تەندروستی
ئایا منداڵان دەتوانن رۆژوو بگرن؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان رایدەگەیەنێت هەرچەندە رۆژووی مانگی رەمەزان کارێکی ئاینی و کەلتوریە کە لە رووی تەندروستییەوە گونجاو نییە مداڵان رۆژووبگرن بەتایبەت لەپێش تەمەنی باڵغبوونیانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئازاری 2023 لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە کە رۆژووگرتن بۆ منداڵان گونجاو نییە، هەرچەندە سوودی دیکەی زۆرە وەک پابەندبوون بە دیسپلین و خۆبەخشین و پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی ئاستی باوەڕە رۆحییەکان و هۆشداری خوود.
لەبەر ئەم چەند هۆکارەی خوارەوە گونجاو نییە منداڵان رۆژوو بگرن:
• منداڵ قەبارەی بچووکە و لەگەشەدایە، هەمووکات و بەردەوام پێویستی بە ووزەیە.
• گەشەی منداڵێکی تەندروست پێویستی بە خواردن و خواردنەوەی بەردەوام هەیە بەتایبەتی بۆ گەشەی مێشک.
• لە زۆر کاتدا برسی بوونی منداڵ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەبێتە هۆی بێهێزی و دابەزینی ئاستی هۆشیاری و گێژبوونی.
• منداڵی بچووک ناتوانێت لە کاتی زۆر پێویستدا داوای خواردن و خواردنەوە بکات و بەدخۆراکی بەئاسانی لێی دەردەکەوێت.
ئەگەر منداڵ رۆژووی گرت، پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:
• دایک و باوک بەووردی توانای منداڵ دەزانن بۆ ماوەی بەڕۆژووبون و بەرگەگرتنی کاتی ڕۆژوو وەک کاتی خواردنەکانی و تێربوون و برسی بوونی منداڵ.
• پرسی رۆژووگرتن دەبێت خودی منداڵ تێیدا بەشداربێت.
• دەبێت تەنها بەشێکی رۆژەکە بهێڵدرێت رۆژوو بگرێت نەک هەمووی.
• ژەمی پارشێو هێلکە، گۆشت، گوێز، میوە، سەوزە و بەرهەمی شیرەمەنی بدرێت پێیان.
• شیرینی و چپس و ساردی و خواردنەوەی گازی پێش و دوای کاتە دیاریکراوەکەی رۆژوو نەخۆن.
• نابێت لە کاتی رۆژووەکەدا یاری تۆپێن و راکردن لەبەر خۆر و دەرەوە ئەنجامبدات، ئەمە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو لەلەشدا دروستدەکات.
• بەزۆر خواردن نەدرێت پێیان بۆ رێگەگرتن لە هەڵئاوسانی سک و قورسی هەرسکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی کاتی رۆژووەکە.
ر.ع
ر.ع