دۆزی ژن

خاتوو شوکریە: توانیم دەیان سیخوڕ بۆ پێشمەرگە ئاشکرا بکەم

مەودا میدیا - سلێمانی |


خاتوو شوکریە: توانیم دەیان سیخوڕ بۆ پێشمەرگە ئاشکرا بکەم
مەودا میدیا- نەرمین عوسمان

ئەوەی دەوترێت؛ مێژوو هیچ لەبیر ناکات، هەڵەیە. هەندێ جار ئەوەی پێویست بووە لە لاپەرەکانی مێژوودا تۆمار بکرێت، لەبیرچووە. جا چ بە مەبەست بووبێ، یان لە بێ بایەخیی بابەتەکان بە لای مێژوونووسەکانەوە. یەکێک لەو بابەتانەی کە بەبێ بایەخ سەیرکراوە؛ مێژووی ژنانی تێکۆشەر و چاونەترس و رێچکەشکێنە، ئەو ژنانەی کە بەشداربوون لە راخستنی فەرشی سوور بۆ ئەوانەی ئەستێرەی رۆژن لە گۆڕەپانی سیاسیدا، تەنانەت بۆ مێژوو و نەوەی داهاتووی وڵات و پارتەکانیش فەرامۆش کراون. بەداخەوە، ئەو لایەنەی تێکۆشان و قوربانیدانەى ژن، خراوەتە نێو قەپێلکی شەیتانۆکەی مێژوو وا خەریکە بیردەچنەوە. ناوبەناو خاوەن ویژدانێک، بە یەک دوو وشە، یان بە یەک دوو دێڕ باسیان لێوە دەکات، بۆیە من وەک ژنێک بە پێویستی دەزانم بەشێک لەو قەپێلکانەی کە دەستم دەیانگاتێ؛ بشکێنم و ئەوەی لە ناویاندا دەگوزەرێ بخەمە سەر لاپەڕەکانى مێژوو.

زۆربەی ئەو ژنانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکەم، لە پیاوان کەمتریان نەکردووە، تەنها ئەوە نەبێ بەهۆی باری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمانە، کەمیان چەکبەشان بوون، بەڵام نهێنیپارێز بوون، گیان و ژیانی خۆیان و خێزانیان لە مەترسی پاراستووە، بە تەنها ماڵ و منداڵیان بەڕێوەبردووە، سەدان چەک و نامە و کەلوپەلیان بۆ ناو پێشمەرگە گواستۆتەوە، دەیان بەیاننامە و بڵاوکراوەیان بڵاوکردۆتەوە و بەشدارییان لە چەندین چالاکیی جۆراوجۆردا کردووە کە بەشێکیان سزاکەیان لە زیندانی و لەسێدارەدان کەمتر نەبووە. سەدان ژنی وامان هەبووە لە گۆڕەپانی خەباتى گەلەکەماندا، یەکێکی تر لەو ژنانەی کە چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کردووە؛ خاتوو شوکریە کەریم قادرە.

خاتوو شوکریە کەریم قادر، لە ساڵی ١٩٥٦ لە گەڕەکی خانەقای شاری سلێمانی لەدایکبووە، لەناو خێزانێکی کوردپەروەر چاوی کردۆتەوە، خاوەنی دایکێکی بەهێز بووە، شەش منداڵ بوون، چوار خوشک و دوو برا.

خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی گوڵاڵەی كچان لە گەڕەکی گاوران و ناوەندیی لە ئامادەیی کوردستان تەواو کردووە. بەهۆی مردنی باوکییەوە، لە چواری ئامادەیی، لە خوێندن دادەبڕێ و بۆ بژێوی ژیانی ماڵەوەیان، بەدوای کاردا دەگەڕێ. هەر لەبەر هەمان هۆش ناتوانن لە ماڵێکی دەربەستدا دابنیشن و دەگوێزنەوە بۆ خانوویەک کە هەشت ماڵ بوون لە حەوشەیەکدا بۆ ئەوەى نزیک لە کەسوکار بن. یەکێک لەو ماڵانەی لە حەوشەکەدا بوون، ماڵی خوشکی دەبێ (دایکی شەهید جەمالە رەش)، هەروەها زڕبرایەکیشی. 

وەک خۆی باسیکرد؛ ژیانی ئەو سەردەمە زۆرینەی بەو جۆرە بووە و ماڵیان ماڵی خەڵک بووە، ژیانیان ئاسان نەبووە.

-سەرەت چۆن پەیوەندیت بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کرد؟
+سەرەتای رێکخستنم لە ریزەکانی کۆمەڵە، لە رێگای شەهید جەمالە رەشی خوشکەزامەوە بوو، پەیوەندیی پێوە کردم و وتی: "وەرە کارمان لەگەڵدا بکە." رەزامەندیم دەربڕی بەو مەرجەى ناوم نەنووسن، ئەم قسەیەشم لەبەر دڵی دایکم و خاڵم کرد، چونکە خاڵم (وەلی ئەمر)مان بوو و دایکیشم ترسی گرتنمی هەبوو، دەنا خۆم سڵم نەدەکردەوە. پێشتریش خۆم هەندێ جموجۆڵم هەبوو، دایکیشم و خاڵیشم خۆیان کاری سیاسییان دەکرد، بەڵام ئەو سەردەمە دەترسان لەوەى من کچێکم و بگیرێم و نەتوانم خۆڕاگربم، ترسی قسەی خەڵکیشیان بوو. 

سەرەتا لەگەڵ شەهید جەمالە رەش، شەهید شێخ عەول و شەهید ئاشتی (ئەبوبەکر)، یونس، مەسعود و شەهید ئاشتی حەمە سەعید و رووناکی شێخ جەناب و کۆمەڵێک هاوڕێی تر بووم، شەهید مامۆستا عەزیز و ئازاد کۆکۆیی سەرپەرشتییان دەکردین. هەروەک کاک ئاوات کۆکۆیی لە بیرەوەرییەکانیدا باسی کردووە؛ چالاکییەکانمان راپەڕاندنی کاروباری پێشمەرگە و پێداویستییەکانیان و حەوانەوەی ماڵ و کەسوکاریان و هەڵگرتنی چەک و فیشەک و گواستنەوەیان و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکان و شاردنەوەیان و ناردنی کەسوکاری پێشمەرگە بۆ دەرەوە، زۆربەی جار ئەو گواستنەوانە لە رێگای مەسعود یونس بوو کە لەو شوێنەدا هاتووچۆی دەکرد. 

دواتر چوومە کەرتی شەهید لەیلا و ناوی نهێنیم (شەهلا) بوو، ئەو کاتە لە بەڕێوەبەرایەتی (تەلەفۆنات) لای بازاڕی (عەسری) دامەزرابووم. کارەکەم، هەلی دەستکەوتنی زانیاریی لەسەر پیاوانی رژێم بۆ رەخساندبووم بە تایبەتی ئەوانەی سیخوڕییان دەکرد، ئەوانەی دەهاتن و هێڵی تەلەفۆنیان دەدانێ. توانیم دەیان سیخوڕ لای پێشمەرگە و شوانی برام کە ئەویش پێشمەرگە بوو ئاشکرا بکەم، (شوانی برام، پێشمەرگە بوو لە تیپی (٥٥)ی قەرەداغ، لە کاتی تەقە کردن لە پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ ٤٠ کەسی تر دەستگیرکران. لەگەڵ ئاسۆی دەلاک کاریدەکرد، دوای هەشت مانگ بەندکردن ئازادکرا و پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد). لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی تەلەفۆنات خۆمکردبوو بە هاوڕێ لەگەڵ کچێک لە بەشی (هاتوو رۆیشتوو) بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر.

-لە قسەکانتدا وتت کە دایکم و خاڵم لە رێکخستن بوون، دەمەوێت بۆم باس بکەیت ئەمە چۆن بوو؟
+بەڵێ، دایکم و خاڵم هەردووکیان لە رێکخستن بوون. دایکم زۆر جار چەکەکان و جلی پێشمەرگە و تاقم و فیشەکی دەخستە ژێر عەباکەی و دەیبردە لای کانی گۆمە، یان جێشانە، ئەو دێیانەی لای گڵەزەردە و رەوانەی لای پێشمەرگەی دەکرد. کارەکەی زۆر مەترسیدار بوو، بەڵام ئازا و چاونەترس بوو. ماڵەکەمان وەک قۆناغی گواستنەوەی پێشمەرگەی لێهاتبوو لە شارەوە بۆ شاخ لە رێگای ئۆتۆمبێلی باوەڕپێکراوەوە، لەوانەی لە ماڵی ئێمەوە رۆیشتن (شەهید عەلی ئامە خان، شەهید جەمالی عەلی باپیر، زیڕۆی عەبە رێوی... هتد)، هەندێ جاریش بەمەبەستى خۆحەشاردان، کەسانی رێکخستن لە ماڵمان دەمانەوە، ئەو خۆشاردنەوانە کارێکی ئاسان نەبوو لە حەوشەیەک کە هەشت ماڵی تیا بوو، لە سەردەمی ئەو رژێمە دڕندەیە، چاونەترسی و بوێرییەکی زۆرى پێویست بوو. هەروەها مەلا بەختیاریش لە ماڵی خاڵم و ماڵی خەزووری خوشکەکەم (جەلال و جەمالی فەقێ رەحمان) کە جەمال خۆشی لە رێکخستن بوو، خۆى حەشار دابوو، ئێمەش تەتەریمان دەکرد بۆ راسپاردەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی. هەروەها دایکم لە ناسیاوێکی باوکم تاقم و فیشەک و تەقەمەنی دەکڕی، جارێک ئەو خاوەن دوکانە بە دایکمی وتبوو: "بۆ خاتری خوا، ئەگەر خۆت ناترسی، رەحمێک بە ئێمە بکە." ئەوەندەمان پێشمەرگە و ماڵ و منداڵیان رەوانە کردبوو، وامانلێهاتبوو پێیان دەوتین؛ نقڵیاتی شێخ ئیمام. ئەوەی باشبوو ماڵەکانی حەوشەمان و دراوسێکانمان یەک لە یەک باشتربوون، ئەوانیش بۆ ئێمە حەشارگە بوون. خوشکەکەشم دروومانی دەکرد و بە دەست جلی دەدووری، شەهید جەمال قوماشەکانی دەهێنا ئەویش دەیدووری و دەمانناردە دەرەوە. 

ئەرکی قورس لەسەر ماڵی ئێمە بوو، هەندێ جاریش ئەگەر یەکێ لە رێکخستن بگیرایە، ئەوانەی لێیانەوە نزیکبوونایە بۆ ماوەیەک خۆیان دەشاردەوە. لەوانەی بەو هۆیەوە لامان مانەوە (رووناکی شێخ جەناب، ئاواتی شێخ جەناب و دەیانی وەک ئەوان...) دوو خاوەن ئۆتۆمبێل هەبوون بە ناوی (جەمال و عەبدوڵڵا) خەڵکی قەراغ بوون، هاوکاربوون بۆ گواستنەوەی خۆشمان، جارێکیش لای دوکانی عوسمانی حاجی ساڵح تۆیۆتایەکم پڕکرد لە راخەر و نایلۆن و خواردن و ئەو پێویستییانەی کە بۆ پێشمەرگە دەگونجان، خۆم بردم بۆ لای کاک مەلا بەختیار کە ئەوسا بەرپرسی مەڵبەندی یەک بوو لە حاجی مامەند.

جارێکیان شەهید جەمال داوای لێکردم ئامێرێکى (رۆنیۆ) بگوێزمەوە بۆ ماڵی مامۆستا عەزیز کە ماڵیان لە سەرچیمەن بوو، لەدواییدا زانیم ئەمە یەکەم ئامێری لەو جۆرە بوو، زۆریش دەستاودەستی کردبوو، گواستنەوەی ئەو ئامێرە مەترسیدار بوو، رژێم لای هەرکەس بیدۆزیبایەتەوە تا پەتی سێدارە دەڕۆیشت.

ناوبەناویش شەهید جەمال بڵاوکراوە و دەمانچەی دەدامێ لەو ماڵە بچووکە دەمشاردەوە، جارێکیان ئازادی سەگرمە کۆمەڵێک نووسراوی دامێ بیانشارمەوە، منیش چاوەڕوانبووم تا دایکم رۆیشت، زەوی ژوورەکەم هەڵکەند و شاردمنەوە، کە دایکم هاتەوە وتی: "ئەم ئەرزە بۆ هەڵکەنراوە." بە ناچاری درۆیەکم کرد کە مشک دڕیویەتی و منیش چاکمکردۆتەوە، هەرچەند باوەڕی نەکرد و لە دوای ماوەیەک کاک ئازاد هاتەوە بۆ نووسراوەکان، ئەوکات دایکم لە ماڵەوە بوو ئیتر زانی چیمکردووە، بەو هۆیەوە لە ماڵەوە کێشەکانم زیاتر بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامبووم.

-باسی رووداوی تەقینەوەی ئەو نارنجۆکەم بۆ بکە کە بوو بەهۆی شەهیدبوونی ئاشتی حەمە سەعید؟
+من و ئاشتی و حەمە سەعید ناسراو بە (سەعە سمێڵ) هاوڕێ و خزم بووین، ئاشتی هاوڕێیەکی زۆر دڵسۆز بوو بۆم، لە خوێندنگا و لە رێکخستن بەیەکەوە بووین، خەمەکانمی وەک خوشکێک بۆ هەڵگرتبووم، بەیەکەوەش لە کەرتی شەهید لەیلا بووین، ئەوانەی لەو کەرتە بەیەکەوە بووین (برندە، رووناک جەناب، وەسفیە بەنی وەیسی، شەهید ئاشتی حەمە سەعید)، دوای ئەوەی شەهید ئاشتی پەیمانگای بەڕێوەبەرایەتی بەشی ژمێریاری لە کەرکوک تەواو کرد، لە شارەوانی سلێمانی دامەزرا، منیش کارمەند بووم لە تەلەفۆنات، بەیەکەوە رۆژانە دەڕۆیشتین بۆ دەوام. بەیانیی رۆژی رووداوەکە، وەک هەمیشە چووم بە دوایدا، بینیم زۆر کز بوو، پرسیم؛ چیتە؟ وتی: "پشتی سەرم زۆر دێشێ و بە باوکم وتووە لای دکتۆر پسووڵەم بۆ ببڕێ." چووین بۆ دەوام، کاتێ گەڕامەوە ماڵەوە، دایکم وتی: "ئاشتی ناردویەتی بەدواتا بۆ ئەوەی لەگەڵی بچی بۆ لای دکتۆر ئومێد." کە گەیشتمە لای وتی: "باشبوو هاتی." ئەمڕۆ نامەیەکمان لە لای مەلا بەختیارەوە بۆ هاتووە، ویستی نامەکەم بداتێ دایکى بۆڵەی کرد وتی: "کەی کاتی ئەمەیە."، خستبوویە ناو بەفرگرەکە ژێر خواردنەکان، نەیدەویست دەریبهێنێ. رۆیشتین بۆ لای دکتۆر، ژمارەکەمان ٣٩ بوو، دەبوایە هەتا درەنگ لەوێبین. بەهۆی ناسینی پیاوی پرسگەکە، ئاشتی ژمارەکەی گۆڕی بۆ ١٩، کاتێ چووینە ژوورەوە، دکتۆر خەریکی پشکنینی ئاشتی بوو؛ کوڕێک لەپڕ خۆی کرد بە ژووری دکتۆردا و گوێمان لە ویزەیەک بوو هەموومان ئاوڕماندایەوە و گرمەی تەقینەوەکە هات، ژوورەکە پڕبوو لە دوکەڵ، دکتۆر ئومێد رایکرد، بەپەلە خۆم گەیاندە لای ئاشتی بۆ ئەوەی پەلی بگرم و راکەین، بانگم کرد، بێ وەڵام بوو، دەستم بۆ سەری برد هەمووی خوێن بوو، هاوارمکرد کەس لەو ناوە نەمابوو، رامکردە دەرەوە هەرچۆنێک بوو کەسێکم دۆزییەوە و هاوکارمبوو تا گەیاندمانە نەخۆشخانە، دوای پشکنین دەرکەوت کە گیانی لەدەستداوە. باران شەستە دەباری، بەپەلە خۆم گەیاندە ماڵی خوشکم کە مێری خوشکەکەم مامی ئاشتی بوو، نەمدەتوانی ئەو هەواڵە دڵتەزێنە خۆم بیدەم بە ماڵی باوکی، رۆژێکی یەکجار ناخۆش بوو، کارەساتێکی زۆر دڵتەزێن بوو بۆ هەمیشە بیرمناچێتەوە.

بەهۆی ئەوەی لە کاتی رووداوەکە و پشکنینی پزیشکەکە و لە نەخۆشخانە لەگەڵیدا بووم، دەزگاکانی ئەمن و ئیستیخبارات کەوتنە لێکۆڵینەوە لەگەڵمدا، دەشیانزانی شەهید جەمالە رەش خوشکەزامە ئەوەندەی تر توندیان کردبوو، یەک مانگ هاتووچۆیان پێکردم، هەر جارێکیش بانگیان دەکردم بۆ لێکۆڵینەوە هاوڕێیەکم بە ناوی جولێت بە سوپاسەوە نەیدەهێشت بە تەنها بڕۆم و دەهات لەگەڵمدا. هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەکەمان زۆر بە باشی و دڵسۆزانە باسیکردبووم و وتبووی: "ئەگەر ئەو کچە بگرن منیش لەو فەرمانگەیە وازدەهێنم."

-چۆن حاکم برایمت ناسی و هاوسەرگیریتان کرد؟
+بەهۆی ئەوەی خۆم و هاوڕێکانم لە رێکخستن بووین و وەسیەتی شەهید جەمالیش وابوو کەنابێ لە دەرەوەی رێکخستن و کۆمەڵە هاوسەرگیری بکەم، بۆیە بڕیارمدابوو لەوە دەرنەچم.

دلارامی شێخ جەناب (رەوانی شادبێت) کە خێزانی کاک ملازم عومەر بوو و لە دەرەوەش بوو، هاوڕێی حاکم برایم بوون، ئەو کات شوانی برام لای ملازم عومەر پێشمەرگە بوو ئەو پێشنیازەیان پێ وتم، کاک ملازم عومەر بە نامەیەک داوای من و دایکمی کردبوو بچین بۆ ناوزەنگ، کە چووین و قسەیان لەگەڵ دایکم کرد وتی: "دوایی وەڵامتان دەدەینەوە." سەرەتا کەسوکارم رازینەبوون بەهۆی باری سیاسییەوە. لەو سەفەرە، دلارمی شێخ جەناب بە نهێنیی لەگەڵمان گەڕایەوە بۆ سلێمانی، ئەو بگرەوبردەیە یەک ساڵی خایاند، دواتر لەو سەردەمەش زۆربەی هاوڕێکانم یا گیرابوون، یا چووبوونە دەرەوە. ماوەیەک پەیوەندیم بە رێکخستنەوە نەمابوو، دوایی چوومە شانەیەک لای گێلاس، لای ئەو ئەندام پۆل بووم، جارێک پێش کۆبوونەوە ئەو شەرواڵانەی دووریبووم، پێم بوو، گێلاس پرسی وتی: "دیارە تەمای رۆیشتنت هەیە و ئەمەش گیازەکەتە بە پێکەنینەوە، ئیتر رۆیشتم و گەیشتمە سورداش ئەوەندەی پێنەچوو حاکم برایم چوو بۆ کۆنگرە یەک مانگ نەگەڕایەوە، ژیانی هاوسەرگیری پێشمەرگە بەم شێوەیە بوو، لەو ماوەیەدا مۆڵەتم وەرگرتبوو لە فەرمانگەکەم دوای ماوەیەک زانیبوویان چووبوون بۆ گرتنم ئیتر بە یەکجاری لە کار لابرام. 

ئەو ماوەیە لە سورداش بووین، کە گفتوگۆی یەکێتی و رژێم تێکچوو گواستمانەوە بۆ قەڵاچوالان، من تەندروستیم بە گشتی باش نەبوو ناوبەناو دەبوایە بێمەوە بۆ سەردانی پزیشک. جارێکیان گەڕامەوە بۆ سلێمانی، ژیاری کوڕم لە دایکبووبوو، لە ناو سلێمانی کەم ماڵ هەبوون ئێمە بگرنە خۆیان، زۆربەی خزمان لەژێر چاودێریدابوون، بەهرە عوسمان و جەنگی هاوسەری وەک پیشەی هەمیشەییان دەرگایان واڵابوو بۆ پێشمەرگە و ئەندامانی کۆمەڵەی رەنجدەران، ناردیان بەدوامدا، ئەوسا ماڵیان لە کەرکوک بوو، چووم لەوێ جگە لە خزمەتی زۆر، دکتۆر و چارەسەریشمیان لە ئەستۆی خۆیان گرت. 

ماوەیەک لە بەری شارباژێڕ بووین، دوای شەڕی دابان، بەرەو قەرەداغ رۆیشتین، بارەگاکانی ئەو ناوچەیە هەمووی چۆڵکرابوون، کاتێ گەیشتینە قەرەداغ، خەڵکی گوندەکە هەموویان لە دەرەوە بوون، دەنگۆی بۆردومانی فڕۆکە هەبوو، منیش دەگەڕام بزانم لە کوێ بگیرسێینەوە، ئەو ئۆتۆمبێلەی منی برد جێیهێشتم، فڕۆکە هات و کەوتە بۆردومان تا شەو نەوەستایەوە، شەو رۆیشتین بەرەو تەکیە و چووینە ناو قوتابخانەیەکی داڕماو، ئەو ماوەیە هەمووی لەوێبووین، ئەوسا مەڵبەندی یەک کاک جەبار فەرمان بەرپرسی بوو، حاکم برایمیش دادوەری ئەو مەڵبەندە بوو، بەهۆی ئەوەی لە زیندانی ئەبوغرێب بەیەکەوەبوون، زۆر نزیک و هاوڕێ بوون. ئەرک و پێویستییەکانی رۆژانەی کاک جەبارم لە ئەستۆ گرتبوو تەنانەت هەندێ کاری رێکخستن و پەیوەندیی ناو شاری سلێمانیش، لەو ئەرکانەدا، کاک ئەسعەد و خێزانەکەی زۆر هاوکارمان بوون. 

کاتێ لە مەڵبەندی یەکی قەرەداغ بووم، مۆڵەتێکم وەرگرت و گەڕامەوە بۆ سلێمانی، پێش پرۆسەى ئەنفال بوو، ئەوکات دەنگۆی بۆردومانێکی سەخت هەبوو، لە ماڵی دایکم خۆم حەشاردابوو، دوای رۆژێک لە مانەوەم بە بۆردومانێکی سەخت ناوچەی قەرەداغ بۆردومانکرا، هەر لەو کاتەشدا دوو پۆل پێشمەرگە کەوتبوونە کەمینەوە، لەوانە؛ جەماعەتەکەی شەهید سیروان تاڵەبانی بوون، کە ئەم هەواڵانەم بیست، چووم بۆ هەواڵپرسینی حاکم برایم و برادەرەکانمان. کوڕەکەم (ژیار) لای دایکم بەجێهێشت، زوو زووش بە دایکمم دەوت؛ ئاگات لێی بێت، من دەترسام دەزگا ئەمنییەکان پێی بزانن و بیبەن. دایکم وتی: "بڕۆ و دڵت لای نەبێ." چووم بۆ ماڵی مامۆستا ساڵح وتیان: "خێزانەکەی تازە گەڕاوەتەوە و هەواڵی تازەی پێیە." کاتێ گەڕامەوە بەرەو ماڵەوە، هەستمکرد شتێ روویداوە، دراوسێ حەوشەکەمان هات بەرەو پیرمەوە و دوای مشتومڕێک، زانیم کوڕەکەم سووتاوە و کەوتۆتە ناو مەنجەڵی خواردنی سەر ئاگرەوە و دایکم گەیاندبوویە نەخۆشخانە، ئەو دەمانەش براکەشم (شوان) مۆڵەتی وەرگرتبوو بە نهێنیی لە ناوشار بوو، چووم لە نەخۆشخانە بینیم هەردووکمان خۆمان گەیاندە نەخۆشخانەی کۆماری کە بینیم سووتانەکەی پلە سێ بوو (٤٨) کاژێریان بۆ دانا، دایکم لە شپرزەی ئێمە کە نەوەک بمانناسنەوە دەیوت: "ئێوە بڕۆن من خۆم لێرە دەبم." دکتۆر نەوزاد عەتار هەموو توانایەکی خۆی بەکاردەهێنا، بەیانی کە رۆشتمەوە بۆ لای، گیانی ئاوسا بوو، بە هەڵەیەکی کارمەندێکی تەندروستی لەبری ئەوەی ئەو ئاوەی کە داینابوو بە یەک رۆژ لە جەستەی بکەن تا نیوەڕۆ هەمووتی تێکردبوو، ئیتر ئەوەندەی تر باری تەندروستیی خراپ بوو، تووشی گەشکەش بوو لەگەڵیدا. براکەم ئەمەی بینی جنێوی دا بەو ژنە، دەرچوو ئەو ژنە بەعسیە و دەمانناسی ئەو هەواڵەی دابوو بە سیخوڕەکانی ئەمن و ئیستخبارات و ئێمە چووبووینەوە ماڵەوە ملازم موحسین چووبوو بۆ نەخۆشخانە بۆ گرتنمان کە ئەم هەواڵەمانزانی ئیتر کوڕەکەشم بەم بارە ناجێگیرە هێنایەوە دەرەوە و چووینە ماڵی خزمان و یەک هەفتە لە ماڵی دکتۆر بەکری سنگ ماینەوە، خۆی و خێزانەکەی زۆر پێمانەوە ماندوو بوون،  دواتر ئیسماعیل حەقی کە یاریدەدەرى پزیشکی بوو سێ مانگ تیماری بۆ کرد، جارێکیش زۆتر کەمخوێن بوو خوێنەکەشی (O-) کە زۆر کەم دەستدەکەوت، دکتۆر نەجات محەمەد کەریم لە نەخۆشخانەی سەربازيی بۆی پەیدا کردبووین.

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیڵێم؛ ئەو دکتۆرانەی ناوشار زۆربەیان لەو جۆرە بوون کە هاوکاری پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە بوون، ئیتر لە ناوشار ئاشکرابووین و بەپەلە گەڕامەوە بۆ بەری قەرەداغ. لەوێش دکتۆر فایەق گوڵپی چەند جار شەوانە لە ماڵی ئێمە دەمایەوە بۆ چارەسەری ژیار.

کاتێ کە لە بەری قەرەداغ جینۆسایدی ئەنفال دەستیپێکرد بە نهێنیی گەڕامەوە بۆ سلێمانی و ئەنفال بە سەختی هەموو کوردستانی گرتبۆوە، حاکم برایم لە قەراغەوە بەرەو گەرمیان رۆیشتبوو بۆ هەواڵی کەسوکاری لەگەڵ هەندێ پێشمەرگەی ئەو ناوچەیە، بینیبووی زۆربەی کەسوکاری ئەنفالکراون و بەس لە ماڵی خاڵێکی (١٧) کەس ئەنفالکرابوون، ئەو خاڵەشی لە زیندان ژەهرخوارد کرابوو، دوای ئازادکردنی بە چەند رۆژێک کۆچی دواییکرد، ئەوەی پاشماوەی ئەنفالیش بوون لە دەشت و دەر و ناو تراکتۆر دەژیان، ئەوکات نەمدەزانی بچم بۆ کوێ، برایم وتی: "بڕۆ بۆ گەرمیان." کە چووم ئەو بارودۆخەم بینی، نەمتوانی و گەڕامەوە بۆ سلێمانی. لەگەڵ دایکم بە قاچاخ لە رانیەوە چووین بۆ سوورەدێ، لەوێ سێ چوار شەو ماینەوە و پاشان بەرەو قەندیل بەڕێکەوتین، هەموویم بە پێ بڕیووە. لەوێشەوە چووین بۆ کاولان و دواتر بۆ سەردەشت، لەگەڵ شنۆی شەهید ئازاد هەورامی، دوایی چووین بەرەو کانی زەرد کە ماڵی کاک فەرەیدون عەبدولقادر و مەحمود سەنگاویش لەو دێیە بوون.

ئەوسا شەڕی عیراق ئێران تووند بوو، بۆردومانی ئەو دێیە لەلایەن عیراقەوە دەگەیشتە دەوروبەری ماڵەکەمان، ناچار ئەوێشمان بەجێهێشت و رۆیشتین بەرەو سەقز، تا راپەڕین لەوێبووین. دوای راپەڕین، گەڕاینەوە قەڵاچوالان، لە خانوویەکی بێ دەرگا و پەنجەرەدا شەش حەوت مانگ ماینەوە، لەدواییدا مام رۆستەم خانوویەکی لە گەڕەکی (دوورلئەمن) لە سلێمانی بۆ دۆزینەوە و چووینە ناوی.

-پەیوەندیت لەگەڵ حاکم برایم چۆن بوو؟
+ئەوەندەی من ناسیوومە و بەیەکەوە ژیاوین، زۆر هاوڕێبووین، کەسێکی راستگۆ و دڵپاک و بەخشندەیە، تەنانەت بەرامبەر بەوانەی راستگۆش نەبوون لەگەڵیدا. سوورە لەسەر بیروباوەڕی، بە بەزەییە، زۆر دژی زوڵم و زۆردارییە، سادە و ساکارە، هاوکارم بووە تا رادەیەکی باش و ئازادبووم لە کارەکانم، رێگری لێ نەکردوم، ئەگەر رەخنەیەکیشی هەبووبێ بە زەردەخەنەیەکەوە رەخنەکەی گرتووە.

-کاتێ دوای راپەڕین گەڕایتەوە، کار و چالاکییەکانت چی بوون؟
+وەک سەرەتا باسمکرد؛ من لە ساڵی ١٩٧٥ەوە ئەندامی کۆمەڵەی رەنجدەران بوون، لە ١٩٨٣ لە بەلەکجاڕ مامۆستا جوامێر سەرپەرشتیی دەکردم و لە شاری سەقز فەرهادە قەڵەو بەرپرسم بوو، لەگەڵ هاوڕێ ژنەکانی لەناو یەکێتی ژنان کارماندەکرد بە سەرپەرشتیی خاتوو کافیە و زۆربەی کۆبوونەوەکان لە ماڵی ئەوان بوو.

دوای راپەڕین سەرەتا لەگەڵ یەکێتی ژنان کار و چالاکییەکانم وەک کۆمەک کۆکردنەوە و هاوکاریی ئاوارەکانی کەرکوک و دەیان چالاکیی ترمان ئەنجام دەدا و لە کەرتی لای شەمام شەوقی بووم. دواتر بووم بە ئەندام پۆل لە کەرتی ژنان کە زۆربەیان ژنی شاخ بوون، دواتر بووم بە ئەندام کەرتی ژنان لە کۆمیتەی چواری کرێکاران و دوای ئەوەش ئەندام کۆمیتەی ژنان و بووم بە ئەندام بەش لە بەشی رێکخراوەکان لە مەڵبەندی یەک، بە هەڵبژاردن بووم بە ئەندامی مەڵبەندی سلێمانی لە بەشی چاودێری و ئێستا ئەندام مەکتەبم لە مەکتەبی پێشمەرگە، هەموو پلەکانی رێکخستنم بڕیووە.

-هەوڵت نەداوە بیرەوەرییەکانی خۆت بنووسیتەوە؟ 
+بەڵێ زۆربەیانم تۆمار کردبوو، بەڵگەشم زۆر هەڵگرتبوو، بەڵام بەداخەوە وەک هەموو ماڵە پێشمەرگەیەک هیچیانم نەماوە. وێنەکانیش لەملا و ئەولا کۆیاندەکەمەوە، هەندێکیان بەهۆی ئەنفالەوە و هەندێکیان لە ٣١ی ئاب کە دەستیانگرتبوو بەسەر ماڵەکەمان، سووتاندبوویانن و هەندێکیش دایکم سووتاندبووی لە ترسی رژێم.

- لە ژیانتدا لە هیچ پەشیمان نیت؟
+نەخێر، تەنها لەوە نەبێ کە ئەو کوڕەم بۆ ئەو ماوە کورتە جێهێشت کە بوو بەهۆی سووتاندنی و ئەو هەموو ئازارەی کە بەو هۆیەوە بینی.
خاتوو شوکریە، لەدوای ئەو قسەیەی، دەستیکرد بە گریان، گریانێکی پڕ لە ئازار و سۆز.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن