راپۆرت

هۆکاری گرانبوونی مریشک ئاشکرادەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆکاری گرانبوونی مریشک ئاشکرادەکرێت
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی مریشک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک نزیکبووەتەوە لە چوار هەزار دینار، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت "هۆکاری گرانبوونی مریشک بەرزبوونەوەی عەلەف و زۆربوونی خواستە لەسەری"، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانیش وتی "هاوڵاتییان بۆ بەس باسی نرخی مریشک دەکەن لەکاتێکدا نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە".

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکدا بۆ مەودا میدیا سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک رایگەیاند "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان گرانبوونی نرخی عەلەف و بەرزبوونەوەی خواستە لەسەر مریشک"، وتیشی "وەک وەزارەتی کشتوکاڵ چیمان لەدەستبێت هاوکاردەبین لە هەرزانبوونەوەی نرخی مریشک".

لەلای خۆشییەوە نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای رایگەیاند "بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گرانبوونی عەلەف و جوچک و خراپی ڤاکسین و ھاوکارینەکردنیان لەلایەن حکومەت بووەتە ھۆی گرانبوونی نرخی مریشک".

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەشڵێت "نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکاندا پەیوەندی بە بەرھەمھێنانی مریشکەوە ھەیە لەبەر ئەوەی ھەر لە کڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و غاز و پێداویستییەکانی بەخێوکردن گرانبووە"، دەشڵێت "حکومەت ھیچ ھاوکارێک و بەدەمەوە ھاتنێکی بۆ ئەم کەرتە نییە".

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت "لەسەر ئاستی جیهان پێدویستییەکانی بەرهەمهێنانی مریشک گرانبووە، ئەوە شتێک نییە لە دەسەڵاتی ئـێمەدابێت و ئێمە تەنها لە رووی داخڵبوون و کەمکردنەوەی گومرگ دەتوانین هاوکارییان بکەین".

نازم عەبدوڵڵا راشیگەیاند "نەخۆشی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاو بووەتەوە 70%ی مریشک و جوچکی لەناو ھۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردووە, دەشڵێت"بەکارھێنانی ڤاکسین بەھیچ شێوەیەک لە کوردستان کارناکات و ئەو ڤاکسینانەی بوونیان ھەیە لە عیراق و کوردستاندا، خراپن".

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکرد "ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوا لە حکومەت دەکەین ڤاکسین دابین بکات بۆمان چونکە ئەوە پەیوەستە بە ئەمنی نەتەوەییەوە و ھیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆ بەرێت بێجگە لە حکومەت کە دەتوانێت خوێن بگرێت و لەڕێگەی سەمپڵەوە بیباتە وڵاتێکی ئەوروپی و ڤاکسین دابین بکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆرایی، بەڵام جێگەی دڵنیایی خاوەن کێڵگەکان بێت".

ئەوەشی خستەڕوو "مریشک ھێشتا نرخی خۆی دەرناھێنێتەوە و خاوەن کێڵگەکان بەھۆی لەناوچونی مریشک لە ھۆڵەکاندا ھەر لە زیاندان، ھەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە سێ ھەزار و 250 دینار دەکەوێت لەناو ھۆڵی بەخێوکردن و ئەگەر رێژەی 30%ی مریشک بمرێت ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە حەوت ھەزار دیناریش ھەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە".

ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی گرانی نرخی گۆشتی سوور بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان روو لە کڕینی مریشک دەکەن و وەک جێگرەوەیەک، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە نرخی مریشکیش بەرزبووەتەوە و ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن