خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

ئەردۆغان گوێی لە دەنگی كشەلێكردنی خۆیەتی

1
ئەوەی ئێستا بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی پێشوویەوە كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان دەردەكەوێ، رەنگە ئەگەر چەند ساڵێك پێش ئێستا باسوخواسی لەبارەوە بكرایە، بە نەزان، شێت و كاڵفام لە قەڵەمیان بدایتایە؛ ئەوەی ئەردۆغان بە ئاشتەوایی واز لە دەسەڵات بهێنێت بەرانبەر بە رێككەوتنی لەگەڵ پارتەكانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن كە لە هەموو تاوانەكانی خۆی و خێزانەكەی خۆشبن و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ نەكەن، بەڵام ئەوە ئێستا یەكێكە لە پێشنیازە گەڵاڵەكراوەكان و بۆ ئەردۆغانیش زۆر خراپ نییە.

2
كاتێ ئەردۆغان لە ساڵی 1994 بووە سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبوڵ خوێندكارێكی پڕ جووڵەی نەجمەدین ئەربەكان بوو، لەوێوە ئیتر كەڵكەڵەی بوون بە سەرۆكی توركیای كەوتە سەر و پێشی گەیشت، بە وزەیەكی زۆرەوە گەیشتە وێڕا، زۆر خەونی گەورەی بەدیهێنا، بەڵام مانەوەی لە دەسەڵات وەكو بڕیاربەدەستی تاك و تەنها بۆ ماوەی 19 ساڵ، ئەردۆغانی كردە سوڵتانێكی كۆتا ناخۆش وەكو هەر سوڵتانێكی دیكەی مێژووی مرۆڤایەتی.

3
ساڵانی نێوان 2003 بۆ 2014 ئەردۆغان و ئەكەپە خزمەتگوزار و بێڕكابەر بوون، ویستی گەورەی سیاسی و گەڕانەوەی بۆ یادەوەریی سوڵتانەكانی عوسمانی و دروستكردنەوەی خەلافەتێكی مۆدێرن، پشتكردنە كێشەی كورد و بە ئاگر و ئاسان داپڵۆسینی لایەنگرانی پارتە كوردییەكان و لە زیندان ئاخنینیان، داگیركردنی بەشێكی زۆری رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان، سەركێشی و دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی، وایانكرد لەدوای 2014ەوە ئەردۆغان و ئەكەپە دەنگكیان كەم بكات و سەرئەنجام چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت لە 2023 كۆتایی بە فەرمانڕەواییەكەیان بهێنرێت "ئەگەر پێشهاتی جیاواز نەیەتەپێشێ".

4
گۆڤاری "فۆرین ئەفیەرز" شیكردنەوەیەكی وردی بۆ وازهێنانی ئەردۆغان لە دەسەڵات بەرانبەر لێخۆشبوونی بڵاوكردووەتەوە كە تەواو شیكردنەوەیەكی ورد و واقیعیانەیە، هەروەها ماڵپەڕی زەمانی توركی بڵاویكردووەتەوە كەوا دەرئەنجانی 103 راپرسی كەوا لە ساڵی 2021دا ئەنجامدراون، دەریدەخەن ئاستی جەماوەرێتی پارتی داد و گەشەپێدان دابەزیوە و لە بەرانبەردا رێژەی دەنگەكانی ئی پارتی و پارتی گەلی كۆماری – جەهەپە بەرزبوونەتەوە، هاوتەریب بەوە ئاستی جەماوەرێتی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپەی هاوپەیمانی ئەردۆغان رێژەی 2%ی دەنگەكانی بەپێی ئەو راپرسییانە كەمیكردووە، ئەمە دەكاتە سەرەتای شكست.

5
بەرەی ئۆپۆزیسیۆن هێشتا بەتەواوی هاوپەیمانێتییەكی پەسندكراویان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پێشوەخت یان لەكاتی خۆیدا ئەنجامدراو نییە، رێكیش نەكەوتوون لەسەر دیاریكردنی بەربژێرێكی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا، بەڵام لە یەكتربینین و كۆبوونەوەی بەردەوامدان، تەنانەت لەگەڵ هەدەپەش گفتوگۆی راستەوخۆیان كردووە، ئەگەر سەركەوتووبوون لە دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش، ئەوا دۆڕانی ئەردۆغان مسۆگەرە.

6
ئایا دەكرێت یان گونجاوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رێككەوتنێكی ژێر بەژێر لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا بكات بەرانبەر لێخۆشبوون لە تاوانە زۆر و زەوەندەكانی؟ سایكۆلۆژییەت و غرور و بڕوا بەخۆبوونی ئەردۆغان ملكەچ دەكات بۆ خۆڕادەستكردنی پێشوەختە یان تا كش مەلیكی لێ نەكرێ دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری نابێت؟
ئەو بیرۆكەیە ماوەیەكی زۆرە باسدەكرێت و بە باشترین بژاردە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت، بەڵام ئەزموونەكان ئەوەیان پیشانداوین سەرۆكە دیكتاتۆرەكان  "دەگمەنیان نەبێت"، كۆتایی فەرمانڕەواییەكەیان بێ خوێنڕشتن نەبووە، لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان زوو زوو ئاراستەی سیاسی خۆی دەگۆڕێت، بەڵام ئەمەیان شتێكی دیكەیە، شتی مسۆگەریش ئەوەیە ئەردۆغان تەواو لە كش لێبوونی نزیكبووەتەوە و رۆژەكانی كۆتایی خۆی دەژمێرێ.  

https://www.youtube.com/watch?v=aj_mGDPDH1E

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan