د.نازەنین عوسمان
هەڵبژاردنەكانى سەرۆك كۆمارى فەرەنسا 2022
لە 10ی نيسان و 24ی نیسان هەڵبژاردنەكانى سەروك كۆمارى فەرەنسا بەڕێوە دەچێت بۆ ديار كردنى سەرۆك بۆ پێنج ساڵى داهاتوو. بۆ ئەم هەڵبژاردنە 12بەربژێر بەشدارە لە توندڕەوى راستڕەو و راست و ناوەڕاست و چەپ تا توندڕەوى چەپڕەو. هەر يەك لەو كانديدانە بە بەرنامەى جياواز هاتوونەتە پێش. لە خولى يەكەمدا هەر 12 بەربژێر بەشداردەبن و لە خولى دووەمدا دوو بەربژێر كە زۆرينەيان هێناوە دەكەونە كێبڕكێ.
سيستمى كۆمارى پێنجەمە لە فەرەنسا كە لە 1958 دامەزراوە و سيستمێكى نيمچە سەرۆكايەتيیە، سەرۆک و پەرلەمان بە شێوەی راستەو خۆ هەڵدەبژێردرێن. دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارە زۆرە، پارێزەری دەستورە و فەرماندەی گشتی سوپایە، سەرۆک وەزیران دادەنێ، سیاسەتی ولاتەکەی لە دەرەوە بەڕیوە دەبا و کاری دیبلۆماسی تەشریفاتی دەکا و واژۆ لەسەر رێککەوتنەکان و پەیمانە نێودەوڵەتیەکان دەکا، سەرۆک کۆمار دبێتە ئاوێنەی سیاسەتی وڵاتی فەرەنسا.
کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنە و بەرنامەی کاندیدەکان لە چەند خاڵێکی سەرەکی خۆی دەدۆزێتەوە بە تایبەتی لە توانای شتکڕین دایە، بە گشتی توانای خێزان بۆ شتکڕین کەمی کردوە و دوابەدوای کۆڤید 19 و شەڕی ئۆکرانیا، هەروەها کێشەی خزمەتگواریی تەندروستی، خوێندن و ئاسایش. مەترسی ئەم هەڵبژاردنە کە لە راپرسییەکان دەردەکەوێ کەمی بەشداربوونی دەنگدرەن.
كانديدەكان ئەمانەن
1- فليپ پوتۆ:
كرێكارە و بێدبلۆمە، بەربژێری پارتى (NAP) پارتى تازەى دژ بە سەرمايەدارى و بيرى ترۆتسكيە، لە هەڵبژاردنى ساڵى 2012 و 2017 بەشداری کردوو هەرجارەی تۆزێک لە 1%زیاتر دەنگى هێناوە، دژ بە سيستمى سەرمايەداريە و داواى دابەشكردنى سەرمایەکانیان دەكا بەسەر بێكاران. مافى دەنگدان بۆ هەموو كەسێك لەسەر خاكى فەرەنسا بێت داوای دابینکردنی مووچەی تایبەتی بۆ تەمەن 16 بۆ 25 ساڵی داوا دەکا کە لەنێوان ئەو دوو تەمەنە گەنج یارمەتی بژێوی ژیان وەرناگرن.
2- ناتالی ئارتۆد:
بەربژێری پارتی خەباتی کرێکاران، بەرنامەکەی تەسکە و تەنها باس لە خزمەتی کرێکاران دەکا و داوای شەفافیەتی بودجەی کۆمپانیاکان دەکا و بێکاری ناهێڵێ، ئەمە جاری دووەمیەتی خۆی دەپاڵێوری. ئەم پارتە لە دووجاری رابوردوو دەنگەکانی نەگەیاندوە بە ١٪.
3- فابیان رۆسێل:
بەربژێری پارتی کۆمەنیستی فەرەنسایە، بەرنامەکەی بۆ کەمکردنەوەی کاتی کارە بۆ 30 کاتژمێر لە حەفتەیەکدا و تەمەنی خانەنشین بۆ 60 ساڵ کەمبکرێتەوە.
لە دوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو زۆر لە کەمییاندا دوای ئەوەی لەنێوان سێیەم و چوارەم هێزی سیاسیی فەرەنسا بوون ئێستا کەمتر لە 4% ی دەنگدەران دەهێنن.
4- ئان ئیدالگۆ:
بەربژێری پارتی سۆشیالیستی فەرەنسییە. سەرۆکی شارەوانیی پاریسە، یەکەم جارە خۆی هەڵبژێری. هەندێ بڕیاری ژینگەپارێزی دەرکرد کە ناڕەزایی لێکەوتەوە بەتایبەتی بڕیاری کەمکردنەوەی خێرایی ئۆتۆمبێل لە نێو پاریس بۆ 30کم لە یەک کاتژمێر. پرۆگرامەکەی دەربارەی پەناهەندە داوا دەکا ئەو یاسایە بگۆڕدرێ و بڕیار بە پێی پێویست ئەو وڵاتەبێ، ئێستا پەناهەندە لە یەکەم وڵات دابەزێ دەبێ لەو وڵاتە داوای پەناهەندەیی بکا.
پارتی سۆشیالیست لە دوای سەرۆکایەتیی فرانسوا هۆڵەند زۆر بە باشی دا. لە هەڵبژاردنی 2017 نەیتوانی لە 1% دەنگ بهێنی و ئەو جارەش بەپێی راپرسییەکان نایگەینیتە5% ی دەنگەکان.
5- یەنیک ژادۆ:
جاری دووەمییەتی خۆی هەڵدەبژێری بۆ پارتی سەوزی ئەوروپی. پرۆگرامەکەی سۆشیالیستی و ژینگەییە و جگە لە داوا ژینگەیەکان داوای بەهێزکردنی سێکتەری خوێندن و تەندروستی دەکات.
6- جان لوك ميلەنشۆ:
تەمەنى 70 ساڵە وكۆنە ئەندام پەرلەمانى ئەوروپى و پەرلەمانى فەرنسى ووەزير و سيناتۆر وكۆنە سۆسيالسيت و سەرۆكى پارتى "فەرەنسای یاخی" یە و كانديد بۆ سەرۆكايەتیى فەرەنسا بۆ 2012 و 2017 و چوارەم دەنگ و سێیەم دەنگی هێنا لەو هەڵبژاردنانە. یەکێکە لە کاندیدە بەهێزاکانی ئەم جارە بەپێی راپرسییەکان سێیەم دەنگ دەبێت.
بەگشتى پرۆگرامەكەى لەخزمەتى چەپ و ژينگە و سۆشيال و بێگانەدايە. داوای ئاسانکردنی وەرگرتنی ڤیزە و شوناسنامەیە. دژی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیایە و دژ بە پۆتینە.
زۆر جەخت لەسەر دەنگدانی "پێویست" دەکات. فەرەنسییەکان زۆربەی کات دەنگ بۆ بەربژێرە بچووکەکان دەدەن لە خولی یەکەم تا بەڵانسێک راگرن لەنێو هێزە سیاسییەکان وە ئەمە زۆر جار مەترسی دەخاتە ئەنجامی کۆتایی، میلەنشۆ تا دەنگی چەپ پەرش و بڵاو نەبێت داوا دەکات لە خولی یەکەم یەکسەر دەنگ بۆ ئەو بدەن تا بگاتە خولی دووەم.
7- ڤالیری پێکرێس:
بەربژێری پارتی کۆمارییە. پارتە کۆنەکەی جاک شیراک، لە سەردەمی سارکۆزی زمان حاڵی حکومەت بوو وە وەزیر بوو ئێستا سەرۆکی شارەوانی ناوچەیەکی پارێزگای پاریسە. پارتەکەی راسترەوی ناوەڕاستە و سیکولارە و لەگەڵ ئەوروپای یەکگرتووە و دژی شەڕی ئۆکرانیایە. پارتەکەی دوای کۆماری پێنجەمی شارل دیگۆل لە زۆربەی هەڵبژاردنەکان یەکەم بووە و چەند جارێک دووەم بووە. لە هەڵبژاردنی 2017 بە پاشی داوە و ئیشتا چاوەڕوان دەکرێت لە 1%٠ دەنگ بهێنن.
7- نيكۆلا ديوپۆن ئەينان:
سەرۆكى "پارتى فەرەنسا بە پێوە"، كانديدى 2012 و 2017 بۆ سەرۆكايەتىی فرنسا بوو، لە خولی دووەم دەچێتە پاڵ ماری لۆپێن. داوادەکا فەرەنسا لە یەکێتیی ئەوروپا بێتە دەر و هاتن و مانەوەی بێگانە بە مەرج بێ. راپرسی2% ی دەنگی دەدا پێی.
9- جان لاسال:
بەربژێری "بزووتنەوەى بەرگرى" خۆى زياتر وەكو نوێنەرى دێهات و جوتياران دادەنێ و گرينگى بە بەرزكردنەوەى ئاستى شاروچكە دەدا. پەيوەندى باشى لەگەڵ بەشار ئەسەد هەيە لەدواى شەڕى سوريا چەند جارسەرى لێداوە. لە خولی دووەم دەنگی بۆ ڕاسترەوە. راپرسی ٢٪ی دەنگی دادپێی
١٠- مارين لۆپێن:
52 ساڵ تەمەنیەتی، لە 2011 سەرۆكى "بەرەى نيشتمانییە" پارتى توندڕەوى راستڕەوى فەرەنسى و پێش ماري باوكى سەرۆك و دامەزرێنەرى ئەو پارتە نەژاد پەرستەبووە. ئەندام پەرلەمانى ئەوروپا بووە. كانديد بوو لە هەڵبژاردنەكانى سەرۆكى فەرنسا بۆ 2012 و لەو دەنگدانە سێيەم بو، لە هەڵبژاردنی 2017 چووە خولى دووەم بەرانبەر بە ئیمانوێل ماکرۆن. لە راپرسییەکانی ئەم جارە دەچێتە خولی دووەم و جیاوازییەکی کەم هەیە لەنێوان ماکرۆن و ئەو وە ئەگەری بردنەوەی دەدەنێ.
لەم هەڵبژاردنە کەمتر باس لە بێگانە دەکا وداوا دەکا بە هەندێ مەرج بێگانە وەرگیرێ و زیاتر باس لە هەژاری و کەمبوونەوەی تواناکانی شتکڕین دەکا، کێشەی ئابووری و خراپی سێکتەری تەندروستی و قوتابخانە و ئاسایش دەکات.
11- ئیریک زەمور:
نوسەر و رۆژنامەنوس. خاوەنی چەندین خەڵاتە لە زمان و نووسین، بەرەچەڵ جوی جەزائیرە. راستڕەوی راستڕەوە. تاکو ئێستا ماری لوپێن بە ئەوپڕی راستڕەو دادەنرا، بەڵام ئێستا ئیریک زەمور لەو ڕاستڕەو ترە. سەرۆکی پارتی "بەدەستهێنانەوە"یە. کێشەکانی فەرەنسا هەمووی لە نێوچەوانی ئیسلام و بێگانە دەبینێ و داوا دەکات بە هیچ شێوەیەک بێگانە لە دەرەوەی ئەوروپا وەرنەگیرێ و گەر هەڵببژێردرێ لە ماوەی 5 ساڵی دەسەڵاتی یەک ملیۆن بێگانە دەردەکا.
لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردن چاوەڕوان دەکرا لەگەڵ ماکرۆن لە خولی دووەم بکەونە کێبڕکێ، بەڵام وردەوردە هەوادارانی کەمی کردوە بەپێی راپرسییەکان و 1% دەنگی دەدەنێ. جیاوازی لەگەڵ ماری لوپێن بۆ کێشەی بێگانە، لۆپێن بە فەرەنسیاکان دەڵێ کێشەی ئابووری ئێوە بەهۆی بێگانەیە و ئەوانن کاری ئێوە زەوت دەکەن و لەسەر باجی ئێوە دەژین و کێشەی ئیسلامی سیاسییە، هەرچی زەمور دەڵێ کێشەێ بێگانە لە فەرەنسا کێشەی کولتوورە و ئەوە بە پلانی بێگانە کراوە دژ بە هێزی وڵاتی فەرەنسا لەڕێگەی هاتنی بێگانەی دەرەوە و بەتایبەتی ئیسلام دەکرێت و ئەو کۆمپلۆیە دەمێکە و چەند لایەنێک کاری لەسەر دەکەن تا کولتوور و کۆمەڵگەی فەرەنسی هەڵوەشێننەوە.
12- ئيمانۆوێل ماكرۆن:
تەمەنى 44 ساڵە، سەرۆکی ئیستای فەرەنسایە و بۆ جاری دووەم بەربژێرە. بزووتنەوەکەی بە ناوى "بەرەو پێشەوە" رێكخراوەكەى بە نیمچە راسترەوی ليبريالی سۆشیالیست دادەندرێ. بەهۆی کاری ئێستای کەم بەدیار دەکەوێ لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەتایبەتی ئێستا سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەکا و هەوڵی راگرتنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەدا و بەردەوام لە گفتوگۆیە لەگەڵ پۆتین.
لەو پێنج ساڵەی لە دەسەڵات بوو نزیک نیوەی پرۆگرامەکەی جێبەجێ کرد. هەندێ کێشەی گەورەی بۆ دروست بوو وە بوون بەڕیگر لە جێبەجێکردنیان بەتایبەتی کێشەی هێلەگە زەردەکان و ناڕازی سەندیکاکان لەسەر خانەنشینی و لە هەمووی خراپ تر شەپۆڵەکانی کۆڤیدی 19. رۆڵی کارای گێڕاوە لە چارەسەرکردنی کێشە تایبەتییەکانی ناو یەکێتیی ئەوروپا، داکۆکی لە ناتۆ و ئەوروپای یەکگرتوو کردوە و هەوڵی داوە فەرەنسا ببێتەوە بە وڵاتێکی بەهێز لە ئەوروپا و لە نێونەتەوەیا و پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا بەتایبەتی دوای ترامپ بەهێز کردوە.
بەپێی راپرسیەکان دەنگی یەکەم دەهێنێ لە خولی یەکەم بەجیاوازی کەم لەپێش ماری لۆپێن و بۆ دەوری دووەم بە دەنگی سۆسیالیست و چەپ سەردەکەوێ.
ک. ر.