خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

هەڵبژاردنەکانی تورکیا؛ ئۆجەلان، ئەردۆغان و تاتڵیساس

نەخشە و ناسنامەی بەربژێرانی سەرەکیی سەرۆک کۆمار و هاوپەیمانێتیی هەڵبژاردنەکانی تورکیا روونبوونەوە، پێشهاتی سەیر روونەدەن، ئەنجامەکانیش تاڕادەیەک روونن، ئەگەرچی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز- یەسەپە، بەشداریی کردووە، هێشتا بە رەسمی خۆی نەداوەتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەک، بەڵام هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی ساڵی 2019، زۆرینەی دەنگەکانی بۆ کەمال کڵچدار ئۆغڵو، بەربژێری مێزی شەش پارتی دەچن، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەمێکە دەیووت: مێزەکە حەوت کورسییە نەک شەش.

دوو هاوپەیمانێتییەکە، هەریەکەیان کەسێتیی جیاوازیان لە خۆیان کۆکردوونەتەوە:

یەکەم: رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی، فاتح ئەربەکان، ئیبراهیم تاتڵیساس و چەند ناوێکی دیاری دیکەن، روون و راشکاو دژی کورد و دۆزی کوردن.

دووەم: کەمال کڵچدار ئۆغڵو، میرال ئاکشنەر، ئەحمەد داود ئۆغڵو، عەلی باباجان، پەروین بوڵدان، مێتحەت سینجار، جەنگیز چاندار، حەسەن جەمال، دیجلە مووسا عەنتەر و دەیان کەسایەتیی دیکە، دژی ئەردۆغانن.

لەو نێوەدا، ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە، ئەگەرچی لە زیندانە، بەڵام هێز و هەیمەنەی ئامادەگییەکی دیاری لەسەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەیە، کاتێک ئەردۆغان لە دەنگی هەدەپە بێ هیوا بوو، ئیتر کارتی دووەمی راکێشا و لەبارەی ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاشەوە وتی "ئەمە بەپێی ئەخلاقی دەوڵەتی یاسایی نییە، شتێکی لەو جۆرە نابێت، بەڵام ئەگەر لە ئۆپۆزیسیۆن بپرسن، ئەوا لای ئەوان دەبێت. ئەوان سەبارەت بە سەرۆکی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لێدوانیاندا و لەبارەی سەلۆش، سەڵاحەدین دەمیرتاش لێدوانیاندا. پاڵپشتیی لە قەندیل وەردەگرێت و دەچێتە هەڵبژاردن، لە بەرنامەکەماندا شتی وا نییە، ئۆجەلان ئازاد ناکەین".

پێچەوانەی ئەردۆغان، کەمال کڵچدار ئۆغڵو لە چەندین بۆنەی جیاوازدا وتوویەتی دەبێت سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکرێت، چونکە بە ناڕەوا زیندانیکراوە، ئەگەرچی لەسەردەستی حکومەتی هاوپەیمانێتیی جەهەپەشدا، ئۆجەلان دەستگیرکراوە.

لەسەر دوو ئاست، ئەردۆغان پراگماتیکی سیاسەتە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو رێژەی دەنگەکانی کەمیکرد، ئەوە ناچاریکرد، دەوڵەت باخچەلیی دژە کورد بکاتە هاوپەیمانی خۆی، مەرجی باخچەلی رەتکردنەوەی هەدەپە و کورد و دژ وەستانەوەیانە، ئێستا ئەردۆغان دیلی بیرکردنەوەی مەهەپە و شەقامی دژە کوردە.

ئەردۆغان لە بیست ساڵی رابردوودا، لە رێگەی گووتارەکانییەوە سۆزی شەقامی، بەتایبەت شەقامی ئایینیی کوردی بۆ لای خۆی راکێشا، هەروەها هەمیشە خۆی وەکو قوربانیی نیشاندەدا، داوای دەنگ و دەسەڵاتی زۆری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد، تەنانەت پرۆژەی کرانەوەی دیموکراتیی لە پەرلەمان پەسندکرد، بەڵام لێی کشایەوە، سەرەنجام لەبری چارەسەر، سەنگەری لە کورد و هەدەپە و ئۆجەلان کرد، ئێستا پشتی بە دەنگی مەهەپە و گۆرانییەکانی تاتڵیساس بەستووە.

فۆکەسی ئەردۆغان لەسەر جیاکردنەوەی کورد و هەدەپە و ئۆجەلانە، بەڵام بەرهەمێکی وای نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە رێگەی گووتاری سۆزدارانەوە بەردەوام پەکەکە و هەدەپە دەکاتە ئامانج "برا کوردەکانمان رادەستی فاشیزمی جەهەپە یان لە رێگە دەرچوویی هەدەپە یان ستەمی پەکەکە ناکەین، هەروەها رادەستی ئەو تاریکییەیان ناکەین کە لە رابردوودا نموونەی تاڵی و ئازاربەخشی بوو".

ئەمە بانگەشەیەکە، لە بیست ساڵی رابردوودا، ئەردۆغانی پێ سەرنەکەوتووە، هەدەپە نوێنەری زۆرینەی کوردە، بەکارهێنانی ئۆجەلانیش، بۆ راکێشانی سۆزی کورد بێت یان نەتەوەییەکانی تورک، کارتێکە ماوەی بەکارهێنان و کاریگەریی بەسەرچووە، تاتڵیساسیش مەگەر هەر گۆرانیی عاشقانەی بۆ بڵێ.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan