راپۆرت
تورکیا و پارتی هێرشدەکەنە سەر پەکەکە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەگەری هەیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارتی و تورکیا ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە ئەنجامبدەن.
هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەگەری هەیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارتی و تورکیا ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە ئەنجامبدەن.
محەمەد عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "نیەتی تورکیا ئەوە نیشان دەدات جارێکی دیکە تورکیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆن لەو هەرێمانە ئەنجام بدات کە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لێیە".
راشیگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی 1995وە بەردەوامی هەیە، بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانەش پەنای بردووەتە بەر زۆربەی وڵاتان لەوانەش رووسیا، ئەمەریکا و چەندین وڵاتی دیکەش، ئەوەشی لە دەستی هاتبێت بەکاری هێناوە لە چەک، هەروەها ئامرازەکانی سیخوڕی و دەزگای شەڕی تایبەتی بەکارهێناوە، ئامانجی سەرەکیشی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە".
محەمەد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد "تەمەنا دەکەم ئەو هەنگاوەی کە پارتی دەینێت کە دەیەوێت هەندێک هێز و لایەن بە تایبەتی یەکێتی پەلکێش بکات بۆ ئەو شەڕە نەچێتە سەر".
لەلایەكی دیكەوە هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەودا میدیای وت "پەکەکە دەزانێت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە تورکیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دانیشت و توانی رازی بکات پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستپێبکاتەوە، بۆئەوەی چیتر کوڕی کورد شەهید نەکرێن".
وتیشی "ئەردۆغان بەو مەرجە رازی بوو کە هەرێمی کوردستانیش لەو سیاسەتە بەشداربێت، دوای گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەی بۆ سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان نارد لە قەندیل و پێی راگەیاندن خۆیان ئامادەبکەن بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام دوای ئەم نامەیە رووداوەکەی رێستۆرانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر روویدا دوو کارمەندی کونسوڵخانەی تورکیا کوژران".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان تیشکی خستەسەر ئەوەی "ئەو رێککەوتنە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی لەگەڵ تورکیا نەک پارتی، پێش هاتنی تورکیا بۆ چیای مەتین و بناری کێستە حکومەتی هەرێم پەکەکەی ئاگادارکردەوە ئەو سنوورانە چۆڵ بکەن و پێشمەرگە دێتە ئەوێ، بۆئەوەی تورکیا نەیەتە ئەو ناوچانە، بەڵام پەکەکە قبووڵی نەکرد".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت "مافی پەکەکە لە تورکیایە نەک هەرێمی کوردستان، ماوەی 27 ساڵە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان خەبات دەکات هیچ ئەنجامێکی نییە، چونکە هیچ چالاکییەکی پەکەکە لە باکووری کوردستان نییە".
س،ر
س،ر