ڤینۆس فایەق

ڤینۆس فایەق

نەریتی نەریت قەرزکردن

لە ئاهەنگی زەماوەندی چینییەکاندا زاوا بووکێ دەکاتە کۆڵی و بە پێی پەتی بەسەر خەڵووزی داگیرساودا دەیگێڕێ، لە باوەڕیانەوە بەوەی ئازاری منداڵبوونی بوکەکە کەمدەکاتەوە.  لە ئیسپانیاش لە فێستیڤاڵی «کۆلاکۆ»دا کە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەوە دەگێڕدرێ، تیایدا منداڵە تازە لەدایکبووەکان لەسەر دۆشەکێک دادەنێن و چەند پیاوێک بە جلی زەرد و دەمامکی ترسناکەوە بازیان بەسەردا دەدەن، گوایە شەیتان لە منداڵەکان دووردەخاتەوە، دوای تەواوبوونی مەراسیمی بازدانەکە گوڵ بەسەر منداڵەکاندا ‌هەڵدەدرێ.

زۆرم وڵاتان و میللەتان بینیوە، هیچ میللەتێکم نەبینیوە نەریتی میللەتێکی تر قەرز بکات، یان لە بۆنەی میللەتێکی تردا ئاهەنگ بگێڕێت. هیچ ئەوروپیەک لە شەوی بەراتا مەراسیمی شەوی بەرات سازنادات و گۆرانیی «ئەم شەو شەوی بەراتە» لێنادات، بەڵام کوردم بینیوە هەرچی نەریتی ئەوروپی و تورک و فارس و وڵاتانی کەنداوە تێکەڵ بە کولتوورەکەی خۆی کردووە. لە رۆژی خۆشەویستیدا دار و بەرد بە رەنگی سوور سواغ دەدات و لە بۆنەی هەڵەویندا دەمامک لە بازاڕ دەبێتە قاتی، ماڵەکان بە جاڵجاڵۆکە و شەمشەمەکوێرە دەڕازێنرێنەوە و جلوبەرگی سەیر و سەمەرە لەبەر دەکەن و منداڵەکان دەنێرنە دەرەوە چوکلێت و نەستەلە لە ماڵان داواکەن. هیچ ئەوروپیەکم نەبینیوە سێ رۆژ و سێ شەو خەنەبەندان سازبدات وەک ئامادەسازییەک بۆ ئاهەنگی زەماوەند، بەڵام کوردم بینیوە لەسەر شێوازی تورک و خەلیجی ئاهەنگی زەماوەندی رێکخستوە و کە ئامادەبووم هەستم نەکردووە لە ئاهەنگێکی زەماوەندی کوردێکدام. زۆرم کورد لەبارەی هەندێ نەریتەوە دواندووە، یان بە سووک سەیریان کردووە یان بە خورافاتیان پێناسەکردووە. بەڵام قەرزکردنی نەریت بەلایانەوە زۆر ئاساییە.

ئێمە جگە لەوەی شتێکی ئەوتۆمان نییە ئەوانی تر لاسایی بکەنەوە و داگیرکەریش ئیشی لەسەر شێواندنی ئەوەی هەمانبووە کردووە، ئێستاش ئەوەی ماوە خۆمان بە نەریتە قەرزکراوەکان شێواندوومانە. نەریتەکانمان ئێستا تەنها لە کتێبە مێژووییەکان و رۆمانەکان و مۆزەخانەکاندا هەن.

لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەگەر پەیڕەوکردنی ئەم نەریتانە کەمیش بووبێتەوە، بەڵام نەریتی هیچ میللەتێکیان نەخستۆتەجێی. ئەڵمانییەکان ئێستاش لە ئاهەنگێکی ناڕەسمیی زەماوەنددا کەسوکاری بووک و زاو و هاوڕێکانیان کۆدەبنەوە لە رێوڕەسمی شکاندنی دەوری و فەخفوری و گوڵدانە خەزەفیەکان کە بووک و زاواکە دەیکەن و دواتر پێکەوە هەموو قاپ و فەخفورییە شکاوەکان کۆدەکەنەوە، گوایە بەختی باشیان بۆ دەهێنێت، لانیکەم وادەکات بەهای هاوکاری و ئیشی جیدی بزانن بۆ سەرخستنی ژیانی هاوسەریان.

لە تایلاند ساڵانە فێستیڤاڵێک سازدەکرێ تیایدا خوانێکی گەورە لەسەر شەرەفی مەیموونەکانی جۆری «ماکاو» سازدەکەن کە لە شارەکەیان دەژین، وەک سوپاسگوزارییەک بۆ بەختی باش کە مەیموونەکان دەیبەخشنە شارەکانیان.

ئێمەش نەریتێکی واشمان نەماوە بۆ خۆشیش پیادەی بکەین. خۆ ئێستا ئەوەندەی کورد لە خەمی بابانۆئێلدایە لە سەری ساڵەکاندا کەسایەتییەکی خەیاڵیە هەر بوونیشی نەبووە، هێندە ئەمەریکییەکان و ئەوروپیەکان خۆیان بۆ شپرزە نەکردووە. دواجار میللەتێک خەونی سەربەخۆیی ببینێت نابێت هیچ نەریتێکی هیچ میللەتێک قەرزبکات، ئەگەر کردی ئەوە سەرەتای توانەوەیەتی لە کەلتورەکانی تردا و باسی سەربەخۆیی بەتاڵە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan