گێتی

هەڵبژاردنی ئیسرائیل.. دوژمنە سەرسەختەکەی ئێران و عەرەب دەبێتەوە سەرۆک وەزیران؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵبژاردنی ئیسرائیل.. دوژمنە سەرسەختەکەی ئێران و عەرەب دەبێتەوە سەرۆک وەزیران؟
مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد

ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسرائیلییەکان دەنگ بۆ حکومەتێکی نوێ و دەستبەکاربوونی دەسەڵاتێکی تازەی وڵاتەکەیان دەدەن، ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە و لە ماوەی کەمتر لە 4 ساڵدا پێنج هەڵبژاردنی لەو جۆرە کراوە. 

هاوکات لایەنەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە 60 کورسی لە نێو 120 کورسی کنێست، تاوەکو بتوانن حکومەتی نوێ پێکبهێنن.

ئەم هەڵبژاردنە پاش ئەوە دێت، لە مانگى شەشى ئەمساڵ بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنە پێکهێنەرەکانییەوە، حکومەتى هاوپەیمانى لە ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی "نەفتالى بینیت" هەڵوەشایەوە و بڕیاردرا جارێکى دیکە هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

خەڵکی ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی وڵاتەکەیان.

بەشێک لە راگەیاندنەکان هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل بە ریفراندۆم ناودەبن بۆ "بنیامین نەتانیاهۆ" و گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات. 

خەڵکی ئیسرائیل نیگەرانن لە ئەم هەڵبژاردنە یەک لەدوای یەکانەی ئیسرائیل و جێگیر نەبوونی دەسەڵات و توانای بەڕێوەبردنی حکومەتەکەیان.

لە ئێستادا کێبڕکێ بردنەوەی لەنێوان دوو حزبی گەورەی ئەو وڵاتەیە بە سەرۆکایەتی "بنیامین نەتانیاهۆ و ئائیر لاپید" کە دوو رکابەری سەرسەختی یەکترن، بەڵام پێشبینی و ئەگەرەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی "بنیامین نەتانیاهۆ" دەدەن.

جگە لەم دوو حزبە، چەندین حزبی دیکە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، بەدەستهێنانی دەنگ و کورسییەکانیان لە بەرژەوەندیی بنیامین نەتانیاهۆ کۆتایی دێت.

" یائیرلاپید" لەبەرئەوەی لە ماوەی رابردوودا رۆژنامەنووس بووە و لەناو خەڵکدا ناوبانگی هەیە، ساڵی رابردوو توانی بە کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ بە سەر "نەتانیاهۆ"دا  سەرکەوێت.

هەڵبژاردنی 25 مین پەرلەمانی ئیسرائیل سێ ساڵ زووتر لە کاتی خۆی و بەهۆی کەوتنی حکومەتی "هاوپەیمانی نەفتالی بینیت" لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دەستیپێکرد.  دەرئەنجامی ئەم رووداوە هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و گۆڕینی یائیر لاپید بوو بە سەرۆک وەزیران.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، کە تاوانبارە بە گەندەڵی، لە هەوڵی ئەوەدایە جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە سەرکەوتن بەدەست بێنێت و بەو هیوایە کە جارێکی دیکە بتوانێت حکومەتیکی تازە دروستبکات. 

سی و نۆ،  حزبی بچووک و گەورە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئیسرائیل بەشدارن و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەدەن.

بە پێی یاساکانی ئیسرائیل، حزبەکان پێویستە 3.25 ی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان بەدەستبێنن. 

پەرلەمانی ئیسرائیل خاوەنی 120 کورسییە، هەر حزبە و بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست پێویستی بە بەدەستهێنانی 61  کورسییە.  ئەگەر پێشبینییەکان راست بێت، ئەوا نەتانیاهۆ دەتوانێت سەرکەوێت و حکومەت دروست بکات. ئەوەی گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا، بەدەستهێنانی دەسەڵاتە لەلایەن حزبەکەی نەتانیاهۆ.

ناتانیاهۆ دەڵێت، ئامانجی لە بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکان "سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکەیەتی" ئەمە لەکاتێکدایە کە چەندین تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە. نەتانیاهۆ پێشوازی لە رووخانی حکومەتی ئێستا کرد و دەڵێت، ئەوە هەواڵێکی خۆشە بۆ هاوڵاتییانی ئیسرائیل. نەتانیاهۆ بە دروشمی "سەرۆک وەزیرانی بەهێز، ئیسرائیلی بەهێز" بەشداری هەڵبژاردنەکەی کردووە.

بنیامین نەتانیاهۆ، لە ساڵی1949  لە شاری "تەلئەبیب" لەدایکبووە، لە ئورشەلیم گەورە بووە و ماوەیەک لە ئەمەریکا ژیاوە.

لە ساڵی 1967 گەڕاوەتەوە ئیسرائیل و چووەتە ناو سوپا، لە ساڵی 1972  بۆ خوێندن گەڕاوەتەوە ئەمەریکا، لە 1973  جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە ئیسرائیل و بەشداری شەڕی کردووە.

نەتانیاهۆ دیسان دەگەڕێتەوە ئەمەریکا و لە دوای خوێندن هاوسەرگیری دەکات و سەرقاڵی کارکردن دەبێت، چالاکییەکانی بۆ حکومەتی ئیسرائیل دەستپێدەکات. 

نەتانیاهۆ لە ساڵی 2009  لە کاتی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی بەڵێنی بە خەڵکی ئیسرائیلدا ئەگەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوا دەوڵەتی حەماس لە غەزە کۆتایی پێدەهێنێت و یەکە نیشتەجێبووەکانی یەهوودیان زیاتر پەرەپێبدات و رێگە بە فەلەستینییەکان نەدات لە ئوورشەلیم بژین.

ئەگەرچی یەکێک لەو کەسانە بوو کە دژایەتی گەڕانەوەی فەلەستیینییەکان بۆ هەندێک لە ناوچەکانی دەکرد، بەڵام لە ساڵی 2009  نەتانیاهۆ لە وتارێکیدا وتی، ئەو رازییە بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی، بەڵام بەو مەرجەش ئەوان دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێن. لە لایەکی دیکەوە گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستنی بە ئەستەم زانی و ئورشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناوبرد.  

هەر لە سەردەمی نەتانیاهۆ لە ساڵی 2010  بوو کە ئیسرائیل لە یۆنسکۆ هاتە دەرەوە و هۆکارەکەشی بەستنی کۆنفرانسێک بوو دژی یەهوودییەکان کە لە پەراوێزی دانیشتنی گشتی وڵاتانی ئەندام بوو.

بنیامین نەتانیاهۆ یەکێک لەو کەسانەیە کە دژی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوەیە و بە مەترسی بۆ سەر جیهان و ئیسرائیل دادەنێت. ناوبراو لە ئێستادا سەرۆکی حزبی کرێکارانی راستڕەوی لیکودە، بە سەرۆکایەتی ئەو لە ساڵی 2009 توانی لە هەڵبژاردنەکاندا 27 کورسی پەرلەمان بەدەستبێنێت.

هەرلەو ساڵەدا سەرۆک کۆماری ئیسرائیل داوای لە نەتانیاهۆ کرد ببێتە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی و بنیامین نەتانیاهۆ قبووڵی کرد و کابینەکەی خۆی دروستکرد، لە کابینەکەیدا دوو وەزیەری ژن و 5 وەزیری رووسی بوو.

لەساڵی 2017 بنیامین نەتانیاهۆ لەگەڵ کۆمەڵێک بازرگان و رۆژنامەنووس بە گەندەڵی تاوانبارکران، بەڵام تائێستا ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی لە سەری ساخ نەبوونەتەوە و لای خۆشیەوە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: بێتاوانم. 

 
خ.غ
 
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان