د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

كێشە ناوخۆییەکانی میانمار، بێکۆتایین

میانمار یاخود بۆرما، هەردوو ناوەکە بۆ یەک وڵاتە و هەردوو ناوەکەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکار دێت. کۆماری یەکگرتووی میانمار، تا ساڵی 1989 بە بۆرما دەناسرا. دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا. لە باکووری رۆژئاوای بەنگلادیش و هیندە، چین لە باکووری رۆژهەڵاتی، لە رۆژهەڵاتی باشوور و باشووری لاوس و تایلاندە و لە رۆژئاواشی دەریاکانی بەنگال ‌و ئەندامانە. لە ٢٠٠٦ەوە نایپیداوە پایتەختە، کە پێش ئەوە یانگۆن بوو.
ژمارەی دانیشتونی 54 ملیۆنە، لە ئایینی جیاواز و رەگەزی جیاواز پێک هاتوون: 86،9% بوزین، 6،8٪ی عیسایین، 3،4% ئیسلامن و ئەوەی دیکەشی ئایینی جۆراوجۆرن.


بەشێوەیەکی فەرمی، دەسەڵاتی میانمار دانی بە 135 رەگەزی جیاواز داناوە، لەسەدا شەست و هەشتی لە رەگەزی بامار و لەسەدا نۆشی رەگەزی شانە و ئەوەی دیکەشی لە 132 رەگەزی جیاوازن. رەگەزی رۆهینگی، کە زۆربەیان ئیسلامن، لە هەرێمی ئاراکان دەژین، دانیان پێدا نەندراوە و بە خەڵکی میانمار دانەنراون. ئەو گەلانەی لە دوای 1823 چوونەتە بۆرما، بە خەڵکی رەسەنی بۆرمایی دانەنراون. رۆهینگییەکان، کاتی داگیرکاریی ئینگلیز هێنراونەتە بۆرما. رۆهینگییەکان کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەبن، لە دوای سەربەخۆیی بۆرما، کەوتوونەتە بەر هێرش و کۆمەڵکوژ کراون و دەربەدەری بەنگلادیش کراون. هەروەها خاوەنی ناسنامەی شارستانیی بۆرمایی نین و مافی خوێندنیان نییە و بەو کەسانە دەڵێن (بەبێ هیچ).

بۆرما، لە 1889 کەوتە ژێر دەستی ئینگلیز و کردی بە یەکێک لە هەرێمەکانی هیند. ئینگلیز هانی رۆهینگییەکانی دا کە لە بەنگلادیش (ئەو کاتە بەشێک بوو لە هیند) کۆچ بکەن بۆ بۆرما. خەڵکی بۆرما لایان ناخۆش بوو کە زەویوزاریان داگیر دەکرێ لەلایەن رۆهینگییەکانەوە. ئینگلیز ئەمەی بەمەبەست دەکرد، سیاسەتی (دوژمنەکانت پەرت پەرت بکە، ئاسانتر بەسەریاندا زاڵ دەبی) بەکاردەهێنا.

گەلی بۆرما، لە جەنگی جیهانیی یەکەم، پشتی ژاپۆنیان دەگرت، چونکە هەردوولا بە ئایین بوزی بوون، بەڵام رۆهینگییەکان پشتی ئینگلیزیان دەگرت. ئەم دابەشبوونە، ناکۆکییەکانی قووڵتر کردبووەوە و چەندین جار شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا دروستبوو.

بۆرما، تاکو ئێستاش نەچووەتە نێو هیچ شەڕێکی دەرەکی، بەڵام بەدرێژایی تەمەنی دوای سەربەخۆیی، ناکۆکی و شەڕ و پێکدادان هەبووە لەنێوان ئایین و رەگەزە جیاجیاکانی ناوخۆیدا.
بۆرما لە 1948 سەربەخۆیی وەرگرت، تا 1962 هێزە دیموکراسییە پەرتەوازەکان دەسەڵاتیان لەدەستدا بووە بە ناڕێکخراوی. لە 1962 کودەتای سەربازیی ئەنجامدرا و لەو کاتەوە سوپا بوو بە هێزی سەرەکیی دەسەڵات و هێزی ئابووریشی گرتەدەست. نزیکەی 70 ساڵە لە ‌دەسەڵاتدا بووە و جەمسەرە سەرەکییەکانی وڵاتی لەدەستە و حوکمی قەرەقوش دەکات.

لەژێر دەسەڵاتی سەربازیی لە 1962 تا 1988، زیاتر لە 10 هەزار کەس کوژراون و بە هەزاران کەس لەوانەی رووبەڕووی دەسەڵاتی سەربازیی بوونەتەوە؛ خراونەتە بەندیخانەکان. زیاتر لە 20 گرووپی چەکداریی هەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی سەربازی و زۆربەی کێشەکان بێ چارەسەر ماونەتەوە. هەر کەسێک دەسەڵاتی هەبێت لەنێو سوپا، دەبێ بوزی بێ و لە گەلی بامار بێ. ئیسلام ناتوانێت لەنێو سوپادا بێت. سوپاکەی لەلایەن چین و روس پشتگیری دەکرێن.

لە 1972 سوپا هەڵمەتی دراگۆنی پاشای دژ بە رۆهینگییەکان ئەنجامدا بەمەبەستی پاکتاوکردنیان. لەو هەڵمەتەدا 200 هەزار رۆهینگی بوونە پەنابەر لە بەنگلادیش. لە 1991 لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی گەلی جوان، 250 هەزار رۆهینگی هەڵاتن بەرەو بەنگلادیش.
لە 2012 لەدوای کوشتنی ژنێکی بوزی لەسەر دەستی رۆهینگییەک، هەڵمەتی لەناوبردنی رۆهینگییەکان دەستیپێکرد و ماڵوحاڵیان سووتاندن و 10 هەزار رۆهینگی دەربەدەر بوون.

دوای رووخانی سۆڤیەت، دەسەڵاتی میانمار، رێگەی دا هێزە دیموکراتییەکان پارت و هێز دروستبکەن پاش ئەوەی داواکارییەکی زۆر هەبوو بۆ دیموکراتیزەکردنی دەسەڵات. لەو کاتەدا (ئان سان سوچی) دەرکەوت.


سوچی، کچی سەربازێکی بۆرمایی بوو، بەشداریی سەربەخۆیی بۆرمای کردبوو و شەهید بووبوو. سوچی شووی بە ئینگلیزێک کردبوو، لە ئێستادا بێوەژنە و کوڕ و کچێکی هەیە و خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانی و بۆرمایین.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1990، سوچی سەرکردەی پارتی یەکگرتووی میللیی دیموکراتی، لەسەدا حەفتا و پێنجی دەنگی هێنا، بەڵام سوپا بەمە رازی نەبوو و دەستبەسەری کرد تا ساڵی 2015. لەو ماوەیەدا نزیکەی 10 ساڵی لە گرتن و دەستبەسەریی بەسەربرد بە کاتی جیاجیا. لە 1991 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ بەخشرا. لەو چەند ساڵەدا ناو و ناوبانگی زۆر دەرکرد و وەک نەوەی گاندی ناوی دەهێنرا و رۆژئاواییەکان بایەخی زۆریان پێدەدا.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015، سوچی زۆرینەی هێنا و حکومەتی دامەزراند، لەبەرئەوەی شووی بە بێگانە کردبوو، بەپێی دەستووری میانمار مافی ئەوەی نەبوو ببێ بە سەرۆک، هەر بۆیە بوو بە راوێژکار، کە ئەم پۆستە بۆ سوچی داتاشرا، ئەگەرنا هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پێ بەخشرا.

سوچی، دوای ئەو هەموو ساڵەی دژایەتی سوپای کردبوو، بۆی دەرکەوتبوو کە ناتوانێت بەرەنگاریان بێتەوە، بۆیە سیاسەتێکی میانڕەوی لەگەڵ بەکار دەهێنان و نەیدەویست بەرەنگاری بڕیارەکانی سوپا بێتەوە.

سوپا لە 2008 دەستووری تازەی داناوە و بەپێی ئەم دەستوورە؛ سوپا وەزارەتە ئەمنییەکانی (ناوخۆ، بەرگری، دەرەوە..) بۆ خۆی داناوە و لەسەدا بیست و پێنجی کورسی پەرلەمانیش بۆ خۆیەتی بەبێ مەرج و رێگری.

لەو شەڕانەی سوپا لەگەڵ رۆهینگییەکان دەیکرد، لەدوای ساڵی 2015وە سوچی لێیان بێدەنگ بووبوو و ئەمە بوو بەهۆی کەمکردنەوەی ناو و ناوبانگی لەنێو زۆربەی وڵاتانی دیموکراتخواز.

رۆهینگییەکان لە ساڵی 2016 هێزی بەرگریی چەکداریی رزگاریی رۆهینگییەکانیان دروستکرد. لە هێرشێکیاندا چەند پۆلیسێکیان کوشت. وەڵامدانەوەی دەسەڵات زۆر توند بوو، بۆمببارانی ناوچەی رۆهینگییەکانیان کرد و 210 گوندیان سووتاند و کوژراو و دەربەدەریی زۆری لێکەوتەوە. ئەمەش لەژێر دەسەڵاتی ئان سان سوچیدا بوو وە خۆی لێکەڕکردبوو.


لە تشرینی دووەمی 2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کرا و سوچی لەسەدا هەشتا و شەشی دەنگەکانی هێنا و خەریکی دانانی کابینەی تازە بوو. لە بەیانیی 1ی شوباتی 2021 سوپا کودەتای کرد و سوچی و وەزیرەکانی دەستبەسەر کرد و هێڵی ئینتەرنێتی بڕی و کۆبوونەوە لە شەش کەس زیاتر قەدەغە کرا. 

مین ئۆنگ هیلینگی سەرۆکی سوپا، سوچی و پارتەکەی تاوانبارکرد بە ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکەدا. هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەو تاوانەی رەتکردەوە، بەڵام سوپا حوکمی سەربازیی بۆ ساڵێک دانا و بڕیاری هەڵبژاردنی داوە دوای تێپەڕبوونی ئەو ساڵە. 

سوچی تاوانبارکراوە لەلایەن سوپاوە کە هەندێ ئامێری (هۆکی تۆکی) لەلا بووە بەبێ ئاگاداری سوپا، هەروەها بە ئاشکراکردنی هەندێ زانیاریی بۆ بەریتانییەکان.

هەوادارانی سوچی کەوتنە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە وڵاتدا و ژمارەیەکی زۆریان لێ بەندکراوە. بەپێی هەندێ زانیاری؛ 700 کوژراو هەیە. بەهەزاران پەنابەر رووی لە تایلەند و هیند کردووە. بەشێک لە لاوانی سەر بە پارتی یەکگرتووی میللیی دیموکراتی، بڕیاری بەرگریی چەکدارییان داوە و مەشق دەکەن. 

سوچی، پشتگیری بەشێک لە وڵاتانی دیموکراسیی لەدەستداوە بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی ناوخۆ؛ وەک کێشەی هەرێمەکانی شان و کاتشین، کە بە هەزاران کەس لەو دوو هەرێمە هەڵاتن بەرەو چین و پەنابەرن، هەروەها کێشەی رۆهینگییەکان و لەناوبردنیان و دانپێدانەنانیان وەک هاوڵاتیی میانمار. 

سوچی لە دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای، بەرگری لە سوپا کرد کاتێک لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا دەربارەی رۆهینگییەکان. هەروەها لە چەند چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا توندبووە بەرانبەر بە رۆهینگییەکان. شکستی هێناوە لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووریی وڵات و بەکارهێنانی دەسەڵاتی بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە و رێگری لە ئازادی رۆژنامەوانی کردووە. هەندێ لایەن داوایان کردووە کە خەڵاتی نۆبڵی لێ بسەێندرێتەوە. کەنەدا رەگەزنامەی فەخریی دابوو پێی، بەڵام بەهۆی گوێنەدانی بە جینۆسایدی رۆهینگییەکان، بە بڕیاری پەرلەمان، ئەو رەگەزنامەیەی لێسەندرایەوە.

تاکوو ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون، هەوڵ و تەقەللا لە زۆر لاوە دەدرێ. حکومەتێکی کاتیی دامەزراوە بەناوی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی هاوتەریب، لەلایەن دژە کودەتاکە لە هەندێ دیموکراتخواز و هەندێ لە ئەندامانی حکومەتەکەی پێشووی سوچی و خۆیان بە شەرعیی دەزانن، بەڵام ئەم حکومەتە دانی پێدا نەنراوە لە دەرەوە.

دوای کودەتاکەی سوپا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، جۆبایدن و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەڕەشەیان لە میانمار کردووە کە سزای تر بەسەریاندا بسەپێنن گەر بەردەوامبن لەو جۆرە حوکمکردنە. 

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کودەتایە بە ترسناک دادەنێ و پێیوایە رێگرە لە گەشەکردنی دیموکراتیەت لە میانمار و داوای ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان دەکات.

رێکخراوی کۆمەڵەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا کە لە 10 وڵات پێکهاتووە، لە دواکۆبوونەوەی؛ داوای راگرتنی توندوتیژی لە هەموو لایەنەکان کردووە تا ئاسانتر بگەن بە چارەسەر و ئازادکردنی هەموو گیراوەکان و رێگەدان بە شاندێک بۆ گفتوگۆ.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan