کاروان رەسوڵ

کاروان رەسوڵ

میدیا و هەواڵە هەڵخەڵەتێنەرەکان

هەمووان دەتوانین بگەین بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هەواڵ لەڕێگەی سوشیاڵ میدیاوە، بێگومان سەرچاوەکان زۆرن، بەڵام ئێمەی خوێنەر، بیسەر و بینەر چۆن سەرچاوەیەکی درووست بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بە راستی و دروستیی هەواڵ؟ چۆن ئامانجی کۆمەڵێک دامەزراوەی میدیایی بزانین؟ چۆن بزانین ئەم هەواڵە بەهای هەیە یان نا؟ چۆن تێبگەین کام دامەزراوەی میدیایی بەدوای راستییەوەیە  بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە خوێنەرانی؟

هەواڵ بووە بە هەناسە و خۆراکمان، منیش ماندووم بۆ ئەوەی چۆن میدیای دڵخوازی خۆم بدۆزمەوە و هەواڵی لێ وەربگرم، لەوە دەچێت وەڵامدانەوەی ئەم چەند پرسیارە ئاسان نەبێت، بەڵام ناچارم کۆمەڵێک سەرنجی خۆمی لەبارەوە بخەمەڕوو.

هەواڵ یەكێك لە ژانرە هەرە گرنگ، بنەڕەتی و سەرەكییەكانی میدیا و بواری رۆژنامەنووسییە، پێویستە ئەمانەت و راستگۆیی تێدا بێت و رەچاوی بابەتیبوون بکرێت، پێناسەی زۆر بۆ هەواڵ کراوە لێرەدا نامەوێت باسی بکەم و زیاتر روونی بکەمەوە، دەمەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە.

بەشێک لە کێشەکانی میدیایی کوردی 

هەڵەچنی و خاڵبەندی
پێش وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەبێت ئەوە بزانین هەندێک لەو میدیایانە کە ئێستا لە سۆشیاڵ میدیادا هەواڵ بڵاودەکەنەوە و خۆیان وەک میدیا و دامەزراوەی هەواڵی دەناسێنن، بەشێکی زۆریان زانیارییەکانیان کرچوکاڵن لەڕووی داڕشتن، زمانەوانی و خاڵبەندییەوە و هێشتا لە سەرەتاشدا نین و ئەلف و بێی بابەتەکە نازانن، کوردەواری پێیان دەڵێن فەریک.
 
کردنەوەی لینک و وەرە کۆمێنت
هەندێکی دیکەیان بە خوێندنەوەی سیجییەکەیان تووشی دڵەڕاوکی دەبیت و دەیەوێت بە زۆری زۆرداری راتبکێشێت بۆ کردنەوەی وێبسایت، کردنەوەی لینک و گرێدان بە تێلیگرامەوە یاخود راتدەکێشن بۆ کۆمێنت و لەلایەکی دیکەوە داوا دەکەن چەند کۆمێنتێک بنووسیت بۆ ئەوەی زانیارییەکت پێبگات، بە راستی ئەمانە ژینگەی میدیاییان پیس کردووە، دەبێت خوێنەر سزایان بدات و ئەنلایکیان بکەن.

کۆکردنەوەی لایک
 بەشێکی دیکە لەو بەناو میدیایانە کە خۆیان سەیری ئەرشیفی رۆژەکە دەکەنەوە، تەنها سەیری ئەوە دەکەن چەند بینەری هەبووە یان چەند لایک و کۆمێنتی بۆ هاتووە و تەنها ئەوە بەگرنگ وەردەگرن نەک هەواڵێکی تەندروست و پڕاوپڕ لە راستی، واتە ئەوەندی بەدوای کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنتن هیچ مەبەست و ئامانجێکی دیکەیان نییە و بەتەواوەتی خۆیان لە ئەسڵی بابەتەکە و پیشەبوونی خۆیان دوورخستووەتەوە.

جیاوازیی ناو و ناوەڕۆک
کێشەیەکی دیکە کە خوێنەریان تووشی دڵەڕاوکێ کردووە جیاوازیی ناونیشان و ناوەڕۆکە، زانیارییەکان پێچەوانەن و ناونیشانی ساختە دادەنێن و وشەی زەبەلاح. یاخود لە لیدەكەدا پوختەی گرنگی بابەتەکە بڵاونابێتەوە، وەرگر ماندوو و توڕەدەكەن.

 کۆپیی هەواڵ
کۆپیی پەیستی هەواڵ و زانیاری، ئەگەر کەمێک سەرنج بدەین هەواڵێک لە چەند میدیایەک بەهەمان داڕشتنەوە بڵاودەکرێتەوە، هەواڵسازەکە وای لێهاتووە بووەتە مشەخۆر و گوێزەرەوە، هەرگیز ناچێت بەدوای راستی و دروستی بابەتەکە بکەوێت و کۆپی دەکات وەک خۆی دایدەنێتەوە بەبێ ماندووبوون، ئەمە کاری بەشێکی زۆر لە میدیاکانن، لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە لە چەند شوێنێک وەک خۆی، بەدبەختی و نائومێدی دەمێنێتەوە و رۆژانە ناخمان تیرۆر دەکەن.

سیاسەتی نووسین
نووسینی یەک وشە لە یەک هەواڵدا بەدوو شێواز دەنووسرێت، بە نموونە ئەوەندەی من سەرنجمدا وەک وشەی کۆمسیۆن لە بەشێکی دیکەدا بە کۆمیسۆن نووسراوە، رۆژانە هەزاران وشە بەم شێوازە دووبارە دەبێتەوە، بەشێک لەو میدیایانە سیاسەتی نووسینیان نییە و هەر رۆژە و بەئاراستە و شێوەیەک دەنووسن و هیچ رەگەزێکی هەواڵ نابینرێت لەم جۆرە میدیایانە.

 نەبوونی ئامانج
 هەندێک میدیا بەئاشکرا پێیانەوە دیارە کە هەر رۆژە و روو لەلایەکن و بەئاراستەیەک کاردەکەن، هەندێک کار و سیاسەتی ئەمڕۆیان پێچەوانەی دوێنێیە، رۆژێک ئەم کۆمپانیایە و رۆژێک لەو حزبەن واتە کێ و چ لایەنێک پارەیان تێبکەن بەو ئاراستەیە ئیش دەکەن بەناوی ریکلام و دەیان بیانووی دیکەوە وەریدەگرن کە لە ئەسڵدا وانییە بۆ ئاراستەی دیکەیە.

هەواڵسازی بێئەزموون
نەبوونی رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ، كێشەی پیشەیی، یاسایی و چەندین کێشەی دیکە دروستدەكات. چۆن دەكرێت رووداوەكە بەشێوەیەكی بابەتیانە رووماڵ بكات کە ناتوانێت بیکات، لە غیابی رۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵدا ‌و پشتبەستن بە رۆژنامەنووسی پێنەگەیشتوو ئەو هەواڵەی دەینووسێت بەها و نرخی نییە و خوێنەر تێرناکات و ژینگەکەش پیس دەکات، ئەویش بەهۆی خێرایی ‌و كەمی تێچوون بە ئارەزووی خۆی هەواڵێک ئامادەدەکات هەرچۆن بیەوێت ئەوە دەکات.

رکابەری نادروست
رکابەری نادروست و ململانێی ناشەریفانە و تێپەڕاندنی میدیا هاوشانەکانیان ئەوەندەی ئەوەیان مەبەستە هیچی دیکەیان مەبەست نییە، دەیەوێت بزانێت چەند لایک زیاتری هەیە لە میدیا بەرانبەری کە خۆی بە رکابەری دەزانێت.

وێنە و رووخساری جوان
هەڵبژاردنی وێنەی کەم بەها، ئەوەش نەخۆشییەکی دیکەیە بەرۆکی میدیای ئێمەی گرتووەتەوە کە بێ گونجاندن لەگەڵ ناوەڕۆک و جیاوازیی ناونیشاندا وێنە دادەنێت، لە هەندێک میدیاوە گرنگیدان بە رووخساری جوان بەتایبەت لە رەگەزی مێ کە ئەویش میدیاکە بۆ تەرویجدانی هەواڵەکەیەتێ، بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی دیکە و دەیهێنێتە سەر شاشە و یاخود مایکێکی دەداتە دەست بە ئارەزووی خۆی لایڤ دەکاتەوە.

ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی بتوانین تێبگەین کام زانیارییە دروستە و کام سەرچاوەیە بۆ وەرگرتنی هەواڵ گونجاوە.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan