راپۆرت

ئەوان من ناکوژن، من دایکم، چۆن دایکێک لەمنداڵەکانی جیا دەکەنەوە؟ چیرۆکی کوشتنی زڕمینە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەوان من ناکوژن، من دایکم، چۆن دایکێک لەمنداڵەکانی جیا دەکەنەوە؟ چیرۆکی کوشتنی زڕمینە
 مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد

 

"زڕمینە"، گێڕانەوەی چیرۆکی ژنێک کە لە مەیدانی دووگۆڵی کابۆل کوژرا

 بەناوبانگترین جۆری کوشتن لەلایەن تاڵیبانەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوشتنی ژنێک لە کابۆل بەناویی زڕمینە. ئەو ژنەیە کە بەعەبایەکی شینەوە لەسەر خەتێکی سپی ناو مەیدانی دووگۆڵی لە کابۆل دانیشتووە و کەسێکیش بە کڵاشینکۆفێکەوە لێی نزیک دەبێتەوە و لە دواوە فیشەکێک دەنێت بە سەریەوە.
 


ئەم دیمەنە جیهانی هەژاند و بووە کاریگەرترین جۆری کوشتن بەدەستی تاڵیبان لە جیهاندا.

رۆژنامەنووسێکی کەناڵی "BBC" دەیگێڕێتەوە کە لەگەڵ چوار کەس لەو کەسانەی لەشوێنی رووداوەکە بوون قسەی کردووە، دووان لەو کەسانە ئەندامی " کۆمەڵەی شۆڕشی ژنانی ئەفغانستانن" بە ناویی "راوا".

ئەنتۆنی رۆژنامەنووسێکی "دەیلی میرر" یەکێک لەو رۆژنامەنووسانە بوو کە بەدواداچوونی بۆ چیرۆکی کوشتنی  "زڕمینە" کرد.

سەرچاوەکان بەو رۆژنامەنووسەیان وتبوو لەبەر ئەوەی هاوسەرەکی لەگەڵ زڕمینە زۆر خراپ مامەڵەی دەکرد، زڕمینە ئەویی کوشت.

پێش ئەوەی بڕیاری کوشتنی لەلایەن تاڵیبانەوە بدرێت، زڕمینە نزیکەی سێ ساڵ لە زیندان بوو. ئەو دوومنداڵی دوانەی کوڕ و کچ و کوڕێکی یەک ساڵانی بوو، بە هیوای ئەوەی لەبەر منداڵەکانی نەیکوژن دەژیا، چونکە منداڵەکانی بچووک بوون و پێیوابوو ئەوەش رزگاری دەکات، بەڵام زڕمینە لەدوای ئەوەی دوو منداڵەکەی لە شیخواردنی دایکییان بوونەوە، کاتی کوشتنی دیاریکرا.

بە وتەی شایەتحاڵ و رۆژنامەنووسەکان بەردەوام وتوویەتی؛

 "ئەوان من ناکوژن، من دایکم، چۆن دایکێک لەمنداڵەکانی جیا دەکەنەوە؟ کێ ئاگای لە منداڵەکانم دەبێت؟ "

 
بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان جێبەجێکردنی بڕیارەکە شەوێک پێشتر لە رادیۆی تاڵیبانەوە راگەیەندرا و هەر بۆیە ئەو رۆژە "نزیکەی 30 هەزار کەس بۆ سەیرکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەناو مەیدانی یاریی دوو گۆڵییەکەدا ئامادە بوون".

کاتێک زڕمینەیان لە ئۆتۆمبێلەکە هێناوەتە خوارەوە وایزانیوە نایکوژن و تەنها دەیانوێت دارکاریی بکەن. بە وتەی ئەو کەسانەی لە زیندان لەگەڵییدا بوون، زڕمینە ئەو رۆژە دوو دەست جلی لێی وەرگرتوون و لە بەری کردووە تاوەکو لەکاتی دارکارییەکەدا ئازاری کەمتر بێت.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە زڕمینەیان وتووە، لەسەر زەوییەکە دانیشێت، کاتێک دانیشتووە، پارێزگای کابۆل و وەزیری ناوخۆی تاڵیبان بەو پیاوەی کە روخساری داپۆشراو بووە، فەرمانی کردووە تەقە لە زڕمینە بکات. 

بەهۆی لەرزینی دەستییەوە تەقەکەرەکە، یەکەم فیشەکی بەر سەری زڕمینە ناکەوێت، بەڵام فیشەکی دووهەم بەرسەری دەکەوێت و زڕمینە لەناو مەیدانەکەدا دەکەوێت.

دیمەنی رووداوەکە لەلایەن ژنێکی چالاکوانەوە بە نەهێنی گیرابوو، ئەو ژنە چالاکوانە دەڵێت، کاتێک فیشەکەکە تەقێنرا بە هۆی دەنگەکەیەوە هەمووان هاواریان کرد و لەو کاتەدا لە دیمەنەکان دیارە کە کامێرا نەهێنییەکەی ئێمەش دەجووڵێت.

بەشێکی زۆری بەرپرسانی باڵای تاڵیبان لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئامادە بوون، لەوانەی مەلا برادەر براکەی دامەزرێنەری تاڵیبان، ، سەرۆکی داواکاری گشتی، وەزیری دەرەوە و وەزیری داد.

دەشڵێت، لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبوا بە زوترین کات ژنان ئەوێیان چۆڵبکردایە، لەناو قەرەباڵغییدا و لە کاتی رۆشتن، ژنێک هاواری ئەکرد، ئەو دوو کەسە کامێرایان لایە، بەڵام بەبێ گوێدان پێیان لەکاتێکدا زۆر دەلەرزام ئەوێمان چۆڵکرد.

لەو کاتەدا تەکسییەکان ژنێک بەتەنیا ببوایە سەریان نەدەخست، بەڵام بە هەر جۆرێک بوو تاکسییەک وەستا و پێموت نەخۆشم بمگەیەنەرە ماڵەوە، دەترسا و نەیویست سەرمبخات، پێموت ئەگەر تاڵیبان رێگەیان لێگرتین پێیان دەڵێم "خوشک و براین" بۆیە قەبووڵی کرد و هەتا گەشتمە ماڵەوە دەترسام فیلمەکە لەدەست بدەم.

بە وتەی یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی راوا، رۆژی دواتر بەرەو پاکستان و ئیسلام ئاباد رۆشتین، بۆ ئەوەی فیلمەکە بگەیەنینە دەستی ئۆفیسی رۆژنامەنووسی " ئەسۆشیتپرێس، رویتێرز و بی بی سی" بەڵام ئەوان رازی نەبوون فیلمەکە بڵاوبکەنەوە، لەبەر ئەوەی دیمەنەک زۆر ناخهەژێن بوو و دووهەمیش کوالێتییەکەی لەخوارەوە بوو و جوان وێنە نەگیرابوو.

دوای ماوەیەکی زۆر دیمەنی کوشتنی زڕمینە رەخنەی زۆری لەسەر ئاستی جیهان هێنایە سەر تاڵیبان وەک پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لەو وڵاتە.

ئەگەرچی رەخنەکان هیچ کاریگەری لەسەر تاڵیبان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانیان لەسەر ژنان کاری نەکرد و نایکات، چونکە بڕوایان وایە ئەوەی هەیە و دەکرێت لای ئەوان راستە، رۆژلەدوای رۆژیش ئازادییەکان بەرتەسکتر و ژیان ژنان لەو وڵاتە ناخۆشتر دەبێت.


ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە