عارف قوربانی

عارف قوربانی

رووداوه‌كه‌ی بۆرسای توركیا؛ سته‌مێكی رێكخراو

هه‌فته‌ی رابردوو له‌ناو یاریگای پارێزگای بۆرسای توركیا، كه‌ میوانداریی یانه‌ی ئامه‌دی باكووری كوردستانی كردبوو، دیمه‌نی شێوازێكی دیكه‌ی سته‌می رێكخراوی ده‌وڵه‌تی توركیامان به‌رانبه‌ر به‌ كورد له‌و وڵاته بینی‌. هه‌رچه‌ند دیمه‌نه‌كه‌ وا وێنا ده‌كرا، كه‌ رووداوێكی خۆڕسكانه‌ی لایه‌نگران و هانده‌رانی یانه‌ی (بۆرسا سپۆر)ن، به‌ڵام ئه‌و وێناكردنه‌ خوودی پیلانه‌كه‌یه،‌ كه‌ شێوازێكی چه‌وساندنه‌وه ‌و سته‌می رێكخراو به‌رانبه‌ر به‌ كورد گیراوه‌ته‌به‌ر، نه‌ك ته‌نها هه‌ر له‌ توركیا، به‌ڵكو له‌ سوریا و عیراق و ئێرانیش په‌یڕه‌و ده‌كرێت. 

 وه‌ك له‌ میدیاكان بڵاوكرایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت شه‌وی به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ ده‌ستەیه‌ك له‌ به‌ناوهانده‌رانی یانه‌ی بۆرسا سپۆر چوونه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌و هۆتێله‌ی یاریزانه‌كانی یانه‌ی ئامه‌دی باكووری كوردستان لێی ماونه‌ته‌وه‌، درووشمی ره‌گه‌زپه‌رستانه ‌و دژی كوردیان وتووەته‌وه‌. بۆ به‌یانی و له‌ناو یاریگاكه‌ش وێنه‌ و هێمای تیمه‌كانی بكوژی نادیاریان به‌رزكردبووه‌وه،‌ كه‌ به‌پێی هه‌ندێك ئامار، تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی نزیكه‌ی 20 هه‌زار كورد. له‌ كاتی یارییه‌كه‌شدا به‌ چه‌ندین كه‌ره‌سەی جۆراوجۆری شه‌ڕ و په‌لاماردان كه‌ بردنه‌ژووره‌وه‌یان بۆ ناو یاریگا قه‌ده‌غه‌یه‌، په‌لاماری یاریزانه‌ كورده‌كان و هانده‌رانی یانه‌ی ئامه‌دیان دا و چه‌ندین وه‌رزشكار و لایه‌نگرانیان بریندار بوون. ئه‌وه‌ی له‌ تۆماره‌ ڤیدیۆییه‌كانه‌وه‌ ده‌بیندرا، ته‌نانه‌ت پۆلیس و تیمه‌كانی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت به‌شداربوون له‌ لێدان و سووكایه‌تیكردن به‌ كورده‌كان. 

 ئه‌م رووداوه‌ی شاری بۆرسا هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یادی رووداوێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌دا، كه‌ له‌ 12ی ئازاری ساڵی 2004 له‌ یاریگای قامیشلۆ روویدا. ئه‌ویش چوار رۆژ دوای په‌سندكردنی یاسای كاتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت بوو له‌ عیراق، كه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ سه‌ركه‌وتنی كورد له‌ناو كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ره‌نگیدایه‌وه‌ به‌وه‌ی (فیدراڵی) بۆ كوردستان له‌ عیراق چه‌سپێندرا. خه‌ڵكی قامیشلۆ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی كوردیان ده‌گێڕا، به‌ڵام به‌پیلانێكی رێكخراو شاییان لێكرا به ‌شین. 

یانه‌ی فتوه‌ی دێرەزوور بۆ یاریكردن له‌گه‌ڵ یانه‌ی جیهادی قامیشلۆ روویان له‌ شاره‌كه‌ كرد. به‌ سەدان پاس هانده‌ریان له‌گه‌ڵ خۆیان له‌ ناوچه‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه‌ هێنابوو، له‌ ده‌رگایه‌كی جیاوازه‌وه‌ و بێ‌ پشكنین، خرانه‌ ناو یاریگاوه‌. هانده‌رانی یانه‌ی قامیشلۆ به‌ناو تیمی پشكنینی تایبه‌تی پۆلیس و ئاسایشی ده‌وڵه‌تدا تێپه‌ڕێنران و ته‌نانه‌ت بوتڵی ئاوخواردنه‌وه‌شیان لێ قه‌ده‌خه‌كردن بیبه‌نه‌ ژووره‌وه‌، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان تێڵا و چه‌قۆ و دار و ته‌نانه‌ت چه‌كیشیان بردبووه‌ ژووره‌وه‌. به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی یارییه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو و وه‌ك سووكایه‌تی به‌ كورد، ده‌یان وێنه‌ی سه‌دام حسێنیان له‌ناو یاریگاكه‌ به‌رزكرده‌وه‌ و كه‌وتنه‌ سووتاندن و سووكایه‌تی به‌ وێنه‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی و ئۆجه‌لان. هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان، په‌لاماری هانده‌رانی یانه‌ی قامیشلۆیان دا و وه‌ك ده‌وترێت ته‌قینی یه‌كه‌م فیشه‌ك له‌لایه‌ن پارێزگاری حه‌سه‌كه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ به‌ ده‌مانچه‌كه‌ی خۆی مناڵێكی كورد ده‌كوژێت. ئه‌و پۆلیس و ئاسایشانه‌ی وه‌ك پیلانی پێشوه‌خته‌ ئاماده‌كرابوون، به‌ چه‌ك پشتیوانیی عه‌ره‌به‌كانیان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند هانده‌رێكی یانه‌ی قامیشلۆ ده‌كوژرێن. گرژی و ئاڵۆزی كه‌وته‌ شاره‌وه‌ و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كوردی خۆپیشاندان ده‌ستیپێكرد، رژێم سوپای دژی كورد به‌كاربرد و له‌و رووداوه‌ و لێكه‌وته‌كانیدا، زیاتر له‌ 50 گه‌نجی كوردیان شه‌هیدكرد و زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌سیان خسته‌ زیندانه‌وه‌.

 ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕوانێت، له‌ گه‌رمه‌سێره‌وه‌ بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، زۆر دیمه‌نی هاوشێوه‌ ده‌بینین. كاتێ جووتیاره‌ كورده‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته‌ سه‌ر ماڵ و زه‌ویوزارمان و داوای چۆڵكردنی گونده‌ كوردییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و راستیه‌ ده‌ڵێن كه‌ سوپای عیراق یان پۆلیسی فیدراڵی یا گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پشتگیری عه‌ره‌به‌كان ده‌كه‌ن. بێگومان هه‌مان سیناریۆش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان له‌ كرمانشانه‌وه‌ تا ئورمیه‌ به‌رده‌وامه‌. 

 ئه‌م رووداوانه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌سته‌ی ناوچه‌كه‌ جیاواز له‌و سیاسه‌تانه‌ی وه‌ك ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ركوتكردنی كورد گرتوویانه‌ته‌به‌ر و هه‌موو داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان خراوه‌ته‌ خزمه‌تییه‌وه‌، ئامانجیانه‌ خه‌ڵكیش وه‌ك ئامرازێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد به‌كاربه‌رن. زۆر رووداو رووده‌ده‌ن دژ به‌ تاكی كورد، كه‌ دیمه‌نه‌ رووكه‌شه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ هه‌ڵوێستی تاكلایه‌نه‌ی هاوڵاتییه‌ك یان گرووپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراو، به‌ڵام راستییه‌كه‌ سته‌مێكی رێكخراوه‌ و ئایدۆلۆژیاییه‌كی شاراوه‌ی دژه‌كورد له ‌ناوچه‌كه‌ له‌پشتی هه‌ر یه‌ك له‌و رووداوه‌ كه‌سیانه‌وه‌یه‌. 

 له‌ توركیا و عیراقیش زیاتر زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی ئه‌م رق له‌ كوردبوونه‌ له‌ باڵاكردندایه‌. تورك هه‌ر به‌ سرووشت زۆرینه‌یان ره‌گه‌زپه‌رستن و زۆر به‌تووندی دژی‌ كوردن. ساڵانه‌ چه‌ندین جار ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌ میدیاكان بڵاوده‌بنه‌وه،‌ كه‌ هاوڵاتیی كورد كاتێك وه‌ك گه‌شتیار روو له‌ناوچه‌ توركییه‌كانی توركیا ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕووی چی سووكایه‌تی و ته‌نانه‌ت لێدان و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ش ده‌بنه‌وه‌. نه‌ك ته‌نها له‌ناو توركیا، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان كه‌ نه‌وه‌ی سێهه‌م و چواره‌میانن له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌دایكبوون و له‌ناو ئه‌و كو‌لتوور و دابونه‌ریته‌ فره‌یی و كراوه‌ییه‌شدا په‌روه‌ردەكراون، به‌ڵام هه‌ر كینه‌یه‌كی له‌ راده‌به‌ده‌ریان به‌رانبه‌ر به‌ كورد هه‌یه‌. له‌ عیراقیش به‌درێژایی ده‌یان ساڵ هاوڵاتیی عه‌ره‌ب وه‌ك ئامرازێك به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ به‌شداربووه‌ له‌ سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زی كورد كه‌ وه‌ك ستراتیژێكی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ گه‌یاندرابووه‌ دواترۆپكی تاوان. 

 ته‌نانه‌ت دوای كه‌وتنی سه‌دامیش نه‌ك هه‌ر له‌لایه‌ن كاره‌كته‌ره‌ ئایینی و سیاسییه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌م رق له‌ كوردبوونه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌قسه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتار و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ كوردانه‌ی وه‌لائیان بۆ شیعه‌ و ئێران هه‌یه‌و زوو زوو سه‌رزه‌نشتی كورد ده‌كه‌ن به‌وه‌ی بۆچی سازشی زیاتر بۆ به‌غدا ناكات، ئۆباڵی ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی سه‌ركرده‌كانی كورد و ئاماژه‌ به‌ دیوێكی دیكه‌ی باڵاكردنی ئه‌م مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئێستا له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی عه‌ره‌بی له‌ شاره‌كانی خوارووی عیراق رق له‌ كوردبوون رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ باڵاكردندایه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه؛‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئایدۆلۆژیایه‌ك له‌پشتییه‌وه‌ نه‌بێت و به‌ پلان و به‌رنامه‌ كاری له‌سه‌ر نه‌كرێت، هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب له‌ نه‌جه‌ف یان كه‌ربه‌لا، بۆچی و له‌پای چی ده‌بێت رقی له‌ كورد بێت؟

 پێویسته‌ كورد هۆشیار بێته‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ی تورك و عه‌ره‌ب و فارس به‌شێوازێكی رێكخراو كار بۆ سه‌ركوتكردنی كورد ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ باڵاكردنی توانای سه‌ربازی و چه‌ك و كه‌ره‌سه‌ی پێشكه‌وتووی زیره‌ك بۆ لێدان له‌ كورد، كار له‌سه‌ر باڵاكردنی ئه‌و رقه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ش ده‌كه‌ن له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی خۆیان. راسته ‌و گرنگه‌ كورد ده‌ست به‌جیاوازیی به‌ها باڵا كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییه‌كانی خۆیه‌وه‌ بگرێت و به‌ جیاوازی ئاست و پله‌ی مرۆڤبوونی خۆی، خۆی له‌وان جیابكاته‌وه، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرێت هه‌میشه‌ ئه‌و بنه‌مایانه‌ سه‌رچاوه‌ی هێز نابن بۆ به‌رگری له‌مانه‌وه‌ی، ده‌بێت ئامراز و رێگا و شێوازی پێویستی هه‌بێت بۆ پاراستنی خۆی له‌ دوژمنه‌كانی.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan