کاروان رەسوڵ

کاروان رەسوڵ

پەروەردە زەلیل دەکرێت

سیستمی بوونیادنانی تواناكان، سیستمێکی ئەسڵ بەریتانییە كە لەڕێگەی ستانداردەكانی هەڵسەنگاندن بۆ ناوەندەكانی خوێندن، کاراکردنی کاری سەرپەرشتیاری لەژێر ناوی (هاوڕێی رەخنەگر)، توانادارکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرەکان و ئیدارەی خوێندنگە و قوتابخانەکان ئەنجامدەدات لەڕێگەی دروستکردنی لیژنەیەک لەناو خوێندنگە و قوتابخانەکان بەناوی لیژنەی کوالێتی و پەرەپێدان، مەبەستیش لە پرۆژەی بوونیادنانی تواناکان، بەرزکردنەوەی کوالێتی پەروەردە، فێرکردن و پێگەیاندنی تاکی پەروەردەکراو،  زانستدار، متمانەبەخۆبوون، بوێر و داهێنەر.

ئایا ئەم سیستمە تاکی خوێندکار و قوتابی چۆن پەروەردە و فێردەکات؟
لە ناوەندی کارکردنی لەم سیستمەدا ئەوەی خوێندنەوەم بۆ کردووە لەڕێگەی 25 ستانداردەکەیەوە دەمەوێت, وەڵام بۆ ئەم پرسیارە بخەمەڕوو، سیستمەکە کامل و کامڵە ئەوە بە سلبی دەبینرێت لەم سیستمدا نەبوونی کادر و کارمەندی راهێندرا و فێرکراوە لەناو ناوەندەکانی خوێندن و تەواو رانەهێندراوی سەرپەرشتیارە کە لەلایەک لوتکە و لەلایەکی دیکەوە بناغەیە، نەشتوانراوە بەشێوە گشتییەکەی بگەیەندرێت بە خوێندکار و قوتابی ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ رانەهێندراوی مامۆستایان و ئیدارەی خوێندنگەکان و راهاتوویان لەسەر سیستمی کۆنی پێشوو کە من وای دەبینم بەرهەمی سیستمە کۆنەکە زیاتر بوو لە چاو ئەم سیستمە نوێیە، لەلایەکی دیکەوە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چاودێری ورد لەسەر ئەم سیستمە و ئیهمالی هاوڕێی رەخنەگر و کە لە تەواوی ساڵەکەدا دووجار یان سێ جار سەردانی خوێندنگەکان دەکات کە خۆشیان وێڵ بەدوای فێربوونی ئەم سیستمە و بگرە هەندێکیشیان نایەنەوێت فێربن، ئەمەش هیچ کاریگەری و گۆڕانکاری دروستناکات، دەبوو کۆمەڵک گەنجی ئاستبەرز، زمانزان و بەگوڕوتین بهێندرایەتە پێشەوە.

ئیدارەی خوێندنگە و قوتابخانەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم سیستمەدا دەکەن؟

بەشێکی زۆری ئیدارەی خوێندنگە و قوتابخانەکان لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنەوە یان رێککەوتن لەگەڵ لیژنە و هاوڕێی رەخنەگر وەڵامی پەروەردەکان دەدەنەوە ئەمەش غەدرێکی زۆرە لە خۆیان و قوڕبەسەری بۆ داهاتووی خوێندکار و قوتابی دەچێنن، ئیدارەی بەشێکی زۆری خوێندنگە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاتنی لیژنەکە چی دەکەن؟ وەڵام: شۆردنی خوێندنگەکان، ئامادەکردنی وانەی نموونەیی، ئامادەکردنی تیانووسی پلاندانان، هەڵواسینی پۆستەرات، ئەنجامدانی سمینار و راپۆرت، دانانی کەلوپەلی پاکرەوە، سەوزکردن، بۆیاغکردن، رێککەوتن لەگەڵ خوێندکار، گۆڕینی خشتەی وانەی رۆژانەی وانەکان...، بەڕێوەبەرەکان لەم دیزە بەدەرخۆنەیەدا پشکی شێریان برەدەکەوێت ئەوەش لەپێناو مانەوەی لەسەر کورسییەکەی، لەدوای رۆشتنی لیژنەی دەرەکی کوالێتی و پەرەپێدان خوێندنگەکان دەچنەوە سەر ئەسڵی کۆنی خۆیان و بێمنەتی بەرانبەر خوێندکار... ئەمانە ئەو قوڕبەسەریانەن کە ئیدارەکان تووشی خوێندکاری دەکەن و داهاتوویان بەرەو هەڵدێر دەبەن، دەتوانم بڵێم ئەو سێ رۆژەی لیژنەی دەرەکی دێت بۆ خوێندنگەکان سیستمی خوێندن تەواو بەریتانییە و ناوەندەکانی خوێندن وەک ئاشێکی ئاو لێبڕاون...

تاکی خوێندکار و قوتابی بەرەو نەخوێندەواری دەچێت؟

لەڕووی فێرکردنەوە ساڵ لەدوای ساڵ و رۆژ لەدوای رۆژ ئاستی زانستی خوێندکار بەرەو لاوازی دەچێت، بەراورد بە ساڵەکانی پێشووتر، دەڵێم خۆزگەم بە پارساڵ، خوێندکار زیاتر بێ ئومێد دەکرێت رێژەی وازهێنان لە خوێندن زیاتر دەبێت، لەڕووی پەروەردەکردنەوە خوێندنگەکان ئەو کاریگەرییانەی نییە لەسەر خوێندکار ئەویش چەند هۆکارێکی هەیە،
 یەکەم: گوێنەدانی مامۆستیان بە پەروەردەکردن، تەنها گرنگی بە فێرکردن دەدەن.
 دووەم: خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا.
 سێیەم: تێڕوانینی خوێندکار بۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و گوێپێنەدانی دەسەڵات بە چینی خوێندکار.
 چوارەم: نەبوونی پەروەردەی خێزانی.

لەگەڵ ئەمانەشدا لەڕێگەی ئەم سیستمەوە لیژنەکانی دەرەکەی نەیانتوانیوە و ناشتوانن خوێندنگەیەک سزا بدرێت یان کەسانی ناو ئیدارەکان لاببردرێت لەبەر هێنانی کۆنمرەی نزم و لاواز لە هەڵسەنگاندندا دڵنیاشم ئەندامی کۆمیتەیەک و ناوچەیەک یاری بە دانانی بەڕێوەبەر و یاریدەدە و گواستنەوەی مامۆستایانەوە دەکەن، دەتوانم بڵیم دەرئەنجامەکان و هەڵسەنگاندنەکان بە چاوێکی سووک سەیردەکرێت و هیچ مامۆستایەک سزای تیایدا نابینێت و بەشێکیش پاڵپشتی حزب بە هەموو شتێک دەبینێت بێمنەتە لە بەرانبەر هەرچەند ئەو نمرەی دەهێنێت لە هەڵسەنگاندن. لە هەمانکاتدا ناتواندرێت خەڵاتی زۆرباش و ئاستبەرزەکان بکرێت و تەڕ و وشک پیکەوە دەسوتێت، بەھۆی ئەم سیستمەوە  گیانی ھاوکاریکردن و کارکردن بە کۆمەڵ و ھەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی بەرجەستە هیچ زیادی نەکردووە. بۆیە داهاتووی نەوەکانمان گەش نییە، ئەمانەش هۆکار بۆ دەرچوویەکی نەخوێندەوار.

چارەسەرەکان چین؟

یەکەم: چاودێریکردنی وردی خوێندنگەکان لەلایەن پەروەردەکانەوە.

دووەم: ئامادەکردنی کادری راهێندراو بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن.

سێیەم: مانەوەی هاوڕێی رەخنەگر رۆژانە لە خوێندنگەکان.

چوارەم: وتنەوەی وانە بەشێوازی نوێی سەردەمیانە.

پێنجەم: تەرخانکردنی چەند خولەکی یەکەمی وانەکان بۆ پەروەردەکردن.

شەشەم: هاتنی لیژنەی کوالێتی و پەرەپێدانی دەرەکی هەردوو وەرزی خوێندن بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان لە چەند کاتێکی جیاواز بەبێ ئاگادارکردنەوە.

حەوتەم: سنووردارکرنی بەکارهێنانی چوونە ناو سۆشیاڵ میدیا بۆ خوێندکار.

هەشتەم: پڕکردنەوەی پسپۆڕییەکان لە ناوەندەکانی خوێندندا.

نۆیەم: دانانی پلانی رۆژانە بۆ ئیدارە و مامۆستایان.

دەیەم: بەشداریپێکردنی دایبابان لە ناوەندەکانی خوێندن لەڕێگەی پێدانی رێنمایی و گوێگرتن لێیان.

یازدەیەم: سزا و پاداشتی مادی و مەعنەوی هەبێت لە ناوەندەکانی خوێندندا بۆ مامۆستا و خوێندکار.

دوازدەیەم: زیادکردنی وانەی پەروەردەکانی خۆشەویستی و رێزگرتنی خێزان، نیشتمان، ژینگەپارێزی، مامەڵەکردن.

سیازدە: فراوانکردنی کاری رێنماییکار، پێدانی دەسەڵات و رۆڵی زیاتر بۆ گێڕانەوەی خوێندکار بۆ سەر کاری ئەساسی خۆی.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan