عارف قوربانی
هێزی پێشمه‌رگه ده‌بن به‌یه‌ك؟
ماوه‌یه‌كه له میدیاكانه‌وه زۆر باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كان گوشاری زۆریان خستووەته سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ردوو حزبە حوكمڕانه‌كه‌ی كوردستان (پارتی و یه‌كێتی) بۆ ئه‌وه‌ی په‌له بكه‌ن له یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. ده‌وترێت گوشاره‌كانیان گه‌یشتووەته ئاستی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی ئه‌و كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ی پێشكه‌ش به پێشمه‌رگه ده‌كرێن و ده‌ستهه‌ڵگرتن له پشتیوانیكردنیان ئه‌گه‌ر له داهاتوویه‌كی نزیكدا یه‌ك نه‌گرنه‌وه.
بێگومان خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن یه‌ك هێزی چه‌كدار بێت، كه هێزی گه‌لی كوردستان بێت نه‌ك حزبه سیاسییه‌كانی. بۆیه ئه‌م هه‌ڕه‌شه و گوشارانه‌ی ئه‌مەریكا و وڵاتانی ئه‌وروپایان پێخۆشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له هه‌ست و سۆزی كوردانه و به چاوێكی واقیعییه‌وه بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری كورد له باشوور هه‌ڵبسه‌نگێنین، ده‌گه‌یته راستییه‌كی تاڵ، كه ئه‌م دوو هێزه‌ی ئێستا هه‌ن، به‌هیچ جۆرێك ناتوانرێت بكرێن به یه‌ك هێز، چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه وه‌ك هێزێكی حزبی دروستبوون و په‌روه‌رده و عه‌قیده‌ی سه‌ربازییان عه‌قیده‌یه‌كی حزبیانه‌یه، بۆیه ته‌نها له حاڵێكدا ده‌توانرێت ئه‌م دوو هێزه بكرێن به یه‌ك هێز كه یان پارتی و یه‌كێتی ببن به یه‌ك حزب، یاخود یه‌كێك له‌م دوو حزبه به‌یه‌كجاری نه‌مێنێت.
ده‌توانرێت هه‌موو هێزه‌كان بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ده‌شتوانرێت له چه‌ند لیوایه‌كی هاوبه‌شدا تێكه‌ڵ بكرێن، به‌ڵام ئه‌مه یه‌كگرتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه نییه، به‌ڵكو تێكه‌ڵكردنه. له رابردووش‌دا چه‌ندین هه‌وڵی له‌و شێوه‌یه هه‌بوون و ته‌نانه‌ت چه‌ندین لیوای هاوبه‌شی پێشمه‌رگه دروستكران، به‌ڵام كه هه‌لومه‌رج و دۆخێك دروستبوو درزی نێوان پارتی و یه‌كێتی گه‌وره كرده‌وه، ئه‌و لیوا هاوبه‌شانه‌ش كه به‌چه‌ندین ساڵ دروستكرابوون له چه‌ند كاتژمێرێكدا هه‌ڵوه‌شانه‌وه. دوو نموونه‌ی به‌رجه‌سته هه‌ن، ساڵی 1994 و 2017 یه. له دوای دروستكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ساڵی 1992 هه‌وڵێكی زۆر درا بۆ دروستكردنی له‌شكری كوردستان، دوای دوو ساڵ كه زه‌مینه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ دروستبوو له چركه‌ساتێكدا ریسه‌كه بووه‌وه به خوری و هه‌موو ئه‌و سه‌ركردایه‌تی و یه‌كه هاوبه‌شانه‌ی له‌ناو پێشمه‌رگه دروستكرابوون هه‌ڵوه‌شانه‌وه و به‌ربوونه گیانی یه‌كدی.
دوای ساڵانێكی زۆر و له‌ژێر گوشارێكی زۆری ناوخۆیی و دۆسته بیانییهكانیشدا، جارێكی دیكه له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانیی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانەوە، دهستكرایهوه به دروستكردنه‌وه‌ی لیوای هاوبه‌ش و گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی یه‌كخستنی ئه‌م دوو هێزه، كاتێكی زۆر و ئیمكانیاتێكی زۆری بۆ خه‌رج كرا، به‌ڵام له رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌مووی تێكچوو.
هۆكاره‌كه‌شی زۆر روونه، له‌به‌رئه‌وه‌یه ئه‌م هێزه‌ی هه‌یه هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی و یه‌كێتین. هیچ كام له‌م دوو حزبه‌ش ده‌ستبه‌رداری هێزه‌كه‌ی خۆی نابێت، بۆیه تا ئه‌م دوو حزبه‌ش بمێنن، ئه‌م دوو هێزه چه‌كداره‌ش ده‌مێننه‌وه. له‌ژێر هه‌ر ناوێك و به‌هه‌ر شێوازێك تێكه‌ڵ بكرێن، ته‌نها یه‌كخستنێكی رووكهشانهیه، له‌ناخه‌وه ئه‌وان یه‌ك نین و ناشبن به‌یه‌ك. بۆیه هه‌ر هه‌وڵێك بدرێت بۆ یه‌كخستنیان، بێ‌ئاكام ده‌بێت. هێزی یه‌كگرتوو دروستده‌كرێت، له دوو هێزی جیاواز دروست ناكرێت.
ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیان له واقیعی ئه‌م هێزه تێنه‌گه‌یشتوون، بۆیه به‌رده‌وام ئه‌و داوایه له پارتی و یه‌كێتی ده‌كه‌نه‌وه كه نابێت دوو هێزی پێشمه‌رگه‌تان هه‌بێت و پێویسته بكرێت به یه‌ك هێز. هه‌موو هه‌وڵ و كۆمهكێكیش له‌م پێناوه‌دا كردوویانه به رێگەیه‌كی هه‌ڵه بووه، نه‌ك نه‌بووەته هه‌وێنی هێزێكی یه‌كگرتووی كوردستانی، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ر بووه له به‌هێزكردن و قه‌به‌كردنی هێزه حزبییه‌كان.
ئێستاش رێگەكانی چوونه ریزی پێشمه‌رگایه‌تی به لق و مه‌ڵبه‌نده‌كانی پارتی و یه‌كێتیدا تێده‌په‌ڕن. كه‌سێك سه‌ر به‌م دوو حزبه نه‌بێت، نه له رابردوودا توانیوێتی ببێت به پێشمه‌رگه و نه ئێستاش. تا ئه‌م شێوازه‌ش به‌رده‌وام بێت قسه‌كردن له دروستكردنی هێزێكی ناحزبی، جۆرێكه له خه‌یاڵ. ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانه‌كان ساڵانێكی زۆره له رووی سه‌ربازییه‌وه كۆمه‌ك و یارمه‌تی كوردستان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌شێك له مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌وان دابینی ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌و هاوكاری و یارمه‌تییه‌ی ئه‌وان به‌س بوو ئه‌گه‌ر به رێگەیه‌كی دروست بیر له دروستكردنی هێزێكی فه‌رمی بكرایه‌ته‌وه، كه دووربێت له ده‌ستی حزب، به‌ڵام ئه‌مەریكا و وڵاتانی ئه‌وروپاش رێگه دروسته‌كه‌یان نه‌گرته‌به‌ر، ئاویان كردووەته ئاشی به‌هێزبوونی هێزه‌كانی پارتی و یه‌كێتییه‌وه. ئه‌وان ده‌یانتوانی مه‌رجی ئه‌و كۆمه‌ك و یارمه‌تیانه ببهستنهوە بە دروستكردنی هێزێكه‌وه كه رێگەی دامه‌زراندنی به ده‌رگەی كۆمیته و ناوچه‌كاندا تێنه‌په‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌كرد. بۆیه چاوه‌ڕوانكراویشه گوشار و داواكارییه‌كانیان بۆ دروستكردنی هێزێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی، هیچ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ری نه‌بێت.
ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانێك ئه‌و هاوكاریی و كۆمه‌كانه‌ی ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه، نه‌ك وه‌ك سه‌رچاوه‌ی به‌هێزبوونی هێزێكی نیشتمانی نابینن، به‌ڵكو پێیان وایه رێگەیه‌كه بۆ گهورەتربوونی مه‌ترسییه‌كان، چونكه له رابردوودا ئه‌م دوو هێزه چه‌ندین جار به‌ریه‌ك كه‌وتوون و شه‌ڕی خۆبه‌خۆیان كردووه. هه‌میشه مه‌ترسی سه‌رله‌نوێ بهریهككهوتنهوهشیان ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه، بۆیه تا زیاتر پڕچه‌ك بكرێن و توانای سه‌ربازییان به‌هێزتربێت، مه‌ترسییه‌كانیش زیاتر ده‌بن.
زۆر ده‌وترێت كه (ئه‌مه بهرپرسیاریێتییهكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه و ده‌بێت سه‌ركرده‌كانی ئه‌م دوو حزبه به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كانیانه‌وه، پێویسته ده‌ستبه‌رداری ئه‌و خواسته حزبییه بن و هێزه‌كان له گیانی حزبیانه دابماڵن و بیكه‌ن به هێزێكی نیشتمانی كوردستانی كه ئینتیمایان ته‌نها بۆ كوردستان بێت). ئه‌مانه ته‌نها قسه‌ی باشن، به‌ڵام واقیعی نین، چونكه له بیر و باوه‌ڕیاندا واقیعێكی حزبی زاڵتره به‌سه‌ریاندا وه‌ك له بیر و باوه‌ڕی نیشتمانی.
هاوكێشه‌كه زۆر روونه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت هێزێك هه‌بێت یان دروستبكرێت كه ئینتیمای حزبی نه‌بێت، ده‌بێت له كه‌سانێك پێك بێت كه ئینتیمای حزبی نه‌بێت. ئه‌م هێزه‌ی ئێستا هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌ندامێتیی و ئینتیما بۆ پارتی و یه‌كێتیی دروستبووه. كارێكی مه‌حاڵه كه‌سێك وه‌ربگریت به پێشمه‌رگه به مه‌رجی ئه‌وه‌ی ده‌بێت ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتی یان یه‌كێتی بێت و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌شی لێبكه‌یت ئینتیمای بۆ حزبه‌كه نه‌بێت. هیچ كه‌سێكی بێلایه‌ن ناتوانێت ببێت به پێشمه‌رگه، ئه‌ندامی هیچ حزبێكی دیكه ناتوانێت ببێت به پێشمه‌رگه، جگه له‌وه‌ی ده‌بێت یان پارتی یان یه‌كێتی بێت، ئایا خه‌یاڵ نییه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌یت كه هێزه‌كه ناحزبی بێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر خه‌مێك هه‌یه بۆ دروستكردنی هێزێكی چه‌كدار له كوردستان كه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی حزبی بێت، یان ئه‌گه‌ر ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانان ده‌یانه‌وێ له كوردستان هێزێكی ناحزبی هه‌بێت، ده‌بێت واز له‌وه بهێنرێت ئه‌م دوو هێزه‌ی هه‌ن یه‌كبخرێن. ئه‌مه‌ی ئێستا وه‌كو دوو ده‌ستی مرۆڤێك وایه به‌هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك ناكرێت به‌یه‌ك ده‌ست. بۆیه به‌پێچه‌وانه‌وه رێگەی دروست ئه‌وه‌یه ورده ورده ئه‌م هێزه ههڵبووهشێندرێنهوە و خانه‌نشین بكرێن. پێویسته واقیعی دروستكردنی هێز بگۆڕدرێت بۆ شێوازێك له سه‌ربازیی زۆره‌ملێ، یا ئاره‌زوومه‌ندانه، به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی به‌یه‌كسانی ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م گه‌نجان بكرێته‌وه بۆ چوونه ریزه‌كانی ئه‌م هێزه‌وه دوور له ئینتیمای حزبی. دوور له‌م رێگەیه كارێكی نه‌كرده و به‌دینه‌هاتووه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بیت كوردستان خاوه‌نی یه‌ك هێزی چه‌كداری ناحزبی بێت.
خ.غ