د. دەرباز محەمەد

د. دەرباز محەمەد

پەرلەمان؛ ھەڵبژاردنەکەی... بەدیلەکەی

لەم ماوەیە کێشە لەسەر سیستەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان ھەیە، کە 30 ساڵە، لە سەردەمی بەرەی کوردستانیەوە لە 1992ەوە دەستکاریی نەکراوە، پێش ئەوەی بچینە وردەکاریەوە، دوو قسە زەرورە.

ئایە ئێمە بەڕاست پەرلەمانێکی راستەقینەمان ھەیە، یان پەرلەمانێک کە بۆ شەرعییەتدانە بە دەسەڵاتی چەک، دەسەڵاتێک کە بە چەک حوکم دەکا نەک بە دەنگدانی ھاوڵاتی. 

کەواتە، پەرلەمان دەتوانێ چی بکا و بۆچی ھەڵبژێردرێ ئەگەر ھەر چەک حوکم دەکات !!؟؟، دوو بۆچوون ھەیە: 

یەکەمیان بەدیلی حوکمی چەک شۆرشی چەکداریە!! کە لە ئێستادا ئەم نیەتە تەنھا باس و خواسی نافەرمییە و کەس خۆی ناکا بە خاوەنی. 

دووەم: ھیچ پەرلەمانێکی دونیا لەگەڵ لەدایکبوونیدا تەندروست نەبووە، بەڵکو بە ئەزموون و بە چەندین ساڵ و سەدە پێگەیشتووە و رۆڵی تەواوی خۆی وەرگرتووە.

راست ئەوەیە، بۆ ئەم قۆناغەی کورستان ئەم پەرلەمانە بەھەمو خراپیەکانیەوە بەردەوام بێت، بەڵام دەبێت جوڵەیەکی سیاسی و جەماوەری ھەبێ بۆ چاککردن و بەھێزکردنی، چونکە لە ئێستادا ھیچ وەسفێک ھەڵناگرێ جگە لە «گیانەڵا» واتا ئان و ساتی مردن یان مردنی سەرجێگە. ئەم جوڵەیەش لە حزبی دەسەڵاتەوە نابێ وناکرێ. ئۆپۆزسیۆنیش لەو ئاستە نیە.

بێینەوە سەر سیستمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان. کە کوردستان یەک بازنەیە، وسیستەمی نوێنەرایتی رێژەییە، واتا ھەر لیستێک بەپێی رێژەی دەنگەکانی کورسی دەباتەوە. 

ئەم سیستمە بۆ بارودۆخی سیاسی ئەمرۆ خراپ نییە «یەک خاڵی خراپی سەرەکی ھەیە کە نوێنەرایەتی کەمینەکان دوو ھێندەی پێویستە، ئەم ژمارەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی زۆر ھاوکێشە بەکار دەھێنرێت» بەڵکو خراپی لە جێبەجێکردندایە، خراپی لە رێوشوێنی بەرێوەبردنی ھەڵبژاردنە، خراپی لە نەبوونی نەزاھەت و بوونی ساختەکاریە، نەزاھەت واتا گۆڕەپانەکە بۆ ھەمو رکابەرەکان وەک یەک بێ، نەک لایەنێک چەک وپارە ودەسەڵاتی بەدەست بێ وبەکاری بھێنێ، لایەنەکانی دیکەش ئەمەیان نەبێ. ساختەکاری پێویست بە باسکردن ناکات، چونکە بووە بە ناسنامەی ھەڵبژاردن لە کوردستان، تەنانەت لە ریفراندۆمە ھەتیوەکەشدا، ھەر پڕبوو لە ساختە. ھەتیوو لەبەر ئەوەی کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی و ھەمووان حاشایان لێکرد، لەپێش ھەموویانەوە بارزانی وپارتی. 

ئەگەر ھەر دەبێت ئەم سیستمەی ھەڵبژاردن دەستکاری بکرێت، باشترین بژاردە ئەمەیە:

1- سیستمەکە ھەر بە نوێنەرایەتی رێژەیی بمێنێتەوە. 

2- کوردستان دابەش بکرێت بۆ 10 بازنەی ھەڵبژاردن. ھەر بازنەیەک 10 کورسی بۆ دابنرێ. دەشکرێت بەپێی پێویست بازنەیەک  12 کورسی و بازنەیەکی دیکە 8 کورسی بێت، واتا  ژمارەکان بەپێی بارودۆخی کارگێڕی وجوگرافی بگونجێنرێت. 

3- نوێنەرایەتی تورکمان بکرێت بە 3 کورسی و کوردستان بۆ ئەوان یەک بازنە بێت، بە ھەمان شێوە نوێنەرایەتی مەسیحی 3 کورسی, نوێنەرایەتی ئەرمەن نەمێنێت، چونکە ئەرمەن ھەر مەسیحین. 

4- نوێنەرایەتی ژنان رێکبخرێت لەنێوان سێیەک بۆ چواریەک، چواریەک بۆ بازنەی قەزاکان و سێیەک بۆ بازنەی ناو شارە گەورەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک.

5- رێوشوێنەکانی نەھێشتن و رێگەنەدان و سزادانی ساختەکاران تووندتر بکرێت، ھەرچەندە ئەمە زەحمەتە، چونکە دۆمەکان ھەر بەپێی خواستی خۆیان کڵاش بۆ خۆیان دەدوورن.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan