راپۆرت

چین ئەو هۆکارانەی رێگرن لە بەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چین ئەو هۆکارانەی رێگرن لە بەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە؟
مەودا میدیا-
 

لەگەڵ هەموو نەهامەتی و ناخۆشییەکانیدا هەڵەبجە، لە چاوەڕوانی ئەوەدایە ببێتە پارێزگایەک و بەشێک لە ناخۆشییەکانی خەڵکەکەی بڕەوێتەوە. دڵخۆشی هەڵەبجەییەکانی بۆ ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا زۆری نەخایاند و ئەوا نزیکەی ٩ ساڵە چاوەڕێی ئەو بڕیارەن بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2013 هەڵەبجەی وەک پارێزگایەک ناساند و لەساڵی 2014 بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەوە بۆ نزیکەی 9 ساڵە هەڵەبجە چاوەڕێیە حکومەتی فیدراڵی عیراق بە فەرمی دان بە پارێزگا بوونیدا بنێت، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لەوبارەوە نەنراوە.

سودانی سەبارەت بە پارێزگابونی هەڵەبجە چی وت؟ لەدوایین قسەکانی خۆی سەرۆک وەزیرانی عیراق محەمەد شیاع سودانی، باسی لەو بابەتە کرد و وتی، بەنیازن لەداهاتوودا کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و بڕیار لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدەن، سەرۆک وەزیرانی عیراق باسیلەوەش کرد، هەڵەبجە شایەنی ئەوەیە کاری زۆر بۆ بکرێت، لەبەر ئەوەی قوربانی زۆریان داوە.  

ئەوەی لەئێستادا جێگای نیگەرانی خەڵکی هەڵەبجەیە، لەدوای دانان بە پارێزگابوونی، تاوەکوو ئێستا مامەڵەی فەرمی وەک پارێزگایەک لەگەڵ ناکرێت و هاوڵاتییانی هەڵەبجەیش بۆ زۆربەی کاروبارەکانیان ناچارن روو لە پارێزگاکانی دیکە بەتایبەت سلێمانی بکەن. بەشێکی خەڵکی شارەکە بڕوایان وایە تەنها لە میدییاکانەوە گوێبیستی ئەو هەواڵە بوون و هیچ لە باردۆخی هەڵەبجە نەگۆڕاوە.  

ئەگەرچی لەلایەن بەشێک لەوەزارەتەکان وەک وەزارەتی ناوخۆ، بازرگانی و پلاندانان وەک پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە دەکرێت و تەنانەت لەیاسای بودجەی عێراق ناویی هەڵەبجە وەک پارێزگا هاتووە، بەڵام کۆمەڵێک بەربەست و هۆکار هەن بۆ ئەوەی کارەکانی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگایەک لەعیراق خاو بێت و بەشێک لە شارەزایان ئەو بەربەستانە بۆ هۆکاری سیاسی و ئابوری و کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عیراق دەگەڕێننەوە کە چەند لایەن و کەسانێک هەن رێگرن لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەناویشیاندا لایەنە شیعەکان، لەبەر ئەوەی لایەنە شیعەکان دەیانەوێت بەجۆرێک لەجۆرەکان لەگەڵ کورددا رێکبکەون بۆ ئەوەی کوردەکان پشتیوانییان بکەن لەناساندن سامەرا لە پارێزگای سەلاحەدین بۆ ئەوەی زۆرینەی سوننە جیابکەنەوە وسامەرا بکەن بە پارێزگا، چونکە ئەو ناوچەیە، ناوچەی پیرۆزە لای شیعەکان و مەزارگەی ئیمام عەلی و حوسێنی تێدایە.

لەلایەکی دیکەوە بابەتی ئابوری بووەتە کێشە، لەبەر ئەوەی ئەگەر هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا ئەوا پێویستی بە بودجەی تایبەت بە خۆی هەیە و لەئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەوانەیە حکومەتی عیراق نەیەوێت ئەو بڕیارە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە چونکە هەتا ئێستا لە بودجەی پارێزگاکان ناویی هەڵەبجە وەک پارێزگا نەهاتووە تاوەکو بودجەی بۆ تەرخان بکرێت.

 هەر بۆیە تا ئێستا بابەتی بەپارێزگابونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە.

چۆنێتی پێکهێنانی پارێزگایەک لەعیراقدا، لەسەر بنەمای رووبەری جوگرافی و ژمارەی دانیشتوان و یەکە کارگێڕییەکان لەیاسای ژمارە 159 ی ساڵی 1969 دا هاتوە، دوای ئەوەی ئەو یاسایە لە ساڵی 2004 دا لە عیراق هەڵوەشایەوە، بەهۆی دەرچوونی یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2008 ی تایبەت بە "پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێمدا" هەرچەندە لەم یاسایەشدا بەهەموو بڕگە و هەموارەکانییەوە هیچ ماددەیەکی یاسایی سەبارەت بە چۆنێتی پێکهێنانی پارێزگایەکی نوێی تێدا نییە، کە ئایا دروستکردنی پارێزگا لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگایە یاخود ئەنجومەنی وەزیران یان لەدەسەڵاتی پەرلەمانی عیراق.

لەساڵی 2013 بۆ 2014 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵەبەجە کرا بەپارێزگا و وەک چوارەمین پارێزگای هەرێم ناسێندرا.

هەڵەبجە رووبەرەکەی هەزار و 599 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و پێکهاتووە لە قەزای هەڵەبجە و ناوەندی پارێزگاکە و ناحیەکانی "سیروان، خورماڵ، بیارە و بەمۆ" بە دوری 86 کیلۆمەتر لەسلێمانی  دورە.

 

ژ.م
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان