ئەبوبەكر عەلی
رەھەندە فیکرییەکەی جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا
سیاسەت و سەرکێشییەکانی پۆتین و لەوانەش تاودانی ئۆکرانیا و ھێرشکردنە سەری، رەنگدانەوەی پاشخانێکی فیکری و بیری چەند بیرمەندێکی نوێی رووسین، لەپێش ھەمووشیانەوە، دۆگین کە بە عەقڵی پۆتین لە قەڵەم دەدرێت.
دۆگین سەرسەختانە پشتیوانی لە پۆتین و ھێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا دەکات!
پێیوایە پۆتین ئەوکەسە بەھێزەیە کە مێژووی سرووشتیی حوکمڕانی روووسەکان لە بەرگی قەیسەریدا بەرجەستەدەکات.
ئەگەر ئەو تێکبشکێ و لەسەر شانۆی سیاسەتی ونبێت، رووسیا دووچاری کارەسات دەبێت و لەئێستادا کەس نییە جێگەی بگرێتەوە. ئەوەش مەترسی و خەمە گەورەکەی دۆگینە.
دۆگین لەکاتێکدا پێیوایە پۆتین تەنھا نوێنەرایەتی دۆخێکی راگوزەری دەکات لەسەرەڕێی دەرچوون لە پاشکۆیەتیی فیکری و سیاسی و شارستانی بۆ خۆرئاوا، بەرەوە سەروەری و رەسەنایەتی رووسی و ئۆراسیایی، رۆڵێکی گەورە بۆ مەزنێتی رووسیا دەگێڕێت. بۆیە دەبێت بەھەموو شێوەیەك پشتی بگیرێت، تەنانەت تائاستی ھەڕەشەکردن لە تیابردنی جیھان و مرۆڤایەتی؟
ھەروەك دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا دەڵێت: جیھان لەم جەنگەدا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: سەرکەوتنی رووسیا یاخود جەنگی ئەتۆمی و تیاچوونی جیھان! کە رەنگە فاشیترین کەس لەم رۆی جیھاندا بوێری ئەوە بەخۆی نەدات، لێدوانێکی لەوجۆرە بدات.
فیکری (دۆگین) و ئیۆر داڕێژەرەکەی پۆتینیش، لەسەر کۆمەڵێ بنەما بنیاتنراوە لەوانەش:
١- دژایەتی توندی خۆرئاوا و دانانی بە مەڵبەندی شەڕ و تاوان و خراپەکاری و دەستدرێژی.
٢- دژایەتیی جیھانگیری وەك رووی دووەمی خۆرئاواگەرایی.
٣- دابەشکردنی جیھان بەسەر خۆرھەڵات و خۆرئاوادا، یاخود خۆرئاوا و دەرەوەی خۆرئاوا و ھاوپەیمانیی شارستانی و ناوچەی جیۆپۆلۆتیکی.
٤- بەسەنتەرکردنی رووسیا وەك دەوڵەت و کەلتوری (ناوك)، لە حەوزەی جیۆپۆلۆتیکی ئۆراسیا بەھاوپەیمانیەتی لەگەڵ چین.
٥- رەتکردنەوەی ھەرسێ تیۆری: لیبرالیزم (بەڕەھەندەسیاسییەکەشیەوە کە تاکگەرایی و دیموکراسی پێکیدەھێنن)، کۆمۆنیزم و فاشیزم و ناسیۆنالیزم و تەرحکردنی تیۆری چوارەمی سیاسی کەبانگەشەیە بۆ دۆخی بێتیۆری جیھانی و مافی چارەنووسی شارستانی و فەرھەنگەکان لە دیاریکردنی فۆرمی حوکمڕانی تایبەت بە خۆیان و گونجاو لەگەڵ کولتوور و واقیعی خۆیاندا.
٦- بانگەشەکردن بۆ ئامادەکردنەوەی ئایین کە لێرەدا مەسیحیەتی ئەرسەدۆکسییە بۆ مەیدانی سیاسی بەم جۆرەش کولتووری رووسی، ئەرسەدۆکسیەت و ئۆراسیاگەرایی ناسنامەی نوێی روسەکان پێکدەھێنن.
٧- دەرچوون ل ەدەوڵەتی نەتەوەییەوە بۆ دەوڵەتی شارستانی.
٨- گەڕانەوە بۆ قەیەسەرێتی وپادشایەتی دینی و گێڕانەوەی شکۆ و مەزنی ئیمپراتۆریەتی رووسی، لەڕێی دەرچوون لەژێر ھەژموونی خۆرئاوا و پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری رووسیاو ھوشیاربوون بە پەیامە شارستانییەکەی و بانگەشەکردن بۆ جیھانێکی فرە جەمسەری.
٩- رووسیا لەجیاتی گەلانی ئەوروپا و موسڵمانیش شەڕدەکات.
چونکە ئەوروپییەکان پاشکۆی ئەمەریکان و ئامانج ناڕۆشن و لاوازو راران.
نوێنەری دنیای ئیسلامیش توند ئاژۆیی و گرووپە تیرۆریستەکان بوون، بەڵام تێکشکان و لەئێستادا ئەم جیھانە بێ نوێنەرە؟
١٠- ئۆکرانیا ھیچ کام لە پێناسەی گەل و دەوڵەتی بەسەردا ناچەسپێت، کۆمۆنیستە سۆڤیەتییەکان بەھەڵە و بێبنەما ناوی کۆماریان لێنا، چونکە لەبنەرەتدا بەشێکە لە کولتوور و دەوڵەت و نەژادی رووسی و ناسنامەی گەورەی سلاڤی! لەئێستاشدا جگەلە بووکەڵەیەکی خۆرئاوا و مەڵبەندێکی نازیە نوێکان ھیچی ترنییە؟
ئەم چەند خاڵەی پێشەوە کۆمەڵێ بنەما و ھێڵی گشتیی ئەلەکسەندەر دۆگین ناسراو بە عەقڵی (پۆتین)نن. لە رووانگەی ئەوانیشەوە دەتوانین لەئاستێکیشدا بێت، رەھەندە فیکرییەکەی جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا تێبگەین.