هاوار نەسرەدین

هاوار نەسرەدین

هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر و یارییە نێودەوڵەتییەکان

رووداوە سیاسییەکانی جیهان، تەنیا لە ژوورەکانی کۆبوونەوە و کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکاندا روون ناکرێنەوە. تەنیا لە کۆبوونەوەکانیشدا لایەنە سیاسییەکان پەیام و ئاماژە بۆ یەکتر نانێرن. پەیامی دەرەوەی کۆبوونەوەکان، زووتر و گرنگتر دەگەن، چونکە لەگەڵ پەیامەکەدا، هێز و رێگە ستراتیژی و سەربازییەکانیش نیشاندەدرێت. هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی 13ی مارس، پەیامی ئێرانە بۆ لایەنە بەهێزەکانی ناو یارییە نێودەوڵەتییەکان. لە سۆنگەی شیکردنەوەی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئاسانتر دەتوانین لە ڕەهەندەکانی پشتی رووداوی هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەولێر تێبگەین.

هاوکات لەگەڵ هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، چەند ئاماژەیەکی سیاسی لە ناوچەکەدا دەرکەوتن. سەرەتا پێگەیەکی ئەلیکترۆنی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، رایگەیاند: حکومەتی تاران یەکلایەنە دانوستانەکانی لەگەڵ سعودییەدا راگرت. هەرچەندە چوار خولی ئەو دانوستانانە لە رابردوودا بەڕێوەچوون و هەردوولا ئەنجامەکەیان بەرزنرخاند، هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، راشکاوانە وتی: ئێمە ئامادەین دەست بە خولی پێنجەمی دانوستانەکان بکەین و چاوەڕێی وەڵامی سعودییەن. کەچی راستەوخۆ لە دوای هێرشە موشەکییەکەی سەر هەولێر، ئێران بەبێ ئەوەی بە فەرمی رایگەیەنێت و ئاماژە بە هیچ هۆکارێکی ئاشکرابکات، دانوستانەکانی هەڵپەسارد. هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند كاتذميَريَك پێش هێرشەکەی سەر هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان داوای لە روسیا کرد: لەمپەر لەبەردەم رێکكەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی زلهێز دانەنێت. لەلایەکی تریشەوە چەند كاتذميَرێک دوای هێرشەکەی سەر هەولێر، لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمةریکا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند: ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات بەبێ بەشداریی روسیا، رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی زلهێز ئیمزا بکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا مەرجێکی تازەی هێناوەتەسەر مێزی گفتوگۆ. داوا لە ئەمةریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەکات، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان موسکۆ و تاران بەردەوامبێت و نەچێتە چوارچێوەی سزا ئابوورییە تازەکانی ئەمةریکا و ئەوروپاوە بۆ سەر روسیا. بۆ ئەو مەبەستەیش داوای گەرەنتی دەکات. لە بەرانبەردا ئەمةریکا نایەوێت دۆسێ ئەتۆمییەکەی ئێران و شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا هاوتەریب بکات.

ئەو هەواڵانەی سەرەوە، ئاماژەن بۆ یارییەکی شاراوە. ئەمةریکا و ئەوروپا، هاوشانی چەند یارییەکی تری جیهانی، کار بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی روسیا بەسەر ئێرانەوە دەکەن. کاتێک روسیا بە فەرمی داوای ئەوە دەکات دەستی لە ئێران کورت نەکەنەوە، مانای وایە خواستێکی لەو جۆرە هەیە و روسیا هەستی پێکردووە. هەروەها لە ماوەی چەند سەعاتێکی کەمدا، ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ سعودییەدا کە هاوپەیمانێکی راستەقینەی ئەمةریکایە لە کەنداو و هەناردەکەرێکی گەورەی نەوتە بۆ ئەوروپا، ئاماژەیەکی ترە بۆ ناکامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئێران بە موشەکبارانکردنی هەولێر، پەیامێکی روونی نارد. ئەویش ئەوەیە: ئێران هێشتا لەبەرەی روسیادا ماوەتەوە. دەشتوانین پەیامە شاراوە و ناڕاستەوخۆکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمةریکا بە جۆرێکی تریش لێکبدەینەوە. رەنگە ئەمةریکا بیەوێ بە ئێران بڵێت نیگەرانی رێکكەوتننامە ئەتۆمییەکە و هەڵگرتنی سزا ئابووری و سیاسییەکان مەبە. ئەمةریکا بەبێ روسیایش دەتوانێت لەگەڵ تاراندا رێکبکەوێت. بەڵام هەڵپەساردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودییە لەلایەک و هێرش بۆ سەر هەولیر لەلایەکی ترەوە، پەیامە روونەکەی تارانە بۆ ئەمةریکا و هێشتا واشنتۆن نەیتوانیوە هێندە لە تاران نزیکبێتەوە وەک ئەوەی مۆسکۆ لێیوە نزیکە. 

ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات لە تۆڵەی کوشتنی دوو ئەفسەری سوپای پاسداراندا لە سوریا، پێگەکانی مۆساد لە هەولێر بۆمباران دەکات. دوور نییە ئێران لەو پەیامەدا بیەوێ بە ئەمةریکا بڵێ هێشتا ئیسرائیل لەمپەرێکی گەورەی دیپلۆماسییە. یان بیەوێ بڵێ ئیسرائیل خاڵی ناکۆکی نێوانیانە و پێویستە چارەسەربکرێت.

بەڵام پرسیاری سەرەکی بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە ئێران بۆچی لە رێگەی هەولێرەوە ئەو پەیامە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت؟
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan