راپۆرت

دوای محەمەد حەلبوسی کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی عیراق؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوای محەمەد حەلبوسی کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی عیراق؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت "لەئێستادا هیچ دەنگۆیەک نییە کەوا کەسێکی دیکە لە سوننەکان خۆی کاندید کردبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق".

یادگار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلولی 2022 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی  بەوەشکرد "سەرجەم رێگەکانی ناوچەی سەوز داخراون، بۆئەوەی پەرلەمانی عیراق بتوانێت ئەو کۆبوونەوە ئاساییەی خۆی ئەنجام بدات".

لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانەوە ناوبراو وتی "جاری دیارنییە داواکاری دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە قبووڵ دەکرێت یاخود نا، چونکە دەخرێتە دەنگدانەوە".

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە مەودا میدیای وت "هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان نییە، چاوەڕواندەکرێت لەکاتی خۆیدا دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت".

سەبارەت بە دیاریکردنی کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عیراق ئەو روونیکردەوە "لەئێستادا هیچ دەنگۆیەک نییە کەوا کەسێکی دیکە لە سوننەکان خۆی کاندید کردبێت بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، چونکە ئەو رێککەوتنەی کە هەیە لەنێوان بەرەی سوننەکان تەنها محەمەد حەلبوسی کاندید بووە، بۆیە پێم وانیە داواکاریی دەست لەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبوسی قبووڵ بکرێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئەیلولی 2022 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆک پەرلەمان، هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بڕیاردانە لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق کە داواکاری پێشکەشکردووە.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان