ئەحمەد  ئارام

ئەحمەد ئارام

چۆن رووبەڕووی دۆخی خراپی ئابووری ببینەوە؟

بارودۆخی ئابووریی ئێستای کوردستان بە جۆرێکە کە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرزدەبێتەوە و ئابووری لە پاشەکشەدایە.

تادێت نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان گرانتر دەبن و لەسەر شانی هاوڵاتییان قورستر دەبێت، لەکاتێکدا مووچەی هاوڵاتییان لە هەمان ئاستدا ماوەتەوە، توانای کڕینی هاوڵاتییان لە کەمبوونەوەدایە. ئەگەر هەستت بەم دۆخە کردووە ئەوە ئەم دۆخە پێی دەوترێت پاشەکشەی ئابووری.

وەلید حیجازیی نووسەر لە راپۆرتێکدا کە لە رۆژنامەی ئەتلەیەری ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لە پێناسەی پاشەکشەدا دەڵێت "خاوبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆییە، بەڵام لە بنەڕەتدا قۆناغێکە کە گەشەی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو خاودەبێتەوە و رێژەی بێکارییش بەرزدەبێتەوە. کۆمپانیاکان رێژەی قازانج بەرزدەکەنەوە بۆ مانەوەیان تا رووبەڕووی دۆخەکە ببنەوە".

هەڵاوسانی زیادەڕۆیی (تضخّم جامح)
لەمڕۆدا هەڵاوسان بۆ ئاستێک بەرزبووەتەوە کە لە چوار سەدەدا لە جیهاندا نەبینراوە، هەروەها روونە کە رێژەی بەرزی هەڵاوسان کاریگەریی نەرێنی لەسەر توانای کڕین هەیە، ئەمەش وادەکات دەستکەوتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانە وەک خۆراک  قورس بێت، هەڵاوسانیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی  ئابووریی گەشەی گشتی وڵات هەیە. دەبێتە هۆی ئەوەی بانکەکان بڕیاری بەرزکردنەوەیر سوو بدەن. کاتێک رێژەی سوو بەرزدەبێتەوە، خواست لەسەر کاڵا لە جیهاندا قورستر دەبێت، بۆ نموونە ئۆتۆمبێل و خانوو. بەهەمان شێوەش کاتێک هاوڵاتییان قەرز وەردەگرن، لە ئێستادا بە رێژەیەکی دیاریکراو قەرز وەردەگرن، بەڵام لەم کاتەدا رێژەکە بەرزدەبێتەوە و دەبێتە بارگرانییەکی زیادە لەسەر قەرزوەرگران.

لە پاشەکشەی ئابووری چی روودەدات؟
لە سەردەمی پاشەکشەی ئابووریدا کۆمپانیاکان ناچارن دامەزراندنی کارمەند کەمبکەنەوە و کارمەندان لە کارەکانیان دووربخەنەوە و کاتەکانی کارکردن کەمبکەنەوە، زۆربەی لەدەستدانی کارەکان لە کەرتی خزمەتگوزارییدا کۆدەبێتەوە، بەتایبەتی لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کە قازانجەکانیان تاڕادەیەک دادەبەزێت و دامەزراندنیش ناجێگیرە.

لەدەستدانی مووچە؟
لەدەستدانی مووچە بەو مانایەیە کە خەڵک دەبێت پاشەکەوت بکەن بۆ ئەوەی پارەی پێداویستییەکان بدەن، وەک خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانە. گەورەترین کاریگەری دابەزینی گەشەی ئاستی ئابووری  لەسەر خێزانەکان دەبێت، بۆیە پێویستە زۆربەی خەڵک خۆیان بۆ وەها دۆخێک ئامادەبکەن.

چۆن خۆت بۆ ئەم جۆرە دۆخە ئامادەدەکەیت؟
لەگەڵ مەترسییەکانی پاشەکشە، زۆرێک لە خێزانەکان نیگەرانن لە دۆخی دارایی خۆیان، حیجازی تیشکدەخاتە سەر چەند ئامۆژگارییەک کە دەتوانیت پەیڕەوی بکەیت لەوانە:

یەکەم: دەستبەجێ خەرجییەکانت کەمبکەرەوە
دەرفەتێک بدۆزەرەوە بۆ پێداچوونەوە بە مووچەکەت و چۆنیەتی خەرجکردنی و دیاریکردنی پێداویستییەکانت ئەمەش وەک ھەنگاوێک  بۆ کەمکردنەوەی یاخود نەهێشتنی زیادەڕۆی و بەهەدەردانی.

دووەم:  بەزووترین کات قەرزەکانت بدەیتەوە
گرنگە بە خێرایی قەرزی بانکی یان هاوڕێ یان خزمەکان بدەیتەوە. لە چەند مانگی داهاتوودا رێژەی سوود بەردەوامدەبێت لە بەرزبوونەوە، ئەمەش بەڕێوەبردنی قەرزەکانت قورستردەکات.

سێیەم: ئامادەکاری بکە بۆ ئەوەی واز لە کارەکەت بھێنیت و بەدوای کارێکی تردا بگەڕێیت.

چوارەم: پەرە بە خۆت بدە و تواناکانت زیادبکە، بەو پێیەی دامەزراندن کاریگەری لەسەر کەسانی کەم ئەزموون و کەمتر خوێندەوار هەیە، پێویستە زانیاریی زیاتر و بەهرەی نوێ بەدەستبهێنیت بۆ ئەوەی دەرفەتەکانت زیاتر بێت.

پێنجەم: هەوڵبدە کارێک بەدەستبهێنیت کە پاشەکشەی ئابووری کاریگەری لەسەر نەبێت
زۆربەی ئەو کارانەی کە بەرەنگاری پاشەکشە دەبنەوە، بەندە بە ئاستی لێهاتوویی کەسەکەوە، بەڵام ئەو کەرتانەی کە کەمترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت، بریتین لە کەرتی گشتی و تەندروستی و پەروەردە و ئەم کارانەش بۆ هەموو کەسێک نین.
پێشبینی دەکرێت لە ساڵی نوێدا 2023 ئەم دۆخە زیاتربێت. گرنگترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە شەڕ و ناسەقامگیریە سیاسییەکانن. وەک دەبینین ئۆکرانیا و رووسیا لە شەڕدان و ئەو سزایانەی کە ئەمەریکا و ئەوروپا بەسەر رووسیایاندا سەپاندووە لەکاتێکدا رووسیا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی گاز  و نەوت لە جیهاندا، ئەمەش  ناسەقامگیری لە رێژەی دراوە جیھانییەکان دروستکردووە .
لە كوردستاندا  باری  ئابووری  لە دۆخێکی باشدا نییە بەھۆی  ناسەقامگیریی  سیاسی و  بەرزبوونەوەی رێژەی گەندەڵی و  ململانێی ناوخۆیی و پێكنه‌هێنانی حكومه‌تی عیراقی، ھەروەھا ئەو تەنگەژە ئابوورییەی لە جیھاندا ھەیە  كاریگه‌ریی  دروستکردووە لەسەر پاشه‌كشه‌ی ئابووریی کوردستان و عیراق.

بۆیە پێویستە وەک تاک و خێزان زۆر بەوردی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین و خۆمان بۆ هەر بارودۆخێکی سەخت ئامادەبکەین.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan