راپۆرت

رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکرێتەوە
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

تورکیا بە هەزاران سەربازی وڵاتەکەی لەسەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا جێگیرکردووە، بەردەوام ناوچەکانی ژێرکۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە مووشەکباران دەکات و لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیکیشییەوە هێرشی بەردەوام دەکاتە سەر گوندەکان.

لە 2011 تا ئەم رۆژانەی رابردوو تورکیا وەک نێوەندگیر لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کاری دەکرد و هەوڵی لێکنزیککردنەوەی ئەو دوو لایەنەی دەدا، بەڵام بەم دواییانە و بەتایبەت تر لەدوای لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کە رایگەیاندبوو، لەگەڵ حکومەتی سووریا لێک تێگەیشتن هەیە کە بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی خاکی سووریا ئۆپەراسیۆن ئەنجامدەدەن، ئەوەش وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا و بەتایبەت خۆبەڕێوەبەریی کورد لێکدەدرێتەوە.

سەبارەت بە دوا پێشهاتەکان عەلی شەمدین، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا رایگەیاند "هەر رێککەوتنێک لەنێوان سووریا و تورکیا بێتەئاراوە دەبێتە مەترسی لەسەر هیزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا، چونکە ئەو رێککەوتنانە دواجار لە بەرژەوەندی تورکیا دەبێت".

ئەو ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریا مەترسییەکانی رێککەوتنی تورکیا و سووریای بەم شێوەیە روونکردەوە "لە ئەگەری رێککەوتندا خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا دەکەوێتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، ئەویش ئەوەیە سوپای تورکیا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدەدات ئەوەش دەبێتە هۆی دابڕانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان لەیەکتری".

لای خۆشییەوە ئەڤین سوید، نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "تورکیا چاوی بە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان هەڵنایات و چونکە وەک هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەیبینێت، بۆیە بەبەردەوام گوندەکان و شارەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە بۆردومان دەکات، و خەڵکی مەدەنی ناچاردەکات ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن بۆ ئەوەی ئەو گروپانە لە شوێنەکانیان نیشتەجێبکات کە نزیکن لە تورکیاوە".

هەر ئەمڕۆ روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووە، جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە گوندەکانی زرگانی سەر بە سەرێکانی و گوندەکانی تەلتەمر لە پارێزگای حەسەکە زیادیکردووە و سوپای تورکیا ھێزێکی زیاتری رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە.

ئەڤین سوید مەترسییەکی دیکەی ئاشکراکرد و وتی "ئامانجی تورکیا داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستانە و لەژێر بیانووی دورخستنەوەی مەترسی لەسەر سنوورەکانی دەیەوێت مەنبج و چەند ناوچەیەکی دیکەی لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە دەربکات و خۆی داگیریبکات هاوشێوەی عەفرین و سەرێ کانی و شوێنەکانی دیکە".

هاوکات عەلی شەمدین رایگەیاند "لەدوێنێوە لە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا دژی هەر رێککەوتنێک لەنێوان رژێمەکەی بەشار ئەسەد و تورکیا خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت و پێویستە خۆپیشاندانەکان بەردەوامی هەبێت، هەتا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دێنە سەر هێڵ و بەر بە پاوانخوازییەکانی تورکیا دەگرن".

لە دریژەی قسەکانیدا نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان وتی "تورکیا هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ رازیکردنی ئەمەریکا و رووسیا وڵاتانی دیکە تا رازیببن ئەو ئۆپەراسیۆنەی چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆدەکات لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیبدات".

لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سنوورەکانی نێوان تورکیا و رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و بەگوێرەی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ 13ی ئابی 2022 تورکیا ژمارەیەکی دیکە سەرباز و تانک و زرێپۆش و کەرەستەی دیکەی سەربازی لە سەر سنوورەکانی رۆژئاوا جێگیرکرد.

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان