خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

كۆڕی چاخواردنەوەكان لە كن گویلەن و ئۆجەلان

1
لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بزووتنەوەی خزمەتی فەتحوڵڵا گویلەن دەیویست بەهەر جۆرێك بووە خۆی بگەیەنێتە باكووری كوردستان، وەك هەر بزووتنەوەیەكی دیكەی ئیسلامی سەرەتا لە هەژارانەوە دەستیپێكرد، بۆ ئەوەش چەندین دانیشتنی رەسمی و ناڕەسمی لە چایخانەكان سازكرد و ئێستا لە ئەدەبیاتی بزووتنەوەكەدا بە كۆڕی چاخواردنەوەكان "سۆهبەت" ناوی دەبرێت، ئەوە بووە سەرەتایەكی كاریگەر بۆ بڵاوبوونەوە و دروستكردنی شانەكانی خزمەت و لە ئامەد و ئورفەش جێپێی خۆیان داكوتی.

2
گەشەكردنی بزووتنەوەی خزمەت و رێكخستنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچە كوردییەكان لەیەكەوە نزیكبوون، لە بواری پەروەردە و ئایینیدا بزووتنەوەی خزمەت، لە بواری سیاسی و خەباتی نەتەوەیشدا پەكەكە بەزوویی هەڵكشا، ئەوە بووە سەرەتای ناكۆكییەكی تووندی نێوان خزمەت و پەكەكە. بەئێستایشەوە هێشتا گویلەنییەكان لە دژایەتیكردنی پەكەكە نەكەوتوون، ئاخر رێگە و سیاسەت و ستراتیژییان هاوتەریب دەڕوات و هەرگیز ناگەن بە یەكتر.

3
بنەمای كاری بزووتنەوەی خزمەت پەروەردە و ئایینە، لەپاڵ ئەوەشدا كاری خێرخوازی و بازرگانیی زانستی كە هەموویان لەكۆتاییدا دەچنە خزمەتی ستراتیژیی پانتوركیزمەوە، نەوەیەك پەروەردە دەكەن رقی لە تورك و داگیركارییەكانی نەبێت، دەشیانەوێت كێرڤی هەڵكشاوی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد لەژێر ناوی ئاشتیی ساختە و برایەتيی درۆزنانەدا دابمركێننەوە.

4
پارتی داد و گەشەپێدان هەندێك وردە هەنگاوی بۆ چارەسەركردنی دۆزی كورد هاوێشت، لە هاتنە سەركاری تا چەند هەڵبژاردنێك بزووتنەوەی خزمەت و ئەكەپە دۆست و هاوپەیمان بوون، كاتی گفتوگۆ نهێنییەكانی نێوان ئەكەپە و پەكەكە كە بەنهێنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەدەچوون ئاشكرابوو، فەتحوڵڵا گویلەن و بزووتنەوەكەی لە ئەردۆغان و پەكەكە كەوتنە تەقە.

خزمەت پێیوایە نابێت پەكەكە بە لایەنی سەرەكی پرۆسەی ئاشتیی نێوان كورد و تورك وەربگیرێت، ئەوە لای ئەوان مەترسییە، كە شەڕ نەبوو و هەژارەكان كەوتنە سەرپێی خۆیان، ئیتر روونە بزووتنەوەی ئایینی- خێرخوازی گەشە ناكات، دۆزی كورد لای خزمەت شوناسێكی نەتەوەیی نییە، بەڵكو دەیانەوێت فۆرمێكی كولتووری بدەنێ و وردە وردە لەژێر كاریگەریی بزووتنەوە ئایینییەكەدا بیری كوردایەتی بسڕنەوە. 

5
دامەزراندنی پەكەكە لە ساڵی 1978 و دەستپێكردنی خەباتی چەكداری لە ساڵی 1984، پێویستیی پەكەكە بە كۆڕی چاخواردنەوەكان زیاتركرد، بەڵام كۆڕی چاخواردنەوەی پەكەكە لەوەی گویلەن جیاواز بوو، پەكەكە خەڵكی بۆ بەشداریكردن لە بزووتنەوەی نەتەوەیی جۆشدەدا و بزووتنەوەی خزمەتیش بەدەم چاخواردنەوەوە هەم ساردی دەكردنەوە و هەم پەكەكەی وەكو خێو پیشانی ئەوان دەدا.

6
بزووتنەوەی نەتەوەیی تورك كە مستەفا كەمال ئەتاتورك رێبەرایەتیی دەكرد، لەگەڵ بزووتنەوەی ئایینی- كۆمەڵایەتیی توركیا كە ئێستا فەتحوڵڵا گویلەن رێبەرایەتیی دەكات، هەردوولایان دژی كورد و مافە نەتەوەییەكانین، یەكەمیان بیانووی ئەوەیە ئەگەر كورد مافەكانی وەربگرێتەوە، ئەوا خاك و نەخشەی توركیا هەڵدەوەشێتەوە و دابەشدەبێت، ئەوەی دووەمیشیان بەناوی برایەتی گەلان و مسوڵمانەوە دەیەوێت ناسنامەی نەتەوەیی كورد بسڕێتەوە، كەچی چونكە هەردوولاشیان بیانووكەیان ناڕەوا و دژە مرۆڤە ئێستا دژی یەكتر وەستاونەتەوە، بەڵكو خوایە سەری یەكتر بخۆن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan