راپۆرت

هەڵبژاردنی 2023.. کێ دەبێتە خاوەن پرۆژەی سەدەی تورکیا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەڵبژاردنی 2023.. کێ دەبێتە خاوەن پرۆژەی سەدەی تورکیا؟
ئينستتيوتى نارین- خەڵەف غەفور

لەهەر لایەکەوە قسە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بکەی، ناتوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان - ئەکەپە پەراوێزبخەی، ئەمە پەیوەندی بە مێژوویەکی 20 ساڵەی فەرمانڕەواییانەوە هەیە کە تیادا بڕیاردەری سەرەکی بوون لە حومکڕانیی تورکیا.

رۆژی هەڵبژاردن.. گەڕانەوە بۆ نۆستالیژیا
بێ هیچ ئاگالێبوونێکی زۆرینە، دەمودەست و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند "رۆژی هەڵبژاردن پێشدەخەین بۆ 14ی ئایاری 2023".

زۆری نەبرد هۆکاری پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا روونبووەوە کە دوو هۆکاری سەرەکی لەپشتییەوە هەبوون:

یەکەم: ئەگەر هەڵبژاردن پێش کاتی دیاریکراوی خۆی بکرێت، ئەوا مانای ئەوەیە سەرۆک ماوەی یاسایی سەرۆکایەتیی خۆی تەواو نەکردووە، بۆیە مافی ئەوەی دەبێت خولێکی دیکەش خۆی بەربژێر بکاتەوە. لێرەدا دوو تێبینی گرنگ هەن؛ یەکەمیان دەریدەخات ئەردۆغان بڕوای بە دۆڕان نییە و وەکو دەڵێن لەئێستاشەوە بیانووی زۆری بۆ ئامادەکردوون، دووەمیان ویستی خۆی بۆ بەربژێرکردنەوە لە هەڵبژاردنی دوای ئەم خوولەشدا خستووەتەڕوو.

دووەم: تورکیا لە ساڵی 1923 تا ساڵی 1950 لەلایەن پارتی گەلی کۆماری- جەهەپەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، تا ساڵی 1946 فرەحزبی نەبوو، لە هەڵبژاردنی رۆژی 14ی ئایاری 1950 پارتی دیموکراتی تورکیا بە سەرۆکایەتی جەلال بایار کە دواتر بووە سەرۆک کۆمار و عەدنان مەندەریس کە بووە سەرۆک وەزیران سەرکەوتن بەسەر جەهەپەدا و کۆتاییان بە فەرمانڕەواییە ٢٧ ساڵییەکەی هێنا.

پارتی دیموکراتی تورکیا باکگراوندێکی ئیسلامییانەی هەبوو، لەماوەی دە ساڵی فەرمانڕەواییەکەشیدا زۆرێک لە بڕیارەکانی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە بەتایبەت ئەوانەیان کە پەیوەندیی بە ئایین ئیسلام، گرووپ و سرووتە ئیسلامییەکانەوە هەبووە.

ئێستا کە جەهەپە سەرۆکایەتی مێزی شەش کورسی دەکات، لە رێگەی بە سومبولکردنی رۆژی ١٤ی ئایارەوە، ئەردۆغان دەیەوێت بڵێت بە سەرتاندا سەردەکەوم.

ئیستانبوڵ؛ شانازی و ترس بۆ ئەردۆغان
ساڵی 1994 رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ، چوار ساڵی زێڕین بوو بۆ ئەو بە تایبەت کە لەو گەنجانە بوو کە ویستی زۆری سیاسییان هەبوو لەناو ئەو پارتانەی کە تا ئەندازەیەکی زۆر خاوەن جیهانبینییەکی ئیسلامی بوون.

ساڵی 2019 بیناڵی یڵدرم، بەربژێری ئەردۆغان بۆ سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ بەرانبەر ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، بەربژێری پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە دۆڕا، لە گێمی یەکەمدا ئەردۆغان دۆڕانی رەتکردەوە کە جیاوازیی نێوانیان تەنها 13 هەزار دەنگ بوو، هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە، ئیمام ئۆغڵو بە 800 هەزار دەنگ لە بیناڵی یڵدرمی بردەوە.

ئەردۆغان بە تۆنێكی لاوازی شکست زاڵبوو بەسەریدا پیرۆزبایی لە بەربژێری سەرکەوتوو کرد، بەڵام لەوکاتەوە ترسێکی زۆری لێ نیشت کە دەبێتە رکابەری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار. ئەردۆغان دەیوت "ئەوەی ئیستانبوڵ بباتەوە، ئەوا تورکیاش دەباتەوە". ئەو شارەی سەردەمانێک بۆ ئەردۆغان ناوهێنانی بووبووە شانازیی، ئێستا زۆر لێی دەترسێت.

ئابووری؛ هۆکاری سەرکەوتن و شکست
لە ساڵی 2003 کاتێک ئەردۆغان بووە سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بارودۆخی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد، دەتوانم بە چەند نموونەیەک ئەو گەشەکردنە پشتڕاست بکەمەوە:

یەکەم: لەنێوان ساڵی 2002 بۆ 2006، ئابووریی تورکیا بە رێژەی 7% گەشەی کرد.

دووەم: ساڵی 2010 و 2012، ئابووریی تورکیا بە رێژەی 8 و 9% گەشەی کرد.

سێیەم: کۆی داهاتی نیشتیمانی لە ساڵی 2002 بریتی بوو لە 230 ملیار دۆلار، بەڵام تا ساڵی 2013 ئەو رێژەیە بەرزبووەوە بۆ 820 ملیار دۆلار کە ئەوەش گەشەکردنێکی زۆر ئاستبەرزە.

چوارەم: بەهای هەناردەکردنی تورکیا لە 36 ملیار دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 158 ملیار دۆلار.

پێنجەم: گرنگترین هەنگاوی ئابووری کەوا ئەردۆغان هاوێشتی بریتی بوو لەوەی سەرجەم قەرزەکانی بانکی نێودەوڵەتی دایەوە، ئەمە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە خۆڕزگارکردنێکی گەورەیە.

شەشەم: لە وتارێکیدا ئەردۆغان دەڵێت کاتێک ئەوان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست داهاتی تاک لەنێوان 3000 بۆ 4000 دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو رێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ 11000 هەزار دۆلار.

حەوتەم: کەرتی گەشتیاری زۆر گەشەیکرد بەڕادەیەک ساڵانە نزیکەی 30 ملیۆن گەشتیار سەردانی تورکیای دەکرد.

ئەو سەرکەوتنانەی بواری ئابووری رێگەی خۆشکرد بۆ سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەموو هەڵبژاردنەکانی نێوان ساڵی 2002 تا دوایین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە 2018، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە مانگی سێی 2019، ئەگەرچی ئەکەپە چەند گەورە شارەوانییەکی لەدەستدا، بەڵام هەر براوەی یەکەم بوو.

یەكێک لەو سێکتەرانەی لای دەنگدەری تورکیا گرنگن بابەتی ئابووری، هەلی کار و داهاتی تاکن، بەڵام لەئێستادا ئابووریی تورکیا لە داکشانێکی ترسناکدایە، رێژەی بێکاری بۆ 10% بەرزبووەتەوە بەتایبەت لەناو ژناندا، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەشێوەیەک لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیادا هاوشێوەی نەبووە. 

ئۆپۆزیسیۆن بەچڕی کار لەسەر ئابووریی تورکیا دەکات و ئۆباڵی خراپییەکەی دەخاتە ئەستۆی ئەردۆغان، دوور نییە چۆن گەشەی ئابووریی هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی بیست ساڵەی ئەردۆغان بوو، ئاوا داکشانی بارودۆخی ئابووریی ببێتە هۆکاری شکستی ئەردۆغان.

راپرسییەکان ئەردۆغان دەترسێنن
ناوەندی لێکۆڵینەوە و راپرسیی مێترۆپۆڵ لە تورکیا یەکێک لەو ناوەندانەیە کە مانگانە و ساڵانەش راپرسی لەسەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی دەنگت پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ناوەندی دیکە هەن و بە هەمان ئەرک هەڵدەسن و جێگەی متمانەی خەڵکن.

زۆرینەی راپرسییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان لەنیوان 30-34% دەبێت، کە ئەوەش دابەزینێکی بەرچاوە لە رێژەی دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو. هەواڵی دیکەی ناخۆش هەیە؛ بەپێی راپرسییەکان پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە رێژەی دەنگەکانی بۆ 7% کەمدەکات، ئەگەر ئەو ئەگەرە راست دەربچێت، ئەوا بەربەستی 10% تێپەڕناکات و ناتوانێت ببێتە خاوەن کورسی لە پەرلەمانی تورکیا.

راپرسییەکانی ئاماژەن بۆ سەرکەوتن و بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بۆ نموونە رێژەی دەنگەکانی جەهەپە 23-24% دەبێت، ئی پارتی بە سەرۆکایەتی میراڵ ئاکشنەر کە چەند ساڵی رابردوو لە مەهەپە جیابووەوە، رێژەی دەنگەکانی نزیکەی 15% دەبێت.

سەبارەت بە پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، زۆرینەی راپرسییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە رێژەی دەنگەکانی نزیکەی 11% دەبێت، تا ئەندازەیەک ئەوە رێژەیەکی نەگۆڕ و باشە بۆ هەدەپە، هەروەها دەبێتە ژمارەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی بەربژێری سەرۆک کۆمار، هەروەها بۆ هەدەپە خۆشی گرنگە بەربەستی 10% تێپەڕێنێ و بگاتە پەرلەمان.

پرۆژەی "سەدەی تورکیا" جێبەجێ دەبێت؟
رۆژی 29ی ئەیلولی 2022، لە چاوپێکەوتنیکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وتی "دروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەمان بەناوی سەدەی تورکیا دەبێت".

رۆژی 29ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1923 کۆماری تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرێنرا، رۆژی ٣ی مارسی 1924 بەتەواوی خەلافەت هەڵوەشێنرایەوە، چەند مانگێک دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پەرلەمان، تورکیا تەمەنی دەبێتە سەدەیەک، خەونی ئەردۆغان ئەوەیە ببێتەوە سەرۆک و پرۆژەی "سەدەی تورکیا" بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

"سەدەی تورکیا" لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بێ کێشە نابێت، بارودۆخی خراپی ئابووری، ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، چەوساندنەوەی کورد و بوونی دەنگێکی ناڕازیی زۆر، رێگەنادەن پرۆژەی "سەدەی تورکیا"ی ئەردۆغان جێبەجێ ببێت.

لەسەر ئاستی دەرەوەش تورکیا کێشەی زۆری هەیە، شکستی پرۆژە ئیخوانییەکەی لەسەر نەخشەی وڵاتانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، شکشتی بەرانبەر میسر، یۆنان، قوبرسی یۆنانی و ئیسرئیل لە پرۆژەی داگیرکردنی ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست. قەیرانی سوریا و شکستی لە دیداری لووتکەی لەگەڵ بەسار ئەسەد، کێشەی لەگەڵ ئەرمینیا و چەندین قەیرانی دیكەش لەسەر ئاستی دەرەوە.

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ ئەوەی کەوا ئەردۆغان یان کەماڵ کڵیچدار ئۆغڵو کامیان دەبنە خاوەن پرۆژەی سەدەی تورکیا، تورکیا وەکو وڵات بەرەو سەدەیەکی دیکە تەمەنی هەنگاو دەنێت، بەڵام بە شێوازە ئەردۆغانییەکەی یان هەڵگێڕانەوەی رەوتە بیست ساڵییەکەی ئەردۆغان؟

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن