خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

"شەش کورسی"ی بێ بەربژێر لەبەردەم هەژموونی ئەردۆغاندا

یەکەم
مێزی شەش کورسیی خاوەن زۆرترین دەنگی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە تورکیا دوو خاڵی لاوازیان هەیە:

ئەلیف: هێشتا خۆیان وەکو هاوپەیمانێتییەکی رەسمی رانەگەیاندووە، بەڵکو ناوە ناوە بەشێوەی خوول کۆدەبنەوە، هەروەها نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر بەرنامەی کار و گوتاری سیاسیی هاوبەش کە رەنگدانەوەی بارودۆخی نەخوازراوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی تورکیا بێت.

بێ: لەسەر بەربژێری هاوبەش رێکنەکەوتوون، بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەڕوونی لە شەش سەرۆکەکەی مێزی شەش کورسی، چوار سەرۆکیان خۆیان بە شیاو بۆ بەربژێری هاوبەش دەزانن. ئەمە گرفتی سەرەکی بۆ دروستکردوون، هەروەها ئاڵنگارییەکی سیاسیی گەورەیە لەبەردەمیاندا، ئەردۆغانیش ناوە ناوە وەکو خاڵی بێهێز بەڕوویاندا دەداتەوە.

دووەم
نەبوونی بەربژێری هاوبەش تەنها پەیوەندی بە دیاریکردنی ناوی بەربژێرەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیدارە بە کەڵچەری سیاسی هەر یەکێک لە شەش پارتەکە، مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هەروەها لە هەندێک وێستگەشدا هەندێکیان جیاوازیی زۆری سیاسییان هەبووە و ئێستا ئاسان ناتوانن یەکتر وەپێش خۆیان بخەن.

هاوپەیمانێتیی کۆمار کە رەجەب تەیب ئەرۆغان سەرۆکایەتی دەکات کێشەی لەو شێوەیەیان نییە، بەڵکو لەدوای یەکەم رۆژی بە سەرۆکبوونی ئێستایەوە، ئەردۆغان دیاریکراوەتەوە بۆ بەربژێرکردنەوە، راستە ئەمە روویەکی تاکڕەوانەی هەیە، بەڵام هەمووکات بۆ بردنەوە و سەرکەوتن یەکگرتوویی پێویستە، پارتی داد و گەشەپێدان رەنگی ئەردۆغانی گرتووە.

سێیەم
لێرەدا سێ خاڵی دیکەی گرنگ هەن؛ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن "ئەردۆغان دەڵێت ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی پێ رۆژێكی گونجاوە"، ئەگەری داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، گونجاوی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا و ئایا دەنگی هەدەپە بۆ چی ئاراستەیەکی سیاسی دەبێت؟

لە 20 ساڵی رابردوودا، خاڵی بێهێزی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا نایەکگرتوویی بووە، ئەوە دەرفەتی بۆ ئەردۆغان رەخساند هەم سەرکەوێ و هەمیش کار لەسەر دوورخستنەوەیان بکات، تائێستا ئەو نایەکگرتووییەی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوامە، ئەگەر بەربژێری هاوبەش کۆدەنگی لەسەر و بەهێز نەبێت، ئەردۆغان هەڵبژاردن دەباتەوە.

تێبینیی گرنگ لێرەدا ئەوەیە دەنگی هەدەپە بۆ شکشت و سەرکەوتن یەکلاکەرەوەیە، تەنانەت ئەگەر هەدەپە بڕیاری داخستنیشی بدرێت دەنگەکانیان هەر کاریگەرە، پارت و بەربژێری جێگرەوەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا هەیە، بەڵام هەڵەی سیاسییە ئەگەر هەدەپە بەربژێری بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا هەبێت، بەڵکو گرنگە کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا ئامانجیان بێت.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan