راپۆرت

شاخی بەمۆ، شاخە چوارگۆشەکەی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


شاخی بەمۆ، شاخە چوارگۆشەکەی کوردستان
مەودا میدیا- نەزیرە حارس

شاخی بەمۆ دەکەوێتە نێوان سنووری کوردستانی عیراق و کوردستانی ئێران، بە درێژیی زیاتر لە 15 کلیۆمەتر و پانیی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر، بەڵام بەشی زۆری دەکەوێتە کوردستانی عیراق و بەشێكی کەمی دەکەوێتە کوردستانی ئێران.
 لە پانتایی سەری شاخەکەدا چەند بەرزی و نزمی و دەشتاییەکی  تێدایە. ئەم شاخە بەوە ناسراوە کە لە دوورەوە سەیری دەکەیت شێوەکەی چوارگۆشە دەردەکەوێت.
 زۆرێک لە سەرچاوەی ئاو و کانیاو دەکەونە بناری شاخی بەمۆ، وەکوو: کانیی چنارە، کانیی کونی خۆتە، کانیی کەمتاران، کانیی رەش، کانیی خانەوا، کانیی شێخ، کانیی پەمانە، کانیی پاشا، کانی شایەدەری، کانیی کەڵ، کانیی هێجەڵە، کانی رەییسی، کانیی ترشە، کانیی بنگوێز و زۆر سەرچاوەی ئاوی تریش... بوونی ئەم سەرچاوەی ئاو و کانیاوانە، سروشتێکی جوانی لە سەوزایی بە ناوچەکە بەخشیوە.
 گوندەکانی بناری شاخی بەمۆ ئەمانەن: گوندی بێلوولە، کە شوێنێکی مێژووییە و بەناوبانگە بە نەخشی دەربەند بێلوولە، مێژووی نەخشی دەربەند بێلوولە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ پێش زایین، یەک کیلۆمەتر دوورە لە سنووری ئێرانەوە. هەروەها گوندەکانی باخەهەنارە، بانی گۆران، کانی رەش، شاوازی، گوندی هۆرێن، کە گوندێکی سەرەکییە و وەکوو چەقی ناوچەکە وایە، لە دێرزەمانەوە لە کاتی پاشایەتیدا عوسمان بەگی شەرەف بەیانی تێیدا نیشتەجێ بووە، ئەمە جگە لەوەی کە خەڵکی هۆرێن لە هەموو کەس زیاتر خۆیان بە خاوەنی شاخی بەمۆ دەزانن، گوندی خێڵی یاقوو (خێڵی یەعقوب) و هاوینەهەواری سەرتەکی بەمۆ (کە ئەمیش دیسان موڵکی هۆرێنەییەکانە و بەناوبانگە بە چەندین جۆر میوەی هاوینە، بەتایبەتی هەنجیر، بەهۆی جوانیی سروشتی سەرتەکی بەمۆ و ئاو و هەواکەی، هەمیشە گەشتیارانێکی زۆری ناوەوە و دەرەوەی کوردستان رووی تێ دەکەن)، گوندی چوار داران، گوندی کانی وەیسکێ و کانی پاشا، گوندی توو وشکێ و گوندی بەڕوێن...
شاخی بەمۆ لە هەر چوار لاوە دەڕوانێت بەسەر دەوروبەری خۆیدا، کە بەم شێوەیەیە: 
لە رۆژهەڵاتەوە دەڕوانێت بەسەر شاخەکانی هەورامان، سورێن، باڵانبۆ و شاهۆ.
لە رۆژئاواوە دەڕوانێت بەسەر ناوچەی گەرمیاندا، ئەگەر کەشوهەوا ساماڵ بێت، لە شەودا گڵۆپەکانی شاری کەرکوک دەبینرێن.
لە باکوورەوە دەڕوانێت بەسەر شارۆچکەی دەربەندیخان و شاخەکانی گوڵان و زەردە.
لە باشوورەوە دەڕوانێت بەسەر ناوچەی ئێران لە قەسری شیرین و سەپێلی زەهاو.
دانیشتوانی ناوچەکە گەلێک شانازیی دەکەن بە گرنگیی شوێنەکە و رابردوو و ئەو مێژووەی کە لە شاخی بەمۆوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها لە کاتی شەڕی کورد لەگەڵ دوژمنەکانیدا، ئەم شوێنە هەمیشە پشتوپەنا و حەشارگەیەک بووە بۆ هێزی بەرگری، هەرچەندە کەمێک یادگاریی ناخۆشیشیان هەیە بەهۆی ئەوەی کە ناوچەکە چەند جارێک بووە بە مەڵبەندی شەڕی براکوژیی کورد.


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە