کاروان رەسوڵ

کاروان رەسوڵ

پیربوونی وەزارەتی پەروەردە

دیارە پیربوون لای هەندێکمان بەمانای هەڵنەسانەوە و گەنج نەبوونەوە دێت، بەڵام پیربوون پڕیەتێ لە هیوا، حەز، ئارەزوو و چاوەڕوانی شتی جوان، بەڵام دوای بێئومێدبوونمان لەم ئەنجامانەی کۆتایی وەرزی یەکەمی خوێندنی ئەم ساڵی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) قوتابییان، وامان لێهاتووە بە وەزارەتی پەروەردە بڵێن وەک پیرێک وایە گەنجبوونەوە و گەڕانەوەی تەمەنی  ئەستەمە.

هەوڵەکان بۆ باشترکردنی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی خوێندکار بەردەوامە و هەر رۆژە و گۆڕانکارییەکی نوێ دێتە پێشەوە، لە دانانی سیستمی بریتیش کاونسڵ یاخود دانانی سەرپەرشتیاری رەخنەگر، سەرپەرشتیاری راهێنەر، رێککردنەوەی دەوامی مامۆستایان، دانانی وانەبێژ، گۆڕینی سیستمەکە بۆ ئەلکترۆنی (ئی پەروەردە)، پەیڕەوکردنی سیستمی بنیاتنانی تواناکان و دانانی ساڵنامەی خوێندن و کات گۆڕینی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکان، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە دڵسۆزیی مامۆستایان، هەوڵ و ماندووبوونیان لەگەڵ خوێندکاران کەچی ئەم هەموو هەوڵ و ماندووبوونە بەری رەنجەکەی وانییە جێگەی دڵخۆشی بێت هەموویان برینەکە ساڕێژ ناکەن ئەنجامەکان دادەبەزن، من خۆم لەناوەندە پەروەردییەکان کاردەکەم بەچاوی خۆم دەیبینم ئاستی زانستی لەچاو ساڵانی دیکە دادەبەزێت و دڵنیام ئەوەی لای من دەبینرێت لای تۆی مامۆستاش وایە باشتر نییە ئەگەر خراپتر نەبێت.

دەمەوێت کۆمەڵێک هەنگاو بخەمە ڕوو کە دەستخستنەسەر برینەکە بێت رێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە:

یەکەم: سوشیاڵ میدیا و بەپاڵەوانکردنی تاک
 کاریگەریی سوشیاڵ میدیا لەسەر فێرخوازن، کۆمەڵێک کەس دەکەن بە پاڵەوان و خاوەن سەرمایە کە هەرگیز بە  رێڕەوی پەروەردەدا نەڕۆیشتوون ئەمەش وا لە فێرخواز  دەکات هیوای بە خوێندن نەمێنێت بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و بوون بەخاوەن بڕوانامە، ئەمەش دۆخێکی نا جیگیریی دەروونی و ناتەندروستی دروست دەکەن کە خوێندکاران پشت لە خوێندن بکەن و خولیا و حەزیان بۆ خوێندن نەمێنێت.

دووەم: زۆری بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە
زۆری بڕیارەکانی پەروەردە و گۆڕانکارییە یەک لەدوای یەکەکانی پەروەردە لە داواکردنی زانیاری و کۆمەڵێک داتا لە کارگێڕی خوێندنگەکان و مامۆستایان و درووستکردنی لیژنەی ناو خوێندنگەکان و سەرقاڵکردنیان بە کۆمەڵێک شتی رۆتینەوە کە ئەسڵەکە پەروەردە و فیرکرنە نەپرژێنە سەری یاخود سووربوون لەسەر کۆمەڵێک شت کە هەرگیز رۆژێک لە رۆژان گرنگی بۆ قوتابی و مامۆستا و بەرەو پێشچوونیان نییە.

 سێیەم: بێمنەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەوەی زیاتر فێرخوازی بێهیواکردووە بێمنەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەئاست ئەو هەموو خاوەن بڕوانامە و دەرچووی زانکۆیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەدەر لە گوێلێنەگرتن، دانەمەزراندنیان، نەدۆزینەوەی هەلی کار و گرنگی نەدان بە کەرتی تایبەت ئەمەش وای لە فێرخواز کردووە ساردببێتەوە بۆچوونی ئەوەی بۆ درووست نەبێت کە بڕوانامەکەی لە کۆتاییدا سەرچاوەی بژێوی ژیانێتێ.

چوارەم: وشیارکردنەوەی دایبابان
دەبێت وەزارەتی پەروەردە پلانی وشیارکردنەوەی هەبێت بۆ دایبابان، چونکە ئەو منداڵە ٢٠ کاژێر لای ئەوە، چۆن فێری بکات و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، زۆربەی دایبابان کە منداڵەکەی دەنێرێتە بەر خوێندن ئیتر گوێی پێنادات پەروەردە و خوێندنەکەی دەخاتە ئەستۆی مامۆستا و خوێندنگە، ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەیە دەبێت کاریگەریی دایبابان لە مامۆستایان زیاتر بێت ئەمەشە وادەکات منداڵەکانمان بەرهەمدار بن.

پێنجەم: کێشەی پڕۆگرامی خوێندن
دەبوو هەموو وانەیەک بەشێکی بابەتی ئامۆژگاری و هاندان و پەروەردەکردنی تێدابوایە بۆ ئەوەی مامۆستایان ناچاربن هەر زانستەکە نەگەیەنن بشتوانن گرنگی بدەن بە پەروەردەی خوێندکار، چونکە خوێندکاری ئێمە تا خوێندنیش تەواو دەکات بڕیارێکی تەواوی نەداوە بۆئەوەی بخوێنێت وا بەستە بووە بەسرووشت و کۆمەڵگەوە دەبێت پێش ئەوەی خوێندکار زانستی پێبوترێت خۆشەویستیی نەتەوە، نشتمان، خاک، ژینگە و گرنگی خوێندنی لە دڵدا بچەسپێندرێت نەک بەس زانستی بکرێت بە گوێدا.

س. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan