوونەوەی توركیا و ئیسرائیلەوە لەیەكتر هەیە، لەوانەش:
یەكەم: بەپێی ماڵپەڕی دی دەبلیوی ئەڵمانی كە شارەزایەكی ئیسرائیلی قسەی بۆ كرووە دەڵێت "ئیسرائیل دەیەوێت هەموو جۆرە هاوكارییەك لە توركیاوە بۆ حەماس بووەستێنێت".
دووەم: یەكێك لە ویستەكانی توركیا بۆ نزیكبوونەوەی لە ئیسرائیل ئابوورییە بەتایبەت لەئێستادا كە باروۆدۆخی ئابووریی توركیا زۆر خراپە و بەهای لیرەی توركی ئاستێكی پێوانەیی لە داكشاندا تۆماركردووە.
سێیەم: لەوانەش كاریگەرتر توركیا پێویستی بە غاز و وزەی تر هەیە، ئێستا كێشەكان لە ناوچەكە زیاتربوون، ئەگەر پەیوەندییەكانیان باشتر بێت، ئەوان توركیا دەتوانێت سوودی لە غاز و وزەی ئیسرائیل وەربگرێت.

توركیا و ئیسرائیل دوو دەوڵەتی كاریگەرن لە ناوچەكە، هەروەها هەردوولایان پێویستیان بە پەیوەندیی باش لەگەڵ یەكتر هەیە، سەردانی سەرۆكی ئیسرائیل بۆ توركیا راستە هەندێك كەس "رەخنەی لێدەگرن، چونكە ئەردۆغان چەندین جار هێرشی تووندی كردووەتە سەر وڵاتەكەی"، بەڵام پێشوازی ئەردۆغان و مەراسیمە تایبەتەكەی و سازشكردن و نەرمینواندن بەرانبەر بە ئیسرائیل بێئەوەی سیاسەتەكانی بەرانبەر بە فەلەستین گۆڕی بێت بە "بادانەی ئەردۆغان و تەسلیمبوون" ناودەبەن.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان