د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

قودس، چەقی ئایینە ئاسمانییەکان و ململانێکان

هیچ شارێک لە دنیادا هێندەی قودس کێشەکانی ئاڵۆز نییە. نیوەی دانیشتوانی جیهان بایەخ بە کێشەکانی ئەو شارە دەدەن. لە مێژوودا چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەر ناوەکەیدا هاتووە، ئێستا بە عەرەبی (قودس)ە و بە عیبری (ئۆرشەلیم)، کە بە مانای شوێنی ئاشتی دێت.

رووبەری شارە کۆنەکە، لە یەک کیلۆمەتر دووجا کەمترە. هەر سێ ئایینە ئاسمانییەکە بە موڵکی خۆیانی دەزانن. 44 جار دەسەڵاتی تێدا گۆڕاوە و دوو جاریش کاول کراوە. 
یەک کیلۆمەتر دووجا، پیرۆزە بۆ هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکان. خاکی پێغەمبەرانە، چونکە زۆرێک لە پێغەمبەران تێیدا ژیاون یان سەردانیان کردووە، وەکو: ئیبراهیم، لوگ، ئیسماعیل، ئیسحاق، یەعقوب، یوسف، داود، سولەیمان، ساڵح، زەکەریا، یەحیا، عیسا و محەمەد. رووبەری شوێنە پیرۆزەکانی، لە کیلۆمەترێک دووجا کەمترە و نەک هەر لە یەکەوە نزیکن، بەڵکو هەندێکیان لەسەر یەکترن. 

 گومەزی سەخرە، لەلایەن (عەبدولمەلیک بن مەروان)ەوە دروستکراوە، بەشێکە لە مزگەوتی ئەقسا و لەسەر چیای سەخرە بنیات نراوە. ئەو چیایە، جوو پێی دەڵێن "چیای مەریە"، یاخود "چیای نزرگە یاخود هەیکەل". ئەو چیایەیە کە پێغەمبەر سولەیمان هەزار ساڵ پێش زاین، نزرگەی جووەکانی لێ دروستکردووە و دەڵێن پاشماوەی ئەو نزرگەیە لەژێر مزگەوتی ئەقسادایە. 

مزگەوتی ئەقسا، رووگەی یەکەمی مسوڵمانان بووە و سێیەم مزگەوتی پیرۆزە لایان دوای مزگەوتی حەرام لە مەککە و مزگەوتی نەبەوی لە مەدینە. دیواری رۆژئاوای مزگەوتەکە، مسوڵمانەکان بە دیواری بوراق ناوی دەبەن؛ دەڵین لە شەوی ئیسرا و میعراج، پێغەمبەر بوراقەکەی بەو دیوارەوە بەستووەتەوە. هەر هەمان دیوار، جووەکان پێی دەڵێن دیواری گریان (مبکی). ئەم دیوارە لای جوو بەشێکە لە نزرگەکەی سولەیمان، کە ماوەتەوە دوای دوو جار رووخانی. نزرگەی سولەیمان، لە لای مەسیحییەکانیش پیرۆزە و دەڵێن کاتێک عیسا دەگەڕێتەوە، بۆ جاری سێیەم نزرگەی سولەیمان دروستدەکاتەوە.

کەنیسەی قیامە، یاخود کڵێسەی گۆڕی پیرۆز، ئەویش دەکەوێتە شارە کۆنەکەی قودس. ئەو کڵێسەیە، لەسەر ئەو گردە دروستکراوە کە عیسای لێ لە خاچ دراوە. لە هەموو کڵێسەکان پیرۆزترە و دوای ئەو ئینجا ڤاتیکانە. بە بڕوای مەسیحییەکان؛ عیسا لەو شوێنە شاردراوەتەوە پێش ئەوەی خودا هەڵیبکێشێتە سەرەوە.

مێژووی ئەو شارە، عەرەب بە شێوەیەک و جووش بە شێوەیەکی تر باسی دەکەن. 

جوو دەڵێن: مێژووی جوو بە مێژووی ئەو شارە دەستپێدەکات؛ کاتێک خوا فەرمانی بە پێغەمبەر ئیبراهیم کرد عیراق جێبهێڵێت و بچێتە خاکی کەنعان (فەلەستینی ئێستا)، لەوێ داوای لێکرد کوڕەکەی بکاتە قوربانیی (لای جوو ئیسحاق و لای مسوڵمانیش ئیسماعیلی دەکردە قوربانی). کاتێک ئیبراهیم ئامادە بوو فەرمانەکە جێبەجێ بکات، خوا پاداشتی دایەوە و جوو دەڵێن "خوا پێی وت نەوەکانت لە ئیسحاق هەتا ماون پیرۆزن." لای مسوڵمانیش باوەڕیان وایە نەوەکانی ئیسماعیل پیرۆزن کە محەمەد لە نەوەی ئەوە. 

عەرەب دەڵێن: راستە پێغەمبەر داود (لە ئایینی جوو بە پێغەمبەر دانەنراوە، بەڵکو وەک پاشا ناوی دەبرێت) پێش سێ هەزار ساڵ هاتووەتە فەلەستین، بەڵام پێش داود گەلی بۆسینی لێ بووە کە باپیرانی کەنعانییەکانن و کەنعانییەکانیش باپیرانی عەرەبن.

ئیسلام لە کاتی فەرمانڕەوایی خەلیفەی دووەم (عومەری کوڕی خەتاب)، چوونە ناو قودس. لەو کاتەوە ئیسلام حوکمی کردووە تا رووخانی عوسمانییەکان، ماوەیەکی کەم نەبێت لەژێر دەستی خاچپەرستەکاندا بووە. کاتێک میراتیی عوسمانییەکان دابەش دەکرێت؛ ئەو شارە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەوە.

لە ساڵی 1917، بەپێی پەیمانی بەلفۆر، بڕیار درا وڵاتێک بۆ جوولەکە لە فەلەستین دروستبکرێت؛ فەلەستین ببێتە دوو وڵات بۆ عەرەب و بۆ جوو. 

لە 1947 بە بڕیای نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 242، بەڕێوەبردنی شاری قودس شێوازێکی تایبەتی بۆ دانرا، کە سەر بە هیچ لایەنێک نەبێت، بەڵکو نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی بکات تا 10 ساڵ و لەدوای ئەو ماوەیەش ریفراندۆمێک بکرێت و دانیشتوانی ئەو شارە بڕیار بدەن بخرێنە سەر کام وڵات، یان هەر لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی بمێننەوە. ئەم ریفراندۆمە هەر نەکرا و دواڕۆژ و چارەنووسی ئەو شارە بەستراوەتەوە بە شەڕ و ململانێکانەوە.

لە شەڕی 1948، سوپای ئوردن کە باشترین سوپای عەرەبی بوو ئەوکات، بە یارمەتی سوپای عیراقی، توانییان بەشی رۆژهەڵاتی قودس داگیر بکەن بە پانتایی دوو کیلۆمەتر و ئیسرائیلیش بەشی رۆژئاوای داگیر کرد بە پانتایی 19 کیلۆمەتر. داگیرکارییەکەی ئوردن بۆ قودسی رۆژهەڵات، رێگەی خۆشکرد بۆ ئیسرائیل. تا ئەو کاتە ئیسرائیل نەیدەوێرا باسی قودس بکات یان بیکات بەشێک لە وڵاتەکەی، تا ئەو کاتە تەنها تەلئەبیب پایتەختی ئیسرائیل بوو. 

لە ساڵی 1950، بن گۆریۆن، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وتی "هەر دەبێت قودس ببێتە پایتەختی ئیسرائیل"، هەموو وەزارەتەکانی گواستەوە رۆژئاوای قودس، تەنها وەزارەتی بەرگری نەبێت لە تەلئەبیب هێشتییەوە. لە ئێستادا هەموو دەزگا حکومییەکان و باڵەخانە فەرمییەکان لە قودسن، هەروەها سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانیش لەوێن. 

شەڕی 1967 ئەنجامەکەی چاوەڕواننەکراو بوو، ئیسرائیل سەرکەوتنی زۆر گەورەی بەدەستهێنا و وڵاتە عەرەبییەکان زۆر خراپ شکان. دەرەنجامی ئەو شەڕە، گۆڕانکاری گەورەی لە چارەنووسی قودس دروستکرد.

ئیسرائیل هەموو قودسی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی گرت و جارێکی تر دوای هەزار ساڵ لە مێژووی قودس، کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی جوو. مۆشی دایان، نەیهێشت جووەکان بچنە نێو مزگەوتی ئەقسا، لەترسی ئەوەی شەڕەکە ببێتە شەڕی ئایینی.

دوای شەڕی 1967، هێزە سیاسییەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکارییان بەسەردا هات و هێزی ئایینیی سیاسیی گەشەی کرد چ لەنێو عەرەب و چ لەنێو جوو. 

قودس کەوتە ژێر دەستی ئیسرائیل، بەڵام مزگەوتی ئەقسا شێوازێکی تایبەت بۆ بەڕێوەبرنی دانرا و ئوردن کرا بە چاودێر لەسەر ئەو مزگەوتە و کاروبارەکانی لە ئەستۆی ئەودایە و سوپای ئیسرائیل بۆی نییە بچێتە ناویەوە.

لەوکاتەوە گۆڕانکاری لە ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەدا دەکرێت لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، ژمارەی جوو لە زیادبووندایە لەسەر حسابی عەرەب و مەسیحی. گەڕەکی تازە بۆ نیشتەجێکردنی جوو لە بەشی رۆژهەڵات دروستکراوە و لەم دوو سەدەیەی دوایی؛ دانیشتوانی جوو لە 100 هەزار بووە بە 300 هەزار لەو بەشەدا. 

لە کۆتایی 2018 دانیشتوانی قودس گەیشتووەتە 919400 کەس، 569400 کەسیان جوون و 349600 کەسیان عەرەبن. ژمارەی نیشتەجێی جوو زۆر زیاترن بە ژمارەی خێزان؛ بۆ هەر خێزانێکی جوو رێژەکە (3.4) کەسن و بۆ هەر خێزانێکی عەرەبیش (5.3) کەسن.

هەرچەندە دەسەڵاتی فەلەستینی، قودسی رۆژهەڵات بە پایتەختی خۆی دەزانێت و وڵاتانی وەک روسیا و چین و زۆر وڵاتی تریش دان بەوەدا دەنێن کە دەبێت ئەم بەشە لەژێر دەسەڵاتی فەلەستینیدا بێت، بەڵام لە شاری ئەبودیسی نزیک قودس، کە سەر بە قودس نییە، باڵەخانەی پەرلەمانی دروستکردووە.

لە رێککەوتنی ئۆسلۆی نێوان رێکخراوی فەتح (رێکخراوی ئازادکردنی فەلەستین) و ئیسرائیل لە 1993، دواڕۆژی قودس بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە بەبێ رێککەوتن و گفتوگۆ لەو بارەیەوە خراوەتە دوای رێککەوتنەکە. ئەم رێککەوتنە گورزی گەورەی لە داهاتووی قودس دا. 

لە ساڵی 1995 کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕیاریدا قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل بناسێنێ، لەو کاتەوە تا 2017 هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا نەیوێراوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، بەڵام ترەمپ دانی نا بە قودسدا وەک پایتەختی ئیسرائیل و لە مایسی 2018 باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە قودس کردەوە. ئەم بڕیارە، بوو بەهۆی ناڕەزایی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و رێکخراوەکانی ئیسلامی و جیهانی و وڵاتە ئەوروپییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی بەیاننامە دەربکات بەهۆی ناڕەزایی و ڤیتۆی ئەمەریکاوە.

ناکۆکی هەیە لە نێوان وڵاتان سەبارەت بە قودس، بەتایبەتی رۆژهەڵاتی قودس. رۆژئاوای قودس بەتەواوی بووە بە موڵكی ئیسرائیل و وڵاتان ئەم بەشە ناخەنە نێو کێشەی قودسەوە و ئامادەن دان بەو بەشەدا بنێن وەک پایتەختی ئیسرائیل. هەموو وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە ئەمەریکا، داوا دەکەن یاسایەکی تایبەت بۆ رۆژهەڵاتی قودس دابنرێت. 

جگە لە ئەمەریکا، هەموو باڵیۆزخانەکان لە تەلئەبیبن و ئەو یاسایە رەت دەکەنەوە کە لە کنێستی ئیسرائیل (پەرلەمانی ئیسرائیل) لە 1980 دەنگی لەسەر دراوە و هەمووی شاری قودس بە رۆژهەڵات و رۆژئاوایەوە بە پایتەخت داناوە.

پێشنیازی دەستەوارەی سەدە (صفقە العصر)ی ئەمەریکی بۆ چارەسەری ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، زیاتر پشتگیرییە بۆ ئیسرائیل و دەسەڵاتی خاوەنداریەتی زیاتری دەداتێ، ئەو مافانەش کە دەیدات بە فەلەستینییەکان، زیاتر بۆ ئازادیی ئایینی و کولتووری و ئابوورییە. 

گرفتەکانی پێکەوەژیان لە قودس بەردەوامە و هەر رۆژە کێشەیەکی تازە سەر هەڵدەدات. لەو چەند ساڵەی دوایی، کێشەی چەند خانوویەک لە نێوجەرگەی گەڕەکەکانی عەرەبنشینی رۆژهەڵاتی قودس سەریهەڵداوە. کێشەی نێو گەڕەکی شێخ جەڕاح و نێو گەڕەکی سەلوان؛ چەند خانوویەکن و ئیسرائیل داوای خاوەنداریەتییان دەکات. چەند جوولەکەیەک کاتی خۆی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو زەوییانەیان کڕیوە و تاپۆکانیان هەیە. فەلەستینییەکان کاتێک لەو شوێنانە نیشتەجێبوون، بەپێی رێککەوتنی ساڵی 1948 دەبوو ئوردن تاپۆی ئەو شوێنانە بدات بە فەلەستینییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیداونەتێ و ئیسرائیلیش تاپۆی کۆنی هێناوەتە دەر و تاوەکو ئێستاش لە دادگا ئەو کێشانە چارەسەر نەکراون. 

چارەسەری کێشەی فەلەستین؛ تا دێت لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەگۆڕێت، بەشێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی پەیوەندیی دۆستانە و گۆڕینەوەی باڵیۆزخانەیان کردووە لەگەڵ ئیسرائیل. 

دۆزی فەلەستینییەکان، لە چارەسەری خاکەوە بووە بە چارەسەری مرۆڤایەتی. 
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی داشکانی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل؛ دابەشبوونی سیاسیی نێو خودی حزبەکانی فەلەستینە،  فەلەستینییەکانی لاواز کردووە لە گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی مافەکانیان.

https://www.youtube.com/watch?v=mnJTFNW8LP8

خ.غ