عارف قوربانی
ئه‌وروپا له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌دایه
هه‌رچه‌نده هه‌موو ئایینه ئاسمانییه‌كان و له زۆربه‌ی ده‌ستووری وڵاتان و پرۆگرامی حیزبه سیاسییه‌كاندا زۆر گرنگی به یه‌كسانی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری ده‌درێت، به‌ڵام چه‌سپاندنی كارێكه له شێوه‌ی مه‌حاڵ. به‌شی زۆری كێشه و شه‌ڕ و ململانێ و ناكۆكییه ئایدۆلۆجی و سیاسییه‌كانی سه‌رده‌م به‌م دروشمانه ره‌ونه‌ق ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵام له هیچ كات و سه‌رده‌مێكیشدا نه‌توانراوه وه‌كو ئه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌كه‌ن، بیكه‌ن به كردار.
ئه‌گه‌ر نهشگهڕێینهوه بۆ قوڵایی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكارانه‌ی خه‌لافه‌ته‌كانی ئیسلامی و پڕوپاگه‌نده‌كانی ئیشتراكیه‌ت و یه‌كسانیی چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان، ئه‌و وڵاتانه بكه‌ین به نموونه كه ئێستا له‌سه‌ر ئاستی جیهان خۆیان وا وێنا ده‌كه‌ن کە زۆرترین پابهندێتییان به‌م بنه‌مایانه‌وه هه‌یه. نه‌ك هه‌ر له رابردووی دوور و نزیكیاندا، به‌ڵكو له‌و چركه‌ساتانه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی ره‌گه‌زی زۆرترین جیاكاری ده‌كه‌ن. ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا كه زۆرترین بانگه‌شه‌ی ئه‌و چه‌مكانه ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی له نێوخۆی وڵاته‌كانی خۆیاندا هه‌موو جیاوازییه‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی ئایینی و ره‌نگی پێست و شێوه و زمان تێپه‌ڕاندبێت، ئه‌م چه‌مكانه‌یان كردووه به پاساوی ده‌ستوه‌ردان له وڵاتانی دیكه و سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر به‌شێكی جیهانه‌وه، به‌ڵام سیاسه‌تی نێوخۆیی وڵاته‌كانیان شتێكی دیكه‌مان پێده‌ڵێت.
ئه‌مریكا سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر لاشه و خوێنی جینۆسایدی هندییه سووره‌كان دامه‌زراوه، تاوەکو نزیك به چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوویش ره‌شپێسته‌كان ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو له چێشتخانه و ئوتێل و له‌نێو پاس و شهمهندهفهریشدا دابنیشن. هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و تێكۆشان و قوربانییانه‌ی له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی ئه‌م جیاكارییانهدا دران، له‌دوای 11ی سێپته‌مبه‌ر به پاساوی شه‌ڕی تیرۆر و به‌جۆرێكی دیكه له نێوخۆی ئه‌مەریكا سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌رانبه‌ر به كۆمه‌ڵگەی ئیسلامی. زیندانه‌كانیان به ئێستاشه‌وه پڕن له‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌نها تاوانیان موسڵمانبوونیان بوو، له‌و كاته‌وه سه‌تان هه‌زار كه‌س له ئه‌مەریكا ده‌ركران و مافی مانه‌وه‌یان لێسه‌ندرایه‌وه. له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتیش ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و شه‌ڕ و ده‌ستوه‌ردانانه‌ی ده‌كرد كه به‌ناوی شه‌ڕی تیرۆره‌وه سه‌پاندبوویان، لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی تیرۆر و رووخاندنی ئه‌فغانستان و عیراق، ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له وڵاتانی دیكه‌ی وه‌كو سووریا و لیبیا و یه‌مه‌ن، به‌هۆیانه‌وه به ملیۆنان مرۆڤی بێ‌تاوان بوونه قوربانی. نه‌ك ره‌خساندنی ئازادی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی نه‌بوو، به‌ڵكو سته‌مكاری و نادادی و تاوان و كوشتن و پارچه‌پارچه‌بوونی كۆمه‌ڵگەكانی لێكهوتهوه، به‌جۆرێك كه تاوەکو 100 ساڵی دیكه‌ش چاوه‌ڕوان ناكرێت ئاسایی ببنه‌وه.
وڵاتانی ئه‌وروپایش به‌ده‌ر له‌وه‌ی له سه‌ده‌كانی نێوه‌ڕاسته‌وه تاوەکو كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی زۆرترین داگیركاری و سته‌میان به‌رانبه‌ر به ئایین و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ئه‌نجامداوه، له‌نێو خودی وڵاته‌كانی خۆشیاندا به قۆناخی زۆر خوێناوی یه‌كدی كوشتن و قبووڵنه‌كردنی جیاوازییه‌كاندا تێپه‌ڕیون. ئه‌وه‌ی له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردووش‌دا وه‌كو گه‌شه‌كردن و تێپه‌ڕاندنی جیاوازییه‌كان وێنایان ده‌كرد و تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌ك مۆدێلێكی جیاوازتریان په‌یڕه‌و ده‌كرد كه به‌هۆیه‌وه ببوونه ناوه‌ندی پێكه‌وه‌یی هه‌موو ره‌نگ و ئایین و زمانه‌كان، وێڕای ئه‌وه‌ی هێشتا به ته‌واوی نهتواندرابوو ئه‌م قبووڵكردنه له یاسا و رێساكان و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تییه‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ نێو كۆمه‌ڵگە و بكرێته كولتووری كۆمهڵگەكانیان، به‌ڵام ببوو به نموونه‌یه‌ك كه زۆر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی دونیا خه‌ونیان پێوه ببینن؛ به‌ڵام شه‌ڕی رووسیا و ئۆكراینا راستییه‌كی تاڵی ده‌رخست كه نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی هاووڵاتییه‌كانیان، به‌ڵكو له هه‌ناوی حكومه‌ته‌كانیان و ناوه‌نده ده‌ستووری و یاساییهكانیاندا ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی زۆرترین پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست وه‌كو مۆدێلێكی جیهانی ئه‌وروپا بكه‌نه نموونه بۆ وێناكردنی نه‌مانی هیچ جۆره جیاكارییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ئایین و ره‌نگی پێست. له جۆری مامه‌ڵه‌یان به‌رانبه‌ر به ئۆكراینییه‌كان ده‌ركه‌وت گیانی جیاكاری و نادادپه‌روه‌ری خۆی مه‌ڵاسداوه و بۆی هه‌یه له هه‌ر ساتێك‌دا وه‌كو رۆژگاره تاریكه‌كانی رابردوو زیندوو ببێته‌وه.
هه‌موو ئه‌و بڕیار و رێكارانه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و به جیاجیاش له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی وڵاته‌كانیان ده‌ریانكردووه بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاواره ئۆكراینییه‌كان، زۆر جیاوازن له‌وانه‌ی پێشووتر به‌رانبه‌ر به گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كردوویانه. ته‌نانه‌ت گه‌یشتووەته ئاستێك کە له هه‌ندێک ناوچه‌دا عێراقی و ئه‌فغانی و سووری و ئه‌فریقییه‌كان له شوێنه‌كانیان ده‌ركراون و خراونه‌ته‌وه كه‌مپه‌كان بۆئه‌وه‌ی ئۆكراینییه‌كان بخرێنه جێگەكانیان. ئه‌م جیاكارییه به ئه‌ندازه‌یه‌ك ره‌نگیداوه‌ته‌وه، له زۆرێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌كو تیكتۆك و فه‌یسبووك و تویته‌ر و تۆڕه‌كانی دیكه‌دا له‌سه‌ر ئاستی جیهان باس بكرێت. كاریكاتێر و مه‌نه‌لۆج له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازیكردنه دروستده‌كرێن كه ته‌نانه‌ت سه‌گ و پشیله‌ی ئۆكراینییه‌كان مامه‌ڵه‌یه‌كی باشتریان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت وه‌كو له هه‌ندێک له میلله‌تانی دیكه. ئه‌وه‌ی ئێستا به‌سه‌ر ئۆكراینییهكاندا دێت، له‌وه خراپتر رووبه‌ڕووی سووری و ئه‌فغانی و عێراقی و یه‌مه‌نی و لیبیاییهكاندا هات، ئێستاش هه‌زاران خێزانی سووری هه‌ن له وڵاتانی ئه‌وروپا دوای چه‌ندین ساڵ هێشتا مافی مانه‌وه‌یان پێنه‌دراوه، به‌ڵام ئۆكراینییه‌كان هه‌ر له نووسینگه‌ی پێشوازیكردنی سه‌ره‌تایی مافی سێ ساڵ مانه‌وه‌یان ده‌درێتێ.
خه‌ڵكێكی زۆر ئه‌م جیاوازییه نابهستنهوە بە دوور و نزیكیی شوێنی رووداوه‌کە، كه ئۆكراینا نزیكترین ده‌روازه‌ی جه‌سته‌ی ئه‌وروپایه، یاخود پێیانوانییه له‌به‌ر ئه‌وه بێت كه ئه‌مڕۆ ئامرازه‌كانی گه‌یاندن زۆر خێران و چركه به چركه دیمه‌نه‌كانی شه‌ڕ و كاولكاری و ده‌ربه‌ده‌ربوونی ئۆكراینییه‌كان ده‌خه‌نه پێشچاو و به‌و هۆیه‌وه ئه‌وروپا مامه‌ڵه‌ی جیاواز بێت. به‌ڵكو پێیانوایه ئه‌وه جیاكارییه له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌نگی چاو، پرچ و پێست، ئۆكراینییه‌كان چاویان شین و پرچیان زه‌رد و ره‌نگیان سپییه، بۆیه به چاوێكی جیاوازتر مامه‌ڵه ده‌كرێن.
ئێستاش هه‌زاران كه‌س له كورد و عه‌ره‌ب و ئێرانی و ئه‌فغانی و ئه‌فریقی له دارستانه‌كانی بیلاڕووس و سه‌ر سنووره‌كانی ئۆكراینان، به‌ڵام ئه‌وروپا ده‌رگایان به‌ڕوودا ناكاته‌وه، كه ره‌نگه چاره‌نووسێكی خراپتر له‌پێشیان بێت وه‌كو له‌وانه‌ی له ئۆكراینا هه‌ڵدێن. ئه‌م رووداوانه وڵاتانی ئه‌وروپای خستووەته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌وه، زۆرێك وه‌كو مه‌ترسی و گه‌شه‌كردنی بیری جیاكاری لێی ده‌ڕوانن، پێیانوایه جیاوازیكردنه له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌نگی پێست و جیاكاریی بیروباوه‌ڕی ئایینی، كه ئه‌مه‌ش ئه‌وروپا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێكی تاریكی.
ک. ر.
ک. ر.