عارف قوربانی
پرسیارم هەیە لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا
عیراق وڵاتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه، به‌ڵام به‌درێژایی ته‌مه‌نی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراق ره‌نگه ئەمە یەکەم هەوڵی له‌م شێوه‌یه بێت، وه‌ك ئەوەی له چه‌ند رۆژی رابردوودا له میدیا عیراقی و كوردستانییه‌كان بڵاوكرایه‌وه کە كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار یاداشتێكیان داوه‌تە حكومه‌ت كه به‌غدا داوا له سعودیه بكات بۆ دروستكردنی گومه‌ز له‌سه‌ر گۆڕی شیعه‌كان له شاری مه‌دینه.
وڵاتێك گیرۆده‌ی ده‌یان قه‌یران بووه‌ته‌وه، كه‌رتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی وه‌ك دوو كۆڵه‌گه‌ی بنه‌ڕه‌تی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان، له داڕوخاندان. به‌پێی راپۆرتی وه‌زاره‌تی پلاندانان رێژه‌ی هه‌ژاری گه‌یشتووەتە 25%. رێژه‌ی بێكاری رۆژ له دوای رۆژ زیاتر ده‌بێت، ژماره‌ی بێوه‌ژن گه‌یشتووه‌تە ملیۆنان و شه‌ش ملیۆن منداڵی بێسه‌رپه‌رشت هه‌ن. بەشێکی زۆری دانیشتووانی وڵاتی نێوان دوو رووبار ئاوی خاوێنیان نییه بۆ خواردنه‌وه و مه‌ترسیی به بیابانبوون هه‌ڕه‌شه له به‌شی زۆری جوگرافیاكه‌ی ده‌كات، گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری خه‌ریكه بڕستی ژیان ده‌بڕێت. ناكۆكی سیاسی و قه‌یرانی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت، په‌ره‌سه‌ندنی گرووپی جیاجیای مافیایی و میلیشایی چه‌كدار بوونه‌تە ناسنامه‌ی وڵاته‌كه، كه‌چی په‌رله‌مانتاره‌كانی په‌رۆشی دروستكردنی مهرقهدن بۆ گۆڕی شیعه‌كان له سعودیه. له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه وه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه چه‌ند په‌رله‌مانتارێك كه نوێنه‌رایه‌تیی كورد ده‌كه‌ن له به‌غدا، ناویان له لیسته‌كه‌دایه. كوردستانیش ده‌یان كێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه، ده‌یان به‌ند و بڕگه‌ی ده‌ستوریی كه په‌یوه‌ندی به مافی كورده‌وه هه‌یه، فه‌رامۆش كراون. زوڵم و سته‌م و داگیركاری، سیاسه‌تی بەعەرەبکردن و پاكتاوی ره‌گه‌زیی كورد له مه‌نده‌لییه‌وه تاوەکو شنگال بهڕێوەدهبرێت. نوێنه‌رانی كورد له خه‌می ئه‌وه‌دان بۆچی گومه‌ز بۆ گۆڕی شیعه‌كانی مه‌دینه دروست ناكرێت.
پرسی نوێنه‌رایه‌تیی كورد و شاندی كوردستانیش به درێژایی ته‌مه‌نی شۆڕشه‌كانی كورد جێی پرسیار و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن بووه، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه بووه‌ته قسه‌یه‌كی باو و دۆست و نه‌یاره‌كانی كوردیش ده‌یڵێنه‌وه (كورد ئه‌وه‌ی به‌شه‌ڕ به ده‌ستی ده‌هێنێت، نوێنه‌ره‌كانی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌یدۆڕێنن)، به‌ڵام ئه‌میش هیچ كات به ئه‌ندازه‌ی ئێستا و ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو جێگه‌ی لۆمه‌كردن نه‌بووه. له خوله‌كانی رابردووی په‌رله‌مان دا زۆر هه‌ڵوێست و لێدوان و ره‌فتاری نوێنه‌رانی كوردمان بینین پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی گه‌لی كوردستان بوون. له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووره‌وه ئه‌وه‌ی وه‌ك ماف و شایستە بۆ پێشمه‌رگه چه‌سپێندراون، جێبه‌جێنه‌كراون، نوێنه‌ره‌كانی كورد بوونه عه‌ڕابی ده‌رچوواندنی یاسا بۆ به‌خشینی شایسته‌ی دارایی و پێدانی ئیمتیاز به حه‌شدی شه‌عبی و پڕچه‌ككردنیان، به‌ڵام ته‌نانه‌ت به قسه‌ش نیگه‌رانی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی مافه‌كانی پێشمه‌رگه نه‌بوون. ئێستاش گوێمان لە لێدوانی زۆریان ده‌بێت کە ئاو ده‌كه‌نه ئاشی لاوازكردنی پێگه و سه‌نگی میللـه‌ته‌كه‌ی خۆیانه‌وه. له‌كاتێكدا ئه‌ركی ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تیكردنی كورد بوو له به‌غدا بۆ داكۆكی له مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، بۆ پارێزگاری له به‌ده‌ستهاتووه‌كان و شه‌ڕی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانمان، به‌ڵام مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه كه شاندێک بۆ داخوازییه‌كانی كوردستان ده‌چوونه به‌غدا، هەندێک کەسیان داوای پۆست و ئیمتیازیان بۆ خۆیان ده‌كرد. ئه‌وانه‌شی نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوبوون نه‌ك شه‌ڕی وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه زه‌وتكراوه‌كانیان نه‌كرد، بگره هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشتر له ده‌ستووری عێراق دا وه‌ك مافی كورد به هه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر چه‌سپێندراون، به‌به‌رچاویانه‌وه پێشێل ده‌كرا، ته‌نانه‌ت هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو.
له‌م ماوانه‌ی رابردووش به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه و بۆ شكاندنی یه‌كدی، چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی ئه‌م دوو حیزبه له دادگەی فیدراڵی سكاڵایان له‌سه‌ر بەربژێری حیزبه ركابه‌ره‌كانیان تۆمار كرد، به‌ڵام جێی تێڕامانه هیچ كام له‌وانه بیریان له‌وه نه‌كرده‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ (موزایه‌ده و چهواشهكاریش بێت) سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكارییه ده‌ستوورییانه تۆمار بكه‌ن كه وه‌ك سته‌م به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێت. مایه‌ی تێڕامانه په‌رله‌مانتارانی پێشووتر و ئێستا سه‌باره‌ت به بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت به نه‌وتی كوردستان، رۆژانه ترس و نیگه‌رانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه حكومه‌تی عیراق پابەندە بە جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵی و به هێزی سه‌ربازی په‌لاماری كوردستان ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و بڕیارانه‌ی دیكه‌ی دادگە نابینن چۆن خراونه‌ته ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان بوون و به‌غدا جێبه‌جێیان ناكات.
هه‌ر بۆ نموونه كه‌ركووك كه له رابردوودا چه‌قی مه‌سه‌له‌ی كورد بووه له عیراق، ئه‌وه‌ی وه‌ك رێكاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی له ماده‌ی 140ـی ده‌ستووردا چه‌سپێندرابوو، چه‌ند ساڵێكه عێراق هیچ پابهندییەکی به‌و رێكاره ده‌ستوورییه‌وه نه‌ماوه، ته‌نانه‌ت دادگەی فیدراڵی له ساڵی 2019 بڕیاریدا ده‌بێت ئه‌و رێكاره ده‌ستوورییانه جێبه‌جێبكرێن، هیچ كام له كابینه‌كانی حكومه‌تی عیراق پابه‌ندی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگەی فیدراڵی نه‌بوون، هیچ په‌رله‌مانتارێك و نوێنه‌رێكی كوردیش، نه‌ك سكاڵایه‌كیان تۆمار نه‌كرد، ته‌نانه‌ت به لێدوانیش ناڕه‌زایه‌تییه‌كیان دهرنهبڕیوە، به‌ڵام به‌شێكیان وه‌ك گوته‌بێژی دادگەی فیدراڵییان لێهاتووه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی دیكه‌ی دادگەی فیدراڵی كه دژی هه‌رێمی کوردستان ده‌ركراون.
بیرتان ماوه ئه‌وكاته‌ی له‌سه‌ر پێشنیازی پارێزگاری كه‌ركووك، لیستی برایه‌تی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی كه‌ركووك شانبه‌شانی ئاڵای عیراق به‌رز بكرێته‌وه، ئه‌وكات توركمان و عه‌ره‌به‌كان سكاڵایان برده دادگە له‌و به‌غدایه و دادگە بڕیاریدا ئه‌وه‌ی كراوه ناده‌ستووریی نییه. ئێستا كه‌ركووكتان لێوه دیاره؟ ئه‌ی بۆ حكومه‌تی عیراق ناخه‌نه ژێر به‌رپرسیارێتی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگەوه كه ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی كه‌ركووك هه‌ڵبكرێت.
هه‌ر رۆژه و به‌جۆرێك دادگەی فیدراڵی دژی هه‌رێمی کوردستان ده‌ورووژێندرێت، دۆسیەیەک یهكلانابێتهوه، چه‌ند په‌رله‌مانتارێك دۆسیەیەکی دیكه له‌سه‌ر كوردستان ده‌به‌نه دادگە، نازانم بۆچی هیچ كام له‌م نوێنه‌رانه‌ی كورد كردنه‌وه‌ی ده‌رگەی دادگەی نه‌قۆسته‌وه نه‌ك له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی كورد، لانیكه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حیزبه‌كانیان کە بۆچی له‌و دادگەیه سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق تۆمار ناكه‌ن كه به‌پێی ده‌ستووری عیراق خوێندن له ناوچه‌كانی گه‌رمه‌سێره‌وه بۆ كه‌ركووك و تاوەکو ده‌شتی نه‌ینه‌وا بۆ منداڵانی كورد به زمانی كوردییه، به‌ڵام به‌غدا له 19 ساڵی رابردوودا مووچه‌ی ته‌نیا یه‌ك مامۆستایشی خه‌رجنه‌كردووه. 15 هه‌زار مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری كورد له هه‌موو مافێك بێبه‌شكراون و هیچ په‌رله‌مانتارێك و هیچ كام له نوێنه‌رانی كورد نه‌ك سكاڵایه‌كیان تۆمار نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت نیگه‌رانیشیان ده‌رنه‌بڕیوه. له كاتێكدا ئه‌وه ئه‌ركێكی ده‌ستووریی حكومه‌تی عێراقه كه پێداویستییه‌كانی خوێندن بۆ منداڵانی كورد ده‌سته‌به‌ر بكات.
به ده‌یان گوندی كورد له ناوچه‌كانی خانه‌قین چۆڵكراون، له خورماتووه‌وه بۆ كه‌ركووك و دووبز هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر جووتیار و گوندنشینانی كورد ده‌كرێت ده‌ستبه‌رداری زه‌وی و زاره‌كانیان بن و عه‌ره‌ب ده‌هێندرێت و له‌سه‌ر زێدی كورد نیشته‌جێ ده‌كرێن. فه‌رمانبه‌ری كورد له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی دوورده‌خرێته‌وه. ئه‌و ناوچانه‌ی به رۆژ سوپای عیراق و گرووپه میلیشیاكانی لێیه، شه‌وان گه‌نج و لاوی گوندنشینی كورد ده‌ڕفێندرێن و ده‌كوژرێن، دواتر ده‌گوترێت داعش په‌لاماری داون. ئه‌م نوێنه‌رانه‌ی كورد له به‌غدا چ كاردانه‌وه‌یه‌كیان هه‌بووه؟
له نوگره‌سه‌لمانه‌وه تاوەکو تۆپزاوا، هه‌ر بسته خاكێكی عیراق هه‌ڵبده‌یته‌وه ئێسك و پروسكی ژن و منداڵی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌نفالكراوانی كوردن، نازانم ئه‌م نوێنه‌رانه‌ی كورد له رابردوو و ئێستادا بۆچی داوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ندو بڕگه یاساییانه ناكه‌ن بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان و پشكنینی دی ئێن ئه‌ی بۆ كه‌سوكاریان و هێنانه‌وه‌ی رووفاته‌كان بۆ كوردستان، به‌ڵام له خه‌می شیعه‌دان کە خاوەنیان زۆرە. هه‌ر به‌ڕاستی جێگەی پرسیاره؟
ک. ر.
ک. ر.