راپۆرت

عیراق؛ زمانی کوردی لاوازدەکات و حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عیراق؛ زمانی کوردی لاوازدەکات و حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە
مەودا میدیا-

وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیاری هەژمارنەکردنی وانەی کوردیدا لە عیراق، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە شارەزایانی بواری پەروەردەش بڕیارەکە بە هەڵە دادەنێن و دەڵێن "زیادەڕەویکردنە لەسەر زمانی کوردی"، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش رایدەگەیەنێت بڕیارەکە بنەمای یاسایی نییە، جێگەی سەرسوڕمانە ئاوا مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەیەکی سەرەکی وڵاتدا بکرێت.

شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت "بڕیارەکە هەڵەیە و نەگونجاوە و زیادەڕەویکردنە لەسەر زمانی کوردی، وەک ئەوەیە وانەکە لاببرێت، هۆکارێکە بۆ ئامادەنەبوونی خوێندکار لە وانەکە و ئەنجامنەدانی تاقیکردنەوە، تەنانەت خوێندن بە زمانی کوردی لە سەردەمی رژێمی بەعس لە قۆناغی چواری ئامادەیی کە لە ئێستادا بە قۆناغی 10  ناسێنراوە هەبووەو نمرەی لەسەر هەژمار کراوە".

بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکوک روونیشیکردەوە "ئەم بڕیارە ئەو خوێندنگەیانە ناگرێتەوە کە خوێندنیان بە زمانی کوردییە لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دەرچوون و دەرنەچوونی دیاری دەکرێت، بڕیارەکە بۆ ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عیراقە یاخود بۆ ئەو خوێندنگانەیە کە خوێندنیان بە زمانی عەرەبییە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیان ئاگادارکردووەتەوە تاوەکو لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عیراق گفتوگۆ بکەن". 

دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونیکردەوە "لە دەستووری عیراق زمانی کوردی هاوتەریبە بە زمانی عەرەبی و زمانی فەرمی وڵاتە، لەکاتێکدا زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمیش نییە و دەخوێندرێت، قسەشکراوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بڕیارەکە راستبکرێتەوە،پێشم وایە بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت". 

دەشڵێت "بڕیارەکە بنەمای یاسایی نییە، جێگەی سەرسوڕمانە ئاوا مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەیەکی سەرەکی وڵاتدا بکرێت، لە ئێستادا ناتوانن جێبەجێی بکەن، بۆ کورد ناخۆشە وەک دەرسی سەرەکی هەژمارناکرێت، هەرچەندە پاڵپشتیەکی یاسایی نییە، بەڵام ئەگەر بیانەوی دەتوانن جێبەجێی بکەن".  

د.موئمین زەڵمی، پسپۆڕی سیاسەتی زمانی کوردی بەم جۆرە باس لە کاریگەری بریارەکە دەکات و پێی وایە "ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق بە تەواوی دژی دەستوورە هەردوو زمانەکە زمانی رەسمی ئەم وڵاتەن، کەمتەرخەمی هەیە، حکومەتی هەرێمیش کەمتەرخەمە نەیتوانیوە شکۆمەندی بۆ زمانی کوردی بگێڕێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش لە پۆلی دوازدە زمانی کوردی بە ئیختیاری دانراوە، سیاسەتی زمان لە هەرێم و بەغدا کیشەی هەیە". 

باسی لەوەشکرد "ئەم کارەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەبێتە هۆی لاوازبوونیکی مەترسیداری زمانی کوردی لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کاریگەری تەنها لەسەر خوێندکاران نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی سستبوونی زمانی کوردی وەک ئەوەی لەئێستادا دەیبینین لە بڕیارە فەرمییەکانی عیراق زمانەکە پەراویز دەخرێت".  

سەبارەت بە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "قسەی لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عیراقی فیدراڵ كردووە، هەموو روونكردنەوەیەكی دەستوورییان خستووەتەڕوو بەڵێنی چارەسەركردنیان وەرگرتووە".

ئـ،ف
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان