کاروان رەسوڵ

کاروان رەسوڵ

کۆرۆنا لەنێوان مزگەوت و مەیخانەکاندا

کۆرۆنا بە یەک دەنگ و بە یەک هێز کاردەکات گەورە و بچوک ناناسێت بەرپرس و کوڕە هەژار ناناسێت موسڵمان و نا موسڵمان ناناسێت بۆیەش دڵمان پێخۆشە  دەمەوێت لەم بابەتەمدا سەرنجتان بۆ عەقڵی کرچ و کاڵ و هەندێ بەناو دیندار رابکێشم لە دوای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆربەی نوێژخوێن و مەلا و هەندێک لە ئەهەلی مزگەوتەکان لەسەرەتای دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسەدا دەیاندا بە گوێ خەڵکیدا کە ئەم ڤایرۆسە بەڵایە و خوای گەورە بۆ کافری ناردووە موسڵمان تووشی نابێت کە نازانێت 100 ملوین موسڵمان لە چین هەیە لێرەتا بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێکی هەندێک لە ئەهلی مزگەوتمان چەند نەخوێندەوارە، پێیان وایە خوا بەس خوای موسڵمانانە، بەڵام ئاگای لە خۆشی نییە رۆژی 17 جار دەڵێت [رب العالمین] ئەم پەروەرە نادرستە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ خێزانەکان، چوکە منداڵەکانیان بەس تەنها فێری نوێژ و فەرزەکان کردووە فێری خوا ناسی نەکراون پێناسەی خوایان بۆنەکراوە ئەمەش پێدەوترێت بناغەی پووچ بۆیە گرنگ نییە رۆژی هەزار سویندی درۆ بخوات هەزار فرت و فێڵ بکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە ئامادە نییە نوێژێکی بفەوتێنێت، لەم چەند رۆژە گوێم لە خواناسێکی نوێژکەر بوو دەیوت چۆن قۆڕکرا بەسەرماندا مزگەوتەکانمان داخرا، بەڵام لەلایەکی ترەوە پێ ئاساییە مرۆڤایەتی نوقمی ئەم ڤایرۆسە بووە رۆژی سەدان کەس دەمرێت ئەوە ئەوانەن خەمی مرۆڤایەتییان نییە، زۆربەیان ئاگایان لەم ئایەتە نییە کە خوای گەورە دەفەرمویت [لااکراە فی الدین] پێیان وایە ئەوەی ناچێتە مزگەوت و نوێژ ناکات دەبێت بەزۆر و بە کوشتن و بڕین بیبەیت، هەر ئەم بیرکردنەوەیەش وای کردوە دیین نەی توانیوە ببێتە یاسای مرۆڤایەتی ئەسڵ و ئاساس و یاسا تەواوە، بەڵام پەیڕەوانی بەلاڕێیاندا بردوە و لە هەر سەردەمێکدا بەعقڵ و بیرکردنەوەی دەست رۆیشتووەکان لێکدانەوەی بۆ کراوە و جێبەجێ کراوە.

بەشێک لە تاکەکانی موسڵمان لەم زەمانەدا خۆدپەرست و بەرژەواندی خوازە بۆ خۆی دەژی بەرژەوەندییە دینییەکانی پشتگوێ خستوە ئاگای لەم فەرموودەیە نییە (لَا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى يُحِبَّ لِأَخِيهِ مَا يُحِبُّ لِنَفْسِهِ) هاتنی کۆرۆنا بەیەک ئاراستە و بەیەک دەنگ دەرگای مەیخانەکان و مزگەوتەکانی پێکەوە داخست، دەزانن ئەگەر ئەو مامۆستا ئاینییەی شاری سلێمانی هۆکاری مردنەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبوایە مەلای مزگەوتەکانی ئەم وڵاتە ئامادەییان دەرنابڕی بۆ داخستنی مزگەوتەکان، خۆ هیچ کەسێکی مەیخۆر لە وڵاتدا بە کۆرۆنا نەمرد و هەر زوو پەیوەستی یاساکانی حکومەت بوون و چرکەیان لێنەهات، ئەوەشمان لا دروست بووە هەندێک جار مەیخۆرێک دڵ ساف بە ویژدان و راستگۆ ترە لەبەشێک لە نوێژ خوێنان، هەرکامیان باشبن دەبێت بزانین بەدیهێنراوی خوداین و لای خودا مرۆڤین،  دەبێت حکومەت چەند لە خەمی مزگەوت دابێت ئەوەندەش لە خەمی مەی خۆران و مەیخانەکاندا بێت هەمووان دەزانین باوەڕبوون بیرو بڕوا دروست بوونە ئەگەر بڕوات بۆ دروست نەبێت سەرئەنجام وەک ئەو موسڵمانە دروست دەبێت لە لایەک خەمی نوێژ و لەلایەک تەرازو بازی و بێویژدانیەکەی، جا دەمەوێت شتێک بگێڕمەوە سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ڤایرۆسە لە مزگەوتێک بووم مەلای مزگەوتەکە وتی"ئەوەی موعجیزەیە ئەم ڤایرۆسە دەچێت لەشی موسڵمانەوە لە ماوەی دوو رۆژدا دەردەچێت"کاکی مامۆستای ئایینی پێوایە خوا بەس خوای باوەڕدار و موسڵمانە، من دەمویست ئەم مزگەوتە جێ بهێڵم نوێژ خوێنان هەموویان لە ژێرەوە اللە اکبریان دەکرد، دەبێت ئەش بزانین لە مینبەری مزگەوتەکانەوە رۆژانە تەکفیری خەڵک دەکرێت دیارە ئەم فەرموودەیان بیرچۆتەوە (يقبل الله توبة العبد ما لم يغرغر).. پێویستە حکومەت لە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا چاوێک بە مەلا و وتار خویناندا بخشینێتەوە تەسنیفیان بکات نەخویندەوارەکانیان دووربخاتەوە لە مینبەرو دووبارە نەبنەوەی ڤایرۆسێکی تری وەک کۆرۆنا بۆ کوردستان، چونکە مینبەری پێغەمبەر(د.خ) بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەکاربێت ئارەزووە کەسییەکانی لێدوربخرێتەوە.

دەمەوێت بڵێم ئێستاش بەشێکی کۆمەڵگاکەمان پێ وایە ئەوانەی پێنج فەرزە نوێژ بە جەماعەت دەکەن باوەڕیان بە خوا هەیە. سەیر کۆمەڵگا و مزگەوت و چی بۆ بەرهەمهێناوین لەوەش نوێژخوین هەبێت "جا مەبەستم لە هەندێک لە نوێژ خوێن ئەوەیە نوێژدەکات و باوەڕی بەخودا نییە" پێ وایە ئەهڵی مەیخانەکان موسڵمان نین و ئەهلی دۆزەخن ئاساییە بیرکردنەوەی وایان هەبێت، چونکە چوار وشەیان لەسەر دیین نەخوێندۆتەوە، بەڵام هەندێ شت دەزانن بۆ بەرژەوندی خۆیان بۆیە لێرەدا ئەم گێرانەوەیە پێویستە، ئایا دەزانن هۆکاری سەرکەوتنی موسڵمانان لە جەنگی قادسێدا کەسێکی مەی خۆر بوو جا سەیرەکە لێردایە موسڵمانان وایان دەزانی فریشتەیە کە لە گێڕانەوەکەی ئیبن کەسیر دا هاتووە، ئەبومحجەن زۆر حەز لە مەشروب دەکات و دەچێت لە بن بەردێکدا مەشروبەکەی دەخواتەوە دوای بە سەرخۆشی دەگڕێتەوە ناو سوپاکە و سەعد پێی دەزانێت، بەهەر حاڵ زیندانی دەکرێت لە خێمەکەی سەعدا ،پاشان جەنگی قادسیە دەستپێدەکات و  ئەبو محجەنیش هاوار دەکات لە سەعد و دەڵێت "بمکەروە پەیمان بێت ئەگەر مام خۆم دێمەوە بەردەستت و ئەگەر مردیشم، بەڵکو  بە شەهیدی بمرم".
سەعد دەیکاتەوە و ئەبو محجەن دەکەوێتە ناو جەنگەوە جەنگێك دەکات تەنانەت موسڵمانان وا دەزانن ئەم کەسە لە ئاسمانەوە دابەزیەوە و وەك فریشتە لەمەیدانی جەنگدا هەڵمەت دەبات و زۆر جار وایان زانیوە ئەمە هیزێکی تایبەتە کە عومەری کوڕی خەتاب ناردویەتی، لە دوورەوە سەعد تەماشای دەکات و لە چەند لایەکەوە بریندار دەبێت،جەنگ تەواو دەبێت و سەرکەوتن تۆمار دەکات  سەعدیش خۆی برینەکانی تیمار دەکات و دەڵێت "سوێند بەخوا ئیتر حەددت لێنادەم".

ئەم لێخۆش بوونەی سەعد لە ئەبو محجەن هەڵایەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا تائێستاش دەنگدانەوەی هەیە کە دەڵێن سەعد لە سزایەکی خوایی خۆش بووە

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan