خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

کورد جارێکی دیکە سوێند دەخواتەوە بڵی من تورکم؟

١
هەموو بەیانییەک قوتابییەکان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکان لەگەڵ سڵاوی ئاڵادا، پێکەوە سوێندیان دەخوارد "سوێندبێت ئێمە تورکین"، ئەم یاسایە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا و وەک بەشێک لە پرۆسەی تەتریکی گەلانی ناتورک دانرا و بۆ ماوەی زیاتر لە ٨٠ ساڵ لەسەر قوتابییانی تورکیا جێبەجێکرا.

٢
ساڵی ٢٠١٣، لە چوارچێوەی پرۆژەی دیموکراتی کە پارتی داد و گەشەپێدان- ئەکەپە پێشکەشیکرد، وەکو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد، یاسای سوێندخواردنی قوتابییان هەڵوەشێندرایەوە، ئەمە تورکە نەژادپەرستەکانی ورووژاند و بەتووندی دژی ئەردۆغان وەستانەوە بەتایبەت پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە.

٣
لە چەند ساڵی رابردوودا، پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە و بە دیاریکراویش لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەشێوەیەکی رانەگەیەنراو بوونە هاوپەیمانی جەهەپە، دەنگەکانی هەدەپە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی جەهەپە و شکستی ئەکەپە بوون، بەئێستایشەوە هەدەپە زیاتر لە جەهەپە نزیکە وەکو لە ئەکەپە، بەشێکی هۆکارەکەیش ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی تێکچوو و ئەردۆغان بەتەواوی چارەسەرکردنی دۆزی کوردی خستە پەراوێزەوە.

٤
مێزی شەش کەسیی پێکهاتوو لە نەیارەکانی ئەکەپە و مەهەپە تائێستا سیاسەتێکی روونیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد نییە، بەڵام موغازەلەی هەدەپە دەکەن و دەزانن دەنگەکانیان بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەردۆغاندا گرنگە، ئەمەش ئەکەپەی زۆر نیگەران کردووە، بۆیە کەوتووەتە دنەدانی بیرەوەرییەکانی ئەتاتورک و ئەردۆغان بەرانبەر کورد و نەتەوەکانی دیکەش لە تورکیا.

٥
رۆژی پێنجشەممە ١ی ئەیلولی ٢٠٢٢ شەریف ئایدن، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئەکەپە لە ئامەد رەخنەی تووندی لە هەدەپە گرت و وتی "هەدەپە کەوا خۆی بە نوێنەری کورد دەزانێت، سەیرە دەتوانێت لەگەڵ جەهەپە لەسەر هەمان رێگە بێت. ئەو کەسانەی لەسەر مێزە شەش کەسییەکە دادەنیشن، تەنانەت ناشیانەوێ هەدەپە لەگەڵیان دابنیشێت. ئایا کوردەکان شایەنی ئەمەن".

ئایدن سیاسەتیکی تووندڕەوانەی ئەتاتورک بیر هەدەپە دەخاتەوە و دەڵیت "ئەگەر جەهەپە بگەڕێتەوە دەسەڵات، هەموو بەیانییەک دەبێ قوتابییان سوێند بخۆن و بڵێن "ئێمە تورکین".
ئەردۆغان جارێک لە وەڵامی سەرۆکی مەهەپەدا وتبووی "من تورکم، بەڵام تورکچێتی ناکەم، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ مافی شانازیكردنتان هه‌بێت به ‌توركبوونەوە، كوردیش شانازی به‌ كوردایه‌تیی خۆی ده‌كات، به‌ڵام نه‌ژادپه‌رستی حه‌رامه‌".

٦
هەردوو ئاراستەی سیاسی لە تورکیا "دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن" تائێستا ستراتیژی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد نەخستووەتەڕوو، هەدەپەس بڕیاری نەداوە لەگەڵ چی لایەکیان بێت، بەڵام سەرکردەکانی مێزی شەش کەسی دۆزی کورد و سیاسەتی خراپی ئەردۆغان بەرانبەر کورد لێدەدەنەوە و دنەی بیرەوەریی دەنگدەرانی هەدەپەی پێدەدەنەوە.

هەدەپە لەبەردەم هەڵوێست و بڕیاردانی قورسدایە بەشێوەیەک تا دەیان ساڵی دیکەش کاریگەرییەکانی بەسەر دەنگدەرانییەوە دەمێنیت. بێلایەنیش گرەوێکی سەرکەوتوو نابیت.

 
خ.غ
 

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan