راپۆرت

خواردنە سەیرەکانی جیهان ، زۆرکەس بە قێزەونترین و ترسناکتری خواردنەکان ناویی دەبەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


خواردنە سەیرەکانی جیهان ، زۆرکەس بە قێزەونترین و ترسناکتری خواردنەکان ناویی دەبەن
مەودا میدیا- ژاڵە محەمەد
 

خواردن یەکێکە لەهەرە پێویستییەکان بۆ لەشی مرۆڤ، بەڵام کامە خواردن،  هەر وڵاتە و کۆمەڵێک خواردنی تایبەت بە خۆی هەیە  لەوانەیە بۆ ئێمە سەیروسەمەرە بێت و بە پیچەوانەش خواردنەکانی ئێمەش بۆ وڵاتانی دیکە  جێگای سەرنج بێت.

هەندێک خواردن هەیە کە بەرای ئێمە ناشیرین و قێزەون و تەنانەت خواردنیان دوور بن لە بەها مرۆییەکان، بەڵام دابونەریتی وڵاتان وا ناڵێت و هەریەکەو کەلتووری خۆی هەیە بۆ نمونە ئەم خواردنانە.

 
کرمی مێروولە لە تایلەند

بەشێکی خەڵکی تایلەند جۆرە کرمێک دەخۆن کە رەنگییان سپی و سوورە، یەکێکە لە خواردنە خۆشەکانیان و وا باوە لەناو زەڵاتە و سووپ و بە برژاویی بیخۆن.

ئەگەر گوزەرێک بە شەقامەکانی ئەو وڵاتەدا بکەی دەبینیت دەستفرۆشەکان ئەم جۆرە لە کرمییان پێچاوە لە توێکڵی مۆزەوە و دەیفرۆشن. 

تامی ئەمجۆرە لە کرم چەور و شیرینە.

 



بەرازی هیندی لە ئەکوادۆر

بەرازی هیندی لە ئەکوادۆر لە بۆنە و یادە تایبەتەکاندا ئامادە دەکرێت، بەرازەکە بە پێستەکەیەوە دەبرژێنن یان لەناو رۆندا سووری دەکەنەوە، تامەکەی نزیکە لە تامی گۆشتی کەروێشەکەوە.

 

جاڵجالۆکە لە کامبۆج

ئەم گیاندارە بە زیندووی زیانی هەیە بۆ دڵ، بەڵام خەڵکی کامبۆج وەک خواردنێکی بەتام لەسەر سفرە و خوانیانە.

لە کامبۆج جاڵجاڵۆکەی لێیە کە بەقەد لپی ناو دەستی مرۆڤ دەبێت و لەناو رۆندا سوور دەکرێتەوە و دواتر لەگەڵ خوێ و شەکر و سیر دەخورێت.  گۆشتەکەی تامێکی شیرینی هەیە، زۆربەی ژنانی کامبۆج بڕوایان وایە خواردنی جاڵجاڵۆکە بۆ جوانی روخسار بەسوودە.

 



هاکارل

خواردنێکی ئیسلەندییە، لەقرشی مردوو و بەسەرچوو ئامادە دەکرێت کە تامێکی سەیری هەیە، "ئەنتۆنی بوردین" شێفی بەناوبانگ دەڵێت، قێزەونترین و ترسناکترین خواردنێکە کە تا ئێستا خواردبێتم.

 


سان ناکجی

خواردنێکە کە بەخاویی دەخورێت و شێفەکە لەبەر چاویی موشتەرییەکەوە هەشت پێیەک بە زیندووی ورد ئەکات و تۆزێک رۆنی کونجی پێوە دەکات، هەندێکجار قاچەکانی هەشت پێکە لەناو قاپی خواردنەکەدا ئەجووڵێت و دەبێت بەزۆر بیخۆی.

 

 

کرمی داری دەرمان

ئەمجۆرە لە کرم لە ئەفریقا زۆرە و لەدوای وشکبوونیان وەک چەرەس خەڵکی ئەو وڵاتە دەیخۆن و وەک خۆیان دەڵێن، سەرچاوەیەکی باشی پرۆتیینە.

 




مارمیلکەی وشککراو

مارمیلکە لە هەندێک وڵاتی ئاسیایی لە ناو سووپ دەکرێت و دەخورێت، هەندێک جاریش لەناو کحوول دادەنرێت و بۆ کاری پزیشکی بەکار دێت.

 



ناکجی

 خواردنێکە وەک هەشت پێ زیندوو کە زیاتر لە چین دەخورێت، بەڵام خواردنێکی مەترسییدارە لەبەر ئەوەی هەندێک شوێنی هەیە تایبەتە بە هەڵمژین و دەلکێن بە دەم و دداندا و مەترسییان هەیە، ساڵانە چەندین کەس بەهۆی خواردنی ناکجی دەمرن.

 
 

 
دوورین لە ئەندۆنزی و مالزیا

میوەیەکە بە بۆنی ناخۆش و زۆربەی خەڵک بڕوایان وایە کە بۆنی جەستەی مردوو یان زێراب دەدات، بەڵام خەڵکانێک هەن کە میوەکە دەخۆن.

سەیر ئەوەیە لە هەندێک شوێن وەک ناو هۆتێل و شوێنەکانی گواستنەوە بە هۆی بۆنی ناخۆشییەوە، بوونی میوەکەیان قەدەغە کردووە.

 



خوێنی برژاو لە ئیرلەندا

 خوێنی برژاو لە ئیرلەندا دەخورێت و لەدوای برژاندنی رەنگی دەگۆڕێت بۆ رەش و سپی و لە کاتی نانی بەیانیان لە گەڵ نانی قاوەیی و هێلکە و رۆن و فاسوۆلیا و تەماتە دەخورێ.

 



هێلکەی سەد ساڵە

چینییەکان جۆرێک لە هێلکەیان هەیە کە شکڵی بەجۆرێکە کە وا دەرئەکەوێت سەد ساڵ تەمەنی بێت، چونکە ئەو هێلکانە چەندین مانگ دەمێننەوە و ناوەکەی رەش و قاوەیی و سەوز دەبێت و دواتر دەخورێت.

 




خواردنی گۆشتی سەگ و پشیلە و مشک و مار

 لەهەندێک وڵاتی ئاسیایی وەک چین و تایلەند و مالزیا و ژاپۆن و کۆریای باکوور و باشوور خواردنی هەندێک ئاژەڵ ئاساییە و تەنانەت کێڵگەی بەخێوکردنیان هەیە.

لەو وڵاتانە گۆشتی سەگ و پشیلە و مشک و مار و چەندین ئاژەڵی دیکە بە کوڵاویی و برژاویی دەخۆرێت، زۆرجار دەستفرۆشەکان لەناو بازاڕدا ئەمجۆرە لە گۆشت هەڵئەواسن و بە فرێشی و ئامادەکراویی دەیفرۆشن. 

لە هەندێک ناوچەی ئەو وڵاتانەدا کێلگەی تایبەت بە بەخێوکردنی مشک و جرج هەیە کە قەبارەیان دەگاتە قەبارەی سمۆرە یان کەروێشک لە گەورەییدا، ئەمجۆرە لە ئاژەڵان کوشتارگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و دواتر رەوانەی بازاڕ دەکرێن بۆ فرۆشتن.

لە چین ساڵانە 4 ملیۆن پشیلە و 10 ملیۆن سەگ بە مەبەستی خواردن دەکوژرێت.

تیمساحیش یەکێکە لەو ئاژەڵانەی کە لەو وڵاتانەدا دەخورێن.

 



 ژ.م
Qaiwan
Qaiwan