چاوپێكەوتن

نازدار بابان: دەبوایە مزگەوتی گەورە بە ناوی بابانییەکانەوە بێت، کەچی پێی دەڵێن مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ

مەودا میدیا - سلێمانی |


نازدار بابان: دەبوایە مزگەوتی گەورە بە ناوی بابانییەکانەوە بێت، کەچی پێی دەڵێن مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ
مەودا میدیا-

میرنشینی بابان، بەشێکە لە مێژووی نەتەوەیی گەلەکەمان، باشترین کارێک کە میرەکانی ئەو میرنشینە ئەنجامیان دابێت، دروستکردنی شاری "سولەیمانی"یە، کە هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە شارەکە بووەتە مەڵبەندی خەبات و شۆڕش، رۆشنبیری و ئەدەب، شیعر و هونەر... شارێکی بزۆز و زیندوو کە لە زۆربەى بوارەکاندا پێشڕەو و سەرقافڵە بووە.

لەسەر مێژوو و ژیانی بنەماڵەی بابانییەکان، لە زۆر رووەوە بە دەیان و سەدان کتێب و نووسین هەن، بەڵام بەداخەوە، وەک هەمیشە؛ خانمانی ئەو بنەماڵەیەش زۆر کەم و بەدەگمەن باسیان لێ کراوە و تیشک خراوەتە سەر ژیان و چالاکییەکانیان. ئێمە لە پەرۆشیماندا بۆ تۆمارکردنی ئەو لایەنە پەراوێزخراوەی مێژووی گەلەکەمان، وەک ئینیستتیوتی نارین لە پرۆژەیەکی نوێماندا بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری بابان کە دواتر زیاتری لەسەر دەنووسم، بڕیارمان داوە کە تیشک بخەینە سەر مێژوو و ژیانی خانمانی بنەماڵەی بابانەکان، هەروەها ئەو خانمە بەڕێزانەی لەژیاندا ماون بیاندوێنین و ژیان و بەسەرهاتەکانیان بۆ مێژوو تۆمار بکەین.

دڵخۆشم کە ئەمڕۆ دەبمە میوانی یەکەم خانمی دەستنیشانکراو بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام دڵخۆشییەکەم زوو رەوییەوە کاتێک بینیم خاتوونێکی میرزادەی بنەماڵەی بابانەکان کە بناغەدانەری شارەکەن، لەجیاتی باڵەخانە و کاروانسەرای گەورە، ئێستا بێنازانە نیشتەجێی شوققەیەکی بچووکە لە شارەکەیاندا کە لێرە و لەوێ چەند پەیکەرێکی دەگمەن نەبێت، ئاسەوار و شوێنەوارێکی وایان نەماوە.

خاتوو نازدار، چ ساڵێک و لە کوێ لەدایک بوویت؟
لە ساڵی 1942، لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی کانێسکان و شێخان کە ئەوسا بەیەکەوە بوون، لەدایک بووم. دایک و باوکم هەردووکیان بابانین. هەر لەو گەڕەکەدا ماڵی (شەفیق بەگ، حەمید بەگ، مەجید بەگ، جەمیل سائیب حەمەد بەگی قادر پاشا، کەریم بەگ، محەمەد ساڵح بەگ، شێخ جەلالی حەفید، شێخ قادر...) دراوسێمان بوون.

چەند خوشک و برا بوون؟
هەشت، پێنج خوشک و سێ برا بووین: نەوزاد، منیرە، نازەنین، نازدار، پەری خان، نەوزەر، جەمیل و ناسک. 

ئەوەندەی من دەزانم و بیستوومە؛ باوکت پیاوێکی میواندۆست و باش بووە، دڵفراوان و یارمەتیدەری کەسوکار و دۆستان بووە، تۆ چی دەڵێیت لەوبارەیەوە؟
راستە، باوکم دەستودڵی زۆر باش بوو، زۆربەی کەسوکار و ناسیاو کە بۆ خوێندن دەهاتن، لە ماڵی ئێمەدا دەمانەوە تا دەچوونە زانکۆ، یان قۆناغێکی بەرزتر. زۆر جاریش تەنانەت لە زانکۆش هاوکاریان دەبوو. زۆر خەمی خەڵکی دەخوارد. جەمال بابان لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا باسی باوکمی کردووە، نەک تەنیا ئەوانەی بۆ خوێندن دەهاتن، بەڵکوو نەخۆشیش دەهاتن و باوکم ئەرکی چارەسەر، یان مانەوەیانی هەڵدەگرت، کەسێکی زۆر دڵپاکیش بوو.

خێزانەکەتان هیچ نەریتێک یان تایبەتمەندییەکی تایبەت بەخۆتان هەبوو؟ 
ئێمە یەکەم رۆژی جەژن چێشتمان لێ نەدەنا، بەیانیانی جەژن دۆست و ناسیاو بە سینی چێشتیان بۆ دەهێناین.

ئەم نەریتە لە چییەوە هاتبوو؟
دەڵێن جارێکیان چێشتی جەژنیان لێناوە و منداڵێک کەوتووەتە ناو مەنجەڵی ئاوی کوڵاو و سووتاوە.
هەروەها کەسوکاری بێباکی هاوسەرم، واتا؛ جافەکان، لە رۆژی سێشەمماندا نەدەچوونە لای دەلاک، تاڵەموویەکیشیان دەرنەدەهێنا و جلی تازەیان لەبەر نەدەکرد، ئەگەر چووبێتنە بازاڕیش شتی تازەیان نەکڕیوە، ئەمەش لە ئایینەوە هاتووە نەک رووداوێک.

کاتی خۆی لە سلێمانی حەمامی فاتمە خان هەبوو، ئەو حەمامە هیی کێ بوو، ئەو ناوەی لە چییەوە هاتبوو؟
حەمامی فاتمە خان، هیی ماڵی پوورم بوو، خوشکی دایکم، خۆی ناوی فاتمە خان بوو، هاوسەری ئەزمی بەگی بابان بوو، ماڵی باپیرانی جەمال بابانن.

دەتوانیت باسێکی ئەو حەمام بۆ بکەیت...
ئەو حەمامە لە دوو شوێن پێک هاتبوو، شوێنی گەرماو و شوێنی ژووری سارد، لە گەرماوەکە تاقی تێدا بوو، لەناو تاقەکان جوڕنەی ئاوی گەرمی تێدا بوو، بۆ خۆشووشتن بوو. ژوورە ساردەکانیش بۆ خۆگۆڕین بوو.

دوو کەس سەرپەرشتی دەکرد، بۆ بەشی ژنان؛ حاجی خورشی خان، بۆ پیاوانیش؛ حاجی حەمەمین. باجی رەحمەش ناتری حەمام بوو. هەندێک جار حاجی خورشی دەینارد کەباب و هەندێک ترۆزی بۆ دەکڕین.

سەرەتا لە چ قوتابخانەیەک دەستت بە خوێندن کرد؟
لە قوتابخانەی عیراقیە چوومە بەر خوێندن، تا پۆلی چواری سەرەتایی لەوێ بووم. خاتوو وەهبیەی خێزانی شێخ رەئوفی شێخ ساڵح بەڕێوەبەرمان بوو. لە پۆلی چوار بەهۆی ماڵ گواستنەوەوە چوومە قوتابخانە زەهرا، لەوێ خاتوو فاتمە محێدین بەڕێوەبەرمان بوو.

ئەى مامۆستاکانت، ناوی هیچیانت لەبیر ماوە؟
لەو مامۆستایانەی لەبیرمن: ئەختەر مەحمود، وەفیدە شێخ غەریب، وانەی ئایینی پێ دەوتین، مەعسومە ساڵح (بیرکاری)، سەبریە حسێن نازم (زمانی عەرەبی)، بەهیجە محێدین... بە راستی مامۆستایانی ئەو سەردەمە بە مانای وشە مامۆستا بوون، جگە لە وانەکان؛ زۆر شتی تریان لێ فێر بووین.

بابانییەکان تا چ ئاستێک بایەخیان بە خوێندن دەدا؟
بێگومان تا ئاستێکی زۆر، بابانییەکان زۆربەیان خوێندەوار بوون، جیاوازی لە نێوان کچ و کوڕیشدا نەبوو، زۆربەشیان پایەی باشیان هەبوو و لە هەموو بوارێکدا و جێدەستیان دیار بوو.

لە خوێندنی سەرەتایی ئاستت چۆن بوو؟ بە زمانی کوردی دەتانخوێند؟
قۆناغی سەرەتاییم زۆر بە سەرکەوتوویی بڕی و خوێندنمان بە زمانی کوردی بوو.

باشە، ئەی سەبارەت بە قۆناغی ناوەندی، لە کوێ بوویت و ئاستت چۆن بوو؟
چوومە دواناوەندی کچان، کە لای مزگەوتی گەورە بوو. یەکەم ساڵم لە ناوەندی، زۆر گوێم نەدەدا بە خوێندن و مامەوە، بەڵام ساڵی دواتر بە یەکەم دەرچووم و ئەو ساڵە بوو بە پەندێک بۆم، ئیتر زۆر بایەخم بە خوێندن دەدا، تا کۆتایی گوڕم بەستەوە.

دەتوانیت کەمێک باسی شێوازی خوێندنی ئەو کاتەم بۆ بکەیت...
لە پۆلی سێی ناوەندی سیستمی خوێندنیان کرد بە سیستمی میسری، نمرەی دەرچوون لە (60) بوو، وانەکانی هەر سێ پۆلی (1، 2، 3)ی ناوەندی داخڵی تاقیکردنەوە بوون، بۆ نموونە؛ ئەگەر خوێندکارێک بیویستایە بچێتە وێژەیی، دەبوایە لە وانەکانی (مێژوو، جوگرافیا، عەرەبی و دین) لە هەر سێ پۆلەکە دەربچوایە و نمرەکەی لە (60) کەمتر نەبوایە، پێش چوونیشی بۆ ناو تاقیکردنەوەی بەکەلۆری، لە خوێندنگە تاقیکردنەوەیەک دەکرا، ئەگەر دەربچوایە، ئەوکات مافی چوونە ناو تاقیکردنەوەی بەکەلۆری دەبوو. بۆ بەشی زانستییش، دەبوو لە وانەکانی (ماتماتیک، فیزیا، کیمیا، زانست و ئەندازە) لە (60) کەمتری نەبێت.

لەو تاقیکردنەوەیەدا 22 خوێندکار دەرچووین، تاقیکردنەوەکە لە هۆڵی خوێندنگەی گۆیژەی کوڕان بوو، زۆر توند بوون لەگەڵمان. لەو 22 خوێندکارە نیوەمان چووین بۆ وێژەیی و نیوەکەی تریش بۆ زانستی.

ئەی ئەوانەی تر؟
زۆربەیان لە تاقیکردنەوە دەترسان، چوون بۆ خانەی مامۆستایانی سەرەتایی و بازرگانی. ئەو شوێنانە لە پۆلی سێی ناوەندییەوە بۆی دەڕۆیشتن.

تۆ چوویتە بەشی وێژەیی؟
بەڵێ، لە بەشی وێژەیی 11 کچ بووین، لەوانە: پرشنگی شێخ نوری شێخ ساڵح، گەلاوێژ سەعید، فەوزیە حەمەساڵح بەگ، ئاتە تۆفیق فەتحوڵڵا، شەفیقە سابیر، سوعاد تۆبیا، نەدا و لەیلا (ناوی باوکیانم بیرچووەتەوە)، پرشنگ عەزیز، ئەمیرە ئەکرەم و بەدیعە مەحوی... بەڕێوەبەرەکەمان ناوی سەبیحە ئەلجەراح بوو، خەڵکی موسڵ بوو. دوای ئەویش نەسرین مستەفا بوو بە بەڕێوەبەرمان و نەسرین مەزهەریش یاریدەدەری بەڕێوەبەر بوو. مامۆستاکانمان هەریەکە لە: نهایەت مستەفا، درەخشان عارف عەونی، نازەنین قەفتان، کامیل بەصیر، عەلی شاڵی، ئەنجوم زوهدی و درەخشان حەفید... 

لە ئامادەییش بە هەمان شێوە تاقیکردنەوەکان قورس بوون؟
بەڵێ، لە پۆلی پێنج، وانەکانی پۆلی (4، 5) داخڵ بوون لە تاقیکردنەوەکەدا، دەرچوونیش ئاسان نەبوو. تاقیکردنەوەکە لە هۆڵی خوێندنگەی فەیسەڵیە بوو.

پاش ئامادەیی لە خوێندن بەردەوام بوویت؟
بەڵێ، لە پۆلی پێنج دەرچووین و بەرەو زانکۆی بەغدا رۆیشتین، من لە کۆلێجی ئاداب، بەشی دیراساتی کوردی وەرگیرام. 
سدیق ئەتروشی، سەرۆک بەشەکەمان بوو، سکرتاریەتیش ناهیدە تاڵەبانی بوو، مامۆستاکانمان: شاکر فەتاح، عەلادین سەجادی، پاکیزە رەفیق حیلمی، شاکر خەسباک و جگەرخوێنی شاعیریش کرمانجیی پێ دەوتین... وانەکانمان بەپێی قۆناغەکان دەگۆڕان.

ئەو کاتەی چوویتە بەغدا لەوێ لە کوێ دەژیایت، بەشە ناوخۆییتان هەبوو؟
کاتێک کە لە زانکۆ وەرگیرام، ماوەی سێ مانگ لە ماڵی کاک جەمال بابان بووم، چونکە هاوسەرەکەی پوورزامە و خۆشی ئامۆزای باوکمە. دوای ئەوە بەهۆی یوسف عەبودی سەرۆکی بەشە ناوخۆییەکان، بەشی ناوخۆییان بۆ کردینەوە، هەموو کچە کوردەکان و هەندێک کچی عەرەبمان لەگەڵ بوون، کە خەڵکی سەماوە و ناسریە بوون. سەرەتا بەشی وێژەیی و زانست تێکەڵ بووین، دوای دوو ساڵ جیایان کردینەوە. هەندێک کچی بیانیشمان لەگەڵ بوو، ئەوسا زانکۆی بەغدا دەیان کەسی بیانیی تێدا بوو، دەهاتن لەوێ دەیانخوێند.

بژێویتان چۆن دابین دەکرد؟
ئەوکات دەوڵەت پارەی دەدا بە خوێندکار، هەروەها پسووڵەی خۆراکیش هەبوو، دوو رێستۆرانتیشیان بەرەو روو کردبووینەوە (دار الطلبة، مطعم حریري)، لە هەمان کاتیشدا چێشتخانەیەکمان هەبوو، خۆشمان لە بەشە ناوخۆیی چێشتمان لێ دەنا، بەشە ناوخۆییەکان هەموو پێداویستییەکانی ئەوسای خوێندکاری تێدا بوو.

لە بارەی سیاسەتەوە، هیچ کار و چالاکییەکی سیاسیت ئەنجام داوە؟
بەڵێ، هەر لە ئامادەییەوە تێکەڵاوی کاری سیاسی بووم. کاتێک لە پۆلی چواری ئامادەیی بووم، ئەوسا تەنیا یەکێتیی قوتابیانی پارتی و شیوعی هەبوو، من ئەندامێکی چالاک بووم لە یەکێتیی قوتابیانی پارتی دیموکرات. جارێکیان من تاکە خوێندکار بووم لە لیژنەی هەڵبژاردندا لەگەڵ مامۆستاکان، بە رێگەی جۆراوجۆر هەوڵی جدیم دا کە بەدیعە مەحوی نوێنەری پارتی لە هەڵبژاردنەکەدا دەربچێت نەک پرشنگ عەزیزی نوێنەری شیوعی.
لە زانکۆش لە بەغدا، یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بە نهێنیی کاری دەکرد، ئەوکات من، ویداد خاڵس و جەمیلە صابر، لە یەک شانەی قوتابیان بووین، لە ماڵی خوشکی جەمیلە کە ناوی ئامینە خان بوو و لە ناوچەی فەزل بوو، کۆدەبووینەوە. بەرپرسەکەمان د.جەمال غەفور بوو، خوێندکاری کۆلێجی پزیشکی بوو. کاتێک کۆبوونەوە تەواو دەبوو، بەیەکەوە نەدەڕۆیشتین، هەر یەکە بە جیا دەڕۆیشتین و دواتر یەکمان دەگرتەوە و دەچووینەوە بەشە ناوخۆیی. تاکوو زانکۆمان تەواو کرد لەناو قوتابیان ماینەوە.

لە بۆنە و یادە کوردییەکاندا بەشداریتان دەکرد؟
بەڵێ، نەورۆزی ساڵی 1963، لە سەروبەندی گفتوگۆدا، یادی نەورۆز بە ئاشکرا کرایەوە، مام جەلال لەو یادەدا ئامادە بوو. لیژنەیەکیان پێک هێنا، هەم بۆ بانگهێشتنامەکان، هەم بۆ ئامادەکاری و پێشوازی. ئێمە سێ کچ بووین لەو لیژنەیە (ویداد خاڵس، جەمیلە سابیر و من) لەگەڵ هەریەکە لە (د.فوئاد بابان، تەیب بەرواری، باقی دەباغ و شاخەوان ناوێک)، کۆمەڵێک بلیتیشیان دابووینێ بۆ دابەشکردن.

بۆ ئەو نەورۆزە، بە باوکمم وت جلی کوردیم بۆ بنێرێت، جلێکی کولتووریی جوانیان بۆ ناردم. ئەوانەی کە نەشیان بوو، لەگەڵ ویداد و جەمیلە چووین بۆ ماڵی توبا خان جلی جوانی هەبوو، لەوێ بۆمان هێنان.

چالاکییەکان چی بوون لەو یادەدا؟
لە یادەکەدا نمایشی شانۆگەری کاوەی ئاسنگەریان کرد، د.نەوزاد ساڵح رەفعەت رۆڵی کاوەی ئاسنگەری دەبینی. هەروەها عائیشە رەسوڵ گۆرانیی شیرین بەهارە و وەی وەی زارای وت، ئەو هۆڵەی ورووژاندبوو، دەنگێکی ناوازەی زۆر خۆشی هەبوو. کاتێک مام جەلال خۆی کرد بە هۆڵەکەدا، بە چەپڵەڕێزان و هەراوهوریا پێشوازییان لێ کرد، هەندێک عەرەبی لێ بوو، وتیان "سەرۆککۆمار هاتووە؟" وتمان "نەخێر، مام جەلالە."

واتا تۆ عائیشە رەسوڵت دەناسی؟
بەڵێ بێگومان، پێشتریش بەیەکەوە بووین. دەمەوێت باسی دەنگخۆشییەکەیت بۆ بکەم؛ کاتێک ئێمە لە ناوەندی بووین، کاتی سەرما سۆپای دارمان دادەگیرساند، کە دووکەڵی دەکرد، هەندێکیان دەچوونە دەرەوە، ئیتر عائیشە رەسوڵ دەستی دەکرد بە گۆرانی و ئێمەش چەپڵەمان لێ دەدا و لەگەڵی دەمانوتەوە، دەنگێکی زۆر خۆشی هەبوو.

ئەى تۆ بەشداریی هیچ یەکێک لە چالاکییەکانت کرد؟
پێش ئاهەنگەکە هۆنراوەی ئەی شەهیدانیان دابوومێ بیخوێنمەوە، ئەو کاتە لە زانکۆ لەگەڵ بەعسییەکان رێک بووین، رۆژانە کە پەراوەم دەکرد و هۆنراوەکەم دەخوێندەوە، بەعسییەکانیش گوێیان لە خوێندنەوەی دەبوو، بەڵام کاتێک دۆخەکە گۆڕا، فەرمانی گرتنمان دەرچووبوو و بەدوای من، ویداد، جەمیلە و نازەنینی خوشکمدا دەگەڕان. لەترسا ماوەی سێ مانگ من و نازەنینی خوشکم لە ماڵی جەمال بابان خۆمان شاردەوە.

لە سەرەتای 1963وە لەناو زانکۆی بەغدا چالاکیی سیاسی و خۆپیشاندان زۆر دەکرا دژی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم، لەو چالاکی و خۆپیشاندانانەدا بەشداریت کردووە؟
لە شوباتی 1963، لە کۆلێجی ئاداب و کۆلێجی یاسا خۆپیشاندان کرا بۆ رووخاندنی رژێمی عەبدولکەریم قاسم، هێزێکی زۆر هێنرابوونە ناو حەرەمی زانکۆ، خوێندکارە شیوعییەکان کە ئەوکات سەر بە عەبدولکەریم قاسم بوون، چووبوونە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە و ئێمەش دژی ئەوە بووین، جەمیلە سابیر هێلکەیەکی هاویشت بۆیان، بەڵام بەر سەروچاوی سەربازێک کەوت، ئیتر ئەوانیش شووڵکیان دەهاویشت، یەکێکیان بەر من کەوت و کەوتم. سەربازەکان وتبوویان ئێمە دەیبەینە نەخۆشخانە، بەڵام هاوڕێکانم نەیانهێشتبوو لە ترسی گرتن، کچان و کوڕان منیان بە تاکسی بردبووەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکەمان.

چەند مانگێک دواتر لە تەمووزی 1963، حکومەتی نوێی عیراق لە هێرشێکی دڕندانەدا پەلاماری سلێمانی و دەوروبەری دا، ئەو کاتە ئێوە لە کوێ بوون و چیتان دەکرد؟
لە مانگی تەمووزی 1963، لە دوای تێکچوونی رێککەوتنەکەی نێوان کورد و حکومەت، هێرش و پەلامار بۆ سەر کوردستان دەستی پێ کرد، ئێمە ئەوسا لە ماڵی کاک جەمال بابان بووین، ئیتر وتیان قافڵەی سەربازیی بەرەو سلێمانی دەڕوات و ئۆتۆمبێلی مەدەنییش لەگەڵ خۆیان تێکەڵ بە قافڵەکە دەکەن، ئێمەش لەگەڵ نازەنینی خوشکم و هودای حاکم شیت، بە ئۆتۆمبێلی غەسانی مێردی ئەمیرەی حاکم شیت بەرەو سلێمانی بەڕێ کەوتین، هەموو دوو ئۆتۆمبێلێکی سەربازی، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی بەدوایانەوە بوو، کاتێک گەیشتینە جەلەولا، بەر تەقەی پێشمەرگە کەوتین، دوو شەو و دوو رۆژ لە جەلەولا لە میوانخانەدا ماینەوە، کە هەر ئێمەی لێ بووین،  دواتر کەوتینەوە رێ، ئەم جارە لە دەربەندیخان کەوتینە شەڕەوە، حکومەت بە تەیارە و هاون شەڕی دەکرد و پێشمەرگەش لەسەر شاخەکانەوە فیشەی دەهاویشت، سەرەتا وتیان دابەزن خۆتان بدەنە پاڵ شاخەکانەوە، نەماندەتوانی دەربچین، ئەو قافڵەیە مایەوە. هودا وتی: "من لێرە ماڵێک دەناسم."، ناوی (سەڵاح مەردان) بوو، چووین بۆ ماڵیان و ماوەی یەک هەفتە لەوێ ماینەوە، هەموو رۆژێک دەیانوت خۆتان ئامادە بکەن دەردەچین. پێشمەرگە نەیدەهێشت هێزە سەربازییەکان دەربچن، کاتێک گەیشتینە سلێمانی، خەڵکی سلێمانی لەمبەر و ئەوبەر چاوەڕوانی کەسوکاریان دەکرد بزانن سەلامەتن، لەوانەش دایک و باوکم بوون، دڵیان زۆر لامان بوو، هیچ هەواڵێکیان نەدەزانین.

کە بەسەرهاتی خۆمانم بۆ باس کردن، دیاری بەگ کە مامی منداڵەکانم بوو، وتی: "ئێمە تەنیا حەوت پێشمەرگە بووین لەو شاخە کە ئەو بەرگرییەمان دەکرد." کە بە رووداوی 21ی تەمووزی 1963 ناسراوە.

کەى زانکۆت تەواو کرد؟
لە ساڵی (1964 – 1965) لەسەر ئاستی بەشەکەمان بە پلەی دووەم دەرچووم و زانکۆم تەواو کرد. لە تاقیکردنەوەی ئەنجومەنی راژە (مجلس الخدمة)، وەیس ناوێک لە قۆناغی پێش ئێمە بوو، بەڵام لەگەڵ ئێمە دامەزرا و تاقیکردنەوەی کرد، ئەو بەیەکەم دەرچوو و منیش دووەم بووم.

واتا دوای ئەوە یەکسەر دامەزرایت؟
بەڵێ، بۆ دامەزراندن، لە رۆژنامەدا بڵاو کرایەوە کە ئەنجومەنى راژە پێویستیان بە یەکێک هەیە کە لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وانەی کوردیی بڵێتەوە. منیش چووم ئەوراقەکانی خۆم دانێ، ئەوسا دەبوایە بچیتەوە تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەم کرد و دەرچووم. ئەوکات قادری کاکە زیاد ئەندام بوو لەو ئەنجومەنەدا، هەروەها د.ئەکرەم جافیش کە مامی منداڵەکانمە، وەزیر بوو.
 
چ رێکەوتێک بوو کە دامەزرایت و پەیوەندیت کرد؟
لە 21ی ئازاری 1965 دەستبەکار بووم.

تا کەی لەوێ مایتەوە؟
تا تشرینی دووەمی 1966 لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی بووم، دوای ئەوە بەهۆی هاوسەرگیرییەوە راژەکەم گواستەوە بۆ شاری بەغدا.

لەگەڵ کێ هاوسەرگیریت کرد؟
لەگەڵ بێباک حەمید بەگی مەجید بەگی عوسمان بەگی جاف. 

لە بەغداش بوویتەوە بە مامۆستا؟
نەخێر، لە بەغدا وازم لە وانەوتنەوە هێنا و لە وەزارەتی پەروەردە دەستبەکار بووم، چوومە بەشی بەڕێوەبردن لە بەڕێوەبەرایەتی دیراساتی کوردی. تا ساڵی 1974 لەو بەڕێوەبەرایەتییە مامەوە.
دوای ئەوە دەزگای گشتیی رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردیی سەر بە وەزارەتی راگەیاندن بەناوی (دار الثقافة والنشر الکردیة) لە شاری بەغدا کرایەوە، کاک جەمال بابان بەڕێوەبەری بوو، داوای لێ کردم کە راژەکەم بگوێزمەوە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە. وتی: "پێویستم بە کارمەندە لێرە." ئیتر راژەکەم گواستەوە و لەوێ بووم بە بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردن و یاسایی. 

ئەی کاک بێباک لە کوێ کاری دەکرد؟
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گەشتوگوزار بوو لە بەغدا. 

وەک بزانیت کاک بێباک هیچ کاتێک تێکەڵاوی کاری سیاسی بووە؟
بێباک (13 – 14) ساڵ هاوڕێی نزیکی مام جەلال بوو، زۆر سەرسامیش بوو بە تواناکانی مام جەلال، زۆر جار دەیوت لە تەمەنی زۆر لاوێتییەوە کاتێک مام جەلال قسەی بکردایە، هەموومان گوێبیستی دەبووین و سەرنجی هەمووانی بە لای خۆیدا رادەکێشا. لە زانکۆش تا قۆناغی دووەم بەیەکەوە بوون، هەروەها کاک قادری کوڕی کاکەزیاد و مستەفا عەسکەریشیان لەگەڵ بووبوو.
کاتێک لە قۆناغی دووەمی یاسا دەبن، رۆژێکیان (بێباک و قادر) بەیەکەوە دەچنە لای سەعید قەزاز بۆ مەبەستی مۆڵەت وەرگرتن بۆ ئاهەنگی نەورۆز، وابزانم ساڵی (1954 یان 1955) بووە. سەعید قەزاز دەڵێ "ئەو سەرزلە ئێوەی ناردووە." مەبەستی مام جەلال بووە.

ئەى چۆنە بەردەوام نەبووە و دابڕاوە؟
باوکی بێباک دەزانێت کە بێباک خەریکی سیاسەتە، دەیەوێت دووریبخاتەوە، ئەوکات د.ئەکرەمی برای لە ئەمەریکا خەریکی خوێندنی دکتۆرا بوو، داوای لێ دەکات جێگەیەکی بۆ خوێندن بۆ پەیدا بکات، ئیتر بێباک واز لە زانکۆی بەغدا دەهێنێت و دەچێتە ئەمەریکا و لەوێ خوێندن تەواو دەکات.

ئەو کاتەی کە هاوسەرگیریت کرد و چوویتەوە بەغدا، لە کوێ نیشتەجێ بوون؟
یەکەم ماڵمان لە شەقامی مەغریب بوو، دووەم ماڵمان لە مەنسور بوو، سێیەمیش لە قادسیە، دوای ئەوە چووینە عوتەیفیە. باوکی بێباک لە ساڵانی پەنجاکان لەوێ ئەو خانووەی کردبوو، رووبەرەکەی (1300)م2 بوو، چوار نهۆم بوو. ئەو خانووە زۆر ناسراو بوو، کاتێک بە تاکسییەکمان دەوت دەچینە عوتەیفیە یەکەم خانووی سەر گۆشەکە؛ یەکسەر دەیانوت " ماڵی جاف"، بەڵام خانووەکە زۆر گەورە بوو، بۆیە فرۆشتمان و خانووەیەکمان لە گەڕەکی زانکۆ (حي الجامعة) کڕی، هەرچەندە ئەویش بچووک نەبوو، بەڵام باشتر دەرەقەتی دەهاتم. لەو خانووە نوێیەدا بووین بە دراوسێی ماڵی کاک مەسعودی کوڕی مەلای گەورەی کۆیە.

ئەوە روونە کە بنەماڵەی بابانەکان موڵک و ماڵیان زۆر بوو، ئێوە وەک خانەوادەیەکی بابانی، چیتان هەیە و چارەنووسیان چییە؟
کۆستەی چەم و ئاوبارە، کە ئێستا بەرانبەرمانە و هەمووی بووەتە خانووبەرە، هیی ماڵی باوکم بوو، ئەو ناوچانەی لە فولکەی بەر دەرکی سەراوە تاوەکوو فولکەی قایمقامیەت هیی بابانییەکان بوو، زۆربەی خێزانەکانیش لەوێ خانووبەرەیان هەبوو، کاتێک رژێمەکانی پێشوو شەقامێکیان راکێشا لە نێوان خانووەکان، بێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەکیان بدەنەوە. زۆر لە زەوییەکانمان دەوڵەت دابەشی کردوون بە بێ قەرەبووکردنەوە، هەندێکیشیان دراون بە کۆمپانیاکان کە دیسانەوە بە پارچە زەوییەکیش قەرەبوو نەکراوینەتەوە. هەندێک کێشەمان گەیاندووەتە دادگە، بەڵام هێشتا چارەنووسیان دیار نییە. ئەو شوێنانەی کە ماون، لە کرێدان، کرێکانیان کۆ دەکەینەوە و دەیدەین بەو ماڵانەی کەمدەرامەتن و ناسیاون، هەروەها هاوکاریی لایەنی تریش دەکەین. ئەو رێگەیەی باوکم بەر نادەین.

باشە سەرەڕای ئەوەی شاری سلێمانی لەلایەن بابانەکانەوە دروست کراوە و بناغەی دانراوە، کەچی شوێنێکی وا نەماوە بەناوی ئەوانەوە بێت، تەنانەت ئەو شوێنانەش کە بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەوە بنیات نراوە، ئەمە بۆ؟
مزگەوتی گەورە، بابانەکان دروستیان کردووە، زۆربەی میر و گەورەپیاوانی بابان لە ژوورێکی گەورەی مزگەوتەکەدا نێژراون. کاتێک منداڵ بووین لە درزی دەرگاکانەوە سەیرمان دەکردن. پێش ئەوەی سەرەوەی ببێتە شوێنی نوێژ، خەڵکانێک ویستیان کێلەکان بدزن، باوکم ئاگاداری کێلەکان بوو، کاتێک تەواو بوو هەمووی خستەوە شوێنی خۆی. هەرچەندە دەبوایە مزگەوتی گەورە بە ناوی بابانییەکانەوە بێت، کەچی ئێستا پێی دەڵێن مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ.

چەند منداڵت هەیە؟
سێ منداڵم هەیە:

کوردۆ لە ساڵی 1968 لە دایک بووە.

ئەڤین لە ساڵی 1970.

وەشەن لە ساڵی 1973.

هەموویان لە شاری بەغدا لە دایک بوون.

بێباک و باوکی نێوانیان زۆر خۆش بوو، باوکی زۆری خۆش دەویست، هەر بۆیە منداڵەکانی منیشی زۆر خۆش دەویست. باوکی بێباک ئەو خانووەی عوتەیفیەی لەسەر کوردۆ تاپۆ کرد کە هێشتا تەمەنی نۆ مانگ بوو، بەڵام دوایی فرۆشتمان.

*ئەم چاوپێكەوتنە بەڕێز (نەرمین عوسمان) لە چوارچێوەی پرۆژەی نووسینەوەی مێژووی بەشداریی ژنی كورد لە بوارە جیاوازەكاندا سازیكردووە.

 
خ. ر.
Qaiwan
Qaiwan