راپۆرت
17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک رۆژی ئاڵای کوردستانە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لەساڵی 1999 بە بڕیاری ژمارە 26 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 14ی ئاڵای هەرێمی کوردستان دەرکرا، کە لە 10 ماددە پێکهاتووە. دوای 10 ساڵ لە رۆژی 19/6/2009 پەرلەمان لە دانیشتنێکی تایبەتدا، رۆژی 17/12ی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئالا دیاریکرد.
لەماوەی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئاڵای کوردستان رەمزی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و لە دەستووری هەمیشەیی عیراق دانی پێدانراوە."
هەموو ساڵێک لەمڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر لەلایەن خوێندنگاکان و دامودەزگاکانی هەرێم بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە بەڕێوە دەچێت.
هەموو ساڵێک لەمڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر لەلایەن خوێندنگاکان و دامودەزگاکانی هەرێم بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە بەڕێوە دەچێت.
مێژووی رۆژی ئاڵای کوردستان لەچییەوە هاتووە و بۆچی ئەم رۆژە ناونرا رۆژی ئاڵا؟
لە 17ی 12ی ساڵی 1945لە بۆنەیەکدا بە ئامادەبوونی قازی محەمەد و چەند کەس لە هاوڕێکانی لەمەهاباد کە مەلا مستەفای بارزانیش تییدا بەشدار بوو و لەمەیدانی چوارچرا ئاڵای کوردستان لەسەر باڵاخانەیەک هەڵکرا.
دواتر بەفەرمی ئاڵای کوردستان لەهەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ئەوسای شای ئێران نەبوو هەڵکرا.
ئاڵای کوردستان بۆچی ئەو رەنگانەی هەڵبژاردووە کە لە ئاڵاکەدا هەیە؟
لەوبارەوە دکتۆر قاسملوو نووسیویەتی؛ "ئاڵای كوردستان سێ رەنگ بوو، رەنگی سوور لە سەرەوە، رەنگی سپی لە ناوەڕاست و رەنگی سەوز لە خوارەوە، هێمای كوردستان لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدا بوو كە بریتی بوو لە قەڵەمێك لە نێوان دوو گوڵە گەنمدا، قەڵەم بایەخدانی حزبی دیموكرات و كۆماری كوردستان بە فەرهەنگ و زانستی دەنواند و گوڵە گەنمیش نیشانەی بەرهەم و كار بوو، هەتاویش لە لای سەرەوەی ئارمەكە هەڵاتبوو كە سیمبولی ئازادی بوو."

ئاڵاکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتوو و لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بەهەمان ئەو رەنگانەی پێشوون، بەڵام تەنها خۆرەکەی تێدایە، ئاڵاکەی هەرێمی كوردستان، بەم شێوەیە:
بەشی سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.
بەشی ناوەڕاست سپیە، هێمایە بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی و لێبوردەیی گەلی كوردستان.
بەشی خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستان.
لە ناوەڕاستی بەشی سپییەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، 21 تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی هەردوو بەشی سوور و سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و مەعریفە و هیوا و گەشبینی، 21 تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆزو و بەرەنگاربوونەوە و راپەرین و شۆڕش دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوە.
ئاڵای هەر وڵاتێک نیشانەی ناسنامە و شووناسی ئەو وڵاتەیە، هەموو گەلانی خاوەن کییان و وڵاتی سەربەخۆ ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەیە، گەلی کوردیش بێبەش نەبووە لەبوونی ئاڵا، بەڵام تاوەکوو ئێستا خاوەن وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و دوژمنانی کورد بەردەوام رێگرن لەدروستبوونی.
ژ.م