راپۆرت

کێشەی هەڕەشەکردن لە هاوڵاتییان لەڕێگەی سیمکارتە تۆمارنەکراوەکانەوە نەبووەتە دیاردە

مەودا میدیا - سلێمانی |


کێشەی هەڕەشەکردن لە هاوڵاتییان لەڕێگەی سیمکارتە تۆمارنەکراوەکانەوە نەبووەتە دیاردە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

فرۆشتنی سیمکارتی بێ مۆڵەت بووەتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش کۆمەڵێک کێشەی بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە، هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی یەک مانگ مۆڵەتییان داوە بە بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکاری مۆبایل و ئینتەرنێت و ئەو کەسانەی کە لەسەر مێز لە شەقامەکان سیمکارت دەفرۆشن.

(ئـ، م)، یەکێکە لە سیمکارتفرۆشەکان لە بازاڕی سلێمانی لەبارەی تۆمارکردنی سیمکارتە بێ مۆڵەتەکانەوە بە مەودا میدیای وت "هەر سیمکارتێک ماوەی سالێك لەلایەن بەشداربووەوە بەکاربهێنرێت ئەو کەسە لەرێگەی 10 ژمارەوە کە زۆرترین پەیوەندی لەگەڵ ئەنجامداون دەتوانێت بیکات بە ناوی خۆیەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "کورد زۆر کەم ئەو سیمکارتانە دەکڕێت زیاتر لەلایەن کەسانی عەرەبەوە دەکڕدرێت، هەروەها لە شاری هەولێریش زیاتر مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەو سیمکارتانەوە دەکرێت".

دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارە 110 کە لە 1ی ئەیلولی 2021 دەرچووە کە تایبەتە بە رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی فرۆشتنی سیمکارت لەلایەن کۆمپانیاکانی گەیاندن، ئەم بڕیارەشە لەوەوە سەرچاوەی گرت کە فرۆشتنی سیمکارت بەشێوەیەکی بێسەروبەر بوو لەسەر شەقامەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش ببووە هۆی کێشە بۆ هاوڵاتییان".

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە وتی "بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ئەمساڵ هەردوو وەزارەتی گواستنەوە و ناوخۆ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپێردراون، دوای ئەوەش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتدا مۆڵەتی یەک مانگ لە 24ی تەمووز تاوەکو 23ی ئابی 2022 درایە کۆمپانیاکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری مۆبایل و ئینتەرنێت کە ئاگاداری بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕەکاندا بکەنەوە سیمکارتی بێ تۆمار نەفرۆشن".

ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی بڕیارەکە بێت ئەو کەسانەی لەسەر مێز لە شەقامەکاندا سیمکارت دەفرۆشن ئەوا لەلایەن دەزگاکانی ئەمنی وەزارەتی ناوخۆ دەستبەسەر دەکرێن، هەروەها بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتیش دەبێت لە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەت دەربهێنن".

سەبارەت بەو کێشانەی رۆژانە بەهۆی بەکارهێنانی سیمکارتە تۆمارنەکراوەکانەوە رووبەڕووی هاوڵاتییان دەبێتەوە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ مەودا میدیای روونکردەوە "کێشەی هەڕەشەکردن لە هاوڵاتییان لەڕێگەی سیمکارتە تۆمارنەکراوەکانەوە کەمە و نەبووەتە دیاردە، هەروەها ئەو ژمارانەی کە تۆمارنەکراون زۆریان کۆڕەکن، چونکە لەئێستادا کۆمپانیای ئاسیا ئەو سیمکارتانە وەردەگرێتەوە کە شەش مانگ بۆ ساڵێک کاریان نەکردبێت".

لە وەڵامی پرسیاری مەودا میدیا کە پرسی لەکاتی کێشەیەکدا کۆمپانیاکان دەتوانن بزانن ئەو سیمکارتە تۆمارنەکراوە کێ بەکاریدەهێنێت وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد "لەکاتێکدا تاوانەکان قورسبێت کۆمپانیاکان گەڕان دەکەن، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دیکەدا نەخێر، چونکە بڕی تێچووەکەی زۆرە".

مەودا میدیا بۆ وەرگرتنی زانیاری پەیوەندیی بە هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کرد، بەڵام هیچ کامیان ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە لێدوان بدەن.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان